لاوێكی كورد گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی خێرخوازی سویدی به‌ده‌ستده‌هێنێت

لاوێكی كورد گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی خێرخوازی سویدی به‌ده‌ستده‌هێنێت
ئا:چێنەرخالید
ئاری عەبدوڵا لاوێكی كوردی دانیشتووی سوید و قوتابی قۆناغی سێیه‌می به‌شی یاسایه‌، له‌ بری ئه‌و كاره‌ مرۆڤایه‌تی و خزمه‌تگوزاریانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات، توانی گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی خێرخوازی له‌سه‌ر ئاستی سوید به‌ده‌ست بهێنێت.



ئه‌م لاوه‌ كورده‌ ئێستا خاوه‌ن دوو چێشتخانه‌ و كۆمپانیایەكی خاوێنكەرەوەیە له‌و وڵاته‌ و ده‌رباره‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌ڵێت: من له‌ سوید ریكخراوێكی بچووكم دامه‌زراندووه‌ به‌ ناوی (zarashjalpen)، ساڵانه‌ له‌ سوید خه‌ڵاتێك به‌ ناوی خه‌ڵاتی ( vegasgalan 2013 friends arena stockolm) پێشكه‌ش به‌و كه‌سه‌ ده‌كرێت كه‌ باشترین كاری خێرخوازی ئه‌نجامداوه‌ له‌سه‌ر ئاستی سوید، بۆ ئه‌م ساڵیش خه‌ڵاته‌كه‌ به‌خشرایه‌ من، ئه‌ویش له‌ بری ئه‌وه‌ی خواردن پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ شوێنیان نییه‌ و شه‌وانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خه‌ون، چونكه‌ به‌پێی لیژنه‌ی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و خه‌ڵكی سوید هه‌ژار و نه‌داره‌كانی خۆیان بیر چۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی شه‌وانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خه‌ون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی سویده‌ واته‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ له‌ سوید ئه‌نجام ده‌درێن و پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ش ته‌نیا ناوخۆی سوید ده‌گرێته‌وه‌.
ئاری هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌م كاره‌ ته‌نیا رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌ نیازین بیكه‌ین حه‌وت رۆژانه‌ واته‌ رۆژان خواردن پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین به‌مه‌ش كاره‌كانمان فراوانتر ده‌بێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌ سوید به‌ باشترین شێوه‌ پێشوازی لێكرا ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌ دژایه‌تی كردنی كۆچ و كۆچبه‌ران ناسراوه‌، چونكه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌سێكی رۆژهه‌ڵاتی یان وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان پێی ده‌ڵێن (سه‌ر ره‌ش) پڕۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام بدات له‌ سوید، سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی دیكه‌یشی ئاری ده‌ڵێ: جگه‌ له‌ سوید هه‌وڵماندا كۆمه‌ك بۆ كۆسۆڤۆ كۆ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ بانگه‌وازێكمان بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا بڕێكی زۆر جلوبه‌رگمان كۆكرده‌وه‌ بۆ هه‌ژارانی ئه‌و وڵاته‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی پڕۆژیه‌كی له‌م جۆره‌ له‌ كوردستان ئه‌نجام نادات به‌تایبه‌تی بۆ ئاواره‌كانی خۆرئاوای كوردستانیش ده‌ڵێ: بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فاملی مۆڵ به‌ نیازین هه‌ڵمه‌تێك ئه‌نجام بده‌ین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ ئاواره‌ و لێقه‌وماوانی رۆژئاوای كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌م بۆ جێبه‌جیكردنی.




لەڕێگەی ئەم لینكەوە كورتەیەك وێنەو ڤیدیوو زیاتر ببینن

http://vegas.minnesotaweb.se/aretsvegasinitiativ/
Top