لە كۆمەڵگە نەریتییەكان جیاوازی ڕەگەزی لەناو لانكەوە دەست پێدەكات

لە كۆمەڵگە نەریتییەكان جیاوازی ڕەگەزی لەناو لانكەوە دەست پێدەكات
جیاوازی ڕەگەزی لە نێوان كچ و كوڕ لەلایەن خێزانەوە خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، ئەو دیاردەیەش زیاتر لە كۆمەڵگەی نەریتی و نێرسالاری بە زەقی دیارەو تەنانەت لە كاتی دووگیانی دایكان دەست پێدەكات و هەر لەناو لانكەشەوە پەرەدەستێنێ. كۆمەڵناسان و دەروونناسانیش ئەو جیاكارییە بە هۆكاری زۆربەی كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان دەزانن.
هەندێك ماڵی خەزووران بەهۆی خواستی منداڵی نێر
فشار دروست دەكەن
«كچ و كوڕێكم هەبوو، خۆم و هاوسەرەكەم قەناعەتمان بەم دوو منداڵە هەبوو، بۆیە رێگریم لە منداڵبوون دەكرد، بەڵام خەزوورم بەرۆكی بەرنەداین، هەمیشە دەیگوت كوڕەكەمان تاقانەیە، باپشت و پەنای زۆر بێت، با كوڕێكی ترمان ببێت، لەسەر قسەی خەزوورم رێگریم نەكرد و كوڕێكمان بوو، بەڵام مەنگۆل بوو، ئەوكات سۆنار وەك ئێستا لە كەركووك زۆر نەبوو، لەبیرمە كە بۆ نەخۆشخانە رۆیشتین، خەزوورم بە هاوسەرەكەمی گوت: ئەگەر كوڕمان بوو، نیوە شەویش بوو ئاگادارم بكەنەوە، كە هاتینەوە هاوسەرەكەم چووە سەر سەری خەزوورم و بانگی كرد، یەكسەر خەزوورم گوتی: چییە كوڕمان بووە؟». ئەوە قسەی نەجیبە عەباس بوو. ئەو دایكی سێ منداڵە و دانیشتووی شاری كەركووكە، كە بۆ سەردانێك كەسوكاری بۆ هەولێر هاتبوو. نەجیبە وەك دایكێك نیگەرانی خۆی لەو جۆرە جیاوازیییانە دەردەبڕێت و دەڵێت «لەبەر قسەیەكی خەزوورم ئەوە یازدە ساڵە ئەو كوڕە بەخێو دەكەم، یازدەهەزار كون لە جەرگم هاتووە، تەنانەت بەهۆی ئەم كوڕەمەوە دەستبەرداری وەزیفەكەشم بووم».
قسەو تانەی زۆر لەسەر دایكانی بێ كوڕ هەیە
ژوان قادر چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی، خۆی قوربانییەكی دیكەی جیاكاری ڕەگەزییە، ئەو دایكی چوار كچی جوانكیلەیە و بەمجۆرە مەینەتییەكانی خۆی دەگێڕێتەوە «نۆبەرەم كچ بوو، ماڵی خەزوورم نە دڵخۆش و نەخەمبار بوون، كاتێ دووەم كچم بوو، خەسووم بە هاوسەركەمی گوت: ئینشائەڵڵا ئەوجارە خوا بەشێكی باشتان دەداتێ، منیش زۆر سكم بەخۆم و بە كچەكەشم سووتا، قەدەر وابوو منداڵی سێیەمیشم كچ بوو، دواجار سەردانی پزیشكێكی تایبەتم كردو خشتە ماوەی سكپڕی بۆدانام و وتی: «ئەمجارە كوڕت دەبێ، بەڵام ئەمجارەش كچم بوو، بە لەدایكبوونی كچەكەم پرسە لە ماڵی خەزوورم دانرا، بێئەوەی بایەخ بەخۆم و بە كۆرپەكەم بدەن، یان خواردنێكی گەرمم پێ بدەن، مانگێك تێپەڕی كچەكەم هەر بێ ناو بوو، دواجار خەسووم ناوی نا نیهایەت بۆئەوەی نیهایەتی كچان بێت».
زۆربەی خێزانەكان بە لەدایكبوونی كچ خەمبار دەبن
نیگار جەزا ئەندازیاری كشتوكاڵەو هاوكات چالاكوانێكی بواری مافی ئافرەتانە، ئەو ڕایوایە «لە كومەڵگەی پیاوسالاری هەمیشە كچ بەكەم سەیر كراوە و كچ بەشەرەفی خێزان زانراوە، كوڕ هەرچی بكات بۆی ئاساییە بەڵام كچ نا، بۆ نموونە كچێك خۆشەویستی بكات، دەكوژرێت، بەڵام كوڕ ئەگەر رۆژێ یاری بە هەستی دەیان كچ بكات، جێی شانازییە، هەر پیاون، كچ و خوشكیان بە شەرەفی خۆیان دەزانن و رۆژانەش یاری بە هەستی كچی خەڵك دەكەن»، گوتیشی «هەندێك لەو پیاوانەی رۆشنبیرن و قسەی زل زل لەسەر مافی ئافرەت دەكەن، زۆر لەكەسانی ئاسایی خراپترن، ئافرەت لەم كۆمەڵگەیەدا ستەم لێكراوە و وەك كاڵای لێهاتووە، پیاو هەتا بە زمانی لووس دەستگیری دەكات و دواتر سووكایەتی پێدەكات، زۆربەی خێزانەكانیش بە لەدایكبوونی كچ خەمبار دەبن، بەتایبەتی پیاوەكانیان».
هەر لەمنداڵییەوە كەسایەتی كچ تێكدەشكێنن
فەرهاد عوسمان بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری منداڵپارێزی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «جیاوازیكردن لەنێوان هەردوو رەگەز مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، تەنانەت لەسەردەمی جاهیلیدا كچ بوون عەیب و شوورەیی بوو، هەرلەوێوە رەگی داكوتاوە و كاریگەری لەسەر ژیانی ئەمڕۆشمان ماوە و وایكرد لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی منداڵان بنەمایەكی سەرەكی بۆ نەمانی جیاكاری رەگەزی دابندرێ، هەر دیاردەیەكی قێزەوەن و بەتایبەتی جیاوازیكردنی ڕەگەزی كاریگەری دەروونی و كۆمەڵایەتی خۆی لەسەر ئەو كەسە دادەنێ، كاتێ كچ هەستدەكات لە كاتی لەدایكبوونیدا كەسێكی خوازراو نەبووە، هەر لەمنداڵییەوە كەسایەتی تێكدەشكێت، ئەگەر بەشێوە گشتییەكەی سەیر بكەین، دەبینین تائێستاش منداڵی كوڕ لە منداڵی كچ خوازراوترە، ئەوەش كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر دەروونی كچەكە دادەنێ».
كاتێك كۆمەڵگە ئافرەت وەكو دیل ببینێ، دیارە بە لەدایكبوونی كچ نەك هەر باوك تەنانەت دایكیش خەمبار دەبێت
ڤیان مایی سینەماكار و چالاكوانی مەدەنی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «كاتێك كۆمەڵگە ئافرەتی وەكو دیل ببینێ، دیارە بە لەدایكبوونی كچ نەك هەر باوك تەنانەت دایكیش خەمبار دەبێت، چونكە حەز ناكات مرۆڤێكی وەكو خۆی دیل بێنێتە دنیا و بەم ژیانە سەختە تێپەڕبێت، بەڵام ئەمڕۆكە پێچەوانە بۆتەوە دایكانی گەنج حەز دەكەن نۆبەرەیان كچ بێت تاوەكو ببێتە هاوڕێی، تەنانەت لەبواری خوێندنیشدا كچان وەكو كوڕ هەوڵ دەدەن و خاوەن ئابووری سەربەخۆن، لە رابردوودا كە باوكان حەزیان دەكرد منداڵەكانیان كوڕ بێت، بۆ ئەوەیان بوو كە كاری رۆژانە هاوكاریان بكات، ئێستاش كچان ئەو بەربەستەیان شكاندووە و شانبەشانی كوڕ لە ئابووری و داهاتی وڵات بەشدارن، لەبەر ئەوە كاتی ئەوە نەماوە خەم بۆ لەدایكبوونی كچ بخۆین ئەگەر ئەوە بكەین زوڵم لە كچان دەكەین.
لەڕووی ئایینییەوە جیاوازی ڕەگەزی گوناهەو سزای هەیە
مەلا زانا گردەسۆری جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئیسلام هیچ جیاوازییەك لەنێوان كوڕ و كچ ناكات، گوتیشی «كاتێك خودا دەفەرموێت: (یهب لمن یشاء اناثا ویهب لمن یشاء الذكور) لەم ئایەتەدا كوڕ و كچ بە خەڵات و بەخشش ناودەبات بەبێ جیاوازی، هەروەها دەفەرموێت (یاایها الناس اتقوا ربكم الذي خلقكم من نفس واحدة)، هەر دایك و باوكێك جیاوازی لەنێوان منداڵەكانیان بكەن تووشی سزای خوای گەورە دەبنەوە، چونكە خوا و پێغەمبەر جیاوازییان نەكردووە».
ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە عیبادەتكردن و سزا و پاداشتیش بەرامبەرن و جیاوازییان نییە، سەبارەت بە حەقیقەش كە دوو ئاژەڵ بۆ كوڕ و یەك ئاژەڵ بۆ كچ سەردەبڕن، مەلا زانا گوتی: «هۆكارەكەی ئەوەیە لەسەردەمی خۆیدا بەهۆی جیهاد و شەڕ و ناخۆشی كوڕ زیاتر رووبەڕووی كێشە و ناخۆشی بووە».
لەلای خۆیەوە دەروونناس سامان سیوەیلی سەبارەت بەو جیاكارییە بۆ گوڵان گوتی «بێگومان لە كۆمەڵگە نێرسالارەكاندا هەمیشە خواست لەسەر لەدایكبوونی كوڕ زیاترە، ئەم جیاوازی كردنەش نەك هەر لەیەكەم ساتەوەختی لەدایكبوونی منداڵەوە بەدەردەكەوێت، بەڵكو لەو ساتەوەختەی كۆرپەلەكە لەسكی دایكیایەتی، ئیدی لەو ساتەوە زانینی ڕەگەزی كۆرپەلەكە لای بەشێكی زۆر لە خێزانەكان دەبێتە خولیایەكی گەورە، ئەمەش لەو بۆچوون و بیروباوەڕە كۆنەپەرستانەیەوە‌ سەرچاوەدەگرێت كە كوڕ یاخود ڕەگەزی نێر چاكتر و باشتر و پشتیوانتر و بەریگریكارتر و بێ كێشەترە بۆ خێزان، هەربۆیە پزیشكەكانی سۆنار جەخت لەوە دەكەنەوە كە زۆرێك لەو ئافرەتانەی سەردانیان دەكەن لەقۆناغی دووگیانبوونیاندا بە مەبەستی زانینی ڕەگەزی كۆرپەلەكە كاتێك بۆیان دەردەكەوێت ڕەگەزی كۆرپەلەكە مێینەیە، ئەوا هەندێكیان دووچاری شۆك دەبن، بێگومان ئەمەش لەئەنجامی ئەو فشارە دەروونییەوە دروست دەبێت كەلەسەر خودی ئافرەتان دروست دەبێت لەلایەن هاوسەرە پیاوەكانیان و ماڵە خەزورانیانەوە، تەنانەت بیستراوە كە ئافرەت لای پزیشكی سۆنار ڕایگەیاندووە كە هەڕەشەی لێكراوە، ئەگەر ئەم دووگیانبوونەشی هەر كچ بێت، ئەوا هاوسەرەكەی لێی جیادەبێتەوە یاخود ژنی بەسەردا دەهێنێت».
جیاكاری ڕەگەزی نەخۆشی دەروونی لێدەكەوێتەوە
سیوەیلی گوتیشی «كەلتوری نێرسالاری كۆمەڵگە بەوەشەوە ناوەستێت، ئەگەر كۆرپەلە لەدایكبووەكە نێر بێت، ئەوا بە ڕووداوێكی مژدەهێن دادەنرێت و خێزان خۆشحاڵییەكی زۆری تێدەكەوێت، تەنانەت بۆ ئەم بۆنەیە ئاژەڵ سەردەبڕن و خوانی گەورە دەڕازێننەوە، بەڵام كاتێك كۆرپەلەكە كچ دەبێت، گرنگییەكی ئەوتۆ بەم ڕووداوە نادرێت، تەنانەت هەندێكجار بینراوە كە خزمان و كەسوكار هاوشێوەی پرسە و ماتەم قسە لەگەڵ دایكەكەدا كراوە و دڵخۆشی دراوەتەوە، وەك ئەوەی ڕووداوێكی ناخۆشیان بەسەرهاتبێت، هەر لەم ساتەوەختەوە مامەڵەی خێزان لەگەڵ ئەو كۆرپەلەیە جیاواز دەبێت لەچاو ئەوەی ئەگەر كۆرپەلەكە كوڕ بێت، كاتێكیش كچەكە وردە وردە گەشە دەكات تا ئەوەندەی لە ئاماژەكانی دەوروبەر تێدەگات زۆر بەسانایی بۆی دەردەكەوێت كە وەكو بوونەوەرێكی نەخواستراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت بەبەراورد بە مامەڵەی خێزانەكەی لەگەڵ براكانی. لەڕاستیدا ئەمجۆرە جیاوازی كردنە خۆی لەخۆیدا بە توندوتیژی هەژمار دەكرێت لەڕووی دەروونییەوە. مامەڵەكردنی كۆمەڵگە لە سۆنگەی ئەو كەلتورە نێرسالارانەوەیە بەرامبەر ڕەگەزی مێینە بەیەكێك لەو فاكتەرانە دادەنرێت كە ئافرەتانی كۆمەڵگەی ئێمەی پێ دووچاری نەخۆشی و پشێویە دەروونییەكان دەبێت.
Top