18ی شوبات یادێكی زیندووه‌ له‌ هزری نه‌ته‌وه‌یی قوتابیان و لاوانی كوردستان

18ی شوبات یادێكی زیندووه‌ له‌ هزری نه‌ته‌وه‌یی قوتابیان و لاوانی كوردستان
(٦٥) ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ رۆژگارێكی دژواری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌ماندا له‌ ١٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٣، به‌ پێشنیار و ده‌ستپێشخه‌ریی رابه‌ری كاریزمای نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مان(مسته‌فا بارزانی)، رێكخراوه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان دامه‌زران و بوونه‌ ئامرازێك بۆ جۆشدانی لاوان و قوتابیانی كوردستان به‌ هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، به‌شداربووانی ئه‌م راپۆرته‌ی گۆڤاری گوڵان رۆڵ و پێگه‌ی هه‌ر دوو رێكخراوه‌كه‌ له‌ پێگه‌یاندنی گه‌نج و لاوی كورد هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
گوڵان: كۆمه‌ڵایه‌تی


رێكخراوه‌كانی (یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) كه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی بارزانیی نه‌مر له‌ ١٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ دامه‌زران، له‌ ره‌وتی شۆڕش و خه‌بات و پاراستنی وڵات و له‌ سه‌نگه‌ری زانستیشدا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 65 ساڵ به‌سه‌ دامه‌زراندنی ئه‌م دوو رێكخراوه‌دا سه‌رۆك مسعود بارزانی له‌ په‌یامێكیدا وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان گوتی: «قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌موو قۆناغێكی خه‌باتی گه‌له‌كه‌ماندا ئه‌رك و جێده‌ستیان دیار بووه‌و شوێنی پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی كوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری و چاونه‌ترسی بوون و له‌و رێگه‌یه‌دا قوربانیدان داوه‌، ئێستاش كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ قۆناغی به‌رخۆدان و چه‌سپاندنی مافه‌كان و تێپه‌ڕاندنی كۆسپ و ته‌حه‌ددییه‌كاندایه‌، ئه‌ركی قوتابی و لاوان له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ستیارتر و قورستره‌.»
سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یاندا به‌ پێویستی ده‌زانن «قوتابیان و لاوان له‌ جاران زیاتر شوێنكه‌وتووی به‌ها به‌رزه‌كانی خه‌بات و كوردایه‌تی بن و له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌حه‌ددییاته‌كان نائومێد نه‌بن.» هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «گه‌له‌كه‌مان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خۆڕاگرانه‌ قوربانییان داوه‌، له‌به‌رانبه‌ر دیكتاتۆریدا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و تیرۆر و هزری توندڕۆییشیان تێكشكاندووه‌. هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ داوای مافی ره‌وای خۆیان كردووه‌و له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و پۆڵایین به‌رده‌وام بوون.»
هێمن میرانی مامۆستای زانكۆیه‌ و سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ «یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ دروستكردنی كادری حزبی و ئیداری بۆ پارتی و بۆ هه‌موو كوردستان گێڕاوه‌.» هاوكات ده‌ڵێت: «ئه‌وانه‌ی له‌و رێكخراوه‌ كاریان كردووه‌، له‌ ئێستادا له‌ نێو حزب و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ خاوه‌ن پێگه‌ن و جێده‌ستیان دیاره‌. ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ سه‌رده‌می زانكۆوه‌ فێری سه‌ره‌تاكانی كاری ئیداری و حزبی و داموده‌زگاییان ده‌كردین. له‌وێوه‌ فێری ئه‌وه‌ بووین كه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆمان خۆش بوێ و له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا كار بكه‌ین و ماندوو نه‌بین.» بێگومان رۆڵی ئه‌و رێكخراوه‌ و رێكخراوی لاوان حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و جێگایان له‌ پێگه‌یاندنی كادراندا گه‌وره‌ و دیاره‌. ئه‌و دوو رێكخراوه‌ كاری زۆریان كردووه‌ بۆ جۆشدانی لاوان و قوتابیانی كورد به‌ هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ر بۆ مێژوو ده‌ڵێم ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ بووین پێش حكومه‌تی هه‌رێمیش كه‌ باجی ئاڵای كوردستانمان بۆ یه‌خه‌ داهێنا و له‌ نێو نوێنه‌ری پۆله‌كانمان دابه‌شمان كرد. ئه‌وه‌ی باجی ئاڵای كوردستانی له‌ یه‌خه‌ بوایه‌، ئه‌وه‌ بێگومان ئه‌ندام و نوێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیان بوو. هه‌روه‌ها یه‌كێتی قوتابیان یه‌كێك بوو له‌ رێكخه‌ر و سه‌رخه‌ره‌كانی ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی ٢٠٠٥ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ی برد.»
ته‌رزه‌ محه‌مه‌د كارگێڕی لیژنه‌ی ناوچه‌ی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌یاندنی خۆی له‌ یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ده‌ڵێت: «به‌ رۆح قه‌رزاری رێكخراوی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانم پیرۆز بێت 18ی شوبات و هه‌میشه‌ شانازی به‌ مێژووی كاركردنم له‌و رێكخڕاوه‌ پیرۆزه‌ ده‌كه‌م كه‌ بۆ من وه‌ك رێكخراوی دایك بووه‌. بێگومان هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌ستیارو چاره‌نووسسازه‌، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێت به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌یان رابپه‌ڕێنن و له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان درێغی له‌ گیانفیدایی و خه‌بات و تێكۆشان نه‌كه‌ن.» گوتیشی: «خه‌باتی(65) ساڵه‌و نه‌پساوه‌ی ئه‌و كاروانه‌ سه‌ركه‌شه‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكرات مایه‌ی شانازییه‌، كه‌ توانیویه‌تی رێكخراوێكی كاریگه‌رو گرنگ و كۆكه‌ره‌وه‌ی هێزو تواناكانی سه‌رجه‌م لاوان و قوتابیانی كوردستان بێت و پانتاییه‌كانی كاروچالاكییه‌كانی زیاترو چاكتر په‌ره‌ پێبدات و به‌ ده‌یان كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری لێهاتووش پێشكه‌ش به‌ كۆڕی خه‌بات و تێكۆشان بكات. قوتابیان و لاوان وه‌ك داینه‌مۆی داهێنان و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ دوو توێژی گرنگی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردین، بۆیه‌ پێویسته‌ شان به‌شانی چین و توێژه‌كانی دیكه‌ وزه‌ و تواناكانیان زیاتر بخه‌نه‌گه‌ڕ و هه‌موو هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان بۆ خزمه‌تی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بێت، هه‌روه‌كو چۆن هه‌میشه‌ جێ په‌نجه‌یان به‌رچاو بووه‌ له‌ جۆشدان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌پێناو بونیادنانی داهاتوویه‌كی به‌رهه‌مدار و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست. ئه‌م رێكخراونه‌ به‌پێی په‌یڕه‌و پڕۆگرامی ناخۆیی خۆیان هه‌میشه‌ هه‌وڵی نوێبوونه‌وه‌و وشیاركردنه‌وه‌ی تاكی كوردیان داوه‌و جێپه‌نجه‌یان دیاره‌ له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌شدا، ئه‌وه‌تا لاوانی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی بیانی هه‌وڵی كاركردن ده‌ده‌ن بۆ خۆشگوزه‌رانی و به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی تاكی كورد و هه‌نگاونان بۆ ناساندنی كه‌لتووری كوردستان. پێگه‌ی ئه‌م دوو رێكخراوانه‌ زۆر مه‌زنه‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵ و تێكۆشان و شه‌ونخوونیی به‌رده‌وامن بۆ قوتابیان و لاوانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ك چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی گرنگیشیان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی خۆیان بۆتاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌.»
رائیدی مافپه‌روه‌ر فلامینا وه‌حید سه‌ره‌تا ئاماژه‌ به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بكه‌م كه‌ خۆم له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووم، ده‌بێت بڵێم له‌و ته‌مه‌نه‌دا هه‌موومان جگه‌ له‌وه‌ی خۆمان خاوه‌ن بیرێكی نیشتمانپه‌روه‌ری بووین، ئازادانه‌ بوون به‌ ئه‌نداممان هه‌ڵبژارد له‌م رێكخراوه‌ و وه‌ك سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌پێگه‌ی به‌رزی وڵاتن، شانازیمان ده‌كرد كه‌ وه‌رگیراین وه‌ك ئه‌ندام، خۆیشم هه‌ر له‌و رێكخراوه‌دا پێگه‌یشتنی كه‌سایه‌تیم هه‌ست پێكرد، زۆر شتم له‌ خۆم دیت كه‌ جیاواز بوون له‌ كچانی هاوته‌مه‌نی خۆم بیروبۆچوونم نیشتمان و خاك و گه‌ل له‌ هه‌ره‌ پێشینه‌كانی هزر و ویستم بووك حه‌زم ده‌كرد هه‌میشه‌ به‌سوود بم بۆ گه‌له‌كه‌م و بتوانم باشترین تواناكانم پێشكه‌شیان بكه‌م.» گوتیشی: «به‌ رای من ئه‌گه‌ر هه‌مان كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كان به‌ دروستی رێبازی بارزانی په‌یڕه‌و بكه‌ن، ئه‌وا له‌ قوتابیان و لاوان باشترین تواناكانن بۆ خزمه‌تی نیشتمان و داهاتووی گه‌له‌كه‌مان، باوه‌ڕبوون به‌ تواناكانیان و پاڵپشتی و نه‌شكاندنه‌وه‌شیان زامنی ئه‌وه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ بیر نه‌كه‌ین كه‌ گه‌وره‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رێگه‌ی كاركردن له‌و رێكخراوانه‌ هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتنیان مسۆگه‌ر كردووه‌. پیرۆزبایی له‌ لاوان و قوتابیان ده‌كه‌م به‌ هیوام داهاتوویه‌كی پرشنگدار چاوه‌رێییان بكات.»
نێچیروان حوسێن، سكرتێری یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ «دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ دوای ھه‌ستكردنی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بوونی كه‌لێنێكی گه‌وره‌ له‌ ناو چینی قوتابیان، و پێویستییه‌كی مێژوویی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بوو. ١٨ی شوباتی ١٩٥٣ سه‌ره‌تای گه‌شه‌سه‌ندنی ھزری نه‌ته‌وه‌یی بوو له‌ ناو چینی قوتابیان و كاریگه‌ری ئه‌م رێكخراوه‌ دواتر له‌ به‌شداری كارای ئه‌ندام و كادیرانی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن، شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز، و راپه‌ڕینی به‌ھاری ١٩٩١ له‌ ھه‌رێمی كوردستان چ به‌ ئاشكرا له‌ شاخ و چ به‌ نهێنی له‌ شار ره‌نگی دایه‌وه‌.» هاوكات ده‌ڵێت: «گۆشكردنی كادیران به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، كاركردن له‌سه‌ر دڵبه‌ندی و په‌یوه‌ستیی قوتابیدان و لاوان به‌رامبه‌ر خاك و نیشتمان، و بره‌ودان به‌ ره‌وتی زانست و رۆشنگه‌ری له‌ پێناو پێگه‌یاندنی تاكی كارامه‌ و شاره‌زا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان و ئاماده‌كردنیان بۆ كایه‌ ئیداری و سیاسییه‌كان له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بوون و ده‌بن.
یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان وه‌ك رێكخراوێكی كاریگه‌ر له‌ كوردستان كه‌ له‌ گرنگیی ئه‌و چین و توێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ھه‌میشه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌دایه‌ له‌ پێناو به‌رده‌وامیدان به‌ رۆڵی پێشه‌نگانه‌ی خۆی له‌ گۆڕه‌پانی كاری رێكخراوه‌یی به‌ جۆرێك كه‌ پێكھاته‌ و شێواز و چۆنیه‌تی كاركردنی گونجاو بێت له‌گه‌ل شێوازی سه‌رده‌مییانه‌ی كاری رێكخراوه‌یی و وه‌ك ھه‌میشه‌ قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی نیشتیمانپه‌روه‌ران بمێنێته‌وه‌.» هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ «له‌م قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌دا كه‌ تیایدا بۆ یه‌كه‌مین جار كوردستانییان ویستی سه‌ربه‌خۆییخوازیی خۆیان له‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی و نه‌مردا دا به‌ گوێی جیهاندا كه‌ ده‌نگدان بوو به‌ «به‌ڵێ» له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ ٢٥ی ئه‌یلوولی ٢٠١٧ و گه‌له‌كه‌مان له‌ ھه‌موو كات زیاتر نزیكتره‌ له‌ ھێنانه‌دی خه‌ونی له‌ مێژینه‌ و مافی ره‌وا كه‌ دروستكردنی كیانێكی سیاسیی سه‌ربه‌خۆی كوردستانییانه‌یه‌.» گوتیشی:»به‌ حیكمه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، قاره‌مانیه‌تی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، و خۆڕاگری گه‌له‌كه‌مان و ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ھه‌میشه‌ به‌ خامه‌كانمان و له‌ پێویستیشدا به‌ خوێن له‌ خزمه‌ت سه‌رخستنی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بین.»
Top