خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان داوای سەنتەری ڕاهێنان دەكەن

خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان داوای سەنتەری ڕاهێنان دەكەن
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەكانی رابردوودا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی بۆ باشتركردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەڵگرت، دیارترین هەنگاویش دەسنیشانكردنی مووچەی (150000) دینار بوو، كە تا ڕادەیەك كاریگەری ئەرێنی لەسەر باری ئابوورییان هەبووە، بەڵام زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گلەیی لە نەبوونی سەنتەرێكی شیاندن و پێگەیاندن و خوێندن دەكەن و پێیانوایە كە ئەگەر سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت، ئەوا خزمەتی زیاتر بە خۆیان و بە كۆمەڵگەش دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

هاوار محەممەد یەكێكە لەو قوتابییە خاوەن پێداویستییە تایبەتییانەی كە بەهۆی نەبوونی ئامادەیی تایبەت بەخاوەن پێداویستیی تایبەت وازی لەخوێندن هێناوە، ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ئەوە دەكات كە «سەرجەم ئەو سەنتەر و پەیمانگەیانەی كە تایبەتن بە خاوەن پێداویستیی تایبەت، هەتا قۆناغی نۆی بنەڕەتییان تێدایە، دوای ئەم قۆناغە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ناچار دەبن واز لەخوێندن بهێنن، بەوەش ئایندەمان زیاتر لەدەست دەدەین». گوتیشی «نەبوونی شوێنی تایبەت بە كەسانی وەك ئێمە، گەورەترین گرفتمانە، بەتایبەتی لەهاویناندا كە دەرگای سەرجەم پەیمانگە و سەنتەرەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەتییەكان دادەخرێت، هیچ شوێنكمان نامێنێت، ئێمە دەتوانین لە تواكانمان سوود وەربگرین، بەڵام كەسانی چاوساغ هەن، باوەڕناكەن كە لەناو كەسانی كەمئەندامیشدا مرۆڤی داهێنەر و بەتوانای سەركەوتوو دروست دەبێت، چونكە بەشێك لە ئەندامانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە تائێستا باوەڕیان بەهێز و توانای كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نییە».
محەممەد رەسووڵ یەكێكە لەو قوتابییە خاوەن پێداویستییە تایبەتییانەی كە سەڕەڕای هەموو گرفتەكانی بەردەمی توانیویەتی زۆر سەركەوتووانە سەرجەم قۆناغەكانی خوێند ببڕێت، ئەو ئێستا قوتابی كۆلێژی ئەدەبیاتە لە بەشی كۆمەڵناسی لە زانكۆی سەلاحەدین و بە هیوایەی زۆرەوە لە ئاسۆی دواڕۆژی خۆی دەڕوانێت.
محەممەد دەڵێت «گرفتی سەرەكی ئێمە نەبوونی سەنتەر و پەیمانگەی شیاوە، چونكە ئێمە ڕووبەڕووی زۆر گرفت و كێشەی جیاواز دەبینەوە، ڕەنگە سەرەكیتریان لەدوای چوونمان بۆ ناوچاوساغان لەقۆناغی ئامادەیی دەستپێبكات، چونكە زۆربەی قوتابییەكان لەقۆناغی ئامادەیی هەرزەكارن و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەتدا بكەن، واتە سەنتەرەكانی شیاندن و پێگەیاندن و خوێندن وادەكات سوود لە تواناكانمان وەربگیرێ، بەوەش خزمەتی زیاتر بە خۆمان و بە كۆمەڵگەش دەكەین، بۆیە بە بڕوای من باشترین چارەسەر ئەوەیە كە ئامادەییەكی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بكرێتەوە، چونكە ئێستا زۆربەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دوای قۆناغی بنەڕەتی واز لەخوێندن دەهێنن».
محەممەد پێشنیار دەكات هاوینان پەیمانگە و سەنتەرەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەرگایان كراوەبێت و خولی جۆراوجۆریان بۆ بكەنەوە» .
موئەیەد كەیفی یەكێكە لەو دەیان كەسەی كە بەهۆی نەبوونی ئامادەیی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ناچاربووە دەستبەرداری خوێندن بێت، ئەو ڕایوایە «ئاستەمە خاوەن پێداویستیی تایبەت بتوانێت لە ئامادەییە ئاساییەكاندا درێژە بە خوێندن بدات، چونكە هیچ جۆرە بوارێكیان بۆ قوتایی خاوەن پێداویستیی تایبەت نەڕەخساندووە، ئیتر چۆن كەسێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت بتوانێت ئالەم كەشوهەوا نالەبارەی ئامادەییەكاندا درێژە بەخوێندن بدات، ئەمە گرفتی زۆربەمانەو هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا ئامادەییمان بۆ بكرێتەوە». گوتیشی «كەسانی زۆر بەهەرمەند و بەتوانامان تێدایە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك سوود لەبەهرە و تواناكانمان وەرنەگیراوە، خۆم زۆر ئارەزووی مۆسیقا دەكەم و هیوادارم هاوینان خولی مۆسیقا بۆ بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا خولی تایبەتمەندیان لەوبوارەدا بۆ نەكردووینەتەوە، پێویستە گرنگی زۆرترمان پێبدەن، بۆ ئەوەی ببینە كەسانی بەرهەمهێن، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك پێویست ئاوڕمان لێبدەنەوە، ئیمە كاری جوان و رێكوپێك و تەنانەت داهێنانیش دەكەین» .
سەردار كەریم وەك خۆی باسی دەكات، هەتا قۆناغی دووەمی بنەڕەتی چاوی ساغ بووە، بەڵام بە كارەساتی ئۆتۆمبێل بینایی لەدەست داوە، ئەو بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت «چاو خۆشترین و شیرینترین دیارییە لەلایەن خودای گەورەوە كە بە ئادەمیزادەكانی بەخشیوە، من پێشتر بیناییم هەبووە، بەڵام دوای رووداوێكی ئۆتۆمبێل چاوم لەدەست دا، بۆیە زیاتر هەست بەئیش و ئازارەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكەم».
ئارەزوو ئەحمەد كە یەكێكە لەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و كەسێكی بەهرەمەندە، ڕەخنەی زۆری لە «كۆمەڵگە بەگشتی و بەرپرسان ولایەنی پەیوەندیدار بە تایبەتی» هەیە، بەوەی كە كاریان لەسەر ئەوە نەكردووە كە تاكی بەتوانای خاوەن پێداویستیی تایبەت دروست بكەن، تاكی كۆمەڵگەش خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تەنیا ڕووبەڕووی كێشە دەكاتەوە ە رۆحی ئاسانكاری و هاوكاری تیا نییە». گوتیشی «زۆر پێویستە گرنگی بەخاوەن پێداویستیی تایبەت بدرێت و كێشەكانیان چارەسەربكرێت، پێویستیشە بە هاندانیان وا بكەن ئەوانیش تواناكانیان بەدەربخەن، بەڵام بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەخاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان زۆر كەمتەرخەم بووە، بۆ نموونە سەنتەرێكی تایبەت بەخاوەن پێداویستیی تایبەت كە (پەیمانگەی رووناكی)یە تەنیا زستانان هەیەو وەك هەموو قوتابخانەیەكی ئاسایی و هیچ ڕەچاوی ئەوە نەكراوە كە ئەو قوتابییانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، پێویستە هاوینانیش دەرگای پەیمانگەیان لەسەر پشت بێت، بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵی خۆپێگەیاندن بدەن، خاڵێكی دی كە زۆر گرنگە ئەوەیە كە قوتابییە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێویستیان بەوەیە كە هەتا قۆناغی ئامادەیش تەواو دەكەن، هەر لەنێو دەزگا تایبەتمەندەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بن، چونكە ئەوان پێویستیان بە كەشوهەوایەكی زۆر تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن وەك پێویست كارەكانی خۆیان بكەن و ببنە كەسانی بەتواناو بەهرەمەند» .
توێژەری كۆمەڵایەتی هەنگاو باپیر، لە دەستپێكی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كۆمەڵگەی ئێمە هەتا ئێستا بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵەی لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەت نەكردووە، ئەوەی گرفتە ئەوەیە كە زۆر لەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێویستیان بەوەیە كە سەنتەرێكی تایبەتمەندیان بۆ بكرێتەوەو بەشێوەیەكی بەردەوام كراوە بێت، بۆ ئەوەی بتوانن كاری خۆیان بكەن، واتا پێویستە ئەو پەیمانگەیانەی كە ئەركیان پێگەیاندنی كەسانی كەمئەندامە، كاری جددیتر بكەن، ئەو سەنتەرانە هەتا ئەمڕۆ كارەكانیان زۆر كەم سنووردارە، پەیمانگە خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە لە رۆژدا تەنیا چوار كاتژمێر دەرگای كراوەیە، لەو ماوە كەمەدا چۆن كەسی بەرهەمهێن و داهێنەر دروست دەكەن؟ هیودارام لەكابینەی هەشتەمدا لەو بوارەدا كاری زۆر فراوانتر بكرێ».
لەلای خۆیەوە عومەر فەقێ محەممەد ڕەسووڵ (عومەر نورەدینی) كە ئەزموونی پەرلەمانتاری هەیە و بۆ خولی چوارەمی پەرلەمكانی كوردستان خۆی كاندید كردبوو، سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتەی گوڵان گوتی: «بێگومان خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان هێزێكی لەبن نەهاتووی كۆمەڵگەن و كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆیان هەیە كە پێویستە شان بەشانی ئەو تایبەتمەندییانە كاریان بۆ بكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە دەبێت بزانین كەمی ئەندامێكی جەستە مانای ئەوە نییە ئەو كەسە هیچ توانایەكی نییە، كەمئەندامی لە بەهاكان و شكۆمەندییان كەم ناكاتەوە، بۆیە ئەركی دەسەڵاتە وەك پەرلەمان و حكومەت گرنگییان پێبدەن، بەتایبەت ئێمە دەبێت هەوڵبدەین بە یاساكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكاندا بچینەوە، تا بتوانین زیاتر مافەكانیان جێبەجێ بكەین، خاڵێكی دی ئەوەیە كە گرنگی بە لایەنی خوێندنیان بدرێت. تیڕوانینێكی كلاسیكی هەبوو كە گوایە ئەم كەسانە كەسانێكن ئەركی سەرشانی كۆمەڵگە قورس دەكەن، بەڵام وا نییەو گرنگە ئەم كەسانە مەشقیان پێبكرێت، بۆ ئەوەی لەهێزێكی بێ بەرهەمەوە بكرێن بە هێزێكی بەرهەمهێن، ئەمەش بەهاندانیان بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن و بە كردنەوەی سەنتەر و پەیمانگەی تایبەت بەم بوارە دەكرێ، كە پێشتر فەرامۆش كرابوو، ئەمە وادەكات ئەم كەسانە ببنە بنەمایەكی كۆمەڵایەتی بۆ بەرهەمێهنان، خاڵێكی دیكە كە پێم باشە كاری لەسەر بكرێت، ئەوەیە كە لە سەنتەری پارێزگاكان ماڵی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەبێت، كە وەك دامەزراوەی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و رۆشبیری هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بتوانن لەوێ ئامادەبن، وەك سەنتەرێكی مەشق و راهێنانیش بتوانن سوودی لێوەر بگرن».
Top