ئافره‌تێك له‌ ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو ده‌رده‌كرێ

ئافره‌تێك له‌ ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو ده‌رده‌كرێ
-د. رۆزه‌ عبدوڵڵا : له‌ رووی یاساوه‌ هه‌ر ئافره‌تێك هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی له‌سه‌ر بێت دادگا خۆی فایلێكی بۆ ده‌كاته‌وه‌وهه‌ر كاتێكیش كێشه‌ی نه‌ما خۆی فایله‌كه‌ی داده‌خات ، ئه‌و دبێت ئافره‌ته‌ كه‌ شوێنی داڵده‌ دان جێبهێڵێت
-ئافره‌ته‌ ده‌ركراوه‌كه‌: براكانم به‌ ته‌له‌فۆن هه‌رِه‌شه‌ى كوشتنم ده‌كه‌ن و شه‌لته‌ریش به‌بىَ پاره‌ ئاواره‌ى جاده‌یان كردم
-به‌رِێوه‌به‌رى به‌دواداچوونى توندوتیژى دژ به‌ئافره‌تان: كه‌س ناتوانىَ به‌زۆر په‌نجه‌مۆر به‌ كه‌س بكات، هه‌ركاتێكیش بیه‌وىَ ده‌توانىَ بۆ شه‌ڵته‌ر بگه‌رِێته‌وه‌
-به‌رِێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان: پێویسته‌ جه‌نابى وه‌زیر خۆى له‌و كه‌یسه‌ بكۆڵێته‌وه‌و ئه‌و ئافره‌ته‌ پارێزگارى له‌ژیانى بكرێت

گولاَن - كۆمه‌لاَیه‌تى

ئافره‌تێك وێرِاى ئه‌وه‌ى هه‌رِه‌شه‌ى كوشتنی له‌سه‌ره‌و جێگه‌و رِێگه‌ى مانه‌وه‌شى نییه‌، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو ده‌ركراوه‌، به‌رِێوه‌به‌رى به‌دواداچوونى توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌تان هه‌واڵه‌كه‌ پشترِاست ده‌كاته‌وه‌، به‌رِێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستانیش داواده‌كات شه‌خسى وه‌زیر له‌و كه‌یسه‌ بكۆڵێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌ژیانى بكرێت.


نهێنییه‌كانى ژیانى و چۆنیه‌تى ده‌ركردنى له‌ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو

فاتیمه‌ ته‌مه‌نى له‌سه‌رووى چل ساڵه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هۆكارێكى كۆمه‌لاَیه‌تى بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو په‌نا دراوه‌و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌م رِۆژانه‌دا به‌بىَ ویستى خۆى له‌و ماڵه‌ ده‌ركراوه‌. ئه‌و به‌ نیگه‌رانییه‌كى زۆره‌وه‌ نهێنییه‌كانى ژیانى و چۆنیه‌تى ده‌ركردنى له‌ ماڵى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌ لێكراو به‌مجۆره‌ بۆ گولاَن ده‌خاته‌رِوو:

"دواى مردنى مێرده‌كه‌م ماڵى بابم نه‌یانهێشت پێنچ منداڵه‌كه‌ى خۆم به‌خێوبكه‌م، به‌زۆر منیان به‌ پاره‌یه‌كى زۆر به‌مێرد داوه‌، هێنده‌ى نه‌برد كورِه‌ گه‌وره‌كه‌م به‌ر ته‌قینه‌وه‌ كه‌وت، بێئه‌وه‌ى دواى مێردكردنه‌وه‌م جارێكیش بیبینم، منیش جه‌رگم سووتاو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دڵم له‌ كه‌سوكاره‌كه‌م شكاو هاتوچۆیانم نه‌ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ى پیاوه‌كه‌م زۆر زۆر خراپ بوو، ته‌نیا به‌قسه‌ ژنى ئه‌و پیاوه‌ بووم و حیسابى خزمه‌تكارێكیشى بۆم نه‌ده‌كرد، ژن و كۆمه‌ڵێك منداڵى گه‌وره‌شى هه‌بوو، ماڵه‌ خه‌زوورانم له‌ناو یه‌كتریش كێشه‌یان زۆر بوو، هه‌رِه‌شه‌ى كوشتنى من و مێرده‌كه‌شم ده‌كرا، منیش به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ماڵى بابم په‌یوه‌ندیم نه‌مابوو، له‌رِێگه‌ى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى به‌دواداچوونى توندوتیژى دووساڵ پێش ئێستا چوومه‌ شه‌ڵته‌ر و دواى سىَ رۆژ له‌ هه‌ڵاتنى من، یه‌كێك له‌ كورِه‌كانى مێرده‌كه‌م بابى خۆى كوشت، ئه‌وكات به‌هارخان به‌رِێوه‌به‌ر بوو، هه‌تا ئێستا گله‌ییم له‌ به‌هارخان نییه‌، چونكه‌ به‌رِێوه‌به‌رێكى زۆر رێكوپێك بوو، زۆر رێزی لێده‌گرتم و متمانه‌ى ته‌واویان پێم هه‌بوو، تائه‌و راده‌یه‌ى كه‌ كامه‌ كه‌یس قورِس بوو، به‌منیان ده‌سپارد، ده‌رمانى نه‌خۆشه‌كان من دابه‌شم ده‌كرد، به‌ جه‌رگسووتاوى شه‌و تابه‌یانى خزمه‌ت و چاودێرى ئافره‌ته‌كانم ده‌كرد".

ته‌نیا عه‌یبم ئه‌وه‌ بوو پارێزگاریم له‌گیان و شه‌ره‌فى ئافره‌تانى ناو شه‌ڵته‌ر ده‌كردبه‌یان كاتێك باسى كورِه‌كه‌ى ده‌كرد كه‌ به‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌یه‌كى تیرۆریستان كوژراوه‌، ده‌نگى ده‌له‌رزى و فرمێسكه‌كانى به‌ سه‌ر گۆنایدا ده‌هاته‌ خوارىَ، دواى ئه‌وه‌ى فرمێسكه‌كانى سرِییه‌وه‌، باسى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ له‌ شه‌ڵته‌ر به‌ هۆى دڵسۆزییه‌كانى كراوه‌ته‌ چاودێرى شه‌وانه‌ و چوار مانگ مووچه‌یان پێداوه‌، ئه‌و به‌ خه‌مبارییه‌كه‌ى زۆره‌وه‌ به‌مجۆره‌ درێژه‌ى به‌ قسه‌كانى دا:
"من چێشتم بۆ په‌نجا كه‌س دروستده‌كرد، زۆر دڵسۆزانه‌ كارم ده‌كرد. ته‌نانه‌ت د.عارف حیتۆ له‌ رِۆژى جیهانى ئافره‌تان خه‌ڵاتى رِێزلێنانى پێشكه‌شكردم و هه‌میشه‌ ده‌یگوت تۆ دایكه‌ شه‌هیدى و تاجى سه‌رى ئێمه‌ى، به‌ڵام كاتێك ستافى نوىَ هاتن، ستافى كۆنیان هه‌موو ده‌ركرد، منیش یه‌كێك بووم له‌وان، ئه‌و به‌رِێوه‌به‌ره‌ش كه‌ دواى به‌هارخان هات، به‌ ماوه‌ى یه‌ك مانگ به‌ده‌ریان نا، سه‌ره‌تاى مانگى نیسان بوو، به‌رِێوه‌به‌رى نوىَ بانگى كردم و گوتى: برِۆ بۆ لاى رۆزه‌خان كه‌ به‌رِێوه‌به‌رى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ چووم نه‌یانهێشت بیبینم، نه‌فه‌رێك كه‌ ناوى حاجى كامه‌رانه‌ به‌ ئسلوبێكى زۆر ناشیرین گوتى: تۆ جێگه‌ت له‌ شه‌ڵته‌ر نه‌ماوه‌و ده‌بىَ برِۆى، منیش گه‌رِامه‌وه‌ شه‌ڵته‌ر، ده‌ستمدایه‌ جانتاكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى برِۆم، به‌ڵام گوتیان هه‌تا په‌نجه‌مۆر نه‌كه‌ى، نابىَ برِۆى، گوتم: من په‌نجه‌مۆر ناكه‌م، چونكه‌ به‌ زۆر ده‌رم ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌بوو ماوه‌ى دوو رۆژ منیان له‌شه‌ڵته‌ر حجز كرد، دواجار نه‌قیب ژیله‌مۆ هات و به‌زۆر په‌نجه‌مۆری پێكردم، گوتم: پاره‌م پێ نییه‌، با مووچه‌كه‌م وه‌ربگرم، ئینجا ده‌رِۆم، به‌ڵام قبووڵى نه‌كرد و گوتى: كه‌ى مووچه‌ هات، وه‌ره‌ وه‌رى بگره‌، ئه‌وه‌ بوو به‌بىَ ئه‌وه‌ى مووچه‌كه‌م وه‌ربگرم و به‌بىَ پاره‌ ده‌ریان كردم، له‌كاتێكدا من هه‌رِه‌شه‌ى كه‌سوكارم له‌سه‌ره‌و له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ هیچ جێگه‌یه‌كم نییه‌ و كه‌وتوومه‌ته‌ سه‌رشه‌قام ، براكانم ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك بتبینین ده‌تكوژین، بۆیه‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك نینۆكم به‌خوێن بىَ، نه‌ له‌ رۆزه‌ خان و نه‌ له‌ حاجى كامه‌ران و نه‌ له‌ تاڤگه‌خان و نه‌ له‌ نه‌قیب ژیله‌مۆ خۆش نابم، پاشان شه‌ڵته‌ر ماڵى حكومه‌ته‌و ماڵى بابى كه‌س نییه‌، منیش ته‌نیا عه‌یبم ئه‌وه‌ بوو كه‌ پارێزگاریم له‌گیان و شه‌ره‌فى ئافره‌تانى ناو شه‌ڵته‌ر ده‌كرد".

پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ بكرىَ
مهاباد قه‌ره‌داغى به‌رِێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان بۆ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه‌ بۆ گولاَن گوتى "دیاره‌ شه‌ڵته‌ر بۆ ئه‌وه‌ دروستكراوه‌ كه‌ پارێزگارى له‌ ژیانى ئه‌و ئافره‌تانه‌ بكات، كه‌ مه‌ترسى كوشتنیان له‌سه‌ره‌، فاتیمه‌ش كه‌ وه‌ك كه‌یسێك هاتۆته‌ شه‌ڵته‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆكار بووه‌و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى هه‌بووه‌، ئه‌و مه‌ترسییه‌ش تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ژیانى به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ش ئاگاداركراینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌زۆر ئیمزاى پێكراوه‌ و له‌ شه‌ڵته‌ر ده‌ركراوه‌، به‌لاَم چه‌ندین حاله‌تى دیكه‌ى وه‌ها هه‌بووه‌، كه‌ به‌ ته‌عه‌هود و ئیمزاى خۆى چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌چى دوایى له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه‌ كوژراوه‌، ئه‌گه‌ر فاتیمه‌ هه‌ر شتێكى به‌سه‌ربێت، ئه‌وا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م به‌رِێوه‌به‌رانى شه‌ڵته‌ر و ئه‌وانه‌ى كه‌ ئیمزایان به‌زۆر پێكردووه‌ ، هه‌روه‌ها خودى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى كه‌ له‌و شه‌ڵته‌ره‌ به‌رپرسیاره‌، به‌رپرسیار ده‌بن، به‌پێویستى ده‌زانم وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ بكه‌ن و ئه‌و ئافره‌ته‌ بگه‌رِێندرێته‌وه‌ بۆ شه‌ڵته‌ر، چونكه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ جگه‌ له‌وه‌ى وه‌ك كه‌یسێك له‌وىَ بووه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ هه‌مانه‌، به‌دیاركه‌وتووه‌ كه‌ كه‌سێكى گونجاو بووه‌ بۆ به‌رِێوه‌بردنى شه‌ڵته‌ره‌كه‌و راگرتنى به‌شێوه‌یه‌كى رێكوپێك وه‌كو فه‌رمانبه‌رێك بووه‌ و وه‌كو ماڵى خۆى پارێزگارى لێكردووه‌، من وه‌ك چالاكوانێكى مه‌سه‌له‌ى ئافره‌تان و به‌رِێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان بۆ پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ ده‌خه‌مه‌ ئه‌ستۆى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى كه‌ به‌رپرسه‌ له‌و شه‌ڵته‌ره‌، ئه‌گه‌رنا رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ بێنه‌ده‌نگ، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك ئه‌و دۆخه‌ى لىَ نه‌یه‌ت كه‌ له‌كه‌لار روویدا كه‌ ئافره‌تێك له‌شه‌ڵته‌ر هێندرایه‌ ده‌ره‌وه‌ و دواتر كوژرا، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ش به‌ده‌ردى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ نه‌چێت، پێویسته‌ به‌زووترین كات وه‌زاره‌ت به‌رپرسیارێتى له‌ئه‌ستۆ بگرێت و خودى جه‌نابى وه‌زیر له‌م كه‌یسه‌ بكۆڵێته‌وه‌و ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ كه‌رامه‌تى خۆى بگه‌رِێندرێته‌وه‌ و پارێزگارى له‌ژیانى بكرێت".

هه‌ركاتێك بیه‌وىَ ده‌توانىَ بۆ شه‌ڵته‌ر بگه‌رِێته‌وه‌
له‌لاى خۆیه‌وه‌ رائید ژیله‌مۆ عبدولقادر به‌رِێوه‌به‌رى به‌دواداچوونى توندوتیژى دژ به‌ئافره‌تان، سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس گوتى " كه‌س ناتوانىَ به‌زۆر په‌نجه‌مۆر به‌ كه‌س بكات، ده‌شتوانن هۆكاره‌كانى له‌ وه‌زاره‌تى كار بپرسن، چونكه‌ شه‌ڵته‌ر ئێمه‌ نییه‌، ئه‌و ئافره‌ته‌ وه‌كو كه‌یس چۆته‌ شه‌ڵته‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌سێكى باش بووه‌، به‌گرێبه‌ست كراوه‌ته‌ چاودێر و مووچه‌شى پێدراوه‌، كاتێك به‌رِێوه‌به‌رى شه‌ڵته‌ر گۆرِاوه‌، سیسته‌مى شه‌ڵته‌ره‌كه‌شیان گۆرِیوه‌، چاودێرێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ هێناوه‌و به‌و ئافره‌ته‌شیان وتووه‌ تۆ وه‌كو كه‌یسێك بۆت هه‌یه‌ لێره‌ بمێنیته‌وه‌، به‌لاَم ئه‌و رازى نه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ نووسراوى ئێمه‌ چووبووه‌ شه‌ڵته‌ر، ده‌بىَ به‌ ئاگادارى ئێمه‌ش ده‌ربچێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ شتێكى لێهات، ئێمه‌ به‌رپرس نه‌بین، هه‌ركاتێكیش بیه‌وىَ ده‌توانىَ بگه‌رِێته‌وه‌ بۆ شه‌ڵته‌ر شه‌ڵته‌ر ماڵى حكومه‌ته‌ و ماڵى كه‌س نییه‌، ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كات ئێستا بێت من ده‌ینێرمه‌وه‌ شه‌ڵته‌ر، ورده‌كارییه‌كانیش ده‌توانن له‌ وه‌زاره‌تى كار بپرسن".
بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و كێشه‌یه‌ د. رۆزه‌ عه‌بدوڵڵا به‌رِێوه‌به‌رى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ گولاَن ده‌ڵێت : ماڵی داڵده‌دانی هه‌رِه‌شه‌لێكراو بۆ ئافره‌تانه‌ دامه‌زراون كه‌له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی كوشتندان ، ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌ شونێنی تریان نییه‌ ، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ وه‌ك حكومه‌ت‌ كه‌ ژیانی ئه‌م ئافره‌ته‌ بپارێزێت جێگه‌ی بكه‌ینه‌وه‌ ،لێره‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی دادگاو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژ به‌ئافره‌تان دادوه‌ره‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ ده‌كه‌ین و هاوكاری ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌كه‌ین بۆ پاراستنی ژیانیان . له‌ رووی یاساوه‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی له‌سه‌ر بووه‌ ، ئه‌وه‌ نه‌به‌قسه‌ی منه‌ نه‌ به‌قسه‌ی كه‌سێكی تر دادگا فایلێكی بۆ ده‌كاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ش هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی له‌سه‌ر نه‌ماو هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌ما ئه‌و كاتیش هه‌ر دادگا فایله‌كه‌ی به‌ گوێره‌ی یاسا داده‌خات . ئه‌و كات ئافره‌ته‌ كه‌ پێویسته‌ شوێنی داڵده‌ دان جێبهێڵێت ، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ئافره‌ته‌كه‌ خۆی بڵێت هیچ گرفتێكم نه‌ماوه‌ . ئه‌و كات به‌پێی یاسا و به‌ واژووی دادوه‌ره‌كه‌و په‌نجه‌ مۆری خۆی ئافره‌ته‌كه‌ شوێنی داڵده‌دان به‌جێده‌هێڵێت .
سه‌باره‌ت به‌وه‌ ئافره‌ته‌ی كه‌ له‌ داڵده‌دانی ئافره‌تان ده‌ركراوه‌ ‌د. رۆزه‌ ووتی " له‌رووی یاساوه‌ هیچ گرفتێكی نه‌ماوه‌ به‌پێی یاسا و واژووی دادوه‌ره‌كان و په‌نجه‌مۆری خۆشی وه‌رگیراوه‌ و‌ ده‌ڵێت " من هیچ كێشه‌یه‌كم نه‌ماوه‌ به‌ئازادی خۆم ده‌رِۆم و خه‌ڵكانێك هه‌یه‌ ده‌رِۆم له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیم ، جگه‌ له‌مه‌ش ناوی چه‌ند ماڵێكی تریشی ووتووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌توانێت بچێته‌ ماڵیان و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ " .له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێ به‌زۆر ده‌ركراوم و هه‌ره‌شه‌م له‌سه‌ره‌ (د. رۆزه‌ ) ده‌ڵێت : راسته‌ پیشتر هه‌رِه‌شه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ ، به‌ڵام ساڵانێكی زۆری به‌سه‌ردا رۆیشتووه‌ و هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌ و كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ربووه‌ ، به‌ پێی یاسا رۆیشتووه‌ به‌ڵگه‌مان لایه‌ كه‌په‌نجه‌مۆری كردیه‌ نووسراوی نووسیوه‌ و دادوه‌ رو به‌رێوبه‌راتی تووندویتژیش ئاگادارن كه‌هیچ كێشه‌كیه‌كی نه‌ماوه‌ . ئه‌و شوێنه‌ی بۆ نه‌هێشتی تووندوتیژی بێت چۆن ده‌توانیت تووندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سه‌ بكه‌یت وه‌های لیێكه‌یت بروات .
د. رۆزه‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌روو ، كه‌ ئێستاش ئه‌گه‌ر كێشه‌ و گرفتی هه‌یه‌ هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كرێت ، ئه‌وا با سه‌ردانمان بكات بۆ ئه‌وه‌ی فایلی نوێی بۆبكه‌ینه‌وه‌ تاكو كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ربكه‌ین ، ده‌رگامان كراوه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌و بۆ هه‌موو ئافره‌تانه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ناوێكی تر یان بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی تره‌وه‌ بێت ئه‌وا لێی قبوڵناكه‌ین ، چونكه‌ له‌به‌ر رِه‌وشی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌وێن وله‌به‌ر سیسته‌می كاركردنی ئه‌و شوێنه‌ كه‌ چه‌ند ستافێكی ئیداری و توێژه‌رانی و كۆمه‌ڵایه‌تی وده‌روونی پێكهاتووه‌ و ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌یسن له‌وێ له‌گه‌ڵ خودی دادوه‌ره‌كان و خودی ستافی به‌رێوبه‌رایه‌تی تووندوتیژی ئه‌وه‌نده‌ی لێده‌رچێت ناوێكی ترمان نیه‌ ئافره‌ت له‌وێ دامه‌زرێنین یاخود كاری پێبكه‌ین .


تێبینی : ناوی ئه‌م ئافره‌ته‌ خوازراوه‌و ناوه‌كه‌ی له‌لایه‌ن گۆڤاری گولاَنه‌وه‌ پێرێزراوه‌ .
Top