هەزاران بیرەوەریی تاڵ و چاوەڕوانییەكی ئەبەدی
April 9, 2018
کۆمەڵایەتی
هەمیشە بیرم لای چارەنووسی هاوسەر و باوك و براكانم بوو، نەمدەزانی لە كوێن و هەر لە چاوەڕوانی هاتنەوەیان بووم
پتر لە سێ دەیە لە كۆكوژی و قڕكردنی كورد لەژێر ناوی «ئەنفال» و لە سەر دەستی بەعسی رووخاو تێدەپەڕێ. برین و ئازارەكانی ئەو تاوانە گەورەو دژی مرۆڤایەتییە هێندە قووڵن كە هەرگیز سارێژ نابن، لەبەر ئەوەی پیاوانی دەیان هەزار خێزانی كوردیان زیندەبەچاڵ كرد و ئافرەت و منداڵەكانیشیان بۆ ئۆردووگا زۆرەملێەكان گواستنەوە. لێرەوە هەزاران چیرۆكی میلۆدرامای دڵتەزێن و سەدان هەزار بیرەوەریی تاڵ دروست بوون. ژمارەی ئەو دایكە نموونەییانەی كە دوای بێسەروشوێن كردنی هاوسەر، یان باوك و برایان، ناچار بوون رۆڵی باوكیش ببینن، كەم نین. هەركام لەوان هەنبانەیەكیان لە مەینەت و ئازاری رۆژانی سەختی ژیان لە هەگبەدا هەڵگرتووە. یەكێك لەو خاتوونە سەرفرازانەش بەسەرهاتی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.
بە پێچەوانەی دڵی سپی و بێگەردی، جلوبەرگی رەش سەرتاپای رەشپۆش كردووە. خوێندەواری نییە و بەربەستەكانی ژیانی وایكردووە، نەخراوەتە بەر خوێندن، بەڵام ئافرەتێكی وردبین و بە ئێرادە خاوەن رایە. هێشتا شەش دەیە لە تەمەنی پڕ نەكردووەتەوە، بەڵام پێدەچێ كانیاوی چاوی وشك بووبێ، چونكە زیاتر لە 35 ساڵە چاوەڕوانە باوك و براكانی و هاوسەرە ئەنفالكراوەكەی بگەڕێنەوە و لە دەرگەی ماڵ بدەن و بە دیداریان شاد ببێتەوە.
ئاسیا تەیب عیسا، تەمەنی57 ساڵە و دانیشتووی گوندی بازێ –ی سەر بە ناحیەی بارزان و قەزای مێرگەسوور-ە. هاوسەری(رەمەزان عەبدوڵا یاسین)ە و وەك خۆی باسی دەكات «باوك و دوو برا و خەزوور و دوو شووبرا و زیاتر لە 150 كەسی نزیكی لە ساڵی 1983 ئەنفاڵ كراون.
دوای ئەوەی سوپای دڕندەی بەعس بارزانییەكانی بە زۆرەملێ گواستەوە، بەشێكیان لە «ئۆردووگای قودس» لە دەشتی قوشتەپە لە سەر رێگای سەرەكیی هەولێر – كەركووك نیشتەجێ كران. ئاسیا باسی ئەو رۆژانە دەكات و دەڵێت: «رۆژی 31ی مانگی7ی ساڵی 1983 لە بەرەبەیانێكی زوودا سەربازانی حكومەتی عیراق و گاردی كۆماری و پیاوانی بەعس زۆر بێ حورمەتانە بە ناو ئۆردووگایەكە كەوتن و هەرچی رەگەزی نێر بوایە دەستگیریان كرد. هەمیشە ئەو رۆژە ناخۆشە لە یادمە، چونكە بۆ من رۆژێكی رەش و دەستپێكی مەینەت و ئازار بوو. رۆژێك بوو كە تەواوی ژیانمانی گۆڕی، رۆژێك بوو كە دەیان مەرگەساتی بۆ هێناین. هاوسەرەكەم گۆرەوییەكی لە پێ كردبوو، دەیویست ئەوەی تری لە پێ بكات، بۆ ئەوەی بچیتە سەر مەشقی هاوینە، چونكە قوتابی دواقوناغی ئامادەیی پزیشكی بوو، بەڵام بەداخەوە سەربازەكان دەرفەتی ئەوەیان پێ نەداو دەستبەسەریان كرد. سی سەربازی حكومەتی عیراقی پەلكێشیان دەكرد، زۆر تكام كرد، دەرفەتی ئەوەی پێ بدەن لانیكەم گۆرەوییەكانی لە پێ بكات و بە تەواوی خۆی ئامادە بكات، بەڵام سەربازەكان نەیانەێشت. كوڕە ساوایەكەم لە باوەشم بوو، هاوسەرەكەم ویستی شتێكمان پێ بڵێ، بەڵام سەربازەكان دەرفەتیان پێ نەدا و یەكسەر بردیان، یەك دوو جار ئاوڕی دایەوە، بەڵام نەیتوانی هیچ بڵێ. پاش ئەوەی گشت پیاوەكانمان (هاوسەرم و باوكم و دوو برام و خەزوورم و دوو شووبرام و زیاتر لە 150 كەس لە پیاوانی گوندەكەم و خزمان لەگەڵ هەشت هەزار لە بارزانیەكان) گیران، ئێمە بێكەس و هەژار ماین و كاری ئێمە تەنیا ببووە گریان، نەدەوێراین لە ماڵەوە بخەوین، چەند ماڵێك لە یەك خانوودا كۆدەبووینەوە تا بەیانی. پاسەوانیمان لە خۆمان و منداڵەكانمان دەكرد. لە ئۆردووگا دەرگای قوتابخانە و نەخۆشخانەكانیان داخست و ئاو و كارەبایان لە ئێمە بڕی، ئاو نەبوو خۆمانی پێ بشۆین، كانی و كارێزێكی دوور هەبوو، نزیكەی كاتژمێرێك لە ئۆردووگایەكەمان دوور بوو، بە پێیان دەچووین ئاومان دەهێنا، بەڵام سەربازەكان دەهاتنە سەر رێگا و تەنەكەی ئاویان لەسەر شانمان دەڕێشت و تەنەكەكانیان دەقوپاندەوە، هەندێك جار لە دوورەوە تەقەیان دەكرد و بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی ئێمە گوللەیان بە سەردا دهەاوێشتین. بەمەش نەوەستان، دواتر خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری ئۆردووگایەكەمانیان ئاگادار كردەوە كە هەر گوندێ، یاخوود هەر كەسێ ئاو و ئازووقە بداتە ئێمە، یان هەر جۆرە شتومەكمان پێ بفرۆشێت، چارەنووسی ئەوانیش وەكو ئێمە دەبێت، بۆیە كەس نەیدەوێرا شتومەكمان پێ بفرۆشێ، مەگەر زۆر بە نهێنی.»
ئاسیا، باسی ئیرادی پۆڵایینی خۆی و ئافرەتانی كەسوكار ئەنفالكراو دەكات، كە چۆن شانیان داوەتەبەر بەرپرسیاریەتی خێزان و هەر لەو بارەیە دەڵێت: «منداڵەكانمان ئەمانەتی جیرانەكان دەكرد و دەچووین بۆ كاركردن، هەموو كارێكی سەختمان دەكرد، كاری بیناسازی و كاركردن لە كارگەكان و باخ و شیناییەكان بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەكانمان بە سەربەرزی بەخێو بكەین. من هەمیشە بیرم لای چارەنووسی هاوسەر و باوك و براكانم بوو، نەمدەزانی لە كوێن و هەر چاوەڕوانی هاتنەوەیان بووم، ئەو كاتانەش كە دەستەكانم لە نێو كاری چیمەنتۆ بوو، دڵم لای منداڵەكان بوو.»
ئاسیا سەبارەت بە گوزەرانی خۆیان لە ئۆردووگا و كۆمەڵگە زۆرەملێیەكەدا زیاتر دەڵێت: «ئێمە تەنیا ئافرەت و منداڵ لەم ئۆردووگایە بە جێما بووین، كاتێك منداڵێك، یان ئافرەتێك دەمرد، كەس نەبوو گۆڕ لێبدات و مردووەكان بشوات و بیاننێژێت، ناچار ئێمەی ئافرەت سەرەڕای ئەو هەموو ئەرك و هیلاكییانە كە لەسەر شانمان بوو، ناچار ئەو كارەشمان دەكرد. دواتر بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان، بە نهێنی روومان كردە ناو شاری هەولێر و لە گەڕەكێكی ئەم شارە لە گەڵ چند ماڵێكی تری بارزانی خانوویەكمان بە كرێ گرت، هەموومان دەچووینە كارگە و كارمان دەكرد».
ئاسیا تەیب لە كۆتایی گێڕانەوەی بیرەوەری و بەسەرهاتە ناخۆشەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە سەرەڕای هەزاران بەسەرهاتی ناخۆشی ژیان و نەهامەتی و بیرەوەریی تاڵیان، چاوەڕوانییەكی ئەبەدی بەرۆكی گرتوون، بۆیە بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت: «ئێمە بەردەوام لە چاوەڕوانیدا بووین كە رۆژێ لە رۆژان خۆشەویستانمان بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە پاش ئازادكردنی عێراق و لە ناوچوونی حكومەتی بەعسی عێراق و سەدام حوسێن و دارودەستەكەی، لە ساڵی 2005 بە دواوە هەندێك لە رۆفاتی ئازیزانمان لە گۆڕەبەكۆمەڵەكانی بیابانەكانی باشووری عێراق هێنرانەوە، نازانم كامیان هاوسەرمە و كامیان باوكم و كامیان خەزوورمە، بەڵام هەر هەموویان كەسوكارمن و لە گۆڕستانێكی تایبەت لە بارزان نێژراونەتەوە، بە بەردەوامی سەردانی گۆڕەكانیان دەكەین و نازانین گوڵ بۆ كام گۆڕ ببەین، هەموویان بێ ناو و بێ ناونیشانن و كێڵەكانیان سپین، جلوبەرگ و كەلوپەلەكانیان لەوێ نمایش كراون دوا ئومێد و یادگاری خۆشەویستانمانن، تا ئێستاش زۆرن كەسوكاری ئەنفالكراوان كە لە چاوەڕوانییەكی سەختدا دەژین و هەر چاوەڕوانی هەواڵێكی ئازیزانیان دەكەن».