ئافرەتان داوای پۆست و پلەی ئیداری لەكابینەی نوێی حكومەت دەكەن

ئافرەتان داوای پۆست و پلەی ئیداری لەكابینەی نوێی حكومەت دەكەن
چوار ئافرەت لەكابینەی چواری حكومەتی هەرێمی كوردستان پلەی وەزیریان هەبوو، بەڵام لەهەردوو كابینەی شەش و حەوتدا تەنیا یەك وەزیری ئافرەت بەشدار بووە، ئەوەش بەشێكی زۆر لە چالاكانی مافی مرۆڤ و دژبەرانی جیاوازیی ڕەگەزی نیگەران كردووە، ئەوان دابەزینی رێژەی ئافرەت لە پۆستی باڵادا بە دواخستنی پرۆگرێسی كۆمەڵگە هەژمار دەكەن، بۆیە داواكارن لەكابینەی داهاتوودا رێژەی بەشداری پێكردنی خانمان زیاتر بێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ڕایەك هەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بوونی ژمارەیەكی زۆر لەئافرەتان لەپۆستە باڵاكانی حزبی و حكوومیدا بەندە بەوەی كە تاچەند ئەو ئافرەتانە كەسانی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی بەرزن و دەتوانن سوود بەكۆمەڵگە بگەیەنن، هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن كە بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی و تەنیا لە سەر بنەمای توانا و كارایی دەبێت پۆستەكان دابەش بكرێت. ڕایەكیش سوورە لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەموو ئاسانكارییەك بۆ خانمانی پێگەیشتووی بە ئەزموون و تێگەیشتوو بكرێ، بۆ ئەوەی بتوانن لە گشت جومگەكانی دەسەڵاتی سیاسی و حكوومیدا بەشداری كارایان هەبێت.
پێوەری پۆست دەبێت لەسەر بنەمای زیرەكی و لێهاتوویی بێت
د. ڤاڵا فەرید پەرلەمانتاری خولی چوارەم، ڕایوایە «پێویستە ڕێژەیەكی زۆر لە پۆستەكان بە ئافرەتان بدرێت، بەڵام دەبێت پێوەرێك بۆ ئەو ئافرەتە هەبێت، واتا ناكرێت پۆست بەئافرەتێك بدرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی كە ئافرەتە و بۆ ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری بێت، بەڵكو پێویستە ئەو ئافرەتانەی كەپۆست وەردەگرن كەسانی بەتوانا بن بۆ ئەوەی روویەكی جوانی ئافرەت پیشانی كۆمەڵگە بدەن. گوتیشی «پێویستە ئافرەتێك كە لەپۆستێكدا دادەنرێت كەسێكی شیاوبێت وبتوانێت گرنگی بەو جێگەیە بدات و هەنگاوی جددی بنێت بۆ پێشكەوتنی ئەو شوێنە، واتا نابێت ئافرەتبوون بكەینە مەرج بۆ وەزیری بەڵكوو پێویستە لەسەر بنەمای زیرەكی و لێهاتوویی بێت».
پێویستە لە توانای شاراوەی ئافرەتان سوود وەربگرین
حەیات مەجید چالاكوانی ئافرەتان و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە خۆلی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «هەمووان دەزانن لەكابینەی ڕابردوودا تەنیا یەك وەزیری ئافرەتمان هەبووە، گەرچی زۆر گرنگە لەم كابینەیەدا رێژەی ئافرەت زیاد بكرێت، بەڵام هاوكات پێویستە دەستنیشانكردنی ئافرەتان بۆ پۆستی باڵا لەسەر بنەمای چۆنایەتی بێت، نەك چەندایەتی، واتا گرنگ نییە بڵێین ڕێژەكە بۆتە چوار، یان پێنج ئافرەت، گرنگ ئەوەیە كە ئەو ئافرەتە چ توانایەكی هەیە و دەتوانێت چی بكات، واتا گرنگی لەوەدایە كە ئایا ئەو ئافرەتە دەتوانێت ڕۆلێكی كارای هەبێت؟
حەیات ئەوەش دەخاتەڕوو كە نەك تەنیا بۆ پۆستی وەزیر، بەڵكو بۆ پۆستی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و زۆر پلە و پۆستی دیكە، پێویستە سوود لە توانا شاراوەكانی ئافرەتان بەشێوەیەكی باش وەربگیرێت .
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی گرنگە لەكاتی دەستنیشانكردنی پۆستەكاندا، ئەوەیە كە هیچ ناوچەیەك لەبیر نەكرێت، واتا «ئەو پۆستانەی كە دابەشدەكرێت لەسەر بنەمای ناوچەكان بێت»، گوتیشی «بە بڕوای من پێویستە ئافرەتانی هیچ ناوچەیەك لەپۆستەكان بێبەش نەكرێن، ئەمەش بۆ ناوچەگەری نییە، بەڵكو بۆ ڕاگرتنی باڵانسە لەنێوان ناوچەكاندا، بۆیە هیوادارم خەڵكی گشت ناوچەكان لەپۆستەكاندا هەبن بۆ ئەوەی خزمەت بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بكرێ.
بەردەوام رێژەی خاوەن بڕوانامە بە هەردوو ڕەگەزەوە زیاددەبێت كەچی هەر پیاوەكان پۆستی گرنگ وەردەگرن
میادە محەممەد ئەلنەجاڕ چالاكوانی بواری ئافرەتان و پسپۆڕی یاسا، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەكارهێنانی چەمكی یەكسانی ڕەگەزی یەكێكە لەو چەمكە زیندووانەی كە هەموومان رۆژانە لە دەزگاكانی راگەیاندن و كوڕ و كۆبوونەوەكان گوێبیستی دەبین، تەنانەت زۆرمان لەگشت فەرهەنگە زانستی و كەلتوورییەكان گوێمان لەو دەستەواژەی بووە كە دەگوترێت ئافرەت نیوەی كۆمەڵگەیە، بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگەی پیاوسالارییەكاندا هەمیشە ئافرەت بۆتە قوربانی و قسەی سەرەتایی و كۆتایی هەر بۆ پیاوان بووە .
مەیادە رێژەی كەمی ئافرەتی لەپۆستە باڵاكان بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە، گوتیشی «لە كۆمەڵگەی نێرسالار ئەوەی ئافرەتی پێدەناسرێت، ئەوەیە چێشتلێنەرێكی چاكە، بەرگ دروویەكی دەستڕەنگینە، كابانێكی باشە، هەرگیز تواناكانی لە كاری سیاسی و مەدەنیدا باس ناكرێ، بۆیە ژمارەی ئەو ئافرەتانەش كە لە سیاسەت پلە و پۆستی باڵایان هەیە لە كوردستان ناگاتە كۆی ژمارەی پەنجەكانی هەردوو دەست، كە بەراستی ئەمەش كارەساتە ئەمە سەڕەڕای زیادبوونی بەردەوامی رێژەی خوێندەواری بە هەردوو ڕەگەزەوە، كەچی هەر پیاوە خاوەن بڕوانامەكان دەبنە سەركردە و سیاسەتمەدارێكی بەناوبانگ و ئەندامی سەركردایەتی حزب و چەندین پلە و پۆستی گرنگ وەردەگرن، بەڵام ئافرەتە خاوەن بڕوانامەكان رێژەیەكی زۆریان دەبنە دەستڕەنگین و ئافرەتی ماڵ و فەرمانبەرێكی سادە، ئەوانەی زۆرچالاك بن، دەبنە چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەر ئەمەشە كە كەمترین رێژەی ئافرەتی سیاسەتمەدارمان هەیە، ئەمەش وادەكات كە ئافرەتان كەم بگەنە پۆستە بالاكان».
ئافرەتان ڕۆڵی بەرچاویان لە كابینەكانی پێشووی حكومەتدا هەبووە
بەڵام توێژەری دەروونی بەهار ڕەفیق فەتحوڵڵا پێیوایە ڕۆڵی ئافرەت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرتر دەردەكەوێت، گوتیشی «هیوادارم ژمارەی ئافرەت لە پۆستە وەزارییەكاندا زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی لە بواری جیاجیا ئافرەتی زۆر بەتوانا و خاوەن ئەزموون و پسپۆڕمان هەیە و كابینەی حكومەتی تازەشمان كابینەیەكی بنكەفراوان دەبێت ئەوەش هەلی زیاتر بۆ بە شداری ئافرەتان دەرەخسێنێت.
بەهار جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئافرەتان ڕۆڵی بەرچاویان لە كابینەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووە و بە پراكتیكی سەلماندوویانە كە توانای زۆریان هەیە لە بەڕێوەبردنی پۆست و پلە بەرزەكاندا زۆریش بە سەركەوتووانە ئەركی خۆیان ئەنجام داوە»، گوتیشی «ئەو سەركەوتنانەی ئەزموونەكانی پێشوو دەبێتە هۆی پاڵپشتێكی بەهێز بۆ بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە ناو كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئافرەتان توانیویانە كەسایەتی خۆیان بسەلمێنن و لە پۆستی باڵای حزبەكانیشدا پێگەی خۆیان هەبێت و بەشداری بڕیاری سیاسی بن».
Top