چۆن ژینگەیەكی تەندروست و متمانەپێكراو بۆ خۆشەویستی بخوڵقێنین؟
August 29, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەوینداریی نەوەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە
«كاتی خۆی لە گوند پێكەوە لەگەڵ ئافرەتان درەوی گەنم و جۆمان دەكرد، ئەو سەردەمانە هاوڕێیەتییەكان خوشك و برایانە بوو، خۆشەویستیش پاك و بێ فێڵ بوو، كچ و كوڕ متمانەیان بە یەكتری هەبوو، خۆشەویستی و دڵداری تەنیا بە مەبەستی پێكهێنانی خێزان و بەختەورەی بوو، بەڵام ئێستا زۆر جیاوازە، سەردەم گۆڕاوەو متمانە لە نێوان كوڕان و كچان نەماوە، لەسەردەمی ئێمەدا كچان و كوڕان لەسەر كانی كۆدەبووینەوە، پێكەوە باس و خۆاستمان هەبوو، سەردانی ماڵی یەكتری دەكرا، بەڵام بە شیرپاكی نەك بە حەرامزادەیی، ئێستا هەموو شت گۆڕاوە، نە ئەو ئازادییەی جاران ماوە كە كچ و كوڕێك لە چۆڵەوانییەك خۆشەویستی و بەڵێن بگۆڕنەوە، نە ئەو شیرپاكییەش ماوە كە ئیستغلالی چۆڵەوانی نەكەن».
ئەوە قسەی حەسەن عەلی تەمەن 81 ساڵان بوو، كە بەراوردی نێوان خۆشەویستی كۆن و نوێی دەكرد، ئەو پیاوە بەساڵاچووە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە رابردوودا دراوسێ وەك ماڵە باوان بووە، بەڵام ئێستا دراوسێ سەردانی یەكتری ناكەن، سۆز و برایەتی و پێكەوەژیان لاواز بووە، بۆیە دڵداریش رەنگی گۆڕیوە».
لەنێو كوردا نەبوو پەیمان شكێنی
لەكێ فێر بووی گوڵم پەیمان شكێنی؟
نیما حسامی قوتابی پزیشكی لە زانكۆی (مینسك)ـی وڵاتی بلاڕووس، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «لە كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش ئەوینداری پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە، لە هیچ گۆشەیەكی ئەم جیهانە بەرفراوانەش شوێنێك شك نابەین كە باسی ئەشق و دڵداری و خۆشەویستی تیا نەبێت، بەڵام بەگشتی سیستەمی سیاسی، دەسەڵاتی ئایینی، باری ئابووری، كاریگەری تەكنۆلۆژیا، فەرهەنگ و كەلتوور و نەریتی هەر كۆمەڵگەیەك كاردانەوەی لەسەر پێناسەی خۆشەویستی و رەفتاری خۆشەویستان هەیە، بۆیە هەردوو جۆری وەفادار و بێ وەفا، لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا بەدی دەكرێن، واتە ئەویندارێك هەیە لە پشت دیوارێكەوە گوڵێك پێشكەشی ئەوینەكەی دەكات، هەشە دیوارەكە بە زمانی فریو دەشكێنێت و دواتر ریسواشی دەكات، بەڵام جۆری دووەمی لە ناو كوردان كەمە، چونكە لە كۆنەوە كچ و كوڕی كورد بە بەڵێنداری بەناوبانگ بوون و نموونەشمان لە چەكامەكان و چیرۆك و داستانەكاندا هەیە، مامۆستا هێمن شاعیری بەناوبانگی كورد لە خۆڕا نەیگوتووە: (لەنێو كوردا نەبوو پەیمانشكێنی. لە كێ فێر بووی گوڵم پەیمان شكێنی؟)، بۆیە دەكرێ بڵێین: كوردان لە دێرزەمانەوە تامەزرۆی چیرۆكی راستەقینەی خۆشەویستی بوون، بەدرێژایی مێژووش دەیان داستانی جوانی وەفاداری تا سەرەمەرگ بەرامبەر بە خۆشەویستی تۆمار كراون، بەڵام بەداخەوە تەكنۆلۆژی كاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو عەشقە بێخەوشانە داناوە، بەداخەوە هۆی سەركی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانی پەروەردەیی لە ناو خێزان و كەمتەرخەمی دەسەڵاتی سیاسی لەوبوارەدا، واتە گەنج تاوانی نییە و ژینگەی لەباری نەبووە، تەكنۆلۆژیا هاوردە كراوە، بەڵام گەنج بە پلانی بەكارهێنانی ئاشنا نەكراوە، بۆیە دەبینین لە شارەكان زۆرینەی گەنجی ئێمە گەمە بە پاكیزەیی عەشق دەكەن، كەچی هەتا ئێستاش جەوهەری ئەوینداری و خۆشەویستی لە گوندە دوورەدەستەكان پارێزراوەو عەشق لەهەر جۆرە فرت و فێڵ و فریودانێك دوورە». ئەو قوتابییە دوورەوڵاتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە هەموو بوارێكدا پرۆگرێس و پێشەوەچوون پێویستە، بەڵام لە ئەوینداری گەنجی كورد بە گەڕانەوە بۆ بەهاكانی پێشینیانی خۆشەیستییەكی بێخەوشی دەبێت»
كوڕان زیاتر لە كچان پەیمان شكێنن
ژوان كچێكی قوتابی زانكۆیەو ناوی تەواوی خۆی ئاشكرا ناكات، ئەو بە بێزارییەوە دەڵێت «خۆشەویستەكەم نهێنیەكانمی لەلای هاوڕێكانی خۆی باسكرد، وایلێهات كێشەكە بگاتە كێشەی كۆمەڵایەتی، بە هەزار مەینەتی خۆمم دەربازكردو ماڵەوە وازیان هێنا». ئەو كچە گلەیی زۆری لە كوڕان هەیە و جەختیش لەوە دەكاتە كە «كوڕان زۆر زیاتر لە كچان پەیمان شكێنن»، گوتیشی «لە شارە گەورەكان بەتایبەتی وەفاداری نەماوەو ئەوین بۆتە ئاین و ئۆینی سەر فەیسبووك و سەری دڵپاكی پێدەبڕن، دواتریش ئەوەی نهێنییە دەیخەنەڕوو بۆ ئەوەی گاڵتە بە كەرامەتی كەسێك بكەن».
جاران ئەوینداران تەنیا دڵ و گوڵیان دەگۆڕییەوە
چۆمان عەلی كوڕێكی قوتابی زانكۆیە و ئاماژە بەوە دەكات كە لە ساڵانی كۆن كچ و كوڕێك كە یەكتریان خۆش ویستووە، رێزی یەكتریان گرتووەو لە پێناوی یەكدی ئامادەی فیداكاری بوون، گوتیشی «ساڵان كچ و كوڕێك كە پەیمانی خۆشەویستییان دەبەست تەنیا دڵ و گوڵیان پێكەوە دەگۆڕییەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەر لەیەكەم ساتەوە بە درۆ دەست پێدەكەن».
كاژاو سادق فەرمانبەرەو ئەویش نایشارێتەوە كە بەرامبەر بە خۆشەویستی لەم سەردەمەدا گەشبین نییە، ئەو بە نیگەرانییەوە دەڵێت «سەردەم سەردەمی خیانەت و مۆدی سێكسكردن و دەست بڕینە، هەمیشە من زۆر جار گوێبیست بووم كە كوڕێك كچێكی فریو داوە، بەدەگمەن رێدەكەوێت كەسێك عەشق بۆ هاوسەرگیری بكات، یان عەشق لەپێناوی عەشقدا بكات، كەس نازانێت ئەمجۆرە پەیوەندییە ناو بنێیت چی؟».
خۆشەویستی پڕبووە لە ناكامی و بەیەك نەگەیشتن
سەمیر عەلی پیاوێكی تەمەن 40 ساڵانەو ئەوەدەخاتەڕوو كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژی خۆشەویستی لاواز كردووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت «جاران كوڕێك كە ئاشقی كچێك دەبوو پێویست بوو كە لەبەردەم كۆلانەكەیان هەتا ئێوارە رابوەستێت، هەتا ئەو كچە بۆ یەك جار ببینێ، بەهەتاوی نێوەڕۆی وەرزی هاوین چاوەڕوانی یەك دیدەنی خۆشەویستەكەیان دەكرد، ئەوكات كچەكەیان لە پەنجەرەكەوە ببینیبایە، ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی شەو تابەیانی بەخەیاڵیەوە نەخەوێت، بەڵام ئێستا لەڕێگەی (سكایب، یوتیوب و فەیسبووك)ـەوە یەكتری لە خشتەدەبەن، زیاتر كوڕان گاڵتە بە كچان دەكەن، بەڕاستی تەكنەلۆژیا شەرەفی كچی هەراج كردووە، عەشق و پەیوەندی پڕبووە لە ناكامی و هەناسەساردی و بەیەك نەگەیشتنو دڵشكان و یەكتر فریودان، ئەمڕۆ هەر هەرزەكارەو چەند مۆبایلێكی پێیەو چۆنی بووێت قسەی پێدەكات»
ئومێد كەریم پسپۆڕێكی دەروونناسە و سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «كۆمەڵگەیەكی سەقەت و حكومەتێكی بێبەرنامە ژیانی مرۆڤیان خستۆتە نێو ئاقارێكی نادیارەوە، جیاوازی لە مووچە و جیاوازی لە دامەزراندن و واسیتە و تەزكیەی حزبی و نەبوونی پلانی پەروەردەیی هەمووی وایانكردووە كە كەس باوەڕی بە ژیان نەمێنێت، ئیتر لە كۆمەڵگەیەكی ئاوها بێسەروبەردا چۆن چیرۆكی خۆشەویستی بەرهەمدێت؟».
ئەنوەر حەسەن بانیمارانی توێژەری كۆمەڵایەتییەو خۆشەویستی بە غەریزەیەكی گرنگی مرۆڤ هەژمار دەكات كە «بەهۆی نەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە تاشە بەردێكی خراوەتەسەر و لەنێو قاسەی پڕ نهێنی دەروون و خەیاڵدا هەڵگیراوەو دەستاڕی چەپاندنو كەپتكردنیش خولیاو خەونو ئارەزووەكان تێكدەشكێنێتو تێڕوانینو بیركردنەوەو دواجار پەیوەندی پراكتیكی نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ چەواشەو هەڵەئامێز دەخەمڵێنێت». ناوبراو زیاتر بابەتەكە شیدەكاتەوە و دەڵێت «بەهۆی ئەو نەریتە سەقەتەوە سەرەنجام بوونەوەرێكی لێ خەلق دەكەین، كە پێی دەڵێین: گەنج، كە نیواونیوی و بگرە زیاتریشی پڕە لەنهێنیو لەتاریكی و لە كۆڵانی بنبەست، ئەمە بێجگە لەوەی كە كۆمەڵگەی كوردی رێگرە لەبەردەم دروستبوونی تاكدا وەكو بوونەوەرێكی سەربەخۆ، چ جای تاك بتوانێت مومارەسەی خواست و ویستی خۆی لەگشت بوارەكانی ژیاندا بكات، بەهۆی ئەوەی گەنجان لە بۆشایی ئاڵوگۆڕی سۆزداریدا دەژین لەگەڵ رەگەزی بەرامبەریاندا، بۆیە زۆربەی هاوڕێیەتییەكان بەچاوی خۆشەویستی، یان بە نییەتی خۆشەویستییەوە بەڕێدەكرێت، خۆشەویستی پێویستی بە كەش و هەوای تایبەتەو تەنها ئەوكاتە خۆشەویستی راستەقینە ئیمكانی هەیە، كە دوو كەس لە كانگای بوونی خۆیانەوە لەگەڵ یەكتردا راستگۆیانە گفتوگۆ بكەن».
ئەو توێژەرە جەختی لەوەش كردەوە كە تەكنەلۆژیا و ئەو ئامرازانەی پەیوەندی پرۆسەی خۆشەویستی نێوان كوڕان و كچانی بەڕادەیەكی كاریگەر گۆڕیوە، بە جۆرێك زۆربەی پەیوەندییەكان لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا لەئەمڕۆدا لەڕێگەی مۆبایلو ئەنتەرنێتەوە دەبەسترێت، ئەمەش بەجۆرێك لەجۆرەكان هەستێكی متمانە و بڕوای خۆشەویستی تێدا بەرجەستە نابێت، چونكە لەسەر بینایەكی مەعنەوی ئەم پەیوەندییە نەبەستراوە».