هاوسەرانی تەمەن 15 – 20 ساڵان بە‌رزترین ڕێژەی تەڵاق پێكدەهێنن

هاوسەرانی تەمەن 15 – 20 ساڵان بە‌رزترین ڕێژەی تەڵاق پێكدەهێنن
گەرچی لە ئاستی زۆربەی وڵاتانی دنیادا هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی بە كارێكی نەشیاو و زیانبەخش دادەنرێ، كەچی ڕۆژانە 25 هەزار كچ لەخوار تەمەنی 18 ساڵی لەوڵاتە تازەپێگەیشتووەكاندا هاوسەرگیری دەكەن، هەروەها لە وڵاتانی ئیسلامیدا ئەو دیاردەیە ڕێپێدراوەو رێژەیەكی زۆری هاوسەرگیرییەكانی ژێر تەمەنی یاسایی، جیابووەنەوەو كێشەگەلی دیكەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە. بەپێی ئامارێكی دادگای باری كەسی لە هەرێمی كوردستانیش هاوسەرانی تەمەنی 15 – 20 ساڵان بە‌رزترین ڕێژەی تەڵاقیان لە ساڵی رابردوو هەبووە.لە ترسی ئەوەی كچ خۆشەویستی نەكات زوو بە مێردی دەدەن
ئامارێك ئاشكرای دەكات كە ڕۆژانە 25 هەزار كچ لەخوار تەمەنی 18 ساڵی لەوڵاتە تازەپێگەیشتووەكاندا هاوسەرگیری دەكەن، ئایا كوردستانیش یەكێك نییە لەو وڵاتانە؟
مەهدی ساڵح راوێژكاری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت «من ناتوانم بلێم كوردستان یەكێك نییە لەو وڵاتانە. گومانم لەوەدا نییە كە لە كوردستانیش ئەو دیاردەیە هەیە و هۆكارەكانیشی بەرچاون. لەوانە ئێمە لە كوردستان كۆمەڵگەیەكی داخراومان هەیە. كچ و كوڕ ناتوانن یەكتر ببینن و دوای تەفاهوم بەیەكتر بگەن. بۆ ئەوەی ئەو تەلیسمە بشكێنن ئەوا زەواجێكی پێشوەختە دەكەن. هۆكاری دیكە ئەوەیە كە ئاستی رۆشنبیری هەندێك خێزان زۆر نزمە و لەگەڵ یەكەم هەست كردن بەوەی كە كچەكەیان خەریكە گەورەدەبێت، لەترسی ئەوەی خۆشەویستی نەكات و بە بۆچوونی خۆیان تووشی شەرمەزاری نەبن، خۆیان وتەنی بۆ پاراستنی ئابڕوویان ئەوا كچەكە بە مێرد دەدەن. هۆكارێكی دی ئەوەیە كە دەبینین كوڕێك لە خانەوادەیەك كاتی ئەوەی هاتووە هاوسەرگیری بكات، ئەوا بۆ ئەوەی كوڕەكە كچێكی بێگانە نەهێنێت، كچێكی خزم هەرچەندە منداڵیش بێت، لە كوڕەكە مارەدەكەن. ئەمانە و چەندین هۆكاری دی وا دەكەن هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی ئەنجام بدرێت».
كچان دەبێت خۆیان دژی ئەوە بوەستنەوە كە لە ژێر تەمەنی یاسایی بە شوو بدرێن
توێژەری كۆمەڵایەتی حازم عەلی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵناسان باشترین تەمەنی هاوسەرگیریان بۆ كچان تەمەنی 20-30 ساڵی و بۆ كوڕانیش 25-35 ساڵی پێشنیاركردووە و بەشیاوی دەزانن، بێگومان لەم تەمەنانە كچان و كوڕان گەیشتوونەتە ئاستێكی پێگەیشتوویی دەروونی، ئەقڵی، جەستەیی و بڕێكیش ئەزموونیان لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا كۆكردووەتەوە، كە بتوانن لەكاتی هاوسەرگیری و لەژیانی خێزانیدا بەكاری بهێنن. زوو هاوسەرگیری كردن وەك مەسەلەیەكی خراپ لەپەرەسەندندایەو كچان و كوڕان هەڵپەیانە لە تەمەنێكی زوودا هاوسەرگیری بكەن، بەتایبەت بەشوودانی كچان لە تەمەنێكی زوودا دەرئەنجامی ئەو بیركردنەوە شمولیەیە كە سەرپەرشتی خێزان بە مافی خۆی دەزانێت بەهەموو شێوەیەك لەباتی ئەندامەكانی بریار بدات و سەربەخۆییان لێوەربگرێتەوە. وتیشی «پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەكی دەروونی، كۆمەڵایەتی، یاسایی و شەرعییە هەر كەموكورتییەك هەبێت یان ئامادەباشییان نەبێت، بە زیانی پرۆسەكە دەشكێتەوە.
ئاسوودەنەبوونی ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن، وادەكات گرێیەكی گەورە لە دەروونیاندا دروست بێت كە لەڕێی هەڵسوكەوتی رۆژانەوە گوزارشتی لێدەكەن، هەر بۆیە ئەو رەفتارانەی لەلایەن یەكێكیانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەگەر مایەی قبووڵی بەرامبەرەكەی نەبێت، ئەوا پەرچەكرداری هاوشێوە ئەنجام دەدرێت و لێرەوە خاڵێك بۆ گرفتەكان دادەنرێت».
حازم عەلی ڕایوایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو نەهێشتنی دیاردەی زوو بەشوودانی كچان ڕاگەیاندنەكان دەتوانن رۆڵی بەرچاو ببینن بۆ هۆشیاركردنەوەی خێزان، وتیشی «مزگەوتیش دەكرێت ڕۆڵی لەم بابەتەی هەبێت و مامۆستایانی ئایینی سەبارەت بە زیان و پێشێلكردنی مافی كچان، خێزانەكان ئاگادار بكەنەوە. هاوكات لەڕووی یاساییشەوە سزایەكی توند بۆ ئەم بابەتە دابنرێت و رێگەنەدرێت زیاتر پەرەبسێنێت. بەپلەی یەكەمیش كچان دەبێت خۆیان لە دژی ئەوە بوەستنەوە كە لە ژێر تەمەنی یاسایی شوو نەكەن، ئەوەش لەئەستۆی كچان خۆیاندایە».
هەڕەشەی خۆكوشتن دایك و باوكان ناچار دەكات بە هاوسەرگیری منداڵیان لەتەمەنێكی كەمدا ڕازی بن
لەكۆمەڵگەی خۆماندا زوو بەشوودانی كچ و دواتر جیابوونەوەی، دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و دەڤەری گەرمیانیش پشكی شێری بەركەوتووە. نەغەدە محەممەد ساڵح بەرپرسی ئەنجومەنی دەڤەری گەرمیانی یەكێتی ئافرەتان كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت «لەدەڤەری گەرمیان زوو بەشوودان بۆتە دیاردەیەكی مەترسیدار و قەیرانێكی كۆمەڵایەتی گەورەی دروستكردووە»، نەغەدە محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هۆكارەكانی هاوسەرگیری لە تەمەنێكی زوودا زۆرن، دیارترینیان ئەوەیە كە كچان و كوڕانی ئێمە كە تەمەنیان دەگاتە 13_14ساڵ پەیوەندییەكی ناتەندروست لەگەڵ یەكتر دروست دەكەن و بە هەڕەشە و ترساندن دایك و باوك ناچار دەكەن بەم زەواجە رازی ببن، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە گەرمیان كچێكی 13_ 14 ساڵان خۆی سووتاند، لەبەر ئەوەی باوكی بەوە ڕازی نەبووە لەو تەمەنەدا بەشوو بدرێت، بۆیە هەندێك لەو كچانە لەلایەن خێزانەكانیانەوە هیچ فشاریان لەسەر نییەو زۆربەیان بە ڕەزامەندی خۆیان لەم تەمەنەدا هاوسەرگیری دەكەن، زۆرجاریش تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك لە هاوسەرگیرییەكە بە تەڵاق كۆتایی پێدێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە لەنێوان تاكەكانی خێزان پەیوەندییەكی رۆحی و ئامادەیی و ئەزموونی خێزانداری بوونی نییە، بۆیە نەتوانراوە لەنێوان ئەندامانی خێزان دیالۆگ و گفتوگۆی فراوان بكرێ، ئەوەش وادەكات منداڵەكان گوێڕایەڵی دایك و باوكیان نەبن»، گوتیشی «مرۆڤ لە تەمەنی هەرزەكاریدا كەسێكی كامڵ نییە، بەڵكو منداڵێكی گەورەیە، هەرچەندە هەندێكجار پاڵنەری ئابووری دەبێتە هۆكارێكی دیكەی ئەو بابەتە، بۆ نموونە ئافرەتی بێوەژنمان هەیە پێنچ شەش كچی هەیە، كچەكانی یەك یەك لە تەمەنێكی بچووك بەشوو دەدات، لەبەرئەوەی توانای بەخێوكردن و هەڵگرتنی مەسئولییەتی ئەو كچانەی نییە، ئێمە یاسایەكمان هەیە كچان تاوەكو تەمەنی 16 ساڵی بۆیان نییە زەواج بكەن، ئەگەر هاتوو ئەو یاسایەمان گۆڕی و كردمان بە 18 ساڵ، رەنگە ئەو گەنجانە پەنا بۆ شتی خراپتر ببەن و بەشێوەی دیكە پەیوەندی دروست بكەن، من چارەسەر لەوەدا دەبینمەوە پێویستە پێگەیاندن و دروستكردنی ئیرادەی كچان و كوڕان لە پەروەردەوە دەست پێبكات، چونكە زۆربەی دایكەكان كارمەندن و كاردەكەن، ئافرەتی واهەیە بەیانیان دەوامی هەیەو ئێواران دەوامێكی دی دەكات و شەو بە شەو دێتەوە ماڵ، هەرئەوەندە فریا دەكەوێت خواردنێك دروست بكات بۆ منداڵەكانی، كاتی ئەوەی نابێت سەعاتێك ئامۆژگاری منداڵەكانی بكات و گوێ لەكێشەكانیان بگرێت».
زۆربەی كوڕ و كچان لەرێگەی فەیسبووكەوە هاوسەرگیری دەكەن
ئاواز عەلی عەبدوڵڵا، وەك دەروونناسێك هۆكاری ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە تەمەنێكی زوودا بە پلە یەك بۆ «تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت و مۆبایل»، دەگێرێتەوە و دەڵێت «ئێستا وای لێهاتووە زۆربەی كوڕ و كچان لەرێگەی فەیسبووكەوە هاوسەرگیری دەكەن و پاشان دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم یەكتریان لەبەر چاو دەكەوێت و لەیەكتر جیادەبنەوە، ئێستا كێشەیەكمان لایە كچێك لەرێگەی مۆبایل و فەیسبووك لەگەڵ پیاوێك پەیوەندی بەستووە و بەڵێنی پێداوە زەواجی لەگەڵ بكات، لەكاتێكدا ئەو پیاوە هاوسەر و دوو منداڵیشی هەیە، هەروەها زۆربەی پیاوەكان لەبەیانییەوە تاوەكو ئێوارە لەدەرەوە خەریكی ئیش و كارن، شەوانەش كە دەگەڕێنەوە ماڵ لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ منداڵەكانی دابنیشێت، شەو تابەیانی خەریكی كۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت دەبێت، بەهەمان شێوە هەندێ ئافرەت دەناسم دایكی پێنچ منداڵە لەپشت مێزەكەی دڵداری دەكات، پەروەردەی منداڵەكانی فەرامۆش دەكات و ئەو دوورییەی نێوان دایكان و باوكان لەگەڵ منداڵەكانیان وادەكات كوڕ و كچانی هەرزەكار بڕیاری نادروست بدەن».
ئایینی ئیسلام رێگەی بە مارەكردنی كچی ناباڵغیش داوە
مامۆستا مەلا هێمن شارەستێنی جەخت لەوە دەكاتەوە كە هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی (18 ساڵان) لە ڕووی شەرعەوە دروستە، وتیشی «بەلای زۆربەی زانایانی ئایینی مارەكردنی كچێك كە باڵغیش نەبووبێت، رێگەپێدراوە، پێغەمبەری خوا (د.خ) خاتوو عایشەی دایكی ئیماندارانی مارە كرد كە تەمەنی حەوت ساڵان بوو، ئەوەش بە مەرجێك دروستە كە باوكی یان سەرپەرشتەكەی بۆ بەرژەوەندی ئەو كچە ئەو كارەكە بكات. ئەوانەشی تەڵاق دەدرێن لەبەر ئەوە نییە كە پێش 18 ساڵی بەشوودراون، بەڵكو هۆكاری گەورەی ئەو دیادەیە تێكەڵاوكردنی كوڕ و كچە لە قوتابخانەكان، بەهۆی عیلاقەی ناشەرعی یەكتر دەناسن و كە بانگەشەی خۆشەویستی بۆ دەكەن، لە تەمنێكی زوودا كە تەمەنی ژنهێنان و شووكردن نییە، بەڵام لەو پێوەندییە ناشەرعییە تەنیا ئارەزووی سێكسی پاڵیان پێوەدەنێت بۆ هاوسەرگیری، پاش ماوەیەك ئەو حەز و ئارەزووە دادەمركێتەوە و نە كچە ئەو كچەی جارانە كە خۆی بۆ ئارایشت دەكرد و سەرنجی رادەكێشا، نە كوڕەش ئەو كوڕە دەبێت كە ڕۆژی سەد شیعری بە كچەكەدا هەڵدەگوت و لێرەوە شەڕ و ناكۆكی روودەدات».
زانستی پزیشكی زوو شووكردنی كچان رەتدەكاتەوە
بەڵام د. سەبریە خدر پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و نەزۆكی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە زوو شووكردنی كچان لە ڕووی جەستەییەوە مەترسیدارە، چونكە «زۆرجار بەهۆی بچووكی تەمەن منداڵبوونیان دوادەكەوێت و لە دەرەنجامی بە كارهێنانی دەرمانی زۆر و خۆدانە دەست دكتۆر و دەرزی و دەرمان تووشی موزاعەفات دەبن، كە دووگیانیش دەبن منداڵدانیان بە باشی گەشەی نەكردووە، ڕەنگە تووشی لەبارچوونی ببن، هەروەها لە كاتی منداڵبووندا بەرگەی ژانی منداڵبوون ناگرن و دووچاری نەشتەرگەری دەبنەوە، ئەوانە و كۆمەڵێ گرفتی دیكەی لابەلا دووچاری ئەو تەمەنە دەبێتەوە»، گوتیشی «زانستی پزیشكی ئەوەی دەرخستووە كە باشترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری و دووگیان بوون تەمەنی 20 تا 30 ساڵییە، واتا چۆن زۆری تەمەنی دایك بێ گرفت نییە لە هەمان كاتیشدا بچووكی تەمەنیش گرفت و كێشەی خۆی هەیە و زۆریش مەترسیدارە».
لەهەرێمی‌ كوردستاندا شانبەشانی‌ پرۆسەی‌ هاوسەرگیری‌ ژمارەیەكی‌ زۆر حاڵەتی‌ جیابوونەوە لە دادگاكاندا تۆماركراون لەساڵی‌ (2012)دا، 50 هەزار و 41 گرێبەستی‌ هاوسەرگیری‌ ئەنجامدراوە و لەبەرامبەردا زیاتر لە 5 هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار كراوە‌. گەر سەیری ئامارێكی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر بكەین دەبینین هاوسەرانی تەمەن 15 – 20 ساڵان بە‌رزترین ڕێژەی تەڵاقیان لە ساڵی رابردوو هەبووە. ئەمەش دەقی ئامارەكەیە:





Top