ئەكتیڤكردنی داواكاری گشتی وەك پێویستیەك بۆ سەروەری یاسا

ئەكتیڤكردنی داواكاری گشتی وەك پێویستیەك بۆ سەروەری یاسا
لە كاتی هەر پێشێلكردنێكی مافی تاكەكان ئەركی یاسایە بەشێوەیەكی گشتی و لەڕێگەی داواكاری گشتی بەشێوەیەكی تایبەتی ماف بۆ مافخوراو زوڵملێكراو بگەڕێنێتەوە، لە ئێستاشدا بەهۆی سستی لەجێبەجێكردنی یاساكان داوای ئەكتیڤكردنی داواكاری گشتی دەكرێ. بە پێویستیش دەزانرێ داواكاری گشتی بێلایەن بێت و بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی نەكەوێتە ژێر كاریگەری و فشاری هیچ لایەن و حزبێك، وەزیری دادی حكومەتی هەرێمیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە داوكاری گشتی ڕۆڵی خۆی هەبووەو بە ملیۆنەها دۆلاری بۆ حكومەت گەڕاندۆتەوە.

داواكاری گشتی لە وەزارەتی داد جیاكراوەتەوە
وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان (شێروان حەیدەری)، لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان هێمای بۆ ئەوە كرد كە گەڕانەوە بۆ سەر ئەنجومەنی دادوەری یەكێكە لە داواكارییەكانی داواكاری گشتی، گوتیشی «ئێمە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەت پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، لە پڕۆژەیاساكە داواكاری گشتیمان لە وەزارەتی داد جیاكردووەتەوە، بۆئەوەی ببەسترێتەوە بە ئەنجومەنی دادوەری، پڕۆژەیاساكەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە و لە پەرلەمانیش خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە».
داواكاری گشتی لە داهاتوودا دەسەڵاتی زیاتر دەبێت
وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی «من ماوەی یازدە مانگە لەوەزارەتم، تائێستا داواكاری گشتی نەهاتۆتە لای من، بڵێ دەستێوەردان لە كارەكانم كراوە، هەموو هەوڵێكیشمان داوە بۆ ئەوەی دەستێوەردان دروست نەبێت، داواكاری گشتیش ڕۆڵی خۆی هەبووەو بە ملیۆنەها دۆلاریشی بۆ حكومەت گەڕاندۆتەوە».
حەیدەری جەختی لەوەش كردەوە كە گەڕاندنەوەی داواكاری گشتی بۆسەر ئەنجومەنی دادوەری و هەمواركردنەوەی یاساكە جۆرێك لە سەربەخۆیی بۆ داواكاری گشتی فەراهەم دەكات، بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوازێكی باشتر ئەركەكانی راپەڕێنێت. ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی ماددەی 89 لە دەستووری عێراق كە داواكاری گشتی بەشێكە لە دەسەڵاتی دادوەری، لەسەر ئەو بنەمایە یاسای هەمواركردنەوەی وەزارەتیان بۆ گواستنەوەی داواكاری گشتی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەوپێیەی ئەنجومەنی دادوەری لە كارەكانیدا سەربەخۆیەـ ئەگەری ئەوە هەیە داواكاری گشتیش لە داهاتوودا دەسەڵاتی زیاتر ببێت».
پێویستە ئاسانكاری بۆ داواكاری گشتی بكرێ و رێگە بەدەستوەردانی هیچ لایەنێك نەدرێ
نەبەز جۆڵا وەك ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە هەموو وڵاتێكدا بەشێوەیەكی گشتی یاسا پارێزەری گیان و ماڵی تاكەكانی كۆمەڵگەیەو دەبێت لە كاتی پێشێلكاری لەسەر مافەكان یاسا بە شێوەیەكی گشتی و داواكاری گشتی بە شێوەیەكی تایبەتی لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراو ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت. «گرفتێكی گەورە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان داواكاری گشتی لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتێكی یاسایی باشی پێدراوە، بەڵام لە جێبەجێ كردندا دەسەڵاتێكی بێهێزی هەیە، هەتاكو ئێستاش بڕیارەكانی شەرمی پێوە دیارەو لە چەندین كایەدا لاوازی پێوە دیارە». رەخنەی لەوەش گرت كە داواكاری گشتی بۆ ئەو بابەتانەی دێتە بەردەستی «بەدواداچوونی جددیی نییە»، گوتیشی «كەلتوور و سیاسەتیش بۆ خۆیان دەستێكی باڵایان هەبووە لە ئیفلیجكردنی ڕۆڵی داواكاری گشتیدا، ئەو یاسایانەی لەپەرلەمانی كوردستانیش دەردەكرێن زۆر جار جگە لە چەند وشەیەك لەسەر كاغەز هیچی تر نین و هەندێ جاریش نادادپەروەرانە دەردەچێت، ئەگەر نموونەش بێنینەوە لەم دواییانەدا یاسایەك لە پەرلەمان دەرچوو لەسەر بابەتی فرەژنی كە بەداخەوە ئەو یاسایە لە خزمەتی چینی دەوڵەمەندا بوو، بە زەقی جیاوازی چینایەتی پێوە دیار بوو، بەو پێیەی هەر پیاوێك دەتوانێت ژنی دووەم بهێنێتەوە بەمەرجێك دەبێت چەند دەستكەوتێك بۆ ژنی یەكەم دەستەبەر بكات، یان ساتێك ئافرەتێك دەكوژرێ، بەبێ ئەوەی داواكاری گشتی فەرمان بە توێكارییەكی ورد بۆ لاشەی ئافرەتە مردووەكە بكات، بە چەندین بیانووی نابەجێ كە گوایە خۆی سوتاندووە، یان خۆی خنكاندووە، تاوانبار و بكوژانی ئەو ئافرەتە لە دەست سزای یاسایی رزگاریان دەبێت نەبەز جوڵا لە بەشی كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە «داواكاری گشتی بە تەنها لە كەموكوڕییەكانی جێبەجێكردنی یاسا بەرپرس نییە و دەبێت هەموو پێكەوە هاوكار بن، بەتایبەتی سیاسیەكان و دەسەڵاتداران ئاسانكاری بكەن بۆ داواكاری گشتی كە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات .
داواكاری گشتی بۆی هەیە لە كاتی ئامادە نەبوونی دادوەر وەك دادوەری لێكۆڵینەوە لە شوێنی رووداو كاربكات
هەر سەبارەت بە ڕۆڵی داواكاری گشتی و گرفتەكانی بەردەمی، سەرۆكی مافپەروەرانی كوردستان لقی كەركووك (ئەمجەد ساڵەیی) گوتی «لە عێراق بە گشتی ڕۆڵی داواكاری گشتی لاوازە و پێویستی بە ئەكتیڤكردن هەیە»، ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی مادەی 2ی داواكاری گشتی، داواكاری گشتی بۆی هەیە داوا تۆمار بكات بۆ داواكردنی مافی گشتی ئەگەر كەسیش داوای نەكردبێت، وێڕای چاودێری كردنی پشكنینەكان و كۆكردنەوەی ئەو بەڵگانەی كە بۆ لێكۆڵینەوە پێویستن، داواكاری گشتی بۆی هەیە لە كاتی ئامادە نەبوونی دادوەر وەك دادوەری لێكۆڵینەوە لە شوێنی رووداو كاربكات.
لە سەر داواكاری گشتییە كە رای خۆی دەربڕی لەپێش دەركردنی بڕیارەكان، ئەبێت داواكاری گشتی لە كاتی لێكۆڵینەوە لە تاوان و كەتن ئامادە بێت، هەروەها ئەبێ دادوەر هەموو بڕیارەكانی خۆی لە ماوەی 3 رۆژ بخاتە بەردەم داواكاری گشتی، بۆ داواكاری گشتی هەیە سەیری ئەو سكاڵایانە بكات كە ئەخرێنە بەر دەست لە لایەن هاوڵاتیانەوە یان لە لایەنی پەیوەندیدارەوە هەر لیژنەیەك پێكبهێندرێت دەربارەی لێكۆڵینەوە، ئەبێت داواكاری گشتی لێی ئاگادار بكرێتەوە، ئەگەر بڕیارەكانی دادوەری بە دڵ نەبێ، ئەوە ئەتوانێ پێداچوونەوەی بۆ بكات.
هۆكارەكانی لاوازبوونی ڕۆڵی داواكاری گشتی
لەلای خۆیەوە دادنووس ئارام محەممەد، بەمجۆرە هۆكارەكانی لاوازبوونی ڕۆڵی داواكاری گشتی لەم چەند خاڵەدا خستەڕوو:
1. هەموارنەكردنەوەی یاسای داواكاری گشتی
2. ڕێگریكردنی كارەكانیان لە لایەن حكومەت و دەسەڵاتەوە كە ناهێڵێت داواكاری گشتی ڕۆڵی خۆی ببینێت
3. سستی دەسەڵاتی دادوەری كە داواكاری گشتیش بەشێكە لەو دەسەڵاتە
4. جیانەكراونەتەوە دەسەڵاتی تەنفیزی، كە زۆرجار ڕێگری لە دەسەڵاتی دادوەری دەكات بڕیارەكانی جێبەجێ بكات.
دادنووس ئارام محەممەد كاراكردنی پەیمانگەی دادوەری بە كارێكی زۆر پێویست ناوبرد بۆ ئەوەی ساڵانە كۆمەڵێك دادوەر لەسەر بنەمای لێهاتووی و چاونەترسی پێبگەیەنێ. پێشنیاری ئەوەشی كرد ڕێگری لە مەكتەبی كۆمەڵایەتی حزبەكان بگرێت، بۆ ئەوەی دەستوەردانی كاری یاسایی نەكەن. هەروەها جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لەپەرلەمانەوە دەردەچێت.
پارێزەر ئامینە مەحموود، ئاماژە بەوە دەكات كە بەحوكمی ئەوەی داواكاری گشتی لە داواكانی (كوشتن، زینا، لێدان و دەستدرێژی نامووسی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ) نوێنەری مافخوراوانە، پێویستە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێ. گوتیشی «بەگوێرەی سیستەمی یاسای لاتینی داواكاری گشتی لوتكەی سێگۆشەی دەزگا یاساییەكانە و بەرپرسیارێتی ئەو لەبەردەم سەرۆكی وڵاتە نەك وەزیری داد، بەپێی دەستوور داواكاری گشتی دەزگایەكی قەزایی چاودێری سەربەخۆیە و بودجەی تایبەتی خۆی هەیە، كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندكراوە، ئەركی داواكاری گشتی پاراستنی سیستەمی یاسایی هەرێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئابووری و ئیداری بەپێی یاسا و بەرگریكردن لە بەرژەوەندی گشتی لە چوارچێوەی سەروەری یاسا، هەروەها كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر لەسەر ئەو كارانەی دەبێتەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە كوردستاندا و بەرزكردنەوەی پێشنیار بۆ سەرۆكایەتی هەرێم».
داواكاری گشتی دەتوانێ داوای دادگایی كردنی نهێنی بكات
ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو كە لایەنی داواكار بۆیان هەیە بڕیارەكانی داواكاری گشتی لە ماوەی یەك مانگ رەتبكەنەوە، جگە لەوەی داواكاری گشتی دەتوانێ
داوای دادگایی كردنی نهێنی بكات و بۆی هەیە داوابەرزبكاتەوە سەبارەت بە هەر رووداوێك لە هۆڵی دادگاییكردن رووبدات، تەنانەت بۆی هەیە عوزری ئامادەنەبوونی شاهید و تاوانباران ڕەتبكاتەوە و دەتوانێ لە هەموو داواكانی باری شارستانی تایبەت بە ناكامەكان و نادیارەكان و ونبووەكان و ئەو كەسانەی ئەهلییەتی یاساییان نییە. ئامینە مەحموود گوتیشی «سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵاتە فراوانە بەڵام تاوەكو ئێستا ڕۆڵی داواكاری گشتی بەپێی پێداویستی كۆمەڵگە نییە لە كوردستاندا، ئایا ڕۆڵەكەی لاوازە، یانیش راگەیاندنەكان باسی ناكەن، تاوەكو خەڵك لە دڵەڕاوكێ رزگاریان بێت و خاترجەم بن، لەسەرووی هەموو ئەوانەوە پێویستە داواكاری گشتی هەموو دەسەڵاتێكی خۆی بەكاربهێنێت .»
Top