شەرم و ترسی كچان زادەی چییە؟
August 13, 2013
کۆمەڵایەتی
شەرم و ترس پێكەوە گرێ دراون
«من لەخێزانێكی دەوڵەمەند و لە گەڕەكێكی مۆدێرن گەورە بووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شتەكان سنووردار كرابوون، كە منداڵ بووم، باوكم نەیدەهێشت بچمە پێش دەرگا و یاری لەگەڵ منداڵەكاندا بكەم، دواتریش كە گەورە بووم و چوومە قۆناغی ئامادەیی باوكم و دایكم هەمیشە دەیانترساندم بەوەی كە نابێت تێكەڵاوی هەموو كەسێك بیت، ئێستاش كە قوتابیم لە زانكۆی ئەهلی، هێشتا هەست بە نامۆبوون و تەنیایی دەكەم». ئەوە قسەی نەرمین فەرهادی تەمەن 21 ساڵ بوو. ئەو شەرم و ترس لە یەكتر جیا ناكاتەوە و دەڵێت «شەرم و ترس پێكەوە گرێ دراون، كچێك لە بناغەی منداڵییەوە متمانەی بۆ دروست نەكرابێت، هەم شەرمن دەبێت هەم ترسنۆك». نەرمین هێما بۆ ئەوەش دەكات، كە «شەرم جیایە لە حەیا و ئەوەی لە نەریتی ئێمەدا بە چاوی سووك سەیری كەسی بێ حەیا دەكەن، بێ حەیایی و بێعاری و سەركێشی كەس پەسەندی ناكات، بەڵام شەرمنی و گۆشەگیری و خۆبەكەم زانینیش ناكرێ جێی پەسەند بن، گوتیشی «نموونەی من زۆرن، كە هەمیشە خێزانەكەم فشاریان بۆ دروست كردووم، كە خۆم لەهەموو شتەكان لابدەم، ئێستاش كە لەزانكۆم، ناتوانم ببمە هاوڕێی كەس، چونكە پێشتر منیان ترساندووە، ترسم لە لەهەموو شتێك هەیە، بۆیە تەبیعییە شەرمن و گۆشەگیریش بم».
شەرمنی وەك نەریتەكانی دیكەی كۆمەڵگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە
بەڵام دكتۆر ئەحمەد زەكی بەدەوی، پسپۆڕو دەروونناس ڕایوایە «شەرمنی لەڕووی دەروونییەوە قەیران نییەو بگرە ناشتوانرێت وەك كێشەیەكیش تەماشای بكرێت، بەڵكوو شەرمنی جۆرێكە لە هەڵسوكەوتی مرۆڤەكان كە لەیەكتری جوادایان دەكاتەوە، شەرمنی لە نێو كۆمەڵگەی ئێمە زیاتر وەك ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی دەركەوتووەو لە ڕابردوودا شەرمكردن جێگەی شانازی كۆمەڵگەوەبووە بەتایبەتی بۆ ڕەگەزی مێ، ئەوەتا كەم كەس هەیە لە ئێمە گوێبیستی ئەو پەندە كوردییە نەبووبێت كە دەڵێت: كوڕی شەرمن شانەیەك ناهێنێت، بەڵام كچی شەرمن شارێك دەهێنێت، ئەم وتەیە رۆژگارێك پەندێكی كۆمەڵایەتی بووەو گرنگی خۆی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ شەرمنی وەك سەرجەم نەریتەكانی دیكەی كۆمەڵگە گۆڕانی بەسەردا هاتووە».
هیوا سلێمان وەك توێژەرێك لەبنكەی چارەسەری دەروونی كار دەكات و ئەویش هەمانی ڕای دكتۆر ئەحمەد زەكی بەدەوی هەیە و دەڵێت «شەرمنی قەیرانێكی دەروونی نییە، بەڵكوو جؤرێكە لە راڕایی و ترس و دوودڵیی كۆمەڵایەتی، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستێكی نێگەتیڤانە لە نێوان دوودڵی و پەشۆكاندا، كەسی شەرمن خۆی تەنگ بە خۆی هەڵدەچنێ و تێكەڵ بە خەڵكی نابێت و گۆشەگیر دەبێت، كەسانی زۆر شەرمن، كە بەجاری خۆیان پەراوێزدەخەن و تێكەڵ بە خەڵكی و كۆمەڵگە نابن و بەتایبەتی سڵ لە كەسانێكی نامۆ دەكەنەوە».
هیوا پێیوایە شەرمنی هەندێك جار دەبێتەهۆی ئەوەی خەڵك زۆرتر متمانەی پێبكەن و دەڵێت «لەساڵانی رابردوو شەرمنی بۆ هەردوو ڕەگەز یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكانی لەیەكتر تێگەیشتن بووەو تەنانەت هەتا ئەمرۆش لەنێوان چینی ئۆستۆكرات یان خانەداندا خەڵكی شەرمن زۆرتر جێگەی متمانەن».
كرانەوەیەكی گشتی لە هەردوو ڕەگەزدا بەدی دەكرێ
كارزان عەلی وەك گەنجێك جەخت لەوە دەكاتەوە كە شەرمنی دیاردەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتییەو ئەمڕۆ تاڕادەیەك لەناوچووە، گوتیشی «هیچكام لەئێمە حەزمان لە شەرمنی نییەو نامانەوێت بكەوینە بارۆدۆخێكەوە هەست بە شەرمنی بكەین، ئێستاش تاكی شەرمن زۆر كەم بووە و كرانەوەیەكی گشتی لە هەردوو ڕەگەزدا بەدی دەكرێ».
سیروان شەوقی كارمەندی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییەو ئاماژە بەوە دەكات كە هەندێ لە گەنجان زۆر هەستیارن و بەهەموو شێتك تووشی شەرم دەبن، هەندێ لە گەنجانیش كراوەو كۆمەڵایەتین و هیچ كێشەیەكیان لەو بوارەدا نییە، بەئاسانیش ئەم جیاوازییە بەدی دەكرێ. گوتیشی «بێگومان شەرمنی نیشانەی زۆرە، لەوانە گەنجی شەرمن كە ڕووبەڕووی كەسانێكی نامۆ یان ڕەگەزی بەرامبەری دەبێتەوە، شەرم دەكات و دەشڵەژێت، هەیە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا شەرم دەكات و بە باشی قسەكانی بۆ نایەت و لێدانی دڵی زیاد دەكات و دەستەكانی دەلەرزن. هەندێ جار ئارەقیش دەكات و تفی خۆی قووت دەدات، لە كاتی قسەكردنیشدا چاو نابڕێتە چاوی بەرانبەرەكەی، هەموو ئەوانەش نیشانەی شەرم و جۆرێك لە ترسن، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە لە خێزان و ژینگەیەكی زۆر داخراودا ژیاون، بۆیە شەرم و ترس و دڵەڕاوكێیان زیاترە».
زۆربەی نەوجەوانەكان بەهۆی گۆڕانكاری جەستەیی تووشی جۆرێك لە شەرمكردن دەبن
سۆلین كانەبی توێژەری دەروونی لە وەزارەتی كار، ڕایوایە شەرمنی وەك حالەتێكی دەروونی و نەریتێكی كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی هەیە، سەبارەت بە هۆكارەكانیشی دەڵێت «یەكێك لە هۆكارەكانی چاودێری زیاد لە پێویستی گەنجانە لە لایەن دایك و باوكیانەوە، لە ترسی ئەوەی تووشی كێشە نەبن، یان بەناز بەخێوكردنی گەنج و نازپێدانی زیاد لە پێویست لە لایەن دایك و باوكیەوە، بەتایبەتی ئەگەر تەماشا بكەین زۆربەی هەرە زۆری گەنجانی نێو چینی دەوڵەمەندەكان شەرمنن، چونكە زیاد لەپێویست لەلایەن كەسوكاریانەوە چاودێری دەكرێن و نازیان هەڵدەگرن، ئەمە سەڕەرای ئەوەی كە زۆربەی نەوجەوانەكان دوای گۆڕانە جەستەییەكانیان تووشی جۆرێك لە شەرمكردن دەبن».
سۆلین جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی شەرمنی گەنجان زۆر كەم بۆتەوە، چونكە بەشێكی هەرە زۆری گەنجانی ئەمڕۆ كەسانی چاوكراوەن و جیاوازن لەگەنجانی ڕابردوو، ئەوەش دەخاتەڕوو كە بۆچارەسەركردنی گەنجی شەرمن چەند هەنگاوێك هەیە، لەوانە بە هیچ كلۆجێك نابێت دایك و باوك بە منداڵی خۆیان بڵێن: تۆ شەرمنی، پێویستە دایك و باوك یارمەتیی كەسایەتی گەنجەكان بدەن، بۆ ئەوەی بە باشی لە خۆی بڕوانێ و خۆی بەكەم نەزانێ، چونكە گەنجی شەرمن متمانە و باوەڕی بە توانای خۆی نییە، ئەمە بێجگە لەوەی پێویستە جۆر و هۆكاری ئەو شەرمكردنە بزانین، چونكە هەمیشە ئەو كەسەی شەرم دەكات هەست بەكەموكوڕییەك دەكات، بۆیە شەرم دەكات» .
بەڵام ڕابەری پەرەوەردەيی رەشاد نوری، پێیوایە «گەنجی شەرمن، زۆر بە كەمی تووشی كێشە و گرفت و ئاریشە دەبێت و هەمیشە خۆی لەكێشەكان بەدوور دەگرێت، گوتیشی «گەنجی شەرمن لەلای هاوڕێكانیشی خۆشەویستە، بەتایبەتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەری، بۆ نموونە كوڕی شەرمن لەلای كچان خۆشەویستەو بەپێچەوانەوە كچی شەرمن لەلای كوڕ پەسەندە، چونكە مامەڵەكردن لە گەڵیدا ئاسانترە». رەشاد ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێ جیاوازی بەدیناكرێت، چونكە بوونی جیاوازی بەندە بەئاستی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و شێوازی پەرورەدەكردنی گەنج لەلایەن خێزان و قوتابخانەكەیەوە».