زیاد بوونی دیارده‌ی خۆكوشتن و چاره‌سه‌ر!! . . . ژیان مزوری

زیاد بوونی دیارده‌ی خۆكوشتن و چاره‌سه‌ر!! . . .   ژیان مزوری
دیارده‌ی كوشتن و خۆكوشتن له‌لایه‌ن هاوڵاتیان له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێی چه‌ندیه‌تی و چۆنیه‌تی، هه‌روه‌ها كات و شوێن گۆرانكاری به‌سه‌ر دادێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو ڕێژه‌كه‌ی زیادیكردووه‌.
به‌ پێی ئاماره‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی رابردوو(30)سی حاله‌تی كوشتن به‌ چه‌ك و چه‌قۆ و شێوازی تر هه‌بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی شه‌ش حاله‌تی خۆكوشتن و خۆخنكاندن و خۆسوتاندن تۆمار كراون، سه‌ره‌ڕای چه‌ند حاله‌تێكی وه‌ك خۆ برینداركردن و پێشێلكاری و ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر مافی به‌رامبه‌ر.
له‌كاتێك دا من پێم وایه‌ "سێ هۆكار له‌پشت زیادبوونی ڕووداوه‌كانی كوشتن و خۆكوشتنن".
ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هۆكاری (ئابوری و ملمڵانێی سیاسی و ده‌روونی) خۆی ده‌بینێته‌وه‌ بۆ زیادبوونی كێشه‌و ئاریشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێك دا هه‌موومان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابوری بۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر زۆر بوونی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، چونكه‌ قه‌یران و دۆخی چوار ساڵی ئابوری هه‌رێمی كوردستان وایكردووه‌ ڕێژه‌یی بێكاری زیاد بێت، له‌لایه‌كی تریش ململانێی سیاسی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، گومان له‌وه‌ دانیه‌ ئه‌م گرفتانه‌ فشار له‌سه‌ر ده‌روونی هاوڵاتیان درووست ئه‌كات كه‌ دواجار په‌لده‌كێشێت بۆ ڕووداوی كوشتن و خۆكوشتن یا پێشلكردنی مافی به‌رامبه‌ر له‌لایه‌ن هاوڵاتیان، پێویسته‌ كه‌سانی تاوان بار به‌ ئه‌نجام دانی كوشتن ده‌ستگیر بكرێن و به‌سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌ بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی دیارده‌ی كوشتن له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی( 2016 )تا ئه‌مرۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار به‌سیسته‌می پاشه‌كه‌وت ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات، هۆكاره‌كه‌شی قه‌یرانی ئابوری بوو به‌هۆی برینی به‌شه‌ بوجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رانی عێراق و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هێرشی ناڕه‌وای تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر خاكی پیرۆزی كوردستان.
خراپی بارودۆخ و گوزه‌رانی هاوڵاتیان و دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاوڵاتیان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ زیاد بوونی ڕووداوه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك چۆن له‌هه‌وڵ دابووه‌ به‌رده‌وام بێت تاوه‌كو هه‌رچی زووه‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وت هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك و بازار ئاسایی ببنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ڕێوشوێنی توند بگرێنه‌ به‌ر بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌ لایه‌ن هاوڵاتیان، چونكه‌ به‌م شێوازه‌ ئه‌توانین كێشه‌و ئاریشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بنه‌بڕ بكه‌ین، له‌ پێناو پاراستنی سه‌رو ماڵی هاونیشتیمانیان.
Top