بەسەرهاتی ئافرەتێكی هەڕەشە لێكراو:كێ پشتیوانی لە ئافرەتێكی سەرگەردان دەكات؟

بەسەرهاتی ئافرەتێكی هەڕەشە لێكراو:كێ پشتیوانی لە ئافرەتێكی سەرگەردان دەكات؟
ئافرەتێكی باڵابەرزی، چاوگەورەی، پرچ خاوی، لاواز و ئەسمەر .. سەردانی بەشی كۆمەڵایەتی گۆڤاری گوڵان دەكات و خۆی بە نازدار دەناسێنێت. دوای سڵاو و چاك و خۆشی، هەر كە لێوە وشك هەڵاتووەكانی دەكاتەوە، پرسیارێكی قورس دەكات و دەڵێت «ئێوە پشتیوانی لە ئافرەتێكی سەرگەردان دەكەن كە ئەمانەتدارەكەشی بیەوێ بیفرۆشێ؟». ئەو پرسیارە بەشی كۆمەڵایەتی گۆڤارەكەمان دەهەژێنێ و بەپەلە ریكۆردەرێكی لەبەردەم دادەنرێ، بۆ ئەوەی سفرەی دڵی بكاتەوە.
نازدار ساڵی 1980 لە شارۆچكەیەكی سەرسنووری هەرێمی كوردستان لەدایكبووە، وەك خۆی باسیكرد، لەتەمەنی 17 ساڵی هاوسەرگیری كردووە، دایكی دوو كوڕ و دوو كچە و دایك و باوكیشی لەژیاندا نەماون، ئەو بە چاوێكی پڕ فرمێسك و لە ناو هەنیسكی گریاندا، بەردەوام نەفرەتی لە خوشكەكەی خۆی دەكات و پەیتا پەیتا دەڵێت « تەنیا بەناو شوێنێكی متمانەپێكراو بۆ ئافرەتی هەڕەشەلێكراو هەیە».
نازدار دەستپێكی سەرگەردانی و ماڵوێرانی خۆی بۆ ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە كە (فەراست)ی خوشكە بچووكی نەخۆش بووە و داوای لێكردووە بۆ چەند ڕۆژێك سەردانی بكات و لەلای بمێنێتەوە. بەسەرهاتی خۆیشی كە زیاتر لە میلۆدرامای فیلمێكی تراژیدی بەڵام دكیۆمنتاری دەچێت، بەمجۆرە خستەڕوو: چەند رۆژێك لە ماڵی فەراسەتی خوشكە بچكووكی خۆم مامەوە، زۆر نەخۆش بوو، خزمەتی خۆی و منداڵەكانیم كرد، تاوەكوو بە تەواوی چاك بووەوە. من نەمدەزانی ئەو چەند ساڵێكە تووشی كاری لەشفرۆشی بووە، چەند پیاوێك دەهاتن بۆ ماڵەكەی، بە دزی منەوە باسی منیان كردبوو، ئەوە بوو كاتێك نەخۆشییەكەی چارەسەر كرا، من ویستم بگەڕێمەوە، بەڵام ئەو لەبەرامبەردا وتی: وەرە باپێكەوە كاربكەین، داهاتی زۆر باشمان دەبێت.. منیش وتم كاری چی؟ وتی: ئەو پیاوانە هەموویان عاشقی تۆ بوون، ماوەیەك لای من بە، پێكەوە كاری لەشفرۆشی دەكەین. كە وای وت، تووشی شۆك بووم، لێی تووڕە بووم، بە خوا بەو كارە رازی نەبووم، بەڵام ئەو وتی: بەیەك تەلەفۆن دەتوانم ژیانت تێكبدەم، ئەمن كرێچیمەو نەبوونم، تۆش مێردو خانوو و ئوتۆمبێلی خۆتان هەیە، ویستم ئارامی بكەمەوە، بەڵام سوودی نەبوو، ئەو زۆر ئالوودە ببوو. چەند رۆژی دیكەش لەلای مامەوە، رۆژێك كچە بچووكەكەی زیاتر لە دەجار ملمی مژی، منیش ئەخیرجار پاڵم پێوەنا و وتم: بۆچی وادەكەی؟ وتی: دایكم فێرم دەكات ملت بمژم، بۆ ئەوەی جێگەكەی دیار بێت. هەر ئەو رۆژە لەگەڵ خوشكم شەڕم كرد و ئەویش زۆر تووڕە بوو، تەلەفۆنی بۆ مێردەكەم كرد وتی وەرە ژنەكەت لەگەڵ پیاوان دەخەوێ، وەرە بیبەوە، مێردەكەم و برایەكانم بەپەلە هاتنە هەولێر، زۆر پاڕامەوە، بەڵام نەمتوانی قەناعەتیان پێ بهێنم كە من هەر لەماڵەوە بوومەو دەرنەچوویمە، قەناعەتیان نەهات وتیان فەراسەت هەرگیز درۆ ناكات، ئەوە نییە گەردەنت هەمووی شوێنی مژینی پیاوە، ئیتر بەهەر دوو برام و مێردەكەم ئەوەنەیان لێدام تا بوورامەوە، كاتێك چاوم كردەوە لە سندووقی سەیارە بووم، منیان وەك كەلاك بردە ماڵەوە، كچە بچووكەكەم ئەوكات تەمەنی دووساڵان بوو لەترسان خۆی تەڕكرد، كە بەهۆش خۆم هاتمەوە منداڵەكانم دەورەیان لێدابووم و دەیانگوت دایە بۆچی لێت دەدەن؟ رۆژی دواتر دیسان دوای لێدان و بوورانەوەم منیان خستە ناو سندووقی سەیارەو ویستیان بمبەن لە شوێنێك بمكوژن، بەڵام لەئۆتۆمبێلەكە خۆم فڕێدا و بەراكردن خۆم گەیاندە ناو ئاسایش، براكانم گیران و دوای دوو ڕۆژ بە كەفالەت بەریاندان، مێردەكەشم تەڵاقی دام و منداڵەكانی لێسەندمەوە، ئێستا ژنی هێناوەتەوە و دوو منداڵی هەیە.
دوای تەڵاقدانم هیچ شوێنێك نەبوو بۆی بڕۆم، ناچار لەبەر بێ جێگەیی پەنام بۆ ماڵی فەراست بردەوە. هێشتا رۆژێك بوو چوومە ماڵەكەی، وتی: من مەسرەفت ناكەم، پیرەپیاوێكی لەگومرگ بۆمن دیتەوە تا شووی پێ بكەم، ناوی بورهان بوو، ئەو پیاوە وتی لە راهی خوای ئەو كارە دەكەم بۆ ئەوەی لێرە رزگارت بكەم، ئەگینا من بابی تۆمەو تۆش كچی منی، تەنیا چەند شەو لەلای بووم، دواتر وتم مادام تۆ منت ناوێ، بۆ مارەت كردم، ئەوە بوو وازی لێهێنام، زێڕ و جلوبەرگەكانیشی لێوەرنەگرتمەوە كە بۆی كڕیبووم، دیسان چوومەوە ماڵی فەراسەت، كە زێڕ و پارەكەم تەواو بوو، وتی: یان كاری لەشفرۆشی بكە، یان دەرت دەكەم، منیش وتم مێردی دەكەمەوە بەڵام لەشفرۆشی ناكەم، شەوێكیان لەخەوێدا بووم، براكانم هاتنەژوورێ، دەست و پێیان بەستامەوەو دیسان منیان خستە ناو سندوقی سەیارەو بەرەو ماڵی یەكێك لەبرایەكانم چوون، براكەم دەستی دایە دارێك و هەتا توانی لێیدام، خوێن لە لووت و قوڕگم دەهات، سەرم شكا، ئێستاش كە سەردەخەمە سەر بالیف سەرم دەسووڕێ، ماوەی سێ رۆژ بێ زمان بووم و بەدرێژایی ئەو ماوەیە نە ئاو و نە نانیان پێنەدام، تەواو شەكەت بووم، دواتر باشتر بووم، هەر ئەوەندەی هەندێك هێزم تێهاتەوە، دیسان هەڵهاتم، بەڵام براكانم لەترسی شكایەتكردن منیان گێڕاوە و بەپارە منیان فرۆشتە پیاوێك بەناوی هەمزە كە ژنەكەی تەڵاق دابوو، 9 منداڵیشی هەبوو، كە زۆربەیان كچ بوون، وەكو منداڵی خۆم تەعامولم لەگەڵ منداڵەكان دەكرد، لەم ماوەیەدا دووگیان بووم و هەمزە دڵی زۆر خۆش بوو، چونكە سۆنار گوتی منداڵەكەتان كوڕە، بۆیە سێ بزنی بۆ كردم بەخێر، ئەوەندەی نەبرد، دیسان فەراسەت بەدرۆ و بوختانەكانی لای ئەو مێردەش رەشی كردم، بەوەش نەوەستا دەستی لەگەڵ مێردەكەم تێكەڵكرد، من لەنەخۆشخانەبووم لەسەر منداڵەكەم عەمەلیات كرام، هەر ئەو رۆژە هەمزە پارێزەری گرت و تەڵاقی دام و گوتی منداڵەكەشم ناوێت، تاسێ مانگان هەمزە نەهاتەوە ماڵێ، دراوسێكان بەخێویان دەكردین، چووم شكایەتم كرد، حاكم لەدوای هەمزەی نارد، هەمزە لەبەردەم حاكمی وتی: ئەو ژنەم ناوێت، ئەمنیش ئەوەندە ترسێندرابووم و ئەوەندەم لێدرابوو داوای هیچم نەكرد، وتم تەنیا مارەیی و كوڕەكەم دەوێ، حاكم ئەوەشی نەكرد، وتی دەبێت منداڵەكەش بدەیتەوە بە بابی، چونكە نە داهات و نە جێگەشم هەبوو، لە دادگا هاتمە دەر سەرم هەڵگرت و چوومە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو، سێ رۆژ لەوێ مامەوە، بەهۆی خراپی تەعامولیان بەرگەم نەگرت، شەوێك تابەیانی كوڕەكەم لەبرسان گریا، داوای شیرم كرد وتیان شیر نییە، ناچار دەستبەرداری كوڕەكەم بووم و ئاوارەی ئوتێل و شەقامەكان بووم، پارەی مارەیی خۆمم لەهەمزە وەرگرت، ئێستا وردە وردە دەیخۆم، ئێستاش زۆر حەز دەكەم جێگەیەكم هەبێت ئەو كوڕە لای خۆم گەورە بكەم، چونكە زۆرم سەبووری پێی دێت، دوای هەموو ئەوانە چوومە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، ئافرەتێك لەوێ فەرمانبەرەو ناوی (س)ـە، ناسیاوێكی هەیە بەناوی (ع) كە ژنی هەبوو، بەڵام منداڵی نەدەبوو، ژنەكەی نەخۆشی شێرپەنجەی رەحمی هەبوو، داوای كرد شووی پێبكەم، منیان لەماڵی (س) مارەكردو هیچ زێڕیشی بۆ نەكردم، ئەوكات بەرپرسێكی داڵدەدانی ئافرەتان ئاگای لەوەبوو، (ع) خانووی لە شاری زێڕین بۆ گرتم، بەڵام ژنەكەی پێی زانی و بەدەمانچە هەڵی كوتایە سەرمان، (ع)یش چوار مانگە بەجێی هێشتووم، بێئەوەی تەڵاقم بدات، دەڵێ هەر ژنی منی، بەڵام ناتوانم ماڵت بۆ دابنێم، ئێستاش بەردەوام بە من دەڵێت : بڕۆ شكایەت بكە، لەهەموو دەرگەیەكم داوەو تائێستاش هەر سەرگەردانم و هەڕەشەی كوشتنیشم لەسەرە، ناچار پەنام بۆ ئێوە هێنا».
كۆمەڵناسێك: ئەم ئافرەتە بەهۆی ئەزموونە تاڵەكانی هیچ كەس و دەزگایەك وەكو فریادڕەسی خۆی نابینێت
دوای گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە گرنگە ئەو پرسیارە بوروژێنین، بۆچی تا ئێستا ناوەندەكانی چاكسازی و داڵدەدان نەیانتوانیوە ئەو ژینگە متمانەپێكراوە بۆ ئافرەتی لێقەوماو دروست بكەن؟ ئەم پرسیارەمان رووبەرووی كۆمەڵناس هاوژین محێدین كردووە، ئەویش سەبارەت بەم پرسە بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی: ( لە كۆمەڵگەی كوردیشدا وەك هەر كۆمەڵگەیەكی دیكە،هەمیشە كێشە كۆمەڵاتیەكان بوونیان هەبووە و زۆر كات كێشەكان چارەسەر نەكراون یان چارەسەری كاتی كراون، ئەگەر سەیری ئەم چیرۆكە پڕ لە تراژیدیایە بكەین، چەندین لایەن لەخۆدەگرێت، نەخوێندەواری و ناهۆشیاری وەكو كێشەیەكی گەورەی تاك (بێگومان بۆ ئافرەتان كێشەیەكی گەورەترە) هەمیشە سنووری چارەسەری كێشەكانی لای تاك تەسكتر كردۆتەوە و بژاردەی دیاریكراو و كەمی رەخساندووە)).
ئەو كۆمەڵناسە چەند لایەنێكی دیكەی هۆكارەكانی ئەو نەهامەتییانەی بەمجۆرە خستەڕوو،(( لەلایەك شووكردن پێش تەمەنی یاسایی كە بێگومان كاریگەری نەرێنی هەیە، نەبوونی سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆ لای ئافرەت ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی هەمیشە چاوی لە دەستی پیاو بێت، هەروەها زۆر كات هەژاری و نەبوونی داهاتی پێویست دەبێتە هۆی ناچاربوون بە ئەنجامدانی كاری لەشفرۆشی، ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتە ستەملێكراوەكە لەلایەن كەسوكاری بە بەرچاوی منداڵەكانی، روویەكی دیكەی ناشیرینی ئەم بەسەرهاتەیە، بێگومان ئەوەش كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر كەسێتی و چاندنی خووی شەڕانگێزی لای منداڵەكان. رۆڵی لایەنە پەیوەندارەكان بۆ رێگرتن لە توندو تیژی دژ بە ئافرەتان رۆڵێكی هاوكار نەبووە و بەپێچەوانە باری سەرشانی ئافرەتە ستەملێكراوەكەی زیاتر كردووە، هەروەها شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان لەبری ئەوەی شوێنێك بۆ ئارامبوونەوەو پشووی ئافرەتانی ستەملێكراو بێت، شوێنێكە جارێكی دی ئافرەت ئاوارە دەكاتەوە،، لەكۆی ئەم حاڵەتە بەشێوەیەكی گشتی ئەوە دەردەكەوێت بازرگانی بەو ئافرەتەوە كراوە و یاری بە هەست و سۆز و ژیانی كراوە، لەبەرئەوە ئافرەتەكە تووشی رەشبینییەكی تەواو بووە و بەهۆی ئەزموونە تاڵەكانی هیچ كەس و دەزگایەك وەكو فریادرەسی خۆی نابینێت».
Top