هه‌ڵكشانی هاورده‌كردن و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كوردستان زه‌نگێكی مه‌ترسیداره
February 27, 2018
کۆمەڵایەتی
بازرگانی و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر دوو تاوانی جیاوازن و جۆری سزاكه‌شیان وه‌ك یه‌ك نییه، بۆیه پێشنیار ده‌كرێت، به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ك نه‌خۆش سه‌یر بكرێن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بدرێت. توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیش داوا له حكومه‌ت و میدیاكان ده‌كه‌ن پلانی جددییان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌بێت.
شه‌ونم كه‌ریم توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه و به پێویستی ده‌زانێت پێش هه‌موو شتێك له سیستمی په‌روه‌رده‌وه سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنانی مادده‌ی سڕكه‌ر ده‌ست به هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاك بكرێت. جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه «زیاتر له 70%ی خه‌ڵكی كوردستان به‌م مادده‌یه ئاشنا نین و زانیاری‌یان له‌سه‌ر زیان و مه‌ترسییه‌كانی نییه، بۆیه پێویسته مامۆستایانی ئایینی له خوتبه‌ی رۆژانی هه‌ینی خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه، مامۆستایانی زانكۆ سیمیناری بۆ ببه‌ستن، میدیاكانیش گرینگیی ته‌واوی پێ بده‌ن.» گوتیشی: به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاینده‌ی وڵات و گه‌نجانی وڵاته‌كه‌مان هه‌یه، ته‌نانه‌ت له تیرۆریش ترسناكتره، چونكه ئه‌گه‌ر ره‌گی له ناو كۆمه‌ڵگه داكوتا، به هیچ هێزێك ریشه‌كێش نابێت.»
محه‌مه‌د مسته‌فا قوتابیی دكتۆرایه و مامۆستای زانكۆیه له كۆلێژی كیتابی زانكۆیی، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس ده‌ڵێت: «بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه چه‌ندین زیانی له‌سه‌ر تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، بۆیه پێویسته زۆر به جددی رێگری لێ بكرێت، هه‌تا نه‌وه‌ی داهاتوو دوور بێت له هه‌ر كارێكی نه‌شیاو و به‌لاڕێداچوون كه ره‌وشتی به‌رز تێكده‌دات.» گوتیشی: «خۆشبه‌ختانه تا ئیستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به رادده‌یه‌كی زۆر باش له‌و لایه‌نه‌وه پاكه، به‌ڵام به دووریش نییه له‌وه‌ی كه‌وا مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌بێت. بۆیه ده‌بێت تاكی خۆمان به زیان و مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر زیاتر ئاشنا بكه‌ین، كه له چه‌ند خاڵدا ده‌كرێت ده‌ستنیشانیان بكه‌ین:
1- تووشبوو گیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسی و تووشی چه‌ندین نه‌خۆشی رۆحی و جه‌سته‌یی ده‌بێت، جگه له به‌فیڕۆدانی سامانێكی زۆر، ئه‌ویش به هۆی كڕینی ئه‌و مادده‌یه كه ده‌ستكه‌وتنی ئاسان نییه.
2- دروستبوونی چه‌ندین باندی بازرگانی لێده‌كه‌وێته‌وه كه مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵات ده‌بێت.
3- كه‌سایه‌تیی تووشبوو له كه‌سی ئاسایی ده‌گۆڕێت بۆ كه‌سێكی لاواز و بێ ئیراده و بێ به‌رهه‌م كه هیچ سوودێكی بۆ خێزان و كۆمه‌ڵگه نابێت.
4- ئه‌نجامدانی تاوان كه له‌وانه‌یه له‌به‌ر بێهۆشی هه‌ستیشی پێ نه‌كات.
5- لێكترازانی خێزان كه ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له زیانه هه‌ره گه‌وره‌كانی مادده هۆشبه‌ره‌كان.»
به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ١٩٩٠، عێراق له رووی به‌كارهێنان و بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه پاكترین وڵات بووه، به‌ڵام له ئێستادا به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق و ته‌نانه‌ت له هه‌رێمی كوردستانیش رووی له زیادبوون كردووه.
نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كۆنتڕۆڵی ده‌رمان و تاوان (UNODC) ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ساڵانه جگه له زیانی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاسایشی وڵات و زیادكردنی رێژه‌ی تاوان، به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ساڵانه ده‌بێته هۆی مردنی (3.3) ملیۆن كه‌س له جیهان و ژماره‌ی قوربانییان به (250) ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت. هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌و په‌تایه‌و به‌رپرسانی ئه‌منی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه «90%ی مادده‌ی هۆشبه‌ر كه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێران بووه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ی له سنووری توركیاوه هاتووه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر، ئاماری كار و چالاكییه‌كانی له ساڵی 2017 به‌مجۆره راگه‌یاندووه: له ساڵی رابردوو 569 كه‌س به‌پێی مادده‌ی 14 له یاسای هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون و راده‌ستی دادگا كراون. 70 كه‌س له‌وان سزادراون، 112 كه‌سیان له‌به‌ر كه‌میی به‌ڵگه‌ی تاوان ئازاد كراون، 134 كه‌سیشیان به ده‌سته‌به‌ری (كه‌فیل) ئازادكراون و په‌ڕاویان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه، هه‌روه‌ها 253 كه‌سیان تاوه‌كو ئێستا په‌ڕاویان له‌ژێر لێكۆڵیه‌نه‌وه‌دایه و كێشه‌كانیان له دادگا یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر 53 كیلۆ گرام له مادده هۆشبه‌ره جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك (تلیاك، حه‌شیش، هێرۆیین، شیشه و ماریجوانا)دا گیراوه.
ئاماری تۆمه‌تباران له ساڵی 2017 به‌راورد به ئاماری تۆمه‌تباران له ساڵی 2016 زیادی كردووه، زیاده‌كه‌ش بریتییه له 36 كه‌س، 16 كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ریش زیاتر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
له لای خۆیه‌وه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له هه‌رسێ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك به‌شی چاره‌سه‌ری تووشبووان هه‌یه و(111) ئالووده‌بوو له هه‌ر سێ به‌شه‌كه چاره‌سه‌ری پزیشكی‌یان بۆ كراوه كه تائێستا له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێم تۆماركراون. ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه له ئه‌مساڵدا نه‌خشه‌ڕێگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌لایه‌ن لێژنه‌ی باڵاوه ئاماده كراوه‌و ره‌زامه‌ندی سه‌ره‌تایی وه‌رگرتووه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستكردن به جێبه‌جێكردنی له داهاتوویه‌كی نزیكدا، به مه‌به‌ستی به‌هێزتركردنی ڕێوشوێنه‌كانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له هه‌رێم به رێگه‌ی:
1- دامه‌زراندنی ده‌زگای نیشتمانی بۆ هاوردن و به بازاڕكردنی ده‌رمان و پێویستی پزیشكی له هه‌رێم.
2- پێكهێنانی لێژنه‌ی تایبه‌ت به مۆڵه‌تی هاوردن و كۆنتڕۆڵ و به‌دواداچوونی ده‌رمانی پزیشكی هۆشبه‌رو ده‌رمان و پێكهاته كیمیاییه‌كان كه ده‌كرێت وه‌ك هۆشبه‌ر به‌كاربهێندرێت.
3- به‌هێزكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی نه‌هێشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان له ده‌زگاكانی ئاسایش له هه‌رێم.
4- دروستكردنی دوو نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ر و شیاندنه‌وه‌ی ئالووده‌بووان له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی.
5- دیاریكردنی هه‌فته‌ی نیشتمانی هۆشیاری مادده‌ی هۆشبه‌ر له سه‌ره‌تای مانگی یازده‌ی هه‌موو ساڵێك و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له هه‌رێم بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له مه‌ترسییه‌كانی ماده‌ی هۆشبه‌رو خۆپاراستن و خۆڕزگاركردن لێیان.
داوا له‌و هاووڵاتیانه‌ش ده‌كه‌ن كه به هه‌ر هۆكارێك بوونه‌ته قوربانیی ده‌ستی مادده‌ی هۆشبه‌ر، له زووترین كاتدا سه‌ردانی پزیشك، یان به‌شه‌كانی چاره‌سه‌ری ئالووده‌بووان له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، جه‌ختیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر زوو سه‌ردان بكه‌ن.