خانمان بەهۆی رێگرییەكانی كۆمەڵگەوە كەمترڕوو لـەپیشەیەك دەكەن كە ئێـشكگری شەوانەی تێدا بێت

خانمان بەهۆی رێگرییەكانی كۆمەڵگەوە كەمترڕوو لـەپیشەیەك دەكەن كە ئێـشكگری شەوانەی تێدا بێت
لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە هەرێمی كوردستانیشەوە هاوكێشەی ئاستی داهات و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی زۆرینەی خەڵك یەكسان نییە، ئەمەش وایكردووە هەر دوو ڕەگەز لە كەرتەكانی حكوومی و تایبەت كاربكەن، لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانێكە ئەو تابۆیە شكاوە كە ئافرەت تەنیا بە كاری ناوماڵ سەرقاڵ بێت، ئێستا رێژەی ئافرەتانی خاوەن بڕوانامە و فەرمانبەر و كارمەند، رێژەیەكی بەرچاوەو شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی ئەرێنی و كاریگەریان لە باری ئابووری خێزاندا هەیە، بەڵام ژینگەی كاری ئافرەتان كێشەوگرفتی جۆراوجۆری هەیە، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە ئێشكگرن و ناچارن بە بەهۆی كاری پێسپیردراویان بۆ ماوەیەكی زیاتر لە دەرەوەی خێزانی خۆیان بن، گوڵان لەم راپۆرتەدا ئاریشەكانی ئەو ئافرەتانە لەسەر زاری خۆیان دەخاتەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی




نەریتی كۆمەڵگە هەزمی ئێشكگری ئافرەت ناكات
كات لە نیوەی شەو تێپەڕیوە، ئافرەتێكی پەرستار وەك فریشتەیەكی میهرەبان بەناو نەخۆشەكاندا دەگەڕێ، سەیری فایلەكان دەكات و بە بزەیەكەوە رێنمایی نەخۆشەكان دەكات بۆ ئەوەی لەكاتی خۆیدا دەرمانەكانیان بخۆن، بە چاوێكی ماندووی، بێخەوی، وردبین و، بە پەنجەیەكی پڕسۆز، كاری دەرزی وەشاندنی نەخۆشەكانی تەواو دەكات، كاتێك دەیەوێت، پشوویەك وەربگرێ، پەیامنێری گوڵان داوای دەرفەتی لێدەكات و ئەویش بە سینگفراوانییەوە قبووڵی دەكات، خۆی بە سۆلین ناسح دەناسێنێ. دوای ئەوە بە تەوەری ڕاپۆرتەكە ئاشنا دەكرێ، لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت «ئێمە وەك سەربازی ونین، چونكە شەو تا بەیان لەناو قاوشەكانی نەخۆشخانەین، كەسێك نەخۆشدەكەوێت، ئێمە فریای دەكەوین، گوێ نادەینە باری تەندروستی خۆمان، چونكە پیشەكەمان پیرۆزە و خۆشمان دەوێت». ئەوەی ئەو ئافرەتە ماندوونەناسەی نیگەران كردووە، ئەوەیە كە نەریتی كۆمەڵگە هەزمی ئەو «ئەركە پیرۆزە»ی ناكات، بۆیە دەڵێت «بەداخەوە هەمیشە كە شەوێك ئێشكگر دەبم، كاتێك دەگەڕێمەوە ماڵەوە ڕووبەڕووی هەزار تیر و توانج دەبمەوە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە پێی شەرمە ژن شەوان لە دەرەوەی ماڵ كاربكات، تەنانەت زۆرجار هاوسەرەكەشم بەهۆی منەوە تووشی توانج و گیروگرفت بووە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا من كاركەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت، ئامادە نیم وازی لێبهێنم، لەبەر ئەوەی پیشەكەی ئێمە زۆر پیرۆزە، بەڵام بەداخەوە نە كۆمەڵگە و نەحكومەت ئەو ماندووبوونەمان لەبەرچاو ناگرن، هیودارم رۆژێك بێت لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە رێزمان لێبگرن و حكومەتیش ماندووبوون و ئەركی قورسی كارەكەمان لەبەرچاوبگرێ».
كەسێك پیشەكەی بە خواستی خۆی هەڵنەبژێرێ تێیدا سەركەوتوو نابێت
نەمام ئەحمەد مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییەو لەگەڵ ئەوەی كە پیشەی مامۆستایەتی بە پیشەیەكی پیرۆز لە قەڵەم دەدات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە بە فشاری باوك و برای ناچار كراوە ببێتە مامۆستا و حەزی لەو كارە نەبووە. نەمام جەخت لەوە دەكاتەوە كە حەزی لەپیشەی پەرستاری بووە، چۆنیەتی رێگرییەكانیشی بەمجۆرە دەخاتەڕوو «هەموو ئاواتم ئەوەبوو بچمە پەیمانگەی پزیشكی، چونكە لەگەڵ خولیاكانم یەكی دەگرتەوە، بەڵام باوكم و براكانم هەركە زانییان نیازێكی وەهام هەیە، راستەوخۆ خۆیان فۆرمەكەیان بۆم پڕكردەوە، لەجیاتی پەیمانگەی پزیشكی، پەیمانگەی مامۆستایانیان نووسی، گوتیان: ئەمە ئایندەی تۆیە، چونكە مامۆستایی تاكە پیشەیە كە بۆ ئافرەت گونجاوە، نابێت ئافرەت هیچ پیشەیەكی جگە لە مامۆستای هەڵبژێرێت، هەرچەندە تكام لێكردن كە حەز بە مامۆستایی ناكەم، قبووڵیان نەكرد، هەر گوتیان نابێت بچیتە شوێنێك كە كارەكەی پەیوەندی بە نەخۆشخانەوە هەبێت، ئەوكات تا درەنگانی شەو دەبێت لە نەخۆشخانە بمێنیتەوە، ئەوەش كارێكی نەشیاوە بۆ كۆمەڵگەی ئێمە و خەڵك بە خراپە باسمان دەكات». نەمام جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كەسێك پیشەكەی بە خواستی خۆی هەڵنەبژێرێ و خۆشەویستی بۆ كارەكەی نەبێ، تێیدا سەركەوتوو نابێت».
ئافرەتانی ئێشكگر لەكاتی هاوسەرگیری مەرجی وازهێنانیان بۆ دادەنرێ
سەوسەن حەمید، یەكێكە لەو سەدان ئافرەتە پرستارەی كە بە زەبری هاوسەر وازی لە پیشەكەی هێناوە و رووی لە وانەگوتنەوە كردووە، ئەو ئێستا مامۆستایە، بەڵام وەك خۆی باسیكرد، سەرەتا پەرستار بووەو لە نەخۆشخانەكانی حكوومی كاری كردووە، دواتر بەهۆی ئەوەی هاوسەرەكەی هەڕەشەی تەڵاقدانی لێكردووە، ناچار بووە واز لەپیشەكەی بهێنێت، با بزانین چۆن باسی ئەو بەسەرهاتەی دەكات؟
«پێش هاوسەرگیری و سەردەمی كچ بوون و خوێندن، خەونم بەو رۆژەوە دەبینی ببمە پزیشك، بەڵام لەبەر ئەوەی نمرەی كۆلێژی پزیشكیم نەهێنا، روومكردە پەیمانگەی پزیشكی، كاركەشم زۆر خۆشدەویست، بەڵام دوای شووكردن، مێردەكەم یەكەم مەرجی ئەوە بوو كە پیشەكەم بگۆڕم و ببمە مامۆستا، گوتیشی: گەر پزیشكیش بیت، نە خۆم و نە خێزانەكەم قبووڵ ناكەین یەك چركەی شەو لە دەرەوەی ماڵ ئێشكگر بیت، بۆیە بەناچاری وازم لە پیشەكەم هێنا و بووم بە مامۆستا» .
ئافرەتانی ئێشكگر ڕووبەڕووی توانج تەشەر دەبنەوە
هێرۆ ناوی تەواوی خۆی ئاشكرا ناكات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە پێشتر پەرستاربووە، ئەو ئێستا فەرمانبەرە لە وەزارەتی تەندروستی و هۆكاری گۆڕینی كارەكەشی بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«من كە پەرستار بووم، گەورەترین گرفتم ئێشكگری شەوانە بوو، لەبەر ئەوەی ئەگەر شەوێك درەنگ بگەڕێیتەوە ماڵەوە، دراوسێكان هەزار قسەت بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام ئێستا ئەو گرفتەم نەماوە، چونكە گواستنەوەی ڕاژەم كرد بۆ پیشەیەكی دی كە فەرمانبەرییە، لەبەر ئەوەی نەمدەتوانی لەبەر قسەوقسەڵۆكی خەڵك بەشەوان دەوام بكەم، هەرچەندە پەرستار بە ئیشوكاری شەوانەی گەورەترین خزمەت بە كۆمەڵگە دەكات، كەچی زۆرینەی تاكی كۆمەڵگەی ئێمە هەڵسەنگاندنێكی دروست بۆ ئەو ماندووبوونەوە ناكات، بە سووكی سەیری پەرستار و پیشەكەی دەكەن و بیریش لەوە ناكەنەوە ئەگەر شەوێك خوشك و دایكیان نەخۆش بكەوێت، بەبێ ئافرەتی پەرستار چی دەكەن؟».
زۆربەی پیاوان پێیان شەرمە هاوسەریان بە شەو لە دەرەوەی ماڵەوە كار بكات
سەعدی عەلی سەرۆكی پەرستاران لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێری پایتەخت، ئاماژە بەوە دەكات كە كێشەكانی ئافرەتان ئێشكگر زۆرن، چونكە ئافرەتانی پەرستار لە سنووری وەزارەتی تەندروستیدا بە شێوەیەكی بەردەوام وەك پیاوان ئێشكگرییان بۆ دادەنرێت، ئەوەشدەخاتەڕوو كە ئافرەت هەبووە لەبەر ئەوەی ئێشكگری بۆدانراوە، وازی لەكارەكەی هێناوە.
سەعدی زیاتر گوتی «ئێمە هەمیشە لە بەهۆی زەڕوورەتی كارەكەمان پێویستمان بە هەردوو ڕەگەزە هەیە و دەبێت پیاو و ئافرەتی پزیشك و پەرستار ئێشكگری بكەن، هەرچەندە بەو هۆیەشەوە تووشی زۆر زەحمەتی دەبین، تەنانەت ئافرەتی پەرستارمان هەبووە، وتوویەتی ئەگەر ئێشكگریم بۆ دابنێن، مێردەكەم تەڵاقم دەدات، دواتر ناچار بووە خۆی نەقڵ بكات، یان پیاو هەبووە بەزۆر هاوسەرەكەی نەقڵی دائیرەیەكی دیكە كردووە، چونكە لێرە ئێشكگریمان هەیە، زۆربەی پیاوی ئیمەش پێیان شەرمە ژنەكەیان بە شەو لە دەرەوەی ماڵەوە كار بكات».
سەرۆكی پەرستاران لە نەخۆشخانەی رزگاری، نیگەرانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە «سەرەڕای كاری قورس و شەونخوونی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیروتوانج، مووچەی پەرستارێك هێندەی مووچەی فەرمانبەرێك یان ماموستایەك نییە كە دەوامەكەی زۆر كەمترە و شەوانیش لەماڵی خۆیەتی»، گوتیشی «ئەمە گرفتی گەورەی ئێمەیە، بێجگە لەوەی كە دەرماڵەشمان زۆر كەمە، ئافرەتێك شەو نەگەڕێتەوە ماڵەوەو هەتا بەیانی لەناو قاوشەكانی نەخۆشخانە بێت، لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشەشدا مامەڵە دەكات، كە هەریەكەو نەخۆشییەكیان هەیە، ئەو پەرستارە كە نزیكەی 15تا 16 كاتژمێر لەناو ئەو نەخۆشانە دەبێت، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام دەرماڵەی مەترسی زۆر لە دەرماڵەی مەترسی پزیشكەكان كەمترە».
سەعدی عەلی ئەوەشی خستەڕوو كە زۆر جار ئافرەتی پەرستار هەبووە لەگەڵ كەسووكاری خۆی بەهۆی ئەوەی دەوامی شەوانی هەبووە، تووشی كێشە بووە، یان ئەو شەوە كە دەوامی بۆ دانراوە، نەیتوانیوە بێت، ئێمە گەرچی هەر زوو لەم كاتەشدا بەدیلمان هەیەو راستەوخۆ ناهێڵین ئەو قاوشەی نەخۆشەكان بێ پەرستار بێت، بەڵام ئەوەش كێشەیە و نابێت وا بە سووكی سەیری ئەو پیشە پیرۆزە بكرێ، چونكە هەر خوشك و دایك و هاوسەری ئەو پیاوانە كە رێگری لە كاری ئافرەتی پەڕستار دەكەن، نەخۆش دەكەون بە نەبوونی ئافرەتی پزیشك و پرستاری ئافرەت تێكدەچن و بەهیچ شێوەیەك ئامادە نابن پەرستاری پیاو چارەسەری نەخۆشەكەیان بكات، ئەمە شوێنی پرسیاری كۆمەڵگەیەو دەبێت هاوڵاتیان درك بەوە بكەن كە پێویستە ئافرەتی پەرستاریش هەبێت نەك تەنیا پیاو خەفەر بێت» .
گەرچی لە وڵاتانی كراوەدا فەرمانبەر و كاری ئێشكگری تایبەت بە ڕەگەزێك نییە، تەنانەت رێزی زیاتر دەگرن لە كاری ئێشكگری و شەونخوونی پەرستار، پۆلیس، خزمەتگوزارانی هەتیمخانەو خانەی ساڵمەندان كرێكاران و پاسەوانەكانی ناوكارەگەكان و ...هتد، بەڵام بەپێچەوانە لە وڵاتانی داخراوی نەریتیدا بە هۆكاری جیاواز بەسووكی لەو ئەرك و ماندووبوونە دەڕوانن، تەنانەت ئافرەتانیش بە هۆی رێگرییەكانی كۆمەڵگەوە كەمتر ڕوو لەو سلك و پیشە پڕئەرك و پیرۆزانە دەكەن.
لە كوردستان تا چەند ساڵێك لەمەوبەر، بە زۆرینەی تاكی كۆمەڵگە بە چاوێكی نامۆ سەیری ئافرەتانی فەرمانبەریان دەكرد، تەنانەت بە دەگمەن ئافرەتێك خۆی لە قەرەی شۆفێری و لێخۆڕینی ئۆتۆمبیل دەدا، بەڵام لە ئێستادا جێی دڵخۆشی هاوڵاتییانە كە ئافرەتان لە پلەی جۆراوجۆری سەربازی و لە پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆشدا دەردەكەون.
كۆمەڵگەی كوردی چەند ساڵێكە هەنگاوی ئەرێنیتری بەرامبەر بە ئافرەت هەڵگرتووە
رائید كاروان عەبدولكەریم بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ گوڵان گوتی «ئەمڕۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەتان وەك پیاوان لەسلكی پۆلیس كاردەكەن، ئەو ئافرەتانەی كە ئەفسەرن وەك پیاوەكان ئێشكدەگرن، هەتا ئێستاش هیچ ئافرەتێكیشیان ڕووبەڕووی كێشە نەبۆتەوەو بگرە زۆر بە ڕێكوپێكی كارەكەیان ئەنجام دەدەن».
رائید كاروان ئەوەشی خستەڕوو كە رۆژ لەدوای رۆژ هەرێمی كوردستان لە گۆڕانێكی بەردەوامدایەو گوتی «جاران دوای بانگی ئێوارە ئافرەتت تەنانەت لە بازاڕیش نەدەبینی، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەكی بەرچاو ئافرەتان هەتا درەنگی شەو لە دەرەوە دەبیندرێن، زۆرجار دەبینین كە كاتژمێر یانزە و دوانزەی شەو ئافرەت لەگەڵ منداڵەكانی خەریكی ئایسكریم كڕین و شەربەت خواردنن، یان دەبینین ئافرەت بە درەنگانی شەو بە تەنیا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێ، واتا كۆمەڵگەی ئێمە لەڕووی هەڵسوكەوت و ڕەفتارەوە كراوەتر بووەو گۆڕانی باشی بەسەردا هاتووە، رۆژ لەدوای رۆژ ئافرەتان زیاتر هەست بەئازادی دەكەن، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی كۆمەڵایەتییە، بۆیە دەكرێ بڵێین كۆمەڵگەی كوردی چەند ساڵێكە هەنگاوی ئەرێنیتری بەرامبەر بە ئافرەت هەڵگرتووە
بێجگە لەوەی بەشێكی زۆر لەو ئافرەتانەی هاتوونەتە نێو دەزگاكانی پۆلیسەوە، لەخێزانی رۆشنبیرن و ئاستی تێگەیشتنیان بەرزەو بەخواستی كەسووكارییان هاتوون ئەم پۆستەیان هەڵبژاردووە، بۆیە ئێمە تەنانەت لە ڕووی ئێشكگری ئافرەتانی پۆلیسەوە تووشی هیچ كێشەیەك نەبووین».
Top