سەرەڕای ئەنجامدانی سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان:نێشتەجێبوون بە قەیرانێكی گەورە هەژمار دەكرێ بۆ گەنجان
July 10, 2013
کۆمەڵایەتی
كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دوادەخەن
«ئێمە دەیان خانەوادەی كەمداهاتی كرێنشینی دانیشتووی هەولێرین، كە 28 مانگ پێش ئێستا گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەك واژۆكردووە، بەوەی كە لە بەرامبەر قەڵاتی نوێ لەهەولێر شوقەمان بۆ دروستبكەن، تەنیا یەك قستی (دوو هەزار دۆلار)یمان ماوە كە بەپێی گرێبەستی نێوانمان دەبوا كاتی وەرگرتنی كلیلی شوقە لە شەش مانگی رابردوو ئەو قستە بدرایە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەكە بە نیوەش نەگەیشتووە، تەنانەت هەیكەلی شوقەكان تەواو نەبووە، بێگومان كار وابڕوات تا ساڵێكی دیكەش ئەو پڕۆژەیە تەواو نابێت»، ئەوە قسەی مامز محەمەد بوو، ئەو ئافرەتێكی فەرمانبەرەو بە نیگەرانییەوە دەڵێت «نزیكەی سێ ساڵە هەم قستی شوقە و هەم كرێی خانوومان داوە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری بۆ خۆمان و خێزانمان دروستكردووە، چەندین خانەوادەی كەمداهات بە فرۆشتنی زێڕ و زیو قەرز و فەرزو كاركردن لە چەندین شوێن، بە شەونخوونی و تەحەمولی برسێتی خێزان، دڵیان بەوە خۆش كردووە دەچنە ناو هێلانەی خۆیان و لە كرێچییەتی رزگاریان دەبێت، بەڵام هێشتا پڕۆژەكەیان بەنیوە نەگەیاندووەوخەریكە ئاگر لە هیواكانمان بەردەدات، تەنیا خانووەكانیان تەواو كردووە كە زۆربەی بۆ خەڵكی دەوڵەمەندە، كەچی شوقەكانیان پشتگوێ خستووە، بۆیە بە نامەی كراوە لە رۆژنامەیەك بەڕێز پارێزگاری هەولێرمان ئاگادار كردەوە، دواتر پەنامان بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم برد، دیارە ئەوان بە خەمخۆری خەڵكی هەژار ناسراون، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە، ئێستاش پەنامان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی بردووە كە ڕێگری لەو غەدرە گەورەیە بكەن، دڵنیاین جەنابیان ماف بۆ مافخوراوان دەگێڕنەوەو ئێمەش تەنیا ئەو هیوایەمان ماوە».
دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووان و كرێنشینەكان داتای پێویستی نییە
كامەران سەعدی وەك ئابووریناسێك هێما بۆ ئەوە دەكات كە تائێستا لەهەرێمی كوردستاندا سەرژمێرییەكی ورد نەكراوەو وڵاتێكی گەورە بەفۆرمی خۆراك بەڕێوەدەچێت، گوتیشی «ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە زۆر كەس هەیە ئێستا لەژیاندا نەماوە، بەڵام بەپێی فۆرمی خۆراك زیندووەو ناوی لە فۆرمەكە نەسڕاوەتەوە، كەموكوڕی حكومەت لەوەدایە هەتا ئەمڕۆ سەرژمێری نەكردووە، بۆیە ئێمە نازانین ئەمساڵ ژمارەمان چەندە و ساڵێكی تر دەبێتە چەند، ئەوەش وایكردووە، بەهۆی نەبوونی داتای پێویست لەبواری زیادبوون و كەمبوونی ژمارەی دانیشتووان نازانین پێویستمان بەچەند یەكەی نیشتەجێبوون هەیە».
ئەو ئابووریناسە بازرگانیكردن بەیەكەی نیشتەجێبوون بە شتێكی سروشتی دەزانێت، چونكە «لای ئێمە بازاڕی دراو نییەو هەموو سەرمایەدارەكان تەنیا پارەكەیان بۆ كڕین و فرۆشتنی یەكەی نیشتەجێبوون تەرخان دەكەن، هەر ئەمەش وادەكات نرخەكانی بەرزببێتەوە، بەڵام ئەگەر حكومەت بەدیلێكی هەبێت و كارەكان بەشێوەیەكی وردبینانە بكات، ئەوكات تاڕادەیكی زۆر كڕین و فرۆشتنی خانوو كەم دەبێتەوەو هەڵاوسان لەبواری نیشتەجێبووندا نامێنێت». گوتیشی «یەكێك لەسەرەكیترین كێشەكان كە وایكردووە ئەو قەیرانە چارەسەر نەبێت، ئەوەیە كە تاكەكانی كۆمەڵگەی ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن و نایەنەوێت ببنە بەشێكی لەچارەسەر، بۆ نموونە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەبوو، كە نرخەكانیان گونجاو بوو، وەك شاری منارە و شاری كامەرانی و شاری ئاشتی و یەك و دووی شاری لاوان، بەڵام هەر زوو لەلایەن خەڵكی دەوڵەمەندەوە كڕدران و نرخەكەیان بە دووقات و سێ قات بەرز كردەوەو فرۆشرا». ئەو ئابووریناسە جەختی لەوەش كردەوە كە «لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی رێكخراو بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی نییە، بۆیە نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی زەوی بە ئارەزووی خۆیان نرخەكان یاری پێدەكەن و كەسیش رێگرییان لێناكات».
هەركەسێك شوقە، یان زەوی وەردەگرێت پێویستە مافی فرۆشتنەوەی نەبێت
كامەران سەعدی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی خەڵك لەجاران باشتر بووە، بەڵام شێوازی ژیانیش گۆڕاوە، نموونەشی بەوە هێناوە كە ساڵانی رابردوو ماڵ هەبووە، چوار كوڕیان هاوسەرگیرییان كردووەو هەموویان لەیەك خانوودا ژیاون، تەنانەت تاچەند ساڵێك لەمەوبەریش كە كچ شووی دەكرد، تەنیا یەك ژووریان لەماڵی خەزووری بۆ تەرخان دەكرد، زۆر بەلاشیەوە ئاسایی بوو، بەڵام ئێستا هەركچێك كە دەچێتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە راستەوخۆ داوای ماڵی جیا دەكات».
بە بڕوای ئەو ئابووریناسە یەكێك لە رێكارەكانی چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون ئەوەیە هەركەسێك شوقەیەك، یان زەوییەك وەردەگرێت پێویستە مافی فرۆشتنەوەی نەبێت، كە كێشەكەی چارەسەربوو، یان خانووی دیكەی كڕی، پێویستە حكومەت لێی وەربگرێتەوەو بیدات بەكەسێكی نیازمەند».
خەڵكی بیانی بە لێشاو ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە
سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لەمافی كرێنشینان (مەحموود ئیسماعیل مەحموود)، هێما بۆ ئەوە دەكات كە لەڕێگەی لق و نوێنەرایەتییەكانیان ئاماری كرێنشینەكانیان دەستنیشان كردووە، كە «دەگاتە (65 هەزار) كرێچی لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەسنووری شاری هەولێریش (16 هەزار و 600) كرێچیی هاووڵاتی، بەڵام رێژەی كرێنشینان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیادبوونە، چونكە ڕێژەیەكی زۆر لەخەڵكی بێگانە ڕوویان لەشاری هەولێر كردووە، هەروەها رێژەی هاوسەرگیری ساڵ لەدوای ساڵ لەزیادبوونەو ئێستاش وەك ساڵانی رابردوو خەڵك بەكۆمەڵ ناژین و هەركەسەو خانووی خۆی دەوێت»، گوتیشی «ئەو پارەیەی بۆ سندوقی نیشتەجێبوون تەرخاندەكرێت، زۆر كەمە، بۆ نموونە لەساڵی 2011 تەنیا نزیكەی (49 ملیار دینار) بۆ دروستكردنی خانووبەرە تەرخانكراوە، كێشەیەكی دیكە ئەوەیە كە حكومەت (120 هەزار) زەوی دابەشكردووە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبێت، دابەشكردنی زەوی نەبۆتە هۆی كەمبوونی كرێنشینی، چونكە بەشێكی زۆری ئەو زەوییانەی كەدابەشكراون، هەتا ئێستا نەكراونەتە خانوو، بەردەوامیش كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت».
سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لەمافی كرێنشینان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد «لە ئێستادا دەگوترێ لەسەرەتای مانگی تەموز حكومەت فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات»، بەپێویستیشی زانی نوێنەری كۆمەڵەی داكۆكی لەمافی كرێنشینان لە لێژنەی دابەشكردنەكەدا لەپارێزگا ئامادە بێت». مەحموود پێوایە چارەسەری ئەم قەیرانە ئەستەم نییەو دەڵێت «دەتوانرێت كێشەكان چارەسەربكرێن بەوەی كە حكومەت بەرنامەی هەبێت و نەهێڵێت زەوی دابەشكراو كڕین و فرۆشتنی پێبكرێت و ئەو پڕۆژانەش كە بۆ كرێنیشنان دروستدەكرێن، دوای نەخەن و لەكاتی خۆیدا تەواو بێت، بەگشتی پێویستە حكومەت خۆی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێكخراو لەماوەیەكی كەمدا جێبەجێ بكرێن، نەك كەرتی تایبەتی بیانی ئەنجامی بدات و بەردەوام دوای بخات».
ساڵانە زیاتر (150 تا 200 ملیار) بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون دادەنرێت
پەرلەمانتار كاروان ساڵح ئەندامی لێژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێبوون لەپەرلەمانی كوردستان، قۆناغە جیاجیاكانی پڕۆژەكانی نیشتەجیبوون لەهەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو كە بەسێ قۆناغدا تێپەڕیوە، «قۆناغی یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر كۆمپانیایەك بهاتایە بەنرخێكی زۆر كەم و دیاریكراو زەوی زۆری پێدەداو خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو كارەبا و هاتوچۆشی بۆ ئەو زەوییە دابین دەكرد، بۆ ئەوەی بتوانرێت كەمێك كێشەو قەیرانی نیشتەجێبوون كەمبكرێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك كێشەكە چارسەر نەبوو، لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان كەوتنە دروستكردنی ڤێلاو خانووی گرانبەهاو كەس نەیتوانی سوود لەو پرۆژانە ببینێت. لە قۆناغی دووەم سندوقی نیشتەجێبوون هاتەكایەوە كە تاڕادەیەك توانرا بەشێكی كێشەكە چارەسەربكات، چونكە سندوقی نیشتەجێبوون بەشێكی پارەكەی دابیندەكرد، بەڵام بەهەمان شێوە لەم قۆناغەشدا نەتوانرا بەشێوەیەكی زۆر یەكسان هەموو هاووڵاتیانی كەمدەرامەت سوود لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون وەربگرن، ئەوبوو دواتر قۆناغی سێیەم دەستی پێكرد، ئەم قۆناغە زۆر جیاواز بوو، چونكە پاش هەوڵ و كۆشێكی زۆری پەرلەمان هاتەدی كە بەبەردەوامی كەوتینە كۆبوونەوەو تەنسیقێكی دوورودرێژ لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و دەستەی وەبەرهێنان و چەندین جار لەدانیشتنە هاوبەشەكانماندا ڕەخنەو سەرنجمان خستەبەردەمیان، ئەوەبوو لەلایەن حكومەتیشەوە ساڵانە زیاتر (150 تا 200 ملیار) بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون دادەنرێت».
پەرلەمانتار كاروان ساڵح ئەوەشی خستەڕوو كە «ئێستا پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی بەرنامەیەكی نوێیە كە بریتییە لەدروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران، گوتیشی «لەوەزارەتی ناوخۆوە دەستمان پێكردووە كە بۆ گشت فەرمانبەرەكان یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەین، بەبێ پێشەكی بۆ ماوەی بیست ساڵ، هەتا بەشێوەیەكی درێژخایەن ئەو كەسانە بەكرێیەكی ڕەمزی بتوانن ببنە خاوەنی خانوو، هەروەها بڕیارمان داوە بەهاوكاری لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان سەرلەنوێ یاسایەكە هەموار بكەینەوەو هەوڵدەدەین ئەو هاووڵاتیانەی كەهەتا ئێستا بێبەش بوون لەیەكەی نیشتەجێبوون، بەشێوەیەكی زۆر یەكسان و بە ڕێگەیەكی زۆر عادیلانە هەموویان ببنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون».
90 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسنووری پارێزگای هەولێر دروستكراوە
تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوون لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان دەڵێت «پارێزگای هەولێر بەردەوام هەوڵی چارەسەری ئەو قەیرانەی داوە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی دانیشتووان و فراوانبوونی هەولێرو باشتربوونی باری گوزەرانی هاوڵاتیان كار و هەوڵی زیاتری پێویستە». گوتیشی «ناتوانین بڵێین توانیومانە كێشەكە چارەسەربكەین، بەڵام هەموو هەوڵێكمان بۆ داوە، وەك دابەشكردنی زەوی و دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەهاوكاری دەستەی وەبەرهێنان، ئەمە بێجگەلەوەی كە 1500 شوقەمان بەهاوكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ خەڵكانی هەژار و كەسوكاری شەهیدان دروستكردووە، دابەشكردنی ئەو شوقانەش كە بە شوقەكانی (هاناستی) ناسراوە، لەڕێگەی فۆرم و كۆكردنەوەی خاڵ و شێوازێكی زۆر وردی كۆمپیوتەری بووەو هیچ جۆرە كەموكوڕییەك و فرت وفێڵێكی تیانەكراوە».
جێگری پارێزگار ئەوەش دەخاتەڕوو كە نزیكەی (90 هەزار) یەكەی نیشتەجێبوون لەسنووری پارێزگای هەولێر بۆ سەرجەم چین و توێژەكان دروستكراوەو سیاسەتی حكومەتیش وایە بەهاوكاری وەزارەتی ئاوەدانكردوە بودجەیەكی تایبەتی بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون تەرخاندەكرێت، كە ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەبێت زیاتر لە (3000) یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكرێت تەنانەت شارو شارۆچكەكانیش بەپێی رێژەی دانیشتووان بەشی خۆیان بەردەكەوێت، كە بەشێكی زۆر لەو یەكانە ئەمساڵ تەواودەبن و بەشێكی تریشیان لە ساڵی 2015 كۆتاییان پێدێت». گوتیشی «پڕۆژەی گوندی كۆری تایبەتە بە خەڵكی كەمدەرامەت و هاوڵاتیانیش ئاگاداردەكەینەوە كە هەر پڕۆژەیەك هەبێت بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت بەشێوەیەكی زۆر شەفاف كاری لەسەردەكرێت و بەپێی مەرجەكان خەڵك دەتوانن سوود لەو پڕۆژانە وەربگرن و مەرجەكانیش زۆر جار لەكاتی خۆی رادەگەیەنرێت ڕەنگە سەرەكیتریان كەسانی خێزاندار و كرێچی و كەم دەرامەت بێت».
ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەكوردستان دروستكراون وپێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێ
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕی دەستەی وەبەرهێنان (سامان عارەب سادق) هێما بۆ ئەوە دەكات، كە «بڕیارەكانی ژمارە (45) و (46) كە لەساڵی 2008 لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەركران، تایبەت بووە بە هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی یەكەیەك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكڕن، كە نیوەی پارەكەیان بۆ دابین دەكرا بە وەرگرتنەوەی لە ماوەی دەساڵ، كە دیارترینیان پڕۆژەی لاوان و پڕۆژەی ئاشتی و پڕۆژەی شاری زێڕین بووە لەشاری هەولێر، چەندین پڕۆژەی هاوشێوە لەشارەكانی دهۆك و سلێمانی ئەنجام دراون»، گوتیشی «بێگومان ئەو كەسانەی كە لەم بڕیارانە سوودمەند بوون، بریتیبوون لە كەسوكاری شەهیدان و كەسانی كەمئەندام، هەروەها ئەو گەنجانەی كە تەمەنیان لەنێوان (18 تا 30) ساڵ بووە، ئەوەشدەخاتەڕوو كە ئێستا سەرجەم پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ڕاگیراون، سەبارەت بە هۆكارەكانیشی گوتی «ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەكوردستان دروستكراون، كە پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێ، بۆیە لەناوەڕاستی ساڵی 2012 بەفەرمی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون راگیران، بڕیاریش درا لێژنەی تایبەت لەگشت فەرمانگەكان پێكبهێنرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بكرێت». وەك دوا قسەشی وتی «ئێستا بڕیار دراوە بە دروستكردنی سێ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی كوردستان، بەڕێز سەرۆكی حكومەتیش جەختی لەوە كردووەتەوە كە زیاتر خەڵكانی كرێچی و كەمدەرامەت لێی سوودمەندبن».
خاوەن كۆمپانیاكان خۆیان بە خزمەتكار دەزانن
سەردار ئاكرەیی بەڕێوبەری كۆمپانیای رۆڵسن بۆ دروستكردنی خانوو، دەڵێت «ئێمە تائێستا چەندین پڕۆژەمان لەناو شاری هەولێر بۆ دروستكردنی خانوو ئەنجامداوە، سەرەتا (شاری ئالان)مان دروستكرد كە شارێكی زۆر ئاسایی بوو، هەر خانوویەكمان بە پێنج دەفتەر دۆلار فرۆشت، كە نرخێكی زۆر هەرزان بوو، بەماوەی دوو ساڵ قیست دراوە هەر شەش مانگ قیستێكمان وەرگرت و پێشەكییەكەی تەنیا (125هەزار دۆلار) بوو، زۆربەی ئەوانەی وەریانگرت،خەڵكی فەقیر و هەژاربوون و باری داراییان خراپ بوو، دەتوانم بڵێم شاری ئالان لەڕووی نرخەوە هەرزانترین شار بووە، دوای ئەوەش (شاری هەنگ) بوو كە نرخەكەی تەنیا (60 هەزار دۆلار) بوو كە بەقیست دەدرێت، ئێمە زۆر هەرزان و بەنرخی گونجاو هەموو پڕۆژەكان بە هاووڵاتیان دەفرۆشین، چونكە دەمانەوێت هەموو هاووڵاتییەك سوودمەند بێت، مەبەستمان ئەوەیە گەنجان وهەژاران ببن بەخاوەنی خانووی خۆیان، واتا ئێمە تەنیا مەبەستمان خزمەتكردنی خەڵكەو نامانەوێت لەسەر حسابی خەڵك ببین بە سەرمایەدار».