گەنجان لە جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی وەزارەتەكان نیگەرانن
September 5, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
مامۆستایان دەوامیان كەمتر و مووچەو دەرماڵەیان زیاترە
ساڵانە ژمارەیەكی زۆری دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان بەمەبەستی دامەزراندن ڕوو لە وەزارەتەكانی حكومەت دەكەن، تەنیا لە ساڵی خوێندنی 2010 - 2011 ئاماری دەرچوونی قوتابیانی زانكۆ لەهەرێمی كوردستان 26213 قوتابین، ساڵی دواتر ئەو رێژەیە زیاتر بووەو پێشبینی دەكرێ ئەمساڵ رێژەكەی بەرزتر ببێتەوە. گەرچی بەلێشاو خاوەن بڕوانامەكان دێنە بازاڕی كارەوە، بەڵام كەمتریان ڕوو لە كەرتی تایبەت دەكەن و زۆرینەی نزیك بەگشتی خوازیاری دامەزران لە دامودەزگە حكوومییەكانن، لەگەڵ ئەوەشدا دوای دامەزراندن سكاڵایان لەوە هەیە كە جیاوازییەكی زۆر لە مووچە و دەرماڵەی وەزارەتەكان هەیە. ئەوەتا كاروان عەلی ئەمین دەرچووی ئاداب لە بەشی كۆمەڵناسی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە دوای دەرچوونی لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی دامەزراوە، بەڵام هاوڕێكانی كە لەوەزارەتی پەروەردە دامەزراون و «دەوامیان كەمترە و مووچەكەیان زیاترە»، كاروان زیاتر بابەتەكە شیدەكاتەوە دەڵێت :«ئێمە كۆمەڵێك برادەر بووین پێكەوە زانكۆمان تەواوكرد، كەچی هاوپۆل و هاوبڕوانامەی خۆم لە وەزارەتی پەرورەدە دامەزراوە، مووچەكەی 150 هەزار دینار لە مووچەی من زیاترە، ئەمەش وایكردووە هەمیشە هەست بەوە بكەم غەدرێكم لێكراوە، نازانم بۆچی هەندێك وەزارەت مووچەیان لەوانی دی زیاترە؟ دەوامی ئێمە هەتا كاتژمێر سێی پاش نێوەڕۆیە و دەوامی مامۆستایان هەتا 12ی نیوەڕۆیە، كەچی مووچەیان زۆر لە ئێمە زیاترە ئەمەش غەدرێكی زۆر ناڕەوایە كەبەرامبەر ئێمەی گەنج دەكرێت، چەندین جاریش داوای گواستنەوەم بۆ وەزارەتی پەروەردە كردووە، كەچی هەر رەفزم بۆهاتۆتەوە».
سامان عەلی بەهەمان شێوەی كاروان جەخت لە جیاكاری لە مووچەی فەرمانبەراندا دەكات و دەڵێت «مووچەو دەرماڵەی جیاوازی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەكانی دیكە شتێكی ناحەقە، چونكە ئیش و كاری فەرمانبەر زۆر لە مامۆستا قورسترە، كارمەندێك لە وەزارتی كشتوكاڵ كارەكەی زۆر لە مامۆستایەك ئەستەمترە، كەچی مامۆستا مووچەكەی لەو زیاترە، ئەمە ناحەقییەكی گەورەیە دەكرێت، كە دەشمانەوێت بگوێزرێنەوە بۆ سەر میلاكی ئەو وەزارەتانەی وەك وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا كە دەرماڵەیان هەیە، ڕەفزمان بۆ دێتەوە، چونكە واستەمان نییە.
پێویستە دەرماڵە بەپێی بڕوانامە و خزمەتی ڕاژە دەستنیشان بكرێت
حەكیم قادر توێژەرو پسپۆڕێكی كارگێڕییەو ڕایوایە «حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردن و كارگێڕی نییە، ئەوەتا گەنج هەیە دەرچووی كۆلێژی ئادابە لەوەزارەتی پەروەردەیەو دەرماڵە وەردەگرێت، بەڵام گەنج هەیە هەمان پسپۆڕی و بگرە هەمان ناونیشانی هەیە، بەڵام دەرماڵە وەرناگرێت، ئەمەش لەڕووی كارگێڕییەوە زۆر گرفت دروست دەكات. ناكرێت مووچەی كارگوزاری قوتابخانەیەك لە سنووری وەزارەتی پەروەردە لە مووچەی دەرچووی زانكۆیەك لە وەزارەتی گواستنەوە زیاتر بێت، هەر ئەمەش وادەكات زۆرترین رێژەی فەرمانبەران هەوڵبدەن بگوێزرێنەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە، یان وەزارەتی خوێندنی باڵا، چونكە ئەم دوو وەزارەتە دەرماڵەیان هەیە، ئەمەش وایكردووە كە بەهیچ شێوەیەك فەرمانبەر وەرنەگرن، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم دەرماڵە بەپێی بڕوانامە و خزمەتی ڕاژە دەستنیشان بكات، نەك بەپێی وەزارەتەكان».
پێویستە دەرماڵە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت
پسپۆڕی ئابووری كەریم نادر پێیوایە جیاوازیی دەرماڵەی نێوان وەزارەتەكان لەڕووی زانستی ئابووری و دەروونیشەوە نادروستە، چونكە جیاوازی لەئاستی داهات دروستدەكات، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی گەنج دەبێت. بۆنموونە گەنجێك كە دەرچووی كۆلێژە لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی یان وەزارەتی گواستنەوە دامەزراوە، تەنیا 500 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام هاوپۆلەكەی لەوەزارەتی پەروەردە 650 هەزار وەردەگرێت، یان خاوەنی هەمان بڕوانامە لەوەزارەتی خوێندی باڵا دوو ئەوەندەی ئەو وەردەگرێت، ئەمەش وادەكات ناڕوونی لەئاستی دابەشكردنی داهات دروستبێت، وەك دەبینین چەندین گەنجمان هەن كە ڕووبەڕووی نامۆبوون بوونەتەوە، چونكە لەرووی ئابوورییەوە خۆیان بە بەشخوراو دەزانن، ئەمەش مافێكی خۆیانە، چونكە نابێت دەرماڵەی وەزارەتەكان بەو شێوەیە بێت، بەڵكو پێویستە لەسەر بنەمایەكی دیراسەكراو بەشێوەیەكی عادیلا دابەشكرابێت» .
ئەو ئابووریناسە چەند رێكار و بەرنامەیەك بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە دەستنیشان دەكات و دەڵێت: «لەم حاڵەتەدا كە وەك دەسەڵاتدارانی هەرێم ئاماژەی پێدەكەن كە بەغدا بەبێ پرس و ڕاوێژی ئەمان دەرماڵەی وەزارەتەكانی داناوە، حكومەتی هەرێم چەند رێگەچارەیەكی هەیە، لەوانە پێویستە دەرماڵەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای كاتی كارەكەی بێت كە چەند كاتژمێر كار دەكات، واتا هەر دەزگایەك ماوەی كاركردنی چەندە ئەوەندە دەرماڵەی بۆ دابنرێت، خاڵكێكی تریش ئەوەیە كە حكومەت هەوڵ بدات دەرماڵەو مووچە یەكسان بكات، لانیكەم هاوكاری مەعنەوی بۆ فەرمانبەر دابین بكات».
هەوڵدەدەین هاوسەنگی لەنێوان دەرماڵەی فەرمانبەران دروست بكەین
لەلای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان (دلێر تاریق فایەق) سەبارەت بە جیاوازیی ئاستی دەرماڵەی وەزارەتەكان بۆ گوڵان گوتی: «بێگومان ئێمەش پێمانوایە ناعەدالەتییەكی گەورە بەرامبەر بە دەرماڵەی فەرمانبەران كراوە، بەوەی كە هەندێك وەزارەت دەرماڵەی هەیە، هەندێك وەزارەتی دیكە نییەتی، بۆ نموونە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرماڵەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام وەزارەتەكانی دیكە نییانە، یان پار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەرماڵە بۆ وەزارەتی پەروەردە دانراو مەبلەغی 150 هەزار دینار بۆ سەرجەم كارمەندانی وەزارەتی پەرەوەدە زیادكرا، كەچی وەزارەكانی دیكە لەم دەرماڵەیە بێبەش بوون، بۆ نموونە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە تەنیا یەك دیواریان لەنێواندایە، كارمەندێك لە وەزارەتی پەروەردە 150 هەزار دینار زیاتر وەردەگرێت، بەمەرجێك هەردوو كارمەند یەك كاریش دەكەن، بەڵام كارمەندەكەی وەزرایەتی پەروەردە دەرماڵەی هەیە، ئەوەی وەزارەتی دارایی نییەتی، ئەوەی گرفتە وەزارەتی دارایی عێراق لەكاتی دەستنیشانكردنی دەرماڵەكان هیچ پرسێك بەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ناكات و زۆرجار بەبێ بەرنامە دەرماڵە زیاد دەكات، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لەكارمەندانی وەزارەتەكان لە دەرماڵەكان بێبەشبن، بەتایبەتی لەدوا سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا جەخت لەوە كرابۆوە كە پێویستە لەكاتی دەستنیشانكردنی دەرماڵەكاندا هاوسەنگییەك لەنێوان كارمەندانی وەزراتەكان هەبێت، ئێمەش هەوڵدەدەین هاوسەنگی لەنێوان دەرماڵەی فەرمانبەران دروست بكەین».