بكوژانى ئافره‌ت له هه‌موو لێبوردنێكى گشتى بێبه‌ش ده‌كرێن
May 6, 2013
کۆمەڵایەتی
به‌پێى ئاماره‌كانى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان له‌دوو مانگى (1و2)ى ساڵی (2013) له پارێزگاكانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و گه‌رمیان 13 ئافره‌ت كوژراون. سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى له‌په‌رله‌مانى كوردستانیش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بكوژانى ئافره‌ت سزایان بۆ سووك بكرێت.
له دوو رۆژدا دوو ئافره‌ت به‌ده‌ستى هاوسه‌ره‌كانیان كوژران
سه‌ره‌رِاى هه‌بوونى ده‌یان یاساى گشتگیر له‌به‌رژه‌وه‌ندى مافه‌كانى ئافره‌ت و گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى گونجاو و به‌رنامه‌ى تۆكمه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى دیارده‌ى توندوتیژى، كه‌چى رۆژانه لێره و له‌وىَ گوێبیستى كوشتنى ئافره‌ت به‌ده‌ستى باوك و برا و هاوسه‌ر ده‌بین، ئه‌وه‌ش بۆته مایه‌ى نیگه‌رانى تاك و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ، له‌شارى هه‌ولێریش له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا دوو ئافره‌ت به‌ده‌ستى هاوسه‌ره‌كانیان كوژران.
له سه‌ر شه‌رِى دراوسىَ پیاوێك هاوسه‌رى خۆى ده‌كوژىَ
میدیاى ته‌مه‌ن 43 ساڵ ئافره‌تى ماڵه‌وه‌و دایكى پێنچ منداڵ بوو كه له 28/2 له گه‌رِه‌كى ته‌یراوه‌ى هه‌ولێر به‌ده‌ستى مێرده‌كه‌ى كوژرا؟ خه‌زاڵ دایكى كوژراوه‌كه به‌مجۆره رووداوه‌كه باس ده‌كات" من داواكارى یاسایى له‌سه‌ر زاوایه‌كه‌م تۆمار ده‌كه‌م و له حكومه‌ت داواكارم به‌زووترین كات بیدۆزنه‌وه‌و سزاى بده‌ن، ماوه‌ى 15 ساڵه ئه‌و كچه‌م داوه‌ته ئه‌و پیاوه، ئه‌و پیاوه‌ى به‌ناهه‌ق جه‌رگى سووتاندم و پێنچ منداڵیشى بىَ دایك كرد، ئێمه له‌هه‌مان گه‌رِه‌كین پێش مه‌غریب بوو له كۆڵانه‌كه‌ى ماڵى میدیا، بوو به ده‌نگه‌ده‌نگ، كه چووم دیتم له‌گه‌ڵ ماڵه دراوسێیه‌ك منداڵه‌كان شه‌رِیان كردووه، كورِه گه‌وره‌كه‌ى میدیا ته‌له‌فۆنى بۆ باوكى كرد، گوتم: فه‌رمان ته‌له‌فۆن مه‌كه، نه‌وه‌ك بابت بێته‌وه، دایكت ده‌كوژىَ، گوتى: با بیكوژىَ، له‌پرِ زاواكه‌مان هاته‌وه و سیلاحى سوار كرد‌و ویستى میدیا بكوژىَ، میدیا غاری‌دا حه‌وشه‌ى ماڵى شووبراكه‌ى كه به‌رامبه‌ریان بوو، به‌ڵام كه‌وته دواى و له حه‌وشه‌ى ئه‌وان سىَ گولله‌ى لێدا و دووباره گه‌رِایه‌وه سه‌رى بزانىَ ماوه تاوه‌كو زیاترى لێبدات، له‌م كاته‌دا ژنى شووبراكه‌ى به‌جنێودان ده‌رى كرده ده‌ره‌وه".
به گوته‌ى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى نه‌هێشتنى تاوان بكوژ تاوه‌كو ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌و فه‌رمانى گرتنیشى له هه‌موو شوێنێك بۆ ده‌ركراوه، هه‌ندىَ سه‌رچاوه‌ش ده‌ڵێن له ماڵه ئاغایه‌ك كه خزمى خۆیه‌تى داڵده دراوه.
به‌نازى ته‌مه‌نى 23 ساڵه‌و له 30/2 له گه‌رِه‌كى نه‌ورۆز به‌هه‌مان شێوه به‌ده‌ستى مێرده‌كه‌ى (هۆگر فه‌تاح ته‌مه‌ن 27 ساڵ) كوژرا، به‌پێى زانیارییه‌كان به‌ناز دایكى دوو منداڵه و بچووكه‌كه‌یان شیره‌خۆره‌یه، هۆگر و به‌ناز زۆرجار كێشه‌یان هه‌بووه، به‌ڵام زوو ئاشت بوونه‌ته‌وه و به‌بىَ یه‌كتر نه‌حه‌واونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌یانییه‌ك دراوسێكه‌یان به ده‌نگى گولله خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه، كه ده‌گه‌نه سه‌ر رووداوه‌كه ده‌بینن به‌ناز له‌خوێندا گه‌وزاوه‌و گولله‌یه‌كى به‌ر ملى كه‌وتووه و منداڵه‌كان ده‌زریكێنن، ئێستا هۆگر ده‌ستگیركراوه‌و به‌حوكمى ئه‌وه‌ى چه‌كداربووه، له ئیفاده‌كه‌یدا ئه‌و رووداوه‌ى به قه‌زاوقه‌ده‌ر له‌قه‌ڵم داوه‌و گوتوویه‌تى: گولله له‌ده‌ستم ده‌رچووه، به‌ڵام كه‌سوكارى به‌ناز پێیانوایه كوشتنه‌كه به ئه‌نقه‌ست بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو هاوسه‌ره كێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌بووه كه به‌ناز میراتى ماڵى باوكى وه‌رنه‌گرتووه‌و هۆگریش زۆرى لێكردووه میراته‌كه وه‌ربگرىَ.
عزه‌دین عه‌بدوڵڵا یاسین رِاوێژكارى یاسایى له‌به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه كوشتنى ئافره‌تان له هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رِابردوودا به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رى هه‌ڵداوه كه‌بۆته جێگه‌ى سه‌رنجى رِێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه، گوتیشى"ئه‌م بابه‌ته زۆر نامۆیه به دابونه‌ریت و كه‌لتوورى كوردستان چونكه ئافره‌تان هه‌میشه پێگه‌ى تایبه‌تى خۆیان هه‌بووه له‌ناو خێزان و پاڵپشت و هاوكارى براو هاوسه‌رو باوكانیان بوون له‌سه‌رپه‌رشتى و رِێكخستنى خێزان، كه‌چى ئێستا كوشتنى ئافره‌تان كه له‌لایه‌ن كه‌س و كاریانه‌وه به‌بیانووى ئابرِووپارێزى خێزان و هۆزه‌كه‌یان، به‌مه‌به‌ست ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه‌ش له‌رِووى یاساییه‌وه به كرده‌وه‌یه‌كى به‌ئه‌نقه‌ست داده‌نرێت، به‌داخه‌وه زۆرجار چه‌ند كه‌سێك له‌خێزانه‌كه یاخود خزمه نزیكه‌كانى ئافره‌ته‌كه رِێكده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ئه‌م تاوانه و به‌رنامه‌رِێژى بۆ ده‌كه‌ن، به‌لاَم له هه‌رێمى كوردستان خۆشبه‌ختانه یاساكانى په‌یوه‌ندیدار به كوشتن و به‌تایبه‌تى كوشتنى ئافره‌تان هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كه ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانه جگه له سزاى توند له لێبوردنى گشتى و سووككردنى سزاكانشیان بێبه‌شكراون".
له یاساكانى ئاسمانیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رِێگه به كوشتنى ئافره‌ت نه‌دراوه
ئه‌و رِاوێژكاره یاساییه‌ى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان به‌پێویستى زانى چه‌ند یاسایه‌ك بخاته‌رِوو كه له‌به‌رامبه‌ر كوشتنى ئافره‌تان هه‌موار كراوه‌نه‌ته‌وه، له‌وانه:
1- یاسای ژماره (14)ى ساڵى (2002)
ئه‌نجامدانى تاوان له دژى ئافره‌ت به بیانووى پاڵنه‌رى ئابرِووپارێزى به به‌هانه‌ى یاسایى دانانرێت بۆ سووككردنى سزا بۆ مه‌به‌سته‌كانى جێبه‌جىَكردنى دادكارییه‌كانى مادده‌كانى (128 و 130 و 131) له یاساى سزادانى عێراقى ژماره (111)ى ساڵى (1969)هه‌مواركراو.
2- یاسای ژماره (43) ى ساڵی (2004)
رِاگرتنى جێیه‌جێكردنى ئه‌و سزایه‌ى له مادده‌ى (144) له یاسای سزادانى عێراقی ژماره (111)ى ساڵی (1969) هه‌مواركراو هاتووه، پیاده ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى له دژى ئافره‌تى به‌شوو ئه‌نجام ئه‌درێت.
3- له یاسای لێبوردنى گشتى له هه‌رێمى كوردستان - عێراق ژماره (4)ى ساڵى (2007)
له مادده‌ى (7) هاتووه دادكاریه‌كانى مادده‌كانى (1و2و4و5) له یاساكه پیاده ناكرێت، له‌سه‌ر ئه‌و حوكمدراوانه‌ى رِاهاتوون و ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانانه‌ى لای خواره‌وه له برِگه‌ى (11) هاتووه (كوشتن به بیانووى پاڵنه‌رى ئابرِووپارێزى).
4- له یاسای لێبوردنى گشتى له هه‌رێمى كوردستان عێراق ژماره (2)ى ساڵی (2012) له مادده‌ى ( 6) برِگه‌ى (9) هاتووه ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانانه‌ى لای خواره‌وه یاساكه نایانگرێته‌وه (كوشتن به بیانووى ئابرِووپارێزى).
جگه له‌و یاسایانه‌ى لای سه‌ره‌وه له یاسای سزادانى عێراقی ژماره (111) ى ساڵی (1969)ى هه‌موار كرا‌و سزا دیاری كراوه بۆ تاوانه‌كانى كوشتن به گوێره‌ى بارودۆخى ئه‌نجامدانى تاوانه‌كه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م تاوانه به مه‌به‌ست ئه‌نجام ئه‌درێت، بۆیه به كوشتنى به ئه‌نقه‌ست داده‌نرێت و تاوانى كوشتن جگه له یاسا دانراوه‌كان له یاساكانى ئاسمانیش به هیچ شێوه‌یه‌ك رِێگه‌ى پێ نه‌دراوه، بۆیه به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان به‌دواداچوونى ته‌واو بۆ تاوانى كوشتنى ئافره‌تان به بیانووى ئابرِووپارێزى یاخود هه‌ر بیانوویه‌كى دى ده‌كات و دۆسیه‌ى تایبه‌تى بۆ ده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌ها داوا ده‌كرێت كه ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كه رِووبه‌رِووى یاسا بكرێنه‌وه.
بكوژانى ئافره‌ت ده‌بێت به توندى سزاى تاوانه‌كه‌یان وه‌ربگرن
د.به‌شیر خه‌لیل حه‌دداد سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى له‌په‌رله‌مانى كوردستان و مامۆستاى ئایینى، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس بۆ گولاَن گوتى"به‌پێى یاساى په‌رله‌مان هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شه‌رِه‌ف و نامووسیش كه‌سێك ئافره‌تێكى كوشتبێت، ئه‌وه هیچ دادى نادات و ده‌بێت وه‌كو قاتڵ حیسابى له‌گه‌ڵ بكرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به عه‌مدى نه‌بێت و له‌ده‌ست ده‌رچوونى گولله بێت، پێیده‌گوترێت كوشتنى ناقه‌ست و هه‌ڵه، كه له یاسا و شه‌ریعه‌تیشدا سزاكه‌ى سووكتره، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له‌لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وت كه راست ده‌كات و له‌ده‌ستى ده‌رچووه، ئه‌وا وه‌كو كوشتنى خه‌ته‌ئى بۆى حیساب ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست كوشتبێتى حیسابه‌كه‌ى جیاوازه و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له دادگا یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه كه به‌رِاستى كوشتوویه‌تى، یان به هه‌ڵه بووه، هه‌روه‌ها پێویسته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بكوژانى ئافره‌ت سزایان بۆ سووك نه‌كرێت چونكه قاتڵن و ده‌بێت حه‌قى ئه‌و ئافره‌تانه‌یان لێوه‌بگیرێته‌وه".