مرۆڤ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ غەریزه‌ی خراپه‌

مرۆڤ  له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ غەریزه‌ی خراپه‌
ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان له‌ رابردوو و ئێستا و ته‌نانه‌ت داهاتووش دا به‌تاڵ نین و به‌تاڵیش نابن له‌ فۆرمه‌كانی لادان و تاوانكاری، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌باری نائارامی كۆمه‌ڵایه‌تی خراپ دا تێپه‌ر ده‌بێت.
هه‌ر له‌و كاته‌ی خواوه‌ندی جیهانیان مرۆڤی خسته‌ سه‌ر زه‌وی و ده‌ستی به‌ژیان كرد تاوان و خراپه‌كاری بووه‌ هاورێ و هاوده‌می مرۆڤ، ته‌نانه‌ت بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ده‌روونزانی (فرۆید) له‌ كتێبی ته‌وته‌م و تاپۆ دا ده‌ڵێت:" درووست بوونی كلتور به‌تاوان ده‌ستی پێكردووه‌"، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌شێك له‌ بیرمه‌ندان و زانایان كاتێ شیكردنه‌وه‌ بۆ درووست بوونی شارستانیه‌ت ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ مرۆڤ له‌سه‌ره‌تا به‌رده‌وام له‌ كێشه‌و ئاریشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دابووه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات داره‌كان به‌ زه‌بری هێز ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌ل و په‌ل و سه‌روه‌ت و سامانی بێ هێزه‌كان داگرتووه‌، بۆیه‌ دۆخێكی شه‌ڕانگێزی هاتۆته‌ ئاراوه‌.
تاوان دیارده‌یه‌كی هۆمۆجین نیه‌ كه‌ یه‌ك ڕه‌هه‌ندی هه‌بێت و بتواندرێت شیبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌رهه‌می كۆمه‌ڵیك پڕۆسه‌ی جۆراوجۆری ره‌فتارو ئاكاری مرۆییه‌ كه‌ دژی یاسا باوه‌ و كارپێكراوه‌كانه‌، تاوان ڕه‌فتارێكه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك له‌ دژی ئه‌وانی تر ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوون و خاوه‌ندارییه‌تی ده‌كات، له‌كاتێك دا كه‌سی تاوان بار به‌ رێگه‌ی ئاسایی ئه‌و ئامانجانه‌ی پێیناهێته‌ دی.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ تاوان بریتیه‌ له‌وه‌ی ئایا مرۆڤ بونه‌وه‌رێكه‌ غریزه‌ی خراپ و باشی هه‌یه‌؟ به‌وویستی خۆی بڕیار له‌ ئاراسته‌كردنیان ده‌دات، یاخود ئایا ئه‌م وویسته‌ له‌ ژێڕ كۆنترۆڵی عه‌قڵه‌ یان شه‌هوه‌ت؟ یاخود مرۆڤ بونه‌ورێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ باروودۆخی گونجاو و تێر كردنی پێداویستیه‌كانی بونه‌ورێكی پاك و چاكه‌ خوازه‌.
لێره‌دا تێده‌گه‌ین كه‌ لێكدانه‌وه‌ی پاڵنه‌ر و هۆكاره‌كانی تاوان ئاڵۆزه‌ و چاره‌سه‌ریشیان پێویستی به‌ دیراسه‌كردن و به‌دواداچوونی ورد هه‌یه‌، به‌ گوێره‌ی جۆری تاوان و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ چ جۆرێكی تاوانی تێدا ڕووده‌دات، تا ئه‌مرۆ نه‌تواندراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پاڵنه‌ر و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕوودانی تاوان لێكبدرێته‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌یان بۆ بكرێت وه‌ك تاوانی (كوشتن، توندو تیژی دژی منداڵ، دزی، ڕفاندن، ده‌ست درێژی سێكسی..............هتد) ئه‌مانه‌ چه‌ند جۆرێكی تاوانن، هه‌روه‌ها تاوان به‌ گوێره‌ی ئاستی گوزه‌ران و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌گۆرێت، یاخود ده‌بینین هه‌ندێك ڕه‌فتار له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دا به‌تاوان هه‌ژمار ده‌كرێن، كه‌چی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر به‌ مافێكی سه‌ره‌تایی مرۆڤ دابندرێن، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن و عه‌قڵیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و تێروانینیان بۆ ڕه‌فتار و ئاكاری تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگدا.

پێشتر كه‌ عه‌قڵی ئه‌فسانی و ئاینی باڵاده‌ست بوو ئه‌و كات پێیان وابوو هێزو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری مرۆڤ بونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تاوان، چ هێزی شه‌ر یان شه‌یتان كه‌ له‌ ئاینه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر جار بۆ چاره‌سه‌ركردنی تاوانباران په‌نایان بۆ پیاوانی ئاینی یان كه‌سانی كارێزما ده‌برد، بۆ ده‌ركردنی هێزی شه‌ڕ له‌ناخی تاوانباران، ئه‌م تێڕوانینه‌ تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی (هه‌ژده‌ و نۆزده‌) به‌رده‌وامی هه‌بوو، به‌ڵام دواتر مرۆڤ خۆی ده‌بێته‌ چه‌قی بیركردنه‌وه‌ و خاوه‌ن ئیراده‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا خودی خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌به‌رده‌م ڕه‌فتار و ئاكاره‌كانی، بۆیه‌ به‌ڕوونی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان به‌دیار ده‌كه‌وێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ و لێكدانه‌وه‌ی تاوان ڕوونتر ده‌بێت.
هه‌ندێ له‌زاناكان پێكهاته‌ی جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه‌ و شێوه‌ی كه‌لله‌ سه‌ر و لوت و باڵا به‌هۆكاری تاوان داده‌نێن، ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ زانستی كۆمه‌ڵناسی ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی توند، چونكه‌ زۆر كه‌س له‌ ڕووی پێكهاته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌هه‌ندێك زانا ئاماژه‌یان پێكردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ له‌ژیان دابووه‌ تاوانی نه‌كردووه‌، هه‌ندێكی تر فاكته‌ری ده‌روونی به‌هۆكاری تاوان داده‌نێن.

ئێمه‌ش پێمان وایه‌ هۆكاری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تاوان و لادانی تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆی دا به‌جۆرێك كاتێك كار به‌هێزی دڵی ئه‌كات و له‌و كاته‌ی هێزی عه‌قڵ غیاب ده‌بێت، بێگومان تاك ئاراسته‌ ئه‌كات بۆ ده‌یان تاوان و سه‌ركێشی له‌لایه‌كی تر خراپی باروودۆخی گوزه‌ران و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هۆكاری تاوانن، پێویسته‌ مرۆڤ تا له‌ژیان دایه‌ هاوسه‌نگی ڕابگرێت له‌ نێوان دڵ و عه‌قڵی بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی سه‌ركه‌وتووبێت و دوور بێت له‌ تاوان.
Top