بۆچی خانمان بۆ چارەسەری كێشەكانیان پەنا بۆ دوعا و جادوو دەبەن؟
November 21, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شێخ مامەڵەی پارە بۆ دوعا ناكات
ئافرەتێكی باڵابەرزی گەنم رەنگ كە خۆی بە سارا قاسم ناساند، چاوەڕوانی چوونە ژوورەوە بۆ لای شێخی دەكرد، وەك خۆی باسیكرد بۆ سوپاس كردنی شێخ خالید هاتبوو، چونكە كێشەكەی «بە دوعا» چارەسەر كردبوو. سارا دەڵێت «ماوەی چەند ساڵێك بوو مێردەكەم بەجێیهێشتبووم، كێشەكەمان گەیشتە دادگا، بڕیاربوو لەدوا دانیشتنی دادگا تەڵاقم بدات، پێش هاتنی وادەی دادگا هاوڕێیەكم منی هێنایە لای شێخ خالید، منیش بە شێخم گوت: ئەگەر دەزانی كێشەكەم چارەسەر دەبێت، دوعام بۆ بكە، ئەگەر چارەسەریش نابێت ماندووم مەكە، گوتی: ئینشاڵا چارەسەر دەبیت، لەماوەی 15 رۆژ مێردەكەم 100% گۆڕا و پەشیمان بووەوە، ئێستا ئاشت بووینەتەوە و لەخوای بەزیاد بێت دووگانم هەیە و هیچ كێشەمان نییە، زۆرجار واهەست دەكەم خەون دەبینم، تەنانەت زۆر كەسم بۆ لای ناردووە، هەموویان مرازیان حاسڵ بووە، نەخشە بێت لەئۆمەتی محەممەد». سەبارەت بەبڕی ئەو پارەیەی كە بەشێخی داوە گوتی «شێخ مامەڵەی پارەی لەگەڵ نەكردم، منیش كە كێشەكەم چارەسەر بوو، دیارییەكی زۆر باشم بۆ برد».
95% ی ئەو كێشانەی دێنەلامان چارەسەر بووە
خالید عەزیز حەسەن، ناسراو بە (شێخ خالید نەقشبەندی) لەبنەماڵەیەكی ئایینپەروەری شاری هەولێر لەدایكبووەو پیشەی مامۆستای بنەڕەتییە، بەڵام ماڵەكەی لە نۆرینگەی دكتۆرەكان قەرەباڵغترە و رۆژانە دەیان كەس سەردانی دەكەن. شێخ خالید لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چۆن كێشەو گرفتی هاووڵاتیان بە دوعا چارەسەر دەكات؟ بۆ گوڵان گوتی «هەر كارێك مرۆڤ دەیكات، پێویستە لەسەرەتادا پشت بەخوا ببەستێت، چونكە هەر كارێك ئەمری خوای لەگەڵدا نەبێت، ئەو كارە بەتاڵە، گوتیشی «خوای گەورە دەفەرموێ ئێوە دوعا بكەن من وەڵامتان دەدەمەوە، دوعاكردن دووجۆری هەیە، دوعای لەفزی و دوعای نووسینەوە، دوعاش نابێ لەچوارچێوەی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر دەربچێت، من بەشبەحاڵی خۆم لەسەر شەرعی خوا و پێغەمبەر بە پاڕانەوە لەخوای گەورە كێشەكان چارەسەر دەكەم و كارەكەمان چاكسازییە، ئەو كێشانەی دێنە لامان 95% ی بەپشتیوانی خوای گەورە چارەسەر بووە».
مادام سحر هەیە، بەتاڵكردنەوە و چارەسەریشی هەیە
سەبارەت بە سحر و جاددووكردنیش ئەو شێخە گوتی «سحر و جادوو بوونی هەیە و لەقوڕئاندا باسكراوە، لەسەردەمی حەزرەتی مووساوە سحر هەبووە و كاتی خۆی سحر لە پێغەمبەریش كراوە، بەڵام خوای گەورە بۆ هەر دەردێك دەرمانی داناوە، تەنانەت چاوی پیس لە سحر و جادوو خراپترە، مادام سحر هەیە، بەتاڵكردنەوە و چارەسەریشی هەیە و چارەسەرییەكەشی هەر بە قورئان دەكرێت، چونكە قوڕئان هەمووی شیفایە»، ئەوەشی خستەڕوو كە جادوو زۆر جۆری هەیە، لەوانە «بەخت بەستان، رزق بەستن، تێكدانی نێوان ژن و مێرد و.. هتد»، گوتیشی «سحر كارێكی شەیتانییە و هەتا بەتاڵ نەكرێتەوە، وەزعی كەسەكە ئاسایی نابێتەوە، نیشانەكانی بریتییە لەوەی كە كەسی سحرلێكراو هەمیشە دڵتەنگە و سەرئێشەی هەیە و ماڵ و منداڵی لەبەرچاو دەكەوێت، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە و زۆرجار بە تەڵاق و جیابوونەوە دەگات، پێغەمبەر دەفەرموێ بەیانیان كە لەخەو هەستان، سێ جار ئایەتی كورسی بخوێنن و پف بكەنە دەوروبەری خۆتان، ئەوا لەهەموو بەڵا و موسیبەتێك بەدوور دەبن».
دەستخوێندنەوە و فنجان خوێندنەوە لەعنەتی خوای لێكراوە
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا شێخەكان جادوو دەكەن؟ شێخ خالید گوتی «هەرشێخێك ئەگەر سحر و جادوو بكات ئەوە شێخ نییە، چونكە ئەو كارە كارێكی شەیتانییە و ئەو كەسە ئیتاعەی شەیتان دەكات، شێخیش نابێ ئیتاعەی شەیتان بكات، تەنانەت بە فەرموودەی پێغەمبەر دەستخوێندنەوە و فنجان خوێندنەوە لەعنەتی خوای لێكراوە، ئەوەی دەچێتە لای فاڵگران ئەگەر باوەڕی پێبكات، بۆ ماوەی چل رۆژ عیبادەتی قەبوڵ نابێت».
شێخ خالید لە بارەی پارەوەرگرتن لە بەرامبەر دوعادا دەڵێت «بۆ دوعای خێر و چاكسازی مامەڵە كردن و داواكردنی پارە باش نییە، بەڵكو ئەو كەسە بەپێی توانای خۆی سەرقەڵەمانە بدات باشەو حەڵاڵیشە، لەكاتی خۆیدا كۆمەڵێ لە هاوەڵانی پێغەمبەر(د.خ) لە ڕێگەیاندا بۆ سەفەرێك نەخۆشێك دەهێننە لایان و داوایان لێدەكەن دوعای بۆ بكەن، ئەوانیش دوعایان لەسەر خوێند و خوای گەورە شفای نەخۆشەكە دەدات، لەبەرامبەردا ئاژەڵێك دەدەنە هاوەڵەكان ئەوانیش دەیخۆن، بەڵام دوودڵ دەبن لەوەی كە خواردوویانە، كە دەگەڕێنەوە بۆ پێغەمبەری باس دەكەن، پێغەمبەر دەفەرموێ: هەندێكیشتان لەو خواردنە بۆمن بهێنایەتەوە، كەواتە ئەگەر ئەو كەسە بە ئارەزووی خۆی و بەبێ زۆرلێكردن دیارییەك بداتە ئەو كەسەی كە دوعای بۆ كردووە، جائیزە». دەربارەی ئەو كەسانەش كە سەردانی دەكەن گوتی «زۆربەی ئەوانەی سەردانمان دەكەن ئافرەتن، ئەگەرچی لەمدواییەدا پیاوانێكی زۆریش سەردانمان دەكەن، جۆری كێشەكانیش زیاتر كێشەی نێوان ژن و مێردە، بەتایبەت خیانەتی هاوسەری، بەداخەوە پیاوان زیاتر بە ڕێگەی خراپدا دەڕۆن و ماڵ و منداڵیان ئیهمال دەكەن، ئەو ماڵ و منداڵەش وەكو مەڕێكی بێ شوانیان لێدێت و گورگ دەیانخوات، چۆن ئەو بەدوای نامووسی خەڵكی دەكەوێت، خەڵكیش ئاوا بەدوای نامووسی ئەو دەكەون، حالەتێكی مەترسیداریش هەیە كە زۆر لەو ئافرەتانە لە تۆڵەی مێردەكانیان تووشی لادان دەبن و پەیوەندی ناشەرعی دەبەستن».
نەخۆشەكان باشتر وایە سەردانی پزیشك بكەن
مامۆستا جەعفەر گوانی پێشنوێژ و وتارخوێن، سەبارەت بە شەرعی بوونی دوعاكردن دەڵێت «دوعاكردن ئەگەر بەئایەتی قورئان بێت، شەرعییە و هیچ گوناحێكی تێدا نییە، تەنانەت پێغەمبەر(د.خ) دوعای لەسەر نەخۆشان خوێندووە، هەروەها دوعای بۆ ئەو كەسانەش كردووە كە سحر و جادوویان لێكراوە، زۆرجار لەگەڵ دوعاكردن خواردنیشی وەكو دەرمان بۆ كەسەكە داناوە، نموونەی رەشكە و هەنگوین و كوارگ»، گوتیشی «مرۆڤ دەتوانێ خۆی لەخوا بپاڕێتەوە و داوا لەخوای گەورە بكات مرازی بدات، هەر كەسێكیش ئیمانداربێت، دەكرێ داوای لێبكرێت دوعای خێرت بۆ بكات، لەهەمان كاتیشدا ئەوانەی نەخۆشی جەستەییان هەیە، باشتر وایە سەردانی پزیشك و دكتۆر بكەن».
مەلا جەعفەر لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە «بەهیچ جۆرێك دروست نییە ئەو كەسانەی دوعا بۆ خەڵك دەكەن، مامەڵەی پارەبكەن، چونكە بەهای ئایەتەكانی قورئان بە پارە و پول ناخەملێنرێت، كەسیش ناتوانێت و بۆی نییە بڵێت من بە شەرت و مەرج چاكت دەكەمەوە، یان چارەسەری كێشەكەت دەكەم، چونكە چارەسەر لەدەست خوای گەورەیە».
بەشێك لەو كەسانەی سەردانی دوعاكەران دەكەن، نەخۆشی دەروونییان هەیە
فەرەیدون بێوار، توێژەری كۆمەڵایەتییەو سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «جارێ لە ئایینی ئیسلامدا شتێك نییە بە ناوی شێخ و مەلا، هەروەها شتی واش نییە بەناوی نوشتە و جۆرەكانی كەسێك ببێتە بریكاری كەسێكی دی تا دوعای بۆ بكات. ئەوەی ئێستا هەندێك لە شێخ و سەید و مەلا بەناوی نوشتە و دوعاوە دەیكەن، نەریتێكی كۆنە ماوەتەوەو سەردەمانی زوو كراوە، ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی گەشە و پێشكەوتوویی و تێنەگەیشتنی ئەو كاتی تاكەكانەوە هەبووە، لەسەر چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشیی و رۆڵ و كاریگەریی شێخ و سەید و مەلا لەسەر مەسەلەكان و مرۆڤەگان و لەژیانی رۆژانەدا. ئەو كەسانەش سەردانی دوعاكەران دەكەن، دوو جۆرن، بەشێكیان ئەوانەن كە نەخۆشیی دەروونییان هەیەو دەكرێ بەپێی تێپەڕبوونی كات خۆیان چاك ببنەوە، یان بە گۆڕینی دۆخ و وەرگرتنی دەرمان چاك بببنەوە. بەشێكیش ئەو جۆرە كەسانەن كە خواستی ژنهێنان و شووكردنیان بە كەسێكی دیاریكراوە، یان كێشەی خێزانییان هەیە. بەشێك لە شێخ و سەید و مەلاكانیش، دوو جۆر نوشتە و دوعا دەكەن: باش و خراپ. یان رەش و سپی لەسەر خواستی داخوازەكە. من ئەو جۆرە كارانەم پێباش نییە و داواش دەكەم وەزارەتی ئەوقاف لەو بارەوە رێنمایی دەربكات و ئەو جۆرە كارانە قەدەغە بكات. هەروەها پێویستە راگەیاندنیش كار لەسەر ئەو نەریت و دیاردەیە بكات و خەڵكی وشیار بكرێتەوە، چونكە لەگەڵ وشیاربوونەوەو گەشەی تێگەیشتنی خەڵكی، ئەو جۆرە دیاردە و كارانەش كەم دەبنەوەو بەرەو نەمان دەچن.