كۆسپــەكانی بـەردەم گـەشەی لاوان و رێـكارەكانی چـارەسەریـان
September 26, 2013
کۆمەڵایەتی
زۆربەی گەنجە پلەدارەكان كەسانی بێهێزن
هەردی سەعد مامۆستای زانكۆیەو كێشەی گەنجان بە كێشەیەكی «زۆر مەترسیدار» ناو دەبات و دەڵێت «لەم هەرێمە هیچ جۆرە بەرنامەیەك بۆ برەودان بە تواناكانی گەنجان نییە، چونكە جگە لەوەی گرنگی بە گەنج نادرێت، حزبە سیاسییەكانیش تەنیا هەوڵیان داوە پێگەی سیاسی خۆیان لەناو چینی گەنجاندا بەهێز بكەن. لەڕاستیدا ناتوانین بڵێین حكومەتی هەرێم پۆستی بە گەنجان نەبەخشیوە، بەپێچەوانەوە هەرێمی كوردستان لە ئاستی ناوچەكە و جیهانیشدا زۆرترین ڕێژەی گەنجی لەپۆستە باڵاكاندا هەیە، وەك دەبینین جگە لە هەرێم لەهیچ وڵاتێكی جیهاندا تەمەنی 25 ساڵ نەكراوەتە ئەندامی پەرلەمان، ئەوەش نیشانەی پێشكەوتن نییە، بەڵكوو ئەوە بۆ ئەوەیە كە خۆڵ بكرێتە چاوی گەنجانەوە، چونكە ئەگەر حكومەت راست دەكات، با گرنكی بەتواناكانی گەنجان بدات، كردنی گەنج بە پەرلەمانتار، یان بەڕێوبەری گشتی نابێتە هۆی چارەسەری كێشەی بایەخ نەدان بە تواناكانیان، سەرجەم ئەو گەنجانەی كە پۆست و پلەی حكوومی، یان حزبییان پێبەخشراوە، بەهۆی ئەوەیە كە خزمێكی پۆستێكی گەورەی هەیە و پشتگیری دەكات، بۆیە زۆربەی گەنجە پلەدارەكانیش كەسانی بێهێزن».
پڕۆژەی تواناسازی گەنجانی نائومێد كردووە
هەردی پێشنیار دەكات بۆ گرنگیدان بەتواناكانی گەنج پێویستە حكومەت مامۆستا و پسپۆڕی بیانی لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ گەنجان بهێنێ هەتا هەموو گەنجان بەبێ جیاوازی سوودی لێوەربگرن، نەك وەك ئەوەی ئێستا تەنیا كۆمەڵێكی دیاریكراو لە گەنجان بەناوی پڕۆژەی تواناسازییەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن، بە بڕوای من پڕۆژەی تواناسازی زیاتر گەنجانی ڕووبەڕووی نائومێدی كردووەتەوە، چونكە كەمینەیەك لە گەنجان لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن. ئەو كەمینەیە رەوانەی ئەوروپا و ئەمریكا و میسر و لوبنان دەكرێن و لەكەشوهەوایەكی ئارام و لە هوتێلی گرانبەها و لە كەناری دەریاكان ژیان بەسەر دەبەن، هاوڕێیەكانیشیان، چونكە كەسانی بێ واسیتەن، دەبێت بۆ خوێندنی زانكۆش لە دووكانەكاندا شاگردی بكەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا گرفتێكی دەروونی بۆ گەنجان دروستكردووە».
سیستەمی پەروەردەیی گەنجی بەتواناو داهێنەر دروست ناكات
عەلی كەریم سەرۆكی ئەنیستیتۆتی كورد بۆ مافەكانی مرۆڤ، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «دەسەڵاتی سیاسی ستراتیژییەتی كاركردنی لەسەر پەروەردەركرنی گەنجان نییە، رەنگە ناو بەناو لە راگەیاندنەكان باس لە گەنجان بكرێت، بەڵام تەنیا باسكردنە و هیچ شتێكی دی نییە، بۆیە بەشێكی زۆر لە گەنجانی ئێمە بەدەست بێ بەرنامەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەناڵێنن، چونكە لەبنەڕەتەوە حكومەت ستراتیژێكی بۆ ڕێكخستنی كارەكانی نییە. خاڵێكی دیكەش كە بۆتە هۆی ئەوەی سوود لە تواناكانی گەنجان وەرنەگیرێت، خراپی سیستەمی پەروەردەییە، چونكە سیستەمی پەروەردەیی لەكۆمەڵگەی ئێمە گەنجێك دروست ناكات كە كەسێكی بەتواناو داهێنەر و لێهاتوو بێت».
گەنجانی خاوەن پۆست حزبین و لە مەینەتەكانی گەنج نازانن
شێروان محەممەد عەلی قوتابی قۆناغی چوارەمە لەكۆلێژی ئەدەبیات، ئەو ڕایوایە «پڕۆژەی تواناسازی هەیەو بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین ڕێژەی گەنجان لەم هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات رەوانە كراون، بەڵام زۆربەیان منداڵی بەرپرسان و خاوەن واسیتەكانن». گوتیشی «دەستنیشانكردنی گەنجانیش بۆ پۆستە باڵاكان مانای ئەوە نییە كە گرنگی بەگەنج دراوە، ڕاستە بەشێك لە بەڕێوبەرە گشتییەكان گەنجن، تەنانەت وەزیر و ئەندام پەرلەمانی گەنجیشمان هەیە، بەڵام ئەم شتانە هیچ خزمەتی گەنجان ناكات، چونكە ئەوان مەینەتەكانی گەنج نازانن چییە و بە فەرمانی حزب پۆستیان پێدراوە».
ئەو قوتابییە بە پێویستی دەزانێت «بە شێوەیەی نۆرمەتیكی گرنگی بە گەنجان بدرێت، لە بناغەوە كاریان بۆ بكرێت، هانیان بدرێ لەبوارە جیاوازەكاندا كار بكەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، نەك گەنجێك بكرێت بە وەزیر، چونكە شتێكی حاشاهەڵنەگرە گەنجێك ناتوانێت پۆستێكی گەوەرەی وەك وەزیری بەڕێوە ببات، بۆ نموونە لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە تەمەنی لە سەرووی 65 ساڵ بێت، یان لە بەریتانیا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەهەمان شێوە پێوستە تەمەنی سەرووی 60 ساڵ بێت، بەڵام لەكوردستان تەمەنی ئەندام پەرلەمان 25 ساڵە و خزمەتی بە گەنجیش نەكردووە، چونكە پۆستی باڵا پێویستی بەوەیە كە ئەو كەسە شارەزاییەكی تەواوی لەگشت كایە جیاوازەكانی ژیان هەبێت».
كارەسات ئەوەیە لەشكرێك
لە گەنجانی خانەنشین دروست بكرێ!!
كەمال تەها وەك پسپۆڕێكی ئابووریناس جەخت لەوە دەكاتەوە كە «گەورەترین زیانی ئابووری لە وڵاتی ئێمە بەهۆی فەرامۆشكردنی چین و توێژەكانە، چونكە هەر چینێك لەگەنج و بەساڵاچوو، تەنانەت كەمئەندامیش لەڕووی ئابوورییەوە دەتوانن ببنە پایەكی گرنگ بۆ پێشكەوتنی وڵات». گوتیشی «حكومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی گرنگی بەگەنجان بدات بۆ ئەوەی ببنە كەسێكی بەرهەمهێن، لەشكرێكی لە گەنجان بە پلەی راوێژكار بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كردووە، واتە دایاندەمەزرێنن و دواتر بە مووچەیەكی خەیاڵی خانەنشینیان دەكەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا كارەساتە، لەجیاتی ئەوەی گەنج بكرێتە كەسێكی بەرهەمهێن، دەكرێت بەكائینێكی بەكاربەر، ئەمەش نموونەیەی زۆر زەقە كە هەمووان دەیبینین حكومەتی هەرێم سەدان گەنجی كردۆتە بەڕێوبەری گشتی و ڕاویژكار و دواتر خانەنشینی كردوون، لەهەموو وڵاتێكی جیهاندا راوێژكار، یان ئەندام پەرلەمان پێویستە تەمەنی لە سەرووی 40 ساڵ بێت، بەڵام لە كوردستان گەنج هەیە تەمەنی 30 ساڵە راوێژكاری وەزیرە».
ئەو ئابووریناسە گرنگیدان بەگەنجی گوندنشین زۆر بە پێویست دەزانێت، چونكە «ئەوان كەسانی بەرهەمهێنن و دەتوانن ببنە كائینێكی گرنگ بۆ كۆمەڵگە، بەپێچەوانەوە حكومەت ئەوان فەرامۆش دەكات و گرنگی بەو كارە پیرۆزەی ئەوان نادات، كە كشتوكاڵ، یان شوانكارییە، دەچێت لە دام و دەزگاكاندا دەیانكاتە فەرمانبەر، بەمەش كەسانی بێ بەرهەم دروستدەكات».