رۆژی جیھانیی ئافرەتان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت بەشێک لە خانمانی ماڵەوەش شارەزاییان لە سەری نییە

رۆژی جیھانیی ئافرەتان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت بەشێک لە خانمانی ماڵەوەش شارەزاییان لە سەری نییە
مێژووی لەدایکبوونی ٨ی مارس و دەستنیشانکردنی رۆژی جیھانیی ئافرەت، بەردی بناغەی ریفۆرمێکی گەوەری کۆمەڵایەتی دانا و دەروازەیەکیشی بە رووی دەستەبەرکردنی مافەکانی رەگەزی مێدا کردەوە، دوابەدوای ئەوەش خەبات و قوربانیدانی ژنان لە گۆڕەپانی نەھێشتنی جیاوازیی رەگەزیدا سەرلەبەری جیھانی گرتەوە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا پێگەی ئافرەتی بەھێزتر کرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە ئافرەتانی نەخوێندەوار و ژنانی ماڵەوە لە ئاستی جیھاندا (بە کوردستانیشەوە) تا ئێستاش ئەو رۆژە مێژووییە لە لایان نامۆیە و ھیچ شارەزاییەکیان لە سەری نییە. ئەم راپۆرتەی گوڤاری گوڵان لەسەر ئەو پرسە ئامادە کراوە.

دەستنیشانکردنی رۆژی ٨ی مارس وەکو رۆژی جیھانی ئافرەتان، دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانە گەورەکەی ئافرەتانی کرێکاری کارخانەیەکی رستن و چنین لە (نیویۆرک)ی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەست و کەمکردنەوەی ماوەی سەعاتێک خۆپیشاندانێکیان وەڕێخست و ھاوکات بە ھۆی ھێرشی ھێزەکانی پۆلیس بەشێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کوژران و بریندار بوون.
خەباتی ژنانی کارخانەی رستن و چنین لە ئەمریکا وەکو رووداوێکی مێژوویی و گرینگ لە مێژووی خەباتی مافخوازانەی ئافرەتان بەگشتی و خانمانی ئازادیخواز بەتایبەتی رەنگی داوەتەوە. دوای ئەو رووداوە لە ساڵی ١٩١٠ی زایینی لە شاری (کۆپینھاگن)ی دانیمارک دووەمین کۆنفڕانسی ژنانی سۆسیالست بەڕێوەچوو، کە لەوێ (کلارا زتکین) یەکێک لە رێبەرانی ناسراوی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا لەسەر دیاریکردنی رۆژی جیھانی ئافرەتان دواو پێشنیاری کرد، ٨ی مارس وەکو رۆژی جیھانی ئافرەت بناسرێت. ئەگەرچی ئافرەتانی نەمسا پێشتر رۆژی ١ی مانگی مەی و ئافرەتانی (ئەڵمانیا)ش رۆژی ١٩ی (مارس)یان پێشنیار کردبوو، ئافرەتانی (ڕووسیا)ش لە ئاخرین یەک شەممەی مانگی فێبریوەری ١٩١٧ی زایینی بە دروشمی (ئاشتی و ئافرەت) دەستیان دایە مانگرتن، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە رێبەرانی سیاسیی ئەوکاتی رووسیا ئەو مانگرتنەیان بە ناڕەوا دەزانی، بەڵام ئافرەتان سوور بوون لەسەر مانگرتن داواکارییەکانی خۆیان و دوای چوار رۆژ دەوڵەتی تزار ناچار بوو واز لەدەسەڵات بەێنێت. لە لایەکی دیکەوە کلارا زتکین بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی دوای ١١ ساڵ دیسان پێشنیاری کرد، ٨ی مارس وەک رۆژی جیھانی ئافرەتان دیاری بکرێ، پێشنیارەکەشی پەسند کرا و ئەم رۆژە وەک رۆژی ئافرەتان لە مێژوودا دیاری کرا.
٨ی مارس ھەم وەبیر ھێنانەوەی خەباتی قارەمانانەی ئافرەتانی کارخانەی رستن و چنینی (نیویۆرک)ـە، ھەم رۆژی بزاڤی ئافرەتانی کرێکاری (پیترۆس بۆرگ)ـە دژ بە حکومەتی رووسیای تزار، کە بە بنەمای خەباتی نەھێشتنی جیاوازیی رەگەزی دادەنرێ. ئەگەرچی تا ھەنووکەش رێوڕەسمەکانی ئەم بۆنەیە لە زۆرێک لە وڵاتان قەدەغەیە، بەڵام ئافرەتانی چالاک و خەباتکار کۆڵیان نەداوە و بۆ ھێنانەدی ئاواتەکانیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن، لە ھەرێمی کوردستانیش زۆر بە بایەخەوە یادی ئەم رۆژە جیھانییەی ئافرەتان دەکرێتەوە، بەڵام زۆرێک لە ئافرەتانی نەخوێندەوار و ژنانی ماڵەوە تا ئێستاش ئەو رۆژە مێژووییە لەلایان نامۆیە و ھیچ شارەزاییەکیان لە سەری نییە.
نەرمین محەمەد -ی تەمەن٤٨ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی (قەڵاتی نوێ)ی ھەولێری پایتەختە و وەک خۆی باسیکرد، دایکی پێنج منداڵە و تەمەنێکی بەڕێ کردووە، بەڵام نازانێت ٨ی مارس، یان ٨ی ئازار چییە. ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «تا ئێستا شتێکم لە بارەی رۆژی ئافرەتەوە نەبیستووە، بۆیشم گرینگ نەبووە. ئافرەت خۆی مەبەست نییە و ھەموو رۆژێکی ھەر بۆ خزمەتکردنی ماڵەباوان و مێرد و منداڵەکانیەتی و سەرقاڵی خێزانی خۆیەتی.» کاتێک پەیامنێری گوڵان لاپەڕەکانی دروستبوونی ئەو رۆژە جیھانییەی بۆ ھەڵدەداتەوە و وردەکاریی زیاتری بۆ شی دەکاتەوە، دەڵێت: «ئەوە شتێکی باشە کە لە ھەموو وڵاتانی دونیا و کوردستانی خۆشمان لە مەینەتیی ئێمەی ئافرەت دەزانن و ھەوڵ دەدەن رێزمان بگرن».
فاتیمە وەلی، تەمەنی لە ٧٠ ساڵ تێپەڕیوە و باسی ئەوە دەکات بە درێژایی تەمەنی خۆی نەیبیستووە شتێک بە ناوی رۆژی جیھانیی ئافرەت بوونی ھەبێت. ئەو ئافرەتە باساڵاچووە یەکێکە لەو ھەزاران ئافرەتەی کە بەو رۆژە گرینگە ئاشنا نین، رای خۆیشی لە بارەی رۆژی جیھانی ئافرەتانەوە بەمجۆرە دەردەبڕێت: «کورد لە کۆنەوە رێزی لە ئافرەت گرتووە و چ پێویستی بەم کەین و بەینە نییە، راستە ھەندێ ئافرەت غەدریان لێ دەکرێت، بەڵام کورد لە ھەموو نەتەوەیەک زیاتر حورمەتی ئافرەتی گرتووە.» گوتیشی: «ئێستا دنیا گۆڕاوە، ئافرەت و پیاو پێکەوە لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و منداڵی خۆیان بە جوانی بەخێو دەکەن، کەس نازانێ کێ گەورەی ماڵە و ھەردووکیان وەک یەک ماندوون. تەنیا کۆڕێکم ھەیە و لەگەڵ ژنەکەی ھەردووکیان فەرمانبەرن و پێکەوە ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ خێزانەکەمان درێخی ناکەن. رۆژی ئافرەت و رۆژی پیاو باوی نەماوە، ئێستا ھەردووکیان لە ھەموو ئەرکێک ھاوبەشن».
رێزان سابیر کە دەرچووی زانکۆیە و ھاوسەرەکەشی پزیشکە، رای جیاواز ھەیە و دەڵێت: «ھەموو ساڵێک بە ھاتنی رۆژی ٨ی مارس باس و پرسی مافەکانی ئافرەت بۆ ماوەیەکی کورتی چەند رۆژە گەرموگوڕ دەبێت و دواتر لەبەردەم نەریتەکانی پیاوسالاریدا چۆک دادەدات و ئافرەت دیسان پەراوێز دەخرێتەوە، بۆیە بە ھاتنی ٨ی مارس نابێت تەنیا وەک بۆنەیەک بۆ ئاھەنگگێڕان لێی بڕوانین و پێویستە ئەو رۆژە ھانمان بدات کە بیکەینە دەستپێکی خەباتێکی بەردەوام بۆ نەھێشتنی جیاوازی رەگەزی و پێویستە ببین بە دەنگی ئەو ئافرەتانەی کە ناتوانن دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.» گوتیشی: «پێویستە ژنانی ئەنفال و دایک و خوشکی شەەیدان بەسەر بکەینەوە، دەبێت ئافرەتانی گوندە دوورەدەستەکان بە مافی رەوای خۆیان ئاشنا بکەین و فشار بخەینە سەر پەرلەمانی کوردستان کە بە یاسای توند رووبەڕووی ئەو کەسانە ببینەوە کە مافەکانی ئافرەتیان زەوت کردووە.
لەیلا فەرھاد، تا قۆناخی ناوەندی خوێندوویەتی و کچی ماڵەوەیە، وەک خۆی باسیکرد، لەبەر چەند ھۆکارێک وازی لە خوێندن ھێناوە، بەڵام بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوەیە و سەبارەت بە رۆژی جیھانی ئافرەتانیش دەڵێت: «جێگەی خۆشحاڵییە کە ئافرەتی کورد لە زۆر رووەوە توانیویەتی بەسەر زۆر کۆسپ و تەگەرەدا سەربکەوێت و بوونی خوی بسەلمێنێت. بێگومان ئافرەت نیوەی کومەڵگەیەو دایکی نیوەکەی دیکەشیەتی و بە بێ بەشداری ئافرەت ھیچ کۆمەڵگەیەک پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت، بۆیە دەبێت ھەموو مافەکانی دەستەبەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا کومەڵگەی جیھانی بەگشتی و کۆمەڵگەی نەریتی بەتایبەتی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کە پلەی مرۆڤایەتیی ئافرەتان بەرجەستە بکات. بۆیە تائێستاش تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش ئافرەت رووبەڕووی توندوتیژی و ستەمکاری دەبێتەوە.» گوتیشی: «پێویستە ئافرەتانی کوردستان ئەزموون و ھەوڵەکانیان بخەنەسەر یەک و دەست لە ناو دەست لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومی و ناحکوومی و پەرلەمانی و یاسادانەر بۆ نەھێشتنی جیاوازی کار بکەن».
تریفە ئەحمەد چالاکی بواری ئافرەتان لە بەریتانیا، رایوایە «رۆژی ٨ی مارس نیشانەی سەرەەڵدانی خەباتی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی ناعەدالەتی و بێمافی و بە کاڵا سەیرکردنی ئافرەتانە.» بۆیە بە پێویستی دەزانێت «ەەموو تاکێکی کۆمەڵگە بۆ ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوو دەبێت خەباتێکی بێوچان بکەن، بەتایبەتی ژنان دەبێت بە یەکدەنگی و یەکڕیزی رووبەڕووی ئەو بێمافی و نایەکسانی و پلە دووییە ببنەوە کە بازاڕی بێڕەحمی پارەو سەرمایەدا ھەوڵی بە کاڵاکردنی ئافرەتان دەدات.
لە لای خۆیەوە نووسەر و رۆژنامەوان سەرفراز نەقشبەندی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە «ژنانی دنیا نەک تەنیا لە رۆژی ٨ی مارس، بەڵکو بە بەردەوامی و زۆر لێبڕاوانە بۆ ئازادی و یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان خەباتیان کردووە، بەڵام لە کوردستان ژنان چ شۆڕشێکی وایان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەست پێ نەکردووە، دیارە ئەوەش وایکردووە لە واری سیاسیشدا لە پاش بمێنن.» گوتیشی: «تا ئێستاش لە راگەیاندنی کوردیدا ئەگەر ھەندێک رۆژنامەوان بخوازن رووماڵی پرسێکی سیاسی بکەن و نیازیان وابێ پرسیارەکان ئاراستەی ژنان بکەن، بەگومانن لەوەی کە ژن ئەو سەکۆیە بێت کە بتوانێ رۆژەڤی سیاسی بکات. قووڵایی کێشەکەش بۆ بناغەی حزبی دەگەڕێتەوە، چونکە حزبەکانی ئێمە حزبی نێرن، واتە چاوی بزاڤی ئێمە نێرە، بۆیە لە قۆناغی باوکسالاریدا ماوین و ھەنگاوێک بۆ پێش و دوو ھەنگاو بۆ پاش دەڕۆین».
یاساناس کوردۆ عەبدولڕەحمان سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «رۆژی ٨ی مارس رۆژی بەرگریی و تەحەددای ئافرەتانە لە بەرەوڕووبوونەوەی سیستمی باوکسالاری کە تێیدا ژن وەک پلەیەکی خوارتر لە نێرینە تەماشای دەکرێت. بە رای من دەستنیشانکردنی رۆژی جیھانی ژنان، خۆی لە خۆیدا رەەەندێکی سیمبۆلیکی ھەیە، ئەگەرنا لەم رۆژەدا و لە رۆژەکانی دیکەشدا چەوساندنەوەی ژنان ھەر درێژەی ھەبووە و بازووی پیاوسالاریی بەەێزتر کردووە. بۆیە پێویستە رێکخراوەکانی ژنان و ھەموو یەکسانیخوازان بە ھەر دوو رەگەزەوە لە کوردستان دوور لە بیری تەسکی حزبایەتی ھێزی خۆیان کۆبکەنەوە و بیکەنە بزووتنەوەیەکی کارا کە رۆڵی لەسەر کۆمەڵگە و دەسەڵات ھەبێت».
عەبدولخالق ئیبراەیم مامۆستای بەشی راگەیاندنە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و سەبارەت بە ھەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «کێشەی ئافرەت و پێشێلکارییەکانی بەرامبەری، گەورەترن لەوەی بە یادکردنەوەیەک و چەند رۆژێک ھەڵوەستەکردن لەسەر چەند چالاکییەک چارەسەر بکرێ، بۆیە دەکرێت بڵێین: ٨ی مارس کولانەوەی برینەکان و وەبیرھێنانەوەی مرۆڤایەتییە بە دەستەوەستانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافرەت.» ھاوکات دەڵێت: «پێموایە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافرەت بەر لە ھەموو شتێک بە گۆڕینی کەلتوور و دیدگای بەرامبەر بە خودی ئەو کائینە دەکرێت و چاکسازی و پێداچوونەوە لە تەواوی دامودەزگا و یاسا و ئەو ھەموو رێنماییانەی پێویستە کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەک جێبەجێ دەکرێت». گوتیشی: «ئێمە پێویستیمان بە سیستەم و ھەڵمەتێکی بەرفراوانی نیشتمانییە کە وەک نەخشەڕێگەیەک و بەرنامە داڕێژدراوی مەودا دوور بگاتە قووڵایی کۆمەڵگە و تاک بە تاکی ھاووڵاتی، تاوەکو بتوانین سەر لەنوێ تێڕوانین و دیدگای تاکەکانی کۆمەڵگە بگۆڕین بۆ ئەوەی وەکو مرۆڤ سەیری ئافرەت بکرێت».
Top