د. ڤیان سلێمان سكرتێری گشتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان:یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەمووهەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پارتی بۆكابینەی هەشتەم كاندیدی ئافرەتی هەبێت
November 14, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: پرسی ئافرەتان یەكێكە لە پرسە گرنگەكانی هەموو كۆمەڵگەیەك، بەڵام دەگوترێ لە كوردستان میكانیزمی پێویست بۆ چارەسەری پرسی ئافرەتان نەخراوەتەڕوو، ئێوە وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، تاچەند هەوڵتان داوە میكانیزمێك بۆ چارەسەری پرسی ئافرەتان بدۆزنەوە؟
د.ڤیان سلێمان: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان نەك ئێستا بەڵكو هەر لە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بە بەردەوامی هەوڵیداوە بە شێوەیەكی بنەڕەتیی بەدوای چارەسەری كێشەی ئافرەتاندا بگەڕێت، لەبەر ئەوەی لە روانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانەوە، كێشەی ئافرەتان كێشەیەكی جیاو دابڕاو لە كۆمەڵگە نییە، بۆیە باوەڕی بەوەیە ئەو ڕێگەیانەی كە دەیگرینەبەر، دەبێت لەناو كۆمەڵگەو بەهاوكاری ڕەگەزی بەرامبەر كە پیاوە ئەنجامی بدەین، بۆیەش بەردەوام هەوڵمانداوە لەڕێگەی گفتوگۆ و دواندنی ڕەگەزی بەرامبەر بتوانین كێشەكانی ئافرەتان چارەسەر بكەین.
هەر بۆیە ئەگەر سەیری پرسی ئافرەتان لەكۆمەڵگەی خۆمان بكەین، دەبینین هەر یەكێك بەشێوەیەك لێی دەڕوانێت، هەندێك وای دەبینێت كە ئەم كێشەیە هەنگاوی زۆر باشی ناوەو بەرەوپێش چووە و مافەكانی ئافرەتان دەستەبەربووەو تاڕادەیەك كێشەكانی ئافرەتان چارەسەربووە، لەلایەكی دیكەوە هەندێك وای دەبینن، ئەو دروشمانەی كە رێكخراوەكانی تایبەت بەپرسی ئافرەتان هەڵیانگرتووە، تەنیا دروشمە و نەیانتوانیوە رۆڵێكی ئەكتیڤیان هەبێت و چارەسەر بۆ كێشەكانی ئافرەتان بدۆزنەوە. دیارە ئەم دوو بۆچوونە هەردووكیان بەشێك راستی تیدایە، بەڵام گرنگە لە كاتی هەڵسەنگاندن ئەو راستیەمان لەبەر چاو بێت، كە گۆڕانی كۆمەڵایەتی پرۆسەیەكە لەسەرخۆ و هەنگاو بە هەنگاو بۆ پێشەوە دەچێت، ئەم پرۆسە لەسەرخۆیەش پێویستی بە ماوەیەكە هەتا كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت، بۆیە لەم خاڵەوە ئەگەر ماوەی بیست ساڵی رابردوو بۆ بەراورد وەربگرین، یان لە دوای راپەڕینی 1991 بە ئێستا بەراورد بكەین، ئەوا گومانی تێدانییە.
كۆمەڵێك پێشكەوتن لە زۆر بواردا دروستبووە، كە بەحەقیقەت هەستی پێدەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان كۆمەڵێك كێشە هەیە كە ئێمە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە وەك پێویست و بەشێوەیەكی جەزری چارەسەری بكەین.
گوڵان: بەڵام لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانەشدا كە باستان كرد، ئافرەتانی كورد تا ئێستاش بە رێژەیەكی زۆر ڕووبەڕووی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دەبنەوە، هۆكاری ئەوە چییە؟
د.ڤیان سلێمان: سەبارەت بە هەبوونی ئەو توندوتیژییە كە لە كۆمەڵگەی كوردستانی بەرامبەر بەئافرەت دەكرێت، ئێمە دووجۆرە شیكاری بۆ دەكەین، یەكەمیان: ئەوەیە كە وا دەردەكەویت بە شێوەی رووكاری رێژەی توندوتیژی زۆربووە، بەڵام لەڕاستیدا ڕێژەی تۆماركردنی سكاڵای ئافرەتان بەرامبەر بە زۆر و غەدركردن زیادی كردووە، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە ڕێژەی توندوتیژی زیادی كردووە، بەڵكو هۆشیاری ئافرەت زیاتر بووە، بۆ نموونە پێش بەهاری ئازادی هەموو كێشە كۆمەڵایەتیەكان لەچوارچێوەی ناوماڵ و خێزاندا دەمانەوەو دەبوایە ئافرەت بەهیچ شێوەیەك قسەی لەسەر نەكات، تەنانەت مافی سكاڵاكردنیشی پێنەدراوە، بەڵام دوای ئەو كارانەی كە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبی و حكوومی لەسەر پرسی ئافرەتان لەماوەی ئەم 22 ساڵەدا ئەنجامیان دا، دەبینین ئێستا ئافرەت وشیاربووەتەوەو دەزانێت كە لەناو خیزاندا مافی هەیەو هەوڵدەدات كە ئەو مافانەی دەستەبەر بكات، كە لێی سەندراوەتەوە، ئافرەت پەنا بۆ یاسا دەبات، گەر یەكێتی ئافرەتان بە نموونە وەربگرین، دەبینین ئەو كێشانەی كە ساڵانی نەوەتەكان لەلایەن یەكێتی ئافرەتانەوە چارەسەردەكران، بەروارد بە ئێستا زۆر گۆڕانی بەسەرداهاتووە و ئێستا رێژەی ئەو كێشانەی كە لەلایەن یەكێتی ئافرەتانەوە چارەسەردەكرێن زۆر زیاترە، بۆ نموونە ئێمە لەیەكێتی ئافرەتانی كوردستان تەنیا لەماوەی 10 مانگدا نزیكەی 500 كێشەمان چارەسەر كردووە .ئەوەش بەو مانایە نییە كە ئێستا رێژەی توندوتیژی زیاتربووە، بەڵكو نیشانەی ئەوەیە ئاگایی ئافرەت زیاتر بووەو دەزانن مافەكانیان چییەو بە سكاڵا بەرگری لەمافەكانی خۆیان دەكەن.
گوڵان: جیاكاری یاسایی زۆر بەربەستی بۆ ئافرەت دروستكردووە، زۆر مافی ئافرەتان لە ناو چەمكی مافی مرۆڤدا جێگیر نەكراوە، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
د.ڤیان سلێمان: بێگومان ئافرەت و پیاو هەردووكیان مرۆڤن، پێویستە هەردوو ڕەگەز زەمینەیان بۆ خۆش بكرێت كە هاودەرفەت و یەكسان بن، لە دەستووری هەرێمی كوردستان و لەدەستووری عێراقیشدا هاتووە كە ئافرەت و پیاو یەكسانن و ستراتیژیەتی یەكێتی ئافرەتانیش هەروەها دەڵێت، ئێمە خێزانمان كردۆتە ئەساس، چونكە خێزان یەكەم ئۆرگانە كە دەتوانین یەكەم هەنگاوی یەكسانبوونی ئافرەت و پیاوی تێدا جێبەجێ بكەین، هەمیشە و بەردەوامیش بەشێوەیەكی شیكارییانە لە كێشەكانی ئافرەت ورد بووینەتەوەو ویستوومانە ئافرەت وەك مرۆڤ تەماشا بكرێت و لەناو خێزاندا پلە دوو نەبێت.
گوڵان: چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئازادیی ئافرەت هەیە، ئایا تەنیا لە ماڵ هاتنەدەرەوەی ئافرەت ئازادییەكانی مسۆگەر دەكات؟
د.ڤیان سلێمان: هەرچەندە دەرچوون لە چوارچێوەی ماڵ رێگەیەكە بۆ ڕۆشنبیری و تێكەڵبوونی ئافرەت بە وەرگرتنی ئەركی زیاتری كۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵام ئەوە بە تەنیا پێوەری ئازادی ئافرەت دانانرێ، بەڵكو ئافرەت ئەوكات ئازادە كە بیر و باوەڕی ئازاد بێت و لە هەڵبژاردنی هاوسەر و خوێندن و پیشەكەی ئازادبێت. هیشتا هەژموونی پیاوسالاری دەسەڵاتی بەسەر ئافرەتدا هەیە، كە ئافرەت دەچێـتە دەرەوە، دەبێت پیاو بزانێت چ جۆرە جلێك لەبەر دەكات، یان لەگەڵ كێ قسە دەكات، تەنانەت ئایدیای سیاسی ئافرەتیش زۆر جار پیاو دیاریدەكات.
گوڵان: بەپێی ئامارەكان لەساڵی 2012 لەكۆی 45 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری، پێنج هەزاریان جیابوونەتەوە، هۆكاری جیابووەنەوەكانیش زۆربەی خراوەتە پاڵ ئافرەتان، ئایا ئەوە نیشانەی ئەوەیە عەقڵییەتی ئافرەتان بۆ پێكهێنانی خێزان لاوازە؟ ئایا بۆ ئامادەكردنی كچان و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ژیانی هاوبەشیان چ هەنگاوێكتان هەڵگرتووە؟
د.ڤیان سلێمان: بێگومان هۆكارەكەی زیاتر ئەوەیە كە بەشێك لە كچانی ئێمە لەبەر ئەوەی زوو بەشوو دەدرێن،هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بتوانێت خێزان بەڕێوە ببات و بەتایبەتی لەڕووی عەقڵییەوە بتوانێت تەحەممولی مەسئولییەاتەكان بكات، هەر بۆیە ئێمە ساڵانە دەیان سیمینار دەكەین، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو كێشانە دەخەینە بەرباس و هەوڵی ئاگاداركردنەوەی خێزانەكان دەدەین كە كچی خۆیان لە تەمەنی كەم بە شوو نەدەن، بەپێ ئامارەكانی ئێمە كە بەدەستمان گەیشتووە، زیاتر ئەو هاوسەرانەی كە لەژێر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیرییان كردووە، یان جیاوازی تەمەنیان زۆر بووە، تووشی جیابوونەوە و كێشەی جۆراوجۆر هاتوون.
گوڵان: تێكەڵكردنی ئافرەت لە ناو كایەی سیاسی، جیاوازە لە بەشداری ئافرەت لە پرۆسەی بڕیاری سیاسی، لەم قۆناخە لەوانەیە قورس بێت، ئافرەت لە بڕیاری سیاسی و نیشتمانی بەشداری پێبكرێت، بەڵام پێویستە لانیكەم لە دروستكردنی ئەو بڕیارانەی كە پەیوەستن بە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی ڕۆڵی هەبیت، لەوبارەیەوە ڕاتان چییە؟
د.ڤیان سلێمان: بێگومان یەكێك لە ئامانجەكانی یەكێتی ئافرەتان هەوڵی زیادكردنی ئافرەتانە لەپۆستەكان و بەشدارییانە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، چونكە بەشداری ئافرەت لە بڕیاری سیاسی هۆكارێكە بۆ ڕاهێنانی پیاوان لەوەی كە بزانن ئافرەت هاوبەشی تەواویانن، بۆ نموونە ئەگەر لەپەرلەمان رێژەی ئافرەتان زۆربن، ئەوكات پیاوان دەزانن كە ئافرەتانیش وەك ئەوان هاوبەشی بڕیار و پڕۆژە یاساكانن، ئەو بیرۆكەیەش لەلای پیاو دەسڕێتەوە كە دەبێت تەنیا پیاو سەركردایەتی بكات.
گوڵان: ئافرەت وەك سروشتی خۆی كۆمەڵیك تایبەتمەندی هەیە كە دەكرێت لە پرۆسەی سیاسیی سوودی هەبێت، هەر بۆنموونە بە سروشتی ئافرەتان دژی شەڕن و نەرمن لە بیركردنەوەدا،ئەم دوو سیفەتەش بۆ پرۆسەی سیاسیی لەكۆمەلگەی دیموكراتی گرنگە، بەڵام تا ئیستا لە كوردستان پیاوان سوودیان لەم تایبەتمەندییە بۆ سیاسەت وەرنەگرتووە، ئایا تاچەند هەوڵتانداوە كە ئەم تایبەتمەندییە جوانانەی ئافرەت تیكەڵی سیاسەت بكەن و پیاوانی سیاسەتمەدار بگەیەنە قەناعەت؟
د.ڤیان سلێمان: پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی جەماوەری و دیموكراتەو لەسەر ئەوبنەمایە دامەزراوە كە ئافرەتیش بەشێكە لەجەماوەر بە بێ جیاكاری، پرسی ئافرەت لەناو پارتیدا هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەها و بایەخی زۆری پێداوە، بوونی رێكخراوێكی تایبەت بە ئافرەتان لەناو پارتیدا ئەوە دەردەخات كە پارتی باوەڕی بەوە هەیە ئافرەت و پیاو هەردووكیان مرۆڤن و دەتوانن وەك یەك كاربكەن، پارتی بەر لەوەی كە سیستەمی كۆتا هەبێت، ئافرەتی هیناوەتە پێشەوە، هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێمان پۆستێكی باڵا بۆ ئافرەت قەدەغە بووە، بەڵام لەكوردستان لەساڵی 1992 تا ئێستا ئافرەتان لە پەرلەمان و پۆستەكانی كابینەكانی حكومەت بەشداربوون و ڕۆلی كارایان هەبووە، ئەمە بێجگەلەوەی لەگشت بوارەكاندا ئافرەت بەشداربوون، لەوانە بواری پۆلیس بوو كە چەندین هەوڵدرا تاوەكو توانرا ئافرەت بهێننە پێشەوە، هەروەها لە ئۆرگانەكانی پارتیدا ئافرەت ڕۆلی گرنگییان هەیە و بە رێژەی زۆر بەشداربوون.
گوڵان: ڕاستە ئافرەت چەندین پۆسیتان هەیە، بەڵام دەگوترێ زۆربەیان وەك دیكۆر دانراون، یاخود دەگوترێ ئافرەتەكانی ناو پارتی بە جەنابیشتەوە كار بۆ چەسپاندنی مافی ئافرەت ناكەن، بەڵكو زیاتر كارتان بۆ ئەوە كردووە كە چەند پیاوێك لە خۆتان رازی بكەن، بۆ ئەوەی پێگەتان هەبێـت، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
د.ڤیان سلێمان: من هەرگیز لەگەڵ ئەو دەستەواژەیە نیم كە دەڵێن ئافرەت دەیەوێت پیاو رازی بكات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی دیموكراتە و یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی دیموكراتی دەستاودەستكردنی دەستەڵاتە، هەمیشە ئاڵوگۆری جیاواز لەناو پارتی هەبووە، گرنگی زۆریشی بە نوێبوونەوە داوە، گەنجەكان گرنگی تەواویان پێدراوە بۆ ئەوەی بەرنامەو توانای باش پێشكەش بكەن و خوێنی نوێ هاتۆتە ناو پارتی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە پارتی هەمیشە حەزی لەنوێبوونەوەو گەشەسەندنە، بەردەوام پارتی سوودی لەگشت چینە جیاوازەكان بە ئافرەتان و گەنجانەوە وەرگرتووە، كاری بۆ ئەوەش كردووە كە دەموچاوی نوێ بێتە پێشەوە، ئێمە دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانین كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەسەڵات بەهێز وەرگیراوە و پیاویش هیزی زۆرتر بووەو توانیویەتی زۆرترین دەسەڵاتی هەبێت، بەڵام دوای جەنگی دووەمی جیهانی و لەهەزارەی سێیەمدا تا ڕادەیەك خەریكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و زیاتر لەڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردن پۆستە باڵاكان دیاری دەكرێن، بەڵام مێژووی خوێناوی و رابردووی مرۆڤایەتی گرفتی زۆری لە دابونەریت و كەلتووردا دروستكردووە، هەر ئەمەش وەهای كردووە كە حەزی ژنان بۆ كاری سیاسی زۆر كەمترە لە پیاوان، ئێمە وەك یەكێتی ئافرەتان ڕاپرسییەكمان كرد، بۆمان دەركەوت ڕێژەی 90%ی ئافرەتان حەزیان لەكارە، بەڵام حەزیان لەكاری سیاسی نەبوو، بەڵام ئەركی ئێمەیە وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وابكەین كە ئافرەتان روو بكەنە كاری سیاسی، نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، كە ئافرەتی زۆر سەركەوتوومان هەیە كە لەپیاویش باشتر كاری سیاسی دەكەن، بەڵام رێژەیان كەمە، بۆیە دەبێت زیاتر هانی ئافرەتان بدەین بۆ ئەوەی لە كاری سیاسیدا بەشداری بكەن، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئافرەتان بە بڕیارە نەرمەكانیان زیاتر دەتوانن ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی دەستەبەر بكەن .
گوڵان: لە هەڵبژاردنەكانی خولی چوارەمی پەرلەمان ئافرەتان بۆچی نەیانتوانی دەنگ و متمانەی هاووڵاتی بەدەست بهێنن؟
د.ڤیان سلێمان: ئەگەر بەراوردی بكەین، دەبینین وەزعی ئافرەت لەناو پارتی زۆر لە حزبەكانی تر باشتر بووە، لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان، هەستمانكرد رێژەی متمانە بەخشین بە كاندیدی ئافرەت گۆڕانكاری بەسەردا هاتبوو، لەو كاندیدە ئافرەتانەشی كە بەبێ كۆتا و بەدەنگی خۆیان دەرچوون و بوونە ئەندام پەرلەمان، زۆرترینیان كاندیدە ئافرەتەكانی پارتی بوون. واتە دەنگدەری پارتی زیاتر دەنگی بە كاندیدە ئافرەتەكان داوە، ئەمەش دەیسەلمێنێ كە پارتی زیاتر باوەڕی بە تواناكانی ئافرەت هەیە، بەڵام هۆكاری ئەوەش كە ئافرەتان نەیانتوانیوە دەنگ و متمانەی زیاتری هاووڵاتیان بەدەست بهێنن، ئەوەیە كە ئەزموونی ئافرەت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لەچاو پیاوەكان زۆر كەمترە، ئەمەش بۆ باكگراوندی مێژووی كەلتووریمان دەگەڕێتەوە.
گوڵان: لە هەڵبژاردنی رابردوو زۆربەی ئافرەتان ڕیكلامیان بۆ پیاوان دەكرد، ئەم دیاردەیەش لەنێو یەكێتی ئافرەتانیش بوونی هەبووە، ئایا ئەوە بەو مانایە نییە كە باوەڕتان بە كاندیدە ئافرەتەكانی خۆتان نەبووە؟
د.ڤیان سلێمان: لە هەڵبژاردنی 21 ئەیلوول كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی روویدا، كۆمەڵێك ئافرەتیش هەبوون كە كاریان بۆ ئافرەتەكانی ناو لیستەكەیان دەكرد، نكۆڵیش لەوە ناكرێت كە هەبووە كاری بۆ نوێنەری حزبەكەی خۆی كردووە، كە پیاویش بووبێت، خۆی پێویستە ئافرەت وشیاری سیاسی هەبێت و بەشێوەیەكی ئازادانە بیر بكاتەوەو بزانێت دەنگی بۆ كێ دەبێت. بەڵام ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە كە هەموو حزبەكان سەركەوتووبوون لەوەی كە بتوانن ئافرەتان پشتگیری كاندیدە ئافرەتەكانی لیستی خۆیان بكەن. ئەگەر ئافرەتیش ریكلامی بۆ پیاوان كردبێت، بە هۆی ئەوەیە ڕەنگە لە ڕووی فكرییەوە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە بزانێت پێویستە لەكاتی وەها پشتگیری لە ئافرەتان بكەن و كار بۆ كاندیدە ئافرەتەكان بكەن.
گوڵان: زۆر جار باسی ئەوە دەكرێ كە لەناو پارتیش، تەنها ئەو ئافرەتانە پێش دەخرێن كە كچە شەهیدن یان كچی بەرپرسن و واسیتەیان هەیە، ئایا ئەوە تا چەند ڕاستە؟
د.ڤیان سلێمان: لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەمووشت لێهاتوویی و شیاوی لەبەرچاو دەگیرێت، بێگومان ئەگەر ئەم لێهاتوویی و شیاوییە لەناو كچانی شەهیدان هەبێت، ئاساییە پێش بخرێن، بەڵام من دەمەوێت راشكاوانە ئەوە بە خوێنەرانتان رابگەیەنم، كە پارتی دیموكراتی كوردستان، پێوەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ پێدانی پۆست بە كادرەكانی و بنەماكانی هەڵبژاردنی ناوخۆی حزب پیادە دەكات، ئەوجا لەم پرۆسەیەدا هەندێ ئیعتیبارات یەكێك پێش ئەوی تر دەخات، ئەمەیان مەسەلەیەكی دیكە، بەڵام مەرجی سەرەكی بۆ پێشكەوتن لەناو پارتی چ پیاو چ ئافرەت، پەیوەندی راستەوخۆی بە لێهاتوویی و شایستەیی كەسەكەوە هەیە.
گوڵان: زۆر جار باسی ئەوە دەكەن ئافرەتی سیاسەتمەدار ژمارەیان هێجگار كەمە، ئایا ئەوە بۆ كەمتەرخەمی رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان ناگەڕێتەوە كە نەیتوانیوە ئافرەتی سەركردە پەروەردە بكات؟
د.ڤیان سلێمان: رەنگە نەمانتوانیبیت وەك پێویست كادری ئافرەتی سیاسەتوان پێبگەیەنین،بەڵام ئەم كەمتەرخەمییە چەند فاكتەرێكی هەیە، لەوانە: ئەو سیستەمەی ئێمە كاری پێدەكەین، كەموكوڕی هەیە، ئێمە پەیمانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانمان هەیە بۆ پێگەیاندنی كادری ئافرەت و هەتا ئێستا چوار خولمان كردووەتەوە، بەڵام رێژەی بەشداربوونی ئافرەتان كەم بووە. ئێمە لەم دوو خولی دوایی جەختمان كردە سەر ستافی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، هەروەها لەسەر ئاستی قەزاو ناحیەكانیش كارمان كردووەو هەفتەی رۆشنبیریمان داناوە، كە خولی تایبەتی بۆ هۆشیاركردنەوەی ئافرەت تێدا دەكەینەوە، بەڵام هەوڵەكانمان زۆر سەركەوتوو نەبوون، چونكە هەندێك كەموكورتی لەسیستەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەیە، هیوادارین لەكۆنگرەی داهاتوودا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، گەورەترین كەموكورتی ئێمە ئەوەیە كە بەشێك لە ئافرەتان بەگرێبەست لای ئێمە كاردەكەن، یان ئافرەت هەیە كە شوودەكات، واز لەكاری رێكخراوەیی دەهێنێت، یان دەچێت دادەمەزرێت و واز لە كاری رێكخراوەیی دەهێنێت، هەروەها ئەو ستافەی ئێمە بە خۆبەخشی كاردەكەن و تەنیا پاداشتێكی كەم وەردەگرن، واتە ئێمە چەند كادیری باش دروست بكەین، لەكۆتاییدا كەمترین كادیرمان بۆ دەمێنێتەوە. خودی حەزی ئافرەتیش بۆ پۆستە باڵاكان كەمترە، لەبەر ئەوەش پێویستە كار بۆ چاككردنی ئەو پرسە بكەین.
گوڵان: لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پارتی رۆڵیكی گرنگ و سەرەكی دەبێت، لەبەر ئەوەی لایەنی زۆرینەیە لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام لە كابینەی پێشوو یەك ئافرەتی پارتی بەشدار نەكرا، ئەگەر لەم كابینەش كاری وابكرێت، وەك یەكێتی ئافرەتان بێدەنگی دەنوێنن؟
د.ڤیان سلێمان: راستە لەسەر ئاستی وەزیر لە كابینەی حەوت ئافرەتی پارتی بەشدار نەبوون بەڵام لە ئاستەكانی تردا ئافرەتانی پارتی حزوریان هەبووە و رۆڵی بەرچاویشیان پێ دراوە بێگومان ئێمە وەكو یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە هەموو بارودۆخێكدا بۆ ئەو بابەتانەی كە پەیوەندیان بە ئافرەتەوە هەبێت پێشنیاز و پرۆژەمان هەیە بۆ حیزبی خۆمان، بەڵام بە بوونی ئافرەتێكی وەزیر مەرج نییە ئیتر هیچ كێشەیەكی ئافرەت نەمێنێت،، یەكێتی ئافرەتان لە كابینەی پێشووش داوای كرد كە رێژەی ئافرەت لەگشت پۆستە باڵاكاندا زیاد بكرێت، پۆستە باڵاكانیش تەینا پۆستی وەزیر نییە، ئێمە وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكەین كە لەگشت پۆستەكان و ئۆرگانەكاندا ئافرەت ڕۆڵی هەبێت، نەك تەنیا لە پۆستە وەزارییەكاندا ئەوەش كارێكی زۆری دەوێت.
گوڵان: بەڵام دەگوترێ لەناو پارتی بۆ كابینەی حەوتەم ئافرەتی بەتوانا نەبووە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
د.ڤیان سلێمان: نەخێر، پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی زۆرترین ئافرەتی بەتوانایە، لەكابینەنی پێشووشدا چەندین وەزیری ئافرەتی بەتوانای هەبووە، كە هەمووشیان سەركەوتووبوون، ئێستاش چەندان ئافرەتی بەتوانامان هەیەو دەتوانرێت سوود لە تواناكانیان وەربگرن. بۆیە داوا دەكەین لەكابینەی هەشتەم لەبچووكترین پۆست هەتا باڵاترین پۆستی ئیداری رەچاوی ئافرەتان بكەن.