خانمان داوای رەخساندنی هەلیكار دەكەن لەشوێنە گشتیەكان
March 5, 2018
کۆمەڵایەتی
«هەلی كار بۆ پیاوان زۆرە و ئافرەتان كەمتر دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت هەتا لە دەرەوەی ماڵ و لە كەرتی تایبەت، یان لە كەرتی حكوومی كار بكەن». ئەوە قسەی زارا فەرهاد بوو. وەك خۆی باسیكرد دەرچووی زانكۆیە و ماوەی دوو ساڵە خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە، بەڵام دانەمەزراوە و تا ئێستا كارێكی شیاوی دەست نەكەوتووە. هاوكات پێشنیار دەكات: «پێویستە لە هەموو ماركێت و مۆڵەكان تەنیا ئافرەتان فرۆشیار بن، بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ ئافرەتان زیاتر بێت.» سەبارەت بە خۆیشی دەڵێت: «چەندین ساڵی تەمەنم بۆ خوێندن بووە و حەزدەكەم ئەو هەموو زەحمەت و ماندووبوونەم بەفیڕۆ نەچێت و بتوانم كار بكەم و لە سەر پێی خۆم بوەستم، بۆیە بە پێویستی دەزانم حكومەت ئاسانكاریی زیاتر بۆ كچانی دەرچووی پەیمانگە و زانكۆكان بكات، هەتا بتوانن كار بكەن و باری ئابووریی خۆیان و خێزانیان باشتر بكەن».
رزگار بابان سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی خزمەتگوزاری لە یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان/ لقی كەركووكە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەم سەردەمە وێڕای پێشكەوتنی زانست و زانیاری و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و كاریگەریی پێشكەوتنەكان لەسەر بارودۆخی ژیانی تاكی كۆمەڵگەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكان بە روونی بەر چاو دەكەوێت، بەتایبەتی لەسەر رەگەزی مێ (ئافرەت) لەو وڵاتانە توانراوە بە شێوەیەكی بەرفراووان سوود لە وزەو توانای ئافرەتان ببینرێت و لە سەرجەم بوارەكانی كاركردندا شان بەشانی رەگەزی نێر (پیاو) مەیدانی كار گەرم بكەن. بەڵام لە وڵاتە دواكەوتوو و تازە گەشەكردووەكاندا بەگشتی ئافرەت هێز و وزەو تواناكانی كۆت و بەند كراوە و لە ئاستێكی نەخوازراودایە بە بەراوورد بەو پێشكەوتنەی لەسەر ئاستی جیهان لە رووی پیشەسازی و زانست و زانیاری و كۆمەڵایەتییەوە بوونی هەیە.» هاوكات دەڵێت: «ئافرەت لە كۆمەڵگەی پیاوسالار و ئایینزاكاندا چانسی ئەوەی زۆر كەمە بتوانێ ئەو توانا و هێز و وزەیەی هەیەتی، پێشكەش بە كۆمەڵگەكەی بكات و بتوانێت شابەشانی پیاو بەشێك بێ لە پرۆسەی پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگەكەی.» سەبارەت بە ئافرەتانی كوردستانیش هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ئافرەتی كورد لە سەرەتای بەرپابوونی راپەڕینە پیرۆزەكەی نەتەوەكەمان لە بەهاری 1991ئومێدێكی لا دروست بوو بەوەی بتوانێت جیاواز لە ئافرەتانی وڵاتانی دەوروبەر كۆت و بەندی دابونەریت تێپەڕێنێت و شانبەشانی پیاو خۆی لە مەیدانەكانی سیاسەت و كاردا ببینێتەوە و چیتر لە سووچی ماڵەوە ژیان بەسەر نەبات ؛ بەڵام لە دوای 27 ساڵ وەك پێویست دەرنەكەوت لە كایەكانی سیاسەت و كار كردندا، ئافرەت بە كۆتا بەشداری كاری سیاسی دەكات و نەیتوانیوە لەمەیدانی كاركردندا وەك پێویست دەربكەوێت، ژمارەی ئافرەتان لە بواری رێكخراوەكانی كرێكاراندا زۆر كەمە. هۆكارەكانی ئەوەش جۆراوجۆرن، بەڵام بەهێزترینیان ئایینیە و پاشان دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان و لاوازیی رێكخراوەكانی ئافرەتانە لە هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان بە ئەرك و مافەكانیان و خودی ئافرەتیش هەوڵی تەواو نادات بۆ دەرچوون لەو قۆزاخە كۆمەڵایەتییە كۆنەی تیایدا گیری خواردووە، سیستمی سیاسی و ئابووریی وڵاتیش بەشێكی تری كێشەكانی ئافرەتە بۆ ئەوەی بوونی لە مەیدانی كاردا بەو جۆرە لاواز بێت.» گوتیشی: «بۆ ئەوەی بتوانین ئافرەتان بە شێوەیەكی فراوان رابكێشین بۆ مەیدانی كاركردن لە كەرتەكانی گشتی و تایبەت و تێكەڵدا، پێویستە حكومەت بەرنامەو پلانی ستراتیژی هەبێ بۆ هاندانی ئافرەتان بۆ كاركردن لە رێگەی پێدانی قەرزی ماددی بۆ پڕۆژەی بچووك و گەورە و راگەیاندنەكانیش دەبێت رۆڵی زیاتریان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان سەبارەت بەو هێزو تواناو وزەیەی كە هەیانە و سوودی لێ نەبینراوە».
حەسیبە سەعید، مامۆستایە لە پەروەردەی سۆران و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «جوراوجۆریی لە رەگەز فاكتەرێكی گرنگی سەركەوتنی هەر رێكخراوێكە، هەروەك چۆن هەبوونی شارەزایی و تەمەن پێویست و گرنگە، دامەزراندنی ئافرەتان لە بواری فرۆشتن و بازاڕگەری، یان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و كاری بازرگانی زۆر سوودی هەیەو ئاماری 500 كومپانیای سەركەوتوو لە هەموو دنیا پێشانی دەدات كە رێژەیەكی بەرچاوی بەڕێوەبەرانی ئەم كومپانیا سەركەوتووانە ئافرەتن. هەروەها شارەزایانی بواری بزنس دەڵێن ئافرەت زۆر كاریگەرترو سەركەوتووتر رووبەڕووی مەترسییەكان دەبێتەوە لەكاتی روودانیان و بەشێوەیەكی باشتر رەفتار دەكەن لەگەڵ كڕیاران و گرنگییان پێ دەدەن و زیاتر لە پێویستییەكانی ژنان شارەزان و دەتوانن یارمەتیدەر بن لە باشتركردن و بەرەوپێش بردنی خزمەتگوزارییەكان بەپێی خواستی بەكاربەر .» گوتیشی: «ئامارەكان پێمان دەڵێن كە ئافرەتان 70%ی دروستكردنی بڕیاری كڕین لەلایەن بەكاربەرانەوە لە ئەوروپا و 80% لە ئەمریكا پێك دەهێنن، ئەمەش بۆتە هۆی بووژانەوەی زیاتری كەرتی بازرگانی لەو وڵاتانە و پێویستە لە كوردستانیش گرنگییەكی ئەوتۆ بدرێتە ئافرەتان لە بواری بازرگانی و فرۆشتن و بەڕێوەبردنی شوێنە بازرگانییەكان. هەروەها ئافرەتان لە رووی پەیوەندییە كۆمەڵاتییەكانەوە زۆر سەركەوتووترن لە پیاوان، ئەوەش دەبێتە هۆی سەركەوتنیان لە بواری فروشتن و كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی جیاواز هەن كە پێمان دەڵێن ئەو گرووپانەی كە لە هەردوو رەگەز پێكهاتوون سەركەوتووترن لەو گرووپانەی كە تەنیا رەگەزی نێری تێدایە، چونكە ئەو گرووپانەی كە تێكەڵاویی رەگەزییان هەیە، شارەزاییان دەبێت لە بوارە جیاوازەكان و ئەوەش دەبێتە هۆی سەركەوتنی زیاتر، هەروەها ستیــومارتــین لە لێكۆڵینەوەیەكی خوی لە گۆڤاری هاروارد بزنس، باسی لە كۆمەڵە فاكتەرێك كردووە بۆ زیادكردنی فرۆشتن و سەركەوتنی كۆمپانیاكان، لە دیدی ئەو، ئافرەتان باشتر و كاراتر و سەركەوتووترن لە پیاوان و گوێڕایەڵترن بو بەدەستهێنانی شارەزایی نوێ، لە رووی پەیوەندی لەگەڵ كڕیارانیش سەرنجڕاكێشتر و بەتواناترن، جگە لەمەش بڕوا بە خۆ بوون لە نێو ئافرەتان زیاترە بۆ ناساندن و بڕوا پێكردن لە رووی باشی و كوالێتی ئەو بەرهەمەی كە دەیفرۆشێ، هەروەها لە رووی ئەخلاقی كاركردن و پاراستنی كەلوپەل و راستی و دروستی لە كاركردن بە رێژەیەكی بەرچاو لە پێش پیاوان دێن. لەبەر ئەم هۆكارانە و فەراهەمكردنی هەلی كارو دابەزاندنی رێژەی بێكاری، پێویستە لە مۆڵ و ماركێتە گشتییەكان رێژەیەكی زیاتری ئافرەت بخرێنە بەركار، چونكە ئافرەتان دەتوانن زۆر ئاسانتر لەپیاوان لەگەڵ ئەو ژینگەیە خۆیان بگونجێنن كە ئەركی تێدا وەردەگرن.»
ئابووریناس هونەر شێخ لەنگەری، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە: «لە ئێستادا بەرەوپێشچوونی زیاتر لە كاركردنی ئافرەتان دەبیندرێت و لە زۆربەی شارو شارۆچكەكان ئافرەت شان بە شانی پیاو كار دەكات، تەنانەت خاوەن پڕۆژە و دووكان و مۆڵن. هەروەها شۆفێری دەكەن، كرێكاری و فرۆشیاری دەكەن، یان زۆر كارگە هەیە كە ئافرت خاوەنیەتی، یان سەرپەرشتی دەكات.» هاوكات دەڵێت: «لە رابردوودا بە هۆی دابونەریتی كۆمەڵگەوە ئافرەتان نەیاندەتوانی كار بكەن، دەترسان لەلایەن خەڵكەوە لۆمە بكرێن، یان قسە و قسەڵۆكیان بۆ دروست بكەن، بەڵام ئێستا ئەو بەربەستانە نەماون و دیدی كۆمەڵگە گۆڕاوە، ئافرەتانیش سەلماندوویانە كە لە پیاو دڵسۆزترن لە ئەنجامدانی ئەرك و كاریان، لە بەڕێوبردنیش زیرەكتر و پاكتر و باشترن.» گوتیشی: «لە دروستبوونی حكومەتی كوردستانەوە لایەنی پەیوەندیدار هەلی جۆراوجۆریان بۆ كاركردن و دامەزراندنی ئافرەتان رەخساندووە، تەنانەت وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەكی زۆری ئافرەتی پەرلەمانتارمان هەیە و بە باشی كاریان خۆیان دەكەن.