کەمئەندامانی کوردستان: دوای حەڤدە ساڵ کارکردن یەک لایەن پیرۆزبایی لێ نەکردووین
June 8, 2013
کۆمەڵایەتی
سەرۆکی مەڵبەندی گشتیی سلێمانیی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان "عومەر کەریم" بە ئاژانس و رادیۆی پەیامنێری راگەیاند: "ئێمە زۆر نیگەرانین لە حکومەت و لایەنەکەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو لایەنانەش لەناو حکومەتدا نین بەهۆی ئەوەی تاکو ئێستا تەنها پیرۆزباییەکمان بۆ نەهاتووە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەکەمانەوە."
عومەر کەریم گوتی: "تاکو ئێستاش یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان جێبەجێ نەکراوە کە ئێمە ئومێدمان وابوو ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی یەکێتیەکەمان بکەینەوە کە بار و گوزەرانی کەمئەندامان زۆر باش بووبێت بەڵام بەداخەوە پێشبینیەکانمان وادەرنەچوون."
راشیگەیاند: "دەتوانین بڵێێن هیچ لایەنێک لە هەرێمی کوردستاندا لە خەمی کەمئەنداماندا نییە لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕوان بووین حکومەت وەکو چەترێک وابێت و لەژێر ساباتی خۆیدا تاوێک ئازارەکانمان کەم بێتەوە."
سبەینێ لە شاری سلێمانی سەرجەم کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان پرسە رادەگەیەنن و جلی رەش دەپۆشن بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داخوازیەکانیانەوە.