ئافرەتان بۆ كابینەی داهاتووداوای رێژەی زیاتر دەكەن
October 24, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئافرەتیش وەك پیاو دەتوانێت سەركردایەتی بكات
یەكێك لە پێوەرەكانی دەستنیشانكردنی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك لە ئاستی دونیادا، بشداربوونی كارای ئافرەتە لە هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە، گەرچی لە وڵاتانی زۆر پێشكەوتووش هێشتا ئافرەتان بو شێوەی یەكسان و نیوە بە نیوە نەیانتوانیوە لەگەڵ پیاواندا لە ئیدارەی وڵات و بڕیاری سیاسیدا خۆیان دەربخەن، بەڵام چەندین قۆناغیان بڕیوە و هەوڵی زیاتر كردنی رێژەی بەشدارییان لە كاروباری وڵاتدا بەردەوامە، لە هەرێمی كودستانیش لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسی تاوانبارو ئەنفالكار، لە وڵاتێكی وێران وكاولكراودا بناغەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەی هەمەجۆری كۆمەڵگە دا نرا و بە هەموو كەموكوڕی و كەم ئەزموونییەكانی دەوڵەتدارییەوە تا ئێستا نموونەیەكی بەرجەستە لە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەكەدا هاتووەتە ئاراوە، كە هەوڵی چەسپاندنی دیموكراسی و گەشەی پێگەی ئافرەتان ناكرێ لەبەر چاو نەگیرێ، لێ لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆر جار ڕەخنەی ئەوە لە كابینەكانی حكومەتی حكومەتی هەرێم گیراوە كە ئافرەتانیان بە دەگمەن بەشدار كردووە و زۆر جار لە كابینەیەكدا تەنیا یەك وەزیری ئافرەتمان هەبووە. ئافرەتانی چالاكی سیاسی و مەدەنیش لە رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان بە پێویستی دەزانن، ئافرەتان گۆڕەپانەكە چۆڵ نەكەن و هەوڵبدەن بەرەنگاری ئەو بۆچوونە ناڕەوایانە بكەن كە پێش بە سەركەوتنی زیاتریان دەگرێت، هەروەها داواكارن، ئافرەتان خۆیان بەرەوەپێش ببەن و لەو ڕێگەیەوە برەو بەتواناكانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە ئافرەتیش وەك پیاو دەتوانێت سەركردایەتی بكات و لەكارەكانیشی سەركەوتوو بێت . لە ئێستاشدا داوای دەرفەتی زیاتر دەكرێ بۆ ئەوەی ئافرەتان لە كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری زیاتریان هەبێت
لە بەشدارنەكردنی ئافرەت لەكابینەی حكومەتدا پارتی زیاتر بەرپرسیارە
ژیان عومەر شەریف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەخولی سێیەم،
زیادكردنی رێژەی ئافرەت لەپۆستە حكومییەكان بە مافێكی «مەشروع» دەزانێت و دەڵێت «زۆرجار رەخنەمان لەوە گرتووە، كە بۆچی لە دوو كابینەی ڕابردوودا یەك وەزیری ئافرەتمان هەبووە، ئەو وەزیرەش تەنیا بە یەكێتی نیشتمانی رەوا بیندراوەو پارتی لەوەش بێبەشكراوە، بێگومان لە بەشدارنەكردنی ئافرەت لەكابینەی حكومەتدا پارتی زیاتر بەرپرسیارە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پارتی دەبینین بارزانیی نەمر خاوەنی ئەو بیرۆكەیە بووە، كە ئافرەتی سەركردەمان هەبێت، لەكۆنگرەی پێنچ و شەشدا ئافرەت ئەندامی سەركردایەتی بووەو حزبەكانی دی ئەو بیرۆكەیەشیان نەبووە، كەچی ئێستا لەو بوارەدا پارتی لەبری پێشەوەچوون، بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ئافرەتان زۆر لەپیاوان جددیتر و ئیداریترن، لەپەرلەماندا ئەگەر سەیری دۆسیەی ئافرەتەكان بكەن دەبینن حزوری ئافرەت لەدانیشتنەكانی پەرلەمان، لەكۆبوونەوە حزبییەكان، بە بەراورد لەگەڵ پیاوان چەندە، كاتی خۆی هەموو رێكخراوەكانی ئافرەتانی سلێمانی یاداشتێكیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردەوە، تێیدا هاتبوو وەك چۆن لەپەرلەمان سیستەمی كۆتا بۆ ئافرەت دانراوە، پێوستە بەهەمان شێوەش لەحكومەتیشدا رێژەیەكی بۆ تەرخان بكرێت، بەشبەحاڵی خۆم كەبووم بەئەندام پەرلەمان ئەو یاداشتەم بەدەستی خۆم دایە سەرۆكایەتی پەرلەمان كە ئەوكات شێروان حەیدەری سەرۆكی لیژنەی یاسایی بوو، بەداخەوە ئەوكات كاری لەسەر نەكرا، هیوادارم ئەمجارە بخرێتە بەرنامەی كار و كاری لەسەر بكرێت، هەرچەندە لەگەڵ سیستەمی كۆتادا نیم و حەزدەكەم ئافرەت قۆڵ هەڵبكات و بچێتە ناو كۆڕی خەبات و بەبازووی خۆی بگاتە پۆستەكان، بەڵام لەم قۆناغەدا هەتا كۆمەڵگە هەزمی بەشداری ئافرەت لە كاروباری وڵاتدا دەكات، پێویستە ئەو سیستەمە پەیڕەو بكرێت» .
بەهیچ شێوەیەك نابێ ئافرەتان چاو لەدەستی پیاوبن
وەسفیە بەنی وەیس عەلی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەمان خواست و داواكاری هەیە و خوازیارە لەهەموو كایەكانی بەڕێوەبردنی وڵات رێژەی بەشداری ئافرەت زیاد ببێت، گوتیشی «ئێمە ژنمان هەیە توانای ئەوەی هەیە پۆستی سەرۆكی حكومەتیش وەربگرێ، بەڵام كۆمەڵگەكەمان عەقڵییەتی پیاوسالاری دواكەوتووی هەیەو رێگە بەهاتنە پێشەوەی ژن نادات».
وەسفیە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بەكارهێنانی سیستەمی كۆتا بۆ ئافرەتان رەتدەكاتەوە و دەڵێت «ئەو كۆتایەی لەپەرلەمان بە ئێمەیان داوە، وەك خێرپێكردن وایە بۆ ئێمە، بۆیە ئومێدەوارم ژن بتوانێ بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆی پۆستە باڵاكانی حكومەت داگیربكات، بەهیچ شێوەیەك نابێ چاو لەدەستی پیاوبین، ئێمە لەناو حزبەكەی خۆمان هەوڵمانداوە و ئێستاش بەردەوامین تەنانەت مام جەلالیش لەم ڕووەوە پشگیری كردووین و هەمیشە وەكو پارێزەرێك داكۆكی لەئێمەی ژنان كردووە، بێگومان بۆ كابینەی داهاتووش ئەگەر هەوڵ و تێكۆشانی خۆمان نەبێت، پێموانییە رێژەی زیاترمان لەم بەشداریكردنە هەبێت».
بەشداریی ئافرەتان لەحكومەتدا سیمایەكی شارستانی بە كوردستان دەبەخشێت
ئەڤین عومەر ئەحمەد چالاكی بواری ئافرەتان، بە پێویستی دەزانێت پێش تەشكیلكردنی كابینەی نوێی حكومەت هەموو حزب و لایەنەكان ئاگاداربكاتەوە كە «ئافرەتی كورد لەبواری كاری ئیداری و سیاسیدا قۆناغێكی باشی بڕیوە، دەكرێ متمانە بەتواناكانی بكرێت و حیساب لەسەر بۆچوونەكانی بكرێت، وەكو ئافرەتێك و چالاكێكی ئەو بوارە خوازیارم لەدەسەڵاتی كوردی بواری زیاتر بە ئافرەت بدرێت، بۆئەوەی شانبەشانی پیاو بەشداری پۆستە سیادییەكانیش بكات، وەك چۆن لەپەرلەمان و كایەكانی دیكە بەشدارە، ئێمە نكۆڵی لەوە ناكەین كەوا لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی ئافرەتیان كردووە بۆئەوەی بێتە مەیدانی خەبات و كاركردن، بەڵام بەپێی ویست و داخوازییەكانی ئێمەی چینی ئافرەتان نییە و تمووحی زیاترمان هەیە، لەبەرئەوەش تمووحمان زیاترە، چونكە بڕوای تەواومان بەخۆمان و بە تواناكانمان هەیە، پێموایە بەشداری پێكردنی زیاتری ئافرەتان لەلایەك وادەكات تواناكانی بخرێنەگەڕ، لەلایەكی دیكەوە سیمایەكی شارستانی بە كوردستانە خۆشەویستەكەمان دەبەخشێت.
گرنگیدان بەئافرەت تەنیا لەلایەنی كۆمەڵایەتییەوە بەس نییە
ئاشتی عەزیز هەڵسوڕی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «پێویستە حكومەتی داهاتوو بایەخی زیاتر بە پرسی بەشداری ژنان بدات، چونكە گرنگیدان بەئافرەت تەنیا لەلایەنی كۆمەڵایەتییەوە بەس نییە بۆ پێشخستنی ژن، بەڵكو گرنگیدان و گەشەپێدانی لەلایەنی سیاسی و ئابووری شانبەشانی بواری كۆمەڵایەتی پێگەی ئافرەت و قایمتر دەكات، بەو پێیەی ئافرەتیش مرۆڤە ناكرێ ئەركەكەی لەهی پیاو كە ئەویش مرۆڤە قورستر بكرێت و بڵێین پێویستی بەهەوڵی زیاتری ئافرەتە، بەپێچەوانەوە بە بەرزكردنەوەی تواناكان رووبەڕووی هەموو كێشەیەك دەبێتەوە، بۆیە نابێت ژنان لەم كۆمەڵگەیە ببنە قوربانی و پەراوێز بخرێن». گوتیشی «پەراوێزخستنی ژنان لەپۆستە حكوومییەكاندا چی دیكە مایەی قبووڵكردن نییەو پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر كردنە، هەر كۆمەڵگەیەكیش بە تەندروست تاكەكانی پەروەردە نەكات و هەلومەرجی یەكسان و گونجاویان بۆ دەستەبەر نەكات، ئەو كات كۆمەڵێ تاكی لاواز بەرهەم دێت و دواجاریش بەسەر حكومەت و كۆمەڵگە دەبێتەبار، بۆیە پێویستە تاكەكان و بەتایبەتی ژنان ئەو مەرجەیان بۆ بڕەخسێت كە گوزارشت لەتواناكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی هەموو كۆمەڵگە لەتواناكانیان سوودمەند بێت.
بەدەیان ئافرەتی لێهاتووی بەتوانامان هەیە، رێگەیان لەبەردەم داخراوە
بەیان سلێمان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە رێژەی كەمیی بەشداری ئافرەت لەحكومەت و ناوەندەكانی بڕیارداندا، جێگەی نیگەرانی ئافەتانە، چونكە «ئێمە بەدەیان ئافرەتی لێهاتووی بەتوانامان هەیە، بەڵام رێگەیان لەبەردەم داخراوە، ئەوەش دەبێتە هۆكاری دەرنەكەوتنی ئافرەتە بەتواناكان لەناو پۆستە هەستیارەكان»، گوتیشی «پێشنیاردەكەم لانیكەم بە رێژەی 25% ئافرەت لەكابینەی داهاتوودا بەشداری پێبكرێت، لێرەدا مەبەست تەنیا پۆستی وەزیری نییە، بەڵكو دەكرێ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیش بەشایستەی تواناكانی ئافرەت بزانرێت و لەپۆستە باڵاكانی حكومەت جێگەی ئافرەت بكرێتەوە».