ماڵی خەندە پەناگەیەك بۆ بزەی منداڵانی بێ سەرپەرشت

ماڵی خەندە پەناگەیەك بۆ بزەی منداڵانی بێ سەرپەرشت
هیچ پێوانەیەك بۆ ئازاری دەروونی منداڵانی بێتاوان و پەپوولە باڵسووتاوەكانی دەستی قەدەر دانانرێ، ئەو قەدەرەی كە زۆر منداڵی بەسەرپەرشت كردووە. ماڵی خەندە بۆ چاودێری كچان لە هەولێر، شوێنێكە بۆ لەخۆگرتنی ئەو مناڵانەو لەئێستادا 30 منداڵی بێ سەرپەرشتی لەخۆگرتووە. ژیانی هەر یەك لەو كچانە چیرۆكێكی تاڵی تەواو نەبووە، كە تەژییە لەبێبەش بوون و حەسرەت و جودایی لەپەروەردەی باوەشی گەرمی خێزان. گەرچی كارمەندانی ئەو ماڵە وەك خۆیان باسیدەكەن لە هیچ سۆزبەخشینێك بە منداڵە بێ سەرپەرشتەكان درێغی ناكەن، بەڵام ناتوانن بۆشاییی رۆحی و دەروونییان بە تەواوی پڕبكەنەوە. ئەوەش وا دەخوازێ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پلانی تۆكمەتری پەروەردەییان بۆ دابڕێژێ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە هیوای گەشەوە لە ئاسۆی داهاتوویان بڕوانن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

بەڕێوەبەری ماڵی خەندە (كەژاڵ عەبدولجەبار)، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەپێی یاسا كچان تاوەكو تەمەنی 18 ساڵی بۆیان هەیە لە ماڵی خەندە بمێننەوە، بەڵام ئەوانەی بێ جێگەن دەیانهێلنەوەـ ئەوەشی خستەڕوو كە تائێستا 7 لەو كچانەی ماڵی خەندە هاوسەرگیریان كردووەو لە ژیانی خۆیان ڕازین.
كەژاڵ عەبدولجەبار باسی ئەوەشی كرد كە هەندێك لە كچەكان لە ڕێگەی دادگاوە دەنێردرێنە ماڵی خەندە، هەندێكیان فڕێدراون، بەشێكیشیان كەسوكارەكانیان دەیانهێنن، یاخود كەسانی خێرخواز لە بوونی منداڵی بێ سەرپەرشت ئاگاداریان دەكەنەوە.
منداڵانی بێ سەرپەرشت چیرۆكی جیاوازیان هەیە
بەڕێوەبەری ماڵی خەندە بە هۆی كار و ئەركی پێسپێردراوی، چیرۆكی زۆر خەمباری لەلایە، ئەو چیرۆكانەی كە منداڵانی چاوگەشی بێ خێزان و ئاوارە كردووە، ئەو بە پێویستی دەزانێت بە هەموو شێوەیەك هاوكاری منداڵانی بێ سەرپەرشت بكرێ، بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگە دانەبڕن. یەكێك لەو چیرۆكە ملۆدرام و دڵتەزێنانەش بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«دووساڵ پێش ئێستا لە ڕێگەی كەسێكەوە ئاگاداركراینەوە كە خێزانێك هەیە، پێكهاتوون لە باوكێك و چوار كوڕ و كچێك، دایكەكەیان خۆی سووتاندووەو مردووە، ئەوان لەگەڵ باوكیان دەژین، كوڕە گەورەكەی تەمەنی 8 ساڵە و كچەكەشی تەمەنی 7 ساڵە، كوڕە بچووكەكە جومجمەی سەری بچووكە و پزیشكەكان دەڵێن ببێتە شەش ساڵ تووشی فێ دەبێت، هیچ لە منداڵەكان رەگەزنامەی باری شارستانییان نەبوو، بۆیە نەخرابوونە بەر خوێندن، ئەوان لە ماڵێكی تاریك و تەنگدا دەژیان، كە رووبەری خانووەكە 50 مەتر دووجا نەدەبوو، پەردەی ئاودەستەكەی لەسێ جۆر قوماش و گونیە پێكهاتبوو، تەنافێك لەحەوشە بوو، ماكسیە سووتاوەكەی دایكیانی هەر پێوە بەهەڵواسراوی مابوو، ئەو منداڵانە هێندە پیس و چڵكن بوون ئەسپێ لە قژە ئاڵوزكاوەكانیانی دابوو. باوكەكە پیاوێكی ئیهمال و بێكاربوو، لەئاست بەرپرسیارێتی منداڵەكاندا نەبوو، بە چەند رۆژ رۆیشتووە و منداڵەكانی بەجێهێشتووە، دراوسێكان چێشتیان بۆ ئەو منداڵانە بردووە، ئەو رۆژەی لەناوچەكەیان پرسە هەبووایە، ئەو مندالانە تێر نانیان دەخوارد، ئەو باوكە بۆ جاری دووەم ژن دێنێتەوەو ئێستا ژنەكەی دووگیانە و ئەویش لێی جیابۆتەوە، لەئێستادا ئەو باوكە خۆی ون كردووە و جێگەی نیشتەجێبوونی نادیارە و هەرگیز لەمنداڵەكانی ناپرسێت و سەردانیان ناكات، ئێستا كچەكە چۆتە بەرخوێندن هێندە كز و مەلوولە تەنانەت لەكاتی یاریكردنیشدا لەناخیەوە ئاهێكی قووڵ هەڵدەكێشێت».
كەژاڵ عەبدولجەبار چەند چیرۆكی دی دەخاتەڕوو كە هەموویان تەژین لە ئازاری دەروونی منداڵانی بێتاوان و پەپوولە باڵسووتاوەكانی دەستی قەدەر، ئەو منداڵانەی بە هۆی پەروەردەی ناتەندروست یاری بە هەست و دەروونیان كراوە و بەردەوام پێگەی رۆحیان شكێندراوە، ئەوەتا دەڵێت «10 رۆژ پێش ئێستا باوك و باپیرەیەك هاتن دوو كچیان هێنا تەمەنیان 5 ساڵ و 6 ساڵ بوون، دایكیان تەڵاق دراوە، پێشتر داپیرەی بەخێوی كردوون و ماوەی سێ مانگە داپیرەكەشیان مردووە، وەك باسیان كرد كەس نەبووە ئەو دوو كچە بەخێو بكات، باوكی كچەكان بە عەرەبانە پاقلاوە دەفرۆشێت، هەمیشە داپیرە و باپیرەیان بەو دوو كچەیان گوتووە: دایكتان دزی لەباوكتان كردووە، بۆیە تەڵاق دراوە، ئەو قسەیەش كاریگەری زۆری لەسەر كچەكان دروستكردووە».
باری دەرونی منداڵانی بێ سەرپەرشت بەردەوام لە مەترسیدایە
بێگومان منداڵێك كە بەردەوام سووكایەتی بە ئازیزترین كەسی و عەتف و سۆزی بكرێ، هەرگیز باری دەروونی جێگیر نابێت، بەڕێوەبەری ماڵی خەندە نموونەی زۆری لەو منداڵانە هەبووە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە لەساڵی 1998 سێ برا و خوشكێك هاتن بۆ ماڵی خەندە، ئەوان «دایكیان بەتۆمەتی ناپاكی هاوسەری لەلایەن برای خۆیەوە كوژرابوو، باوكیان ژنی هێناوەتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەهیچ شێوەیەك لەو منداڵانەی نەپرسیوەتەوە و سەردانیان ناكات، بەبیانووی ئەوەی كە ئەو منداڵانە لەو نین، كوڕە گەورەكە دوای ئەوەی بوو بە 18 ساڵ، لێرە رۆیشت، لە فڕنییەك كاری دەكرد و شەوانەش لەناو فڕنییەكە دەنووست، دواتر ژنی هێنا و ئێستا ئەو كوڕە دوو منداڵی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی و دەستكورتیەوە كێشە و گرفتی زۆری هەیە، دوو براكەی تر لەخانەی نەوجەوانانی كوڕانن و خوشكەكەشیان ئێستاش لەماڵی خەندەیە».
كەژاڵ عەبدولجەبار لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان، جەختی لەوە كردەوە كە كارمەندانی مالچی خەندە لە هیچ سۆزبەخشینێك بە منداڵە بێ سەرپەرشتەكان درێغی ناكەن، بەڵام ناتوانن بۆشاییی رۆحی و دەروونییان بە تەواوی پڕبكەنەوە. بە پێویستیشی زانی «حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پلانی تۆكمەتری پەروەردەییان بۆ دابڕێژێ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە هیوای گەشەوە لە ئاسۆی داهاتوویان بڕوانن و لە كۆمەڵگە دانەبڕێن».
Top