لە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی جیاواز بۆ یاسای لەشفرۆشی دەكرێت
February 7, 2013
کۆمەڵایەتی
یاساكە لەسەر پیاو جێبەجێ نەكراوە
د. موئەیەد ئیسماعیل جەرجیس پسپۆڕی كەسایەتی دروستی دەروونی، لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ گوڵان تیشكدەخاتە سەر ڕۆڵی ئەرێنی یاسا و هێما بۆ ئەوە دەكات كە كارەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان بە یاسا رێكدەخرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت یاسا سەروەر بێت و لەسەر هەردوو رەگەز بە یەكسانی جێبەجێ بكرێت، سەبارەت بە یاسای لەشفرۆشیش دەڵێت «پیاو هەیە ئەو كارە بە ژنەكەی خۆی دەكات، ئێمە چۆن دەتوانین رێگە لەم پیاوە بگرین، ئەگەر یاسایەك نەبێت رۆژانە چەندین ئافرەت بە دەستی مێرد و كەسوكار یان بەڕێوەبەری كاریان دەچەوسێندرێنەوەو تەنانەت تووشی لادانی ئەخلاقیشیان دەكەن، لێرە كەموكورتییەكە لە دەستەی جێبەجێكارە، جگە لەوەی هەموو وەزارەتەكان لێی بەرپرسن بە تایبەتی وەزارەتی داد و وەزارەتی ئەوقاف، نەك هەر سەبارەت بەم مەسەلەیە لە زۆربەی مەسەلە كۆمەڵایەتییەكان یاسا ئەوەندی لەسەر ئافرەت جێبەجێكراوە لەسەر پیاو جێبەجێ نەكراوە، لە كاتێكدا ئافرەتی كورد لە هەلومەرجی ئێستادا هۆشیارترە و زیاتر تێكەڵی بوارەكانی ژیان دەبێت، بەڵام هێشتا ژمارەكەی كەمترە لە چاو پێویستی كۆمەڵگە بۆ هۆشیاری ئافرەت، كە ئافرەت هۆشیار بوو، كەمتر رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە، زۆرجار بەهۆی چاوبەستكردنی ئافرەتەكە قەناعەتی بە واقیعێكی تاڵ هێناوە كە لەگەڵ كەرامەتی مرۆڤایەتی ناگونجێت، بۆیە خۆرزگاركردن لە هەموو كۆت و بەندەكان بڕوابەخۆبوون دروست دەكات و وادەكات ئەو ئافرەتە لە هەموو رووبەڕووبووەنەوەكان لە ناو كۆمەڵگە و دامودەزگە و خێزاندا ئەكتیڤ و كارامە بێت».
دیاردەی لەشفرۆشیمان نییە تاوەكو یاسای بۆ دابنێن
زۆرجار دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە لەشفرۆش و لەشكڕ لە هۆتێلە گەورەكانی هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام خاوەن هۆتێلەكان ئەوە رەتدەكەنەوە و بە «پڕوپاگەندەی نەیارانی» هەژمار دەكەن.
هیلال عیزەدین بەڕێوەبەری ئوتێلی هەولێری نێودەوڵەتی كە ئەو هۆتێلە بە (شیراتۆن) ناسراوە، دەڵێت «ئافرەتی كورد لە دێر زەمانەوە دایك و هاوسەرێكی زەحمەتكێش و خۆبەختكەربووە، دەتوانم بڵێم 99% ی ئافرەتی كورد پاكن، بۆیە دەركردنی یاسایەكی لە مجۆرە لە كوردستان زوڵمێكی گەورەیە دەرهەق بە ئافرەتی كورد دەكرێ، چونكە تێكڕای ئەوانەی لە كوردستان كاری لەشفرۆشی دەكەن ئافرەتی بیانین واتا هاوردەن».
ئەو خاوەن هوتێلە هێمای بۆ ئەوەش كرد كە «زۆربەی ئەوانەی كاری لەشفرۆشی دەكەن، ئافرەتی بیانین و هاووڵاتی هەرێمی كوردستان نین»، گوتیشی «زۆربوونی ئەو حاڵەتەش بەڕای من بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە بریتین لە پەروەردەی نادروستی ناو خێزان و خراپی بارودۆخی ئابووری، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە ئوتێل و شوێنە گشتییەكان هیچ ئافرەتێكی كوردمان نییە لەشفرۆشی بكات. ئەوەشی وا باسی ئافرەتی كورد دەكات، تەنیا پڕوپاگەندەیە و نەیاری كوردستانە».
شكۆی ئافرەت دەخاتە بەر بەرداشی بێڕەحمی
هۆشمەند چالاكوانی راگەیاندنكارەو سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە ڕای خۆی خستەڕوو «باسكردن لە گەڵاڵەكردن، یان هەمواركردنەوەی یاسایەكی كۆنی دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە لەشفرۆشی و بە بیانووی ئەوەی گوایە دەبێتە چەكێكی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشی، بەدیدی من لەیەكەم هەنگاویدا گورزێكی گورچكبڕ دەبێت و شكۆی ئافرەت و مێیینەكانی كوردستان دەخاتە بەر بەرداشی بێڕەحمی هەندێك خەڵك كە هەر لەخواخوای ئەوەیانە بابەتێكی لەمجۆرەیان بۆبخرێتە سەر خوانی تانەو تەشەرلێدان!
لەراستیدا قسەكردن لەوەی كە لەڕێگەی ئەو یاسایەوە لەشكڕ و لەشفرۆش سزابدرێن و وەك دەڵێن لە بەرامبەر یاسادا یەكسان بكرێن، جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە، ئاخر لەلایەك ئەوەی پێی دەگوترێت لەشفرۆشی یان لەشكڕی، ئەگەر لە ڕوانگە كۆمەڵایەتی و ئایینیەكەیەوە خوێندنەوەی جیاجیا هەڵبگرێت، ئەوا لە دیوەكەی تری كە پەیوەندی بە ئازادییە كەسییەكانەوە هەیە كارێكە ئەگەر بەئاشكراش نەكرێت، ئەوا هێز نییە بتوانێت ڕێگە لە بەنهێنی كردنی یان لەڕێگە قاچاغەكەی بگرێت، بەكورتی فرۆشیار و كڕیار دەتوانن دوور لەچاوی خەڵك ئەو كارەبكەن، نموونەی بەرجەستەو زیندووش كەم نین و دەیان و جار لە رۆژنامەو ماڵپەڕەكاندا بابەت و بەدواداچوون لەو بارەیەوە نووسراوە و بڵاوكراونەتەوە، كۆمەڵگەیەكی وەك كۆمەڵگەی ئێمە كە بەهۆی جۆری كەلتوورەكەیەوە تووشی چەپاندنی سێكس هاتووە، بێگومان بۆ خاڵیكردنەوەی ئەو غەریزەیە تاكەكان پەنایان بۆ زۆر رێگەی خۆخاڵیكردنەوە بردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشبەختییە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، لەشفرۆشی نەبۆتە دیاردەیەكی باو و ئەوانەی ئەو كارەش دەكەن زۆرینەی هەرە زۆریان خەڵكی دەرەوەی هەرێمن، بەڵام ئەوەش لەلایەكی ترەوە پەتایەكی ماڵوێرانكارەو بە دیدی من ئەم لایەنەیان پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە، نەك یەكسانكردنی لەشفرۆش و لەشكڕ لەبەردەم یاساداو سزادانیان، دەكرێت لەجیاتی سزادان و تێڵا بارانكردنیان بەیاسایەك خودی كارەكە رێك بخرێت و كەسانی لەشفرۆش لەلایەن دامەزراوەی تایبەتی تەندروستی و ئاسایشیەكان دیارو ناسراوبن، ئەمەش بۆ ئەوەی چاودێری ئەو كەسانە بكرێت كە دووچاری نەخۆشی هاتوون و مەترسین بۆسەر كەسانی لەشكڕ، وەك ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ئەم رێگەیە كاری پێدەكرێت، دەبێ ئەوەش بگوترێت زۆر یاسا و كاری گرنگتر هەن كە پەرلەمانی كوردستان كاریان لەسەر بكات، لەهەمووشی گرنگتر ئێمەمانان ئەوەندەی گرفتاری جێبەجێنەكردنی یاساكانین، ئەوەندە گرفتاری نەبوونی یاسا نین».
زۆرینەی لێژنەی مافی ئافرەت لە پەرلەمان لەگەڵ رەتكردنەوەی یاساكەن
پەرلەمانتار هاژە سلێمان، جێگری سەرۆكی لێژنەی مافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە یاسای لەشفرۆشی و تاوتوێكردنی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت «ئێمە وەكو لێژنە گفتوگۆمان لەسەر هەمواركردنەوەی یاساكە كرد، تەنانەت زۆرینەمان لەگەڵ رەتكردنەوەی یاساكەبووین، چونكە لە كوردستاندا چەند حاڵەتێكی كەم هەیە و نەبۆتە دیاردە، بەڵام هەندێ شت هەبوو گفتوگۆمان لەسەر كرد، بۆ نموونە ئەو پیاوانەی كە بازرگانییان پێوە دەكەن، ئەوان بەرپرسیارن، بەڵام بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم ئەو كەسانە ناگیرێن تەنیا ئافرەتەكان تووشی گرتن و سزادان دەبن، وەكو لێژنە چەندینجار سەردانی چاكسازییەكانمان كردووە، ئافرەتی لەوجۆرە هەبووە كە لەدەرەوەی كوردستان هێنراون بۆ بازرگانی پێوەكردنیان، من پێموایە كوردستان پێویستی بە یاسایەكی تایبەت نییە، چونكە یاسای بەركارمان هەیە و كاری پێدەكرێ كە یاسای عێراقییە، ئێمەش هەوڵمانداوە یەك دوو بڕگەی بگۆڕین، بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لە هێنانی ئافرەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بازرگانی پێوە كردنیان». ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە دوای ئەوەی جاری پێشوو پڕۆژەیاسای هەمواركردنەوە لە پەرلەمانی كوردستان رەتكرایەوە، ئێستا جارێكی دی ئەو پڕۆژەیە بە هەمان شێوەی پێشوو بە مەبەستی هەمواركردنەوە هاتۆتەوە پەرلەمان، «بەهۆی سەرقاڵی»یەوە هێشتا گفتوگۆیان لەسەر نەكردووە، گوتیشی «هەوڵەكانی ئێمە بۆ ئەوەیە كە ڕێگری بكەین لەوەی كە خەڵكێكی بێگوناه بازرگانییان پێوە دەكرێ، زۆرجاریش لێرە و لەوێ لە راگەیاندنەكان باس لەوە دەكرێ كە لە كوردستاندا ماڵی لەشفرۆشی هەیە، من پێموایە ئەگەر ماڵی لەشفرۆشی هەبێت، پێویستە یاساش هەبێت، چونكە جۆرێك لە مەترسی بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست دەكەن».