ئافرەتانی فەرمانبەر چۆن بەسەركـێشەوئاریشەكانی خۆیاندا زاڵ دەبن؟
January 31, 2013
کۆمەڵایەتی
منداڵی كەم، زۆربەی گرفتەكان چارەسەر دەكات
«كاتێك ئافرەتێكی فەرمانبەر شوو دەكات، گرنگە پیاوێك هەڵبژێرێت كە باوەڕی بەماف و هاوكاریی ئافرەت هەبێت، پێویستە تاڕادەیەك ڕۆشنبیر بێت، چونكە ئەگەر پیاو یارمەتی هاوسەرەكەی بدات، زۆر كاتی بۆ دەگێڕێتەوە». ئەوە دەستپێكی قسەكانی سەناریا كەریم بوو. ئەو فەرمانبەرە لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییە و رایوایە «ژن و مێردی كارمەند و خاوەن وەزیفە، دەبێت منداڵی كەم بخەنەوە، یان منداڵەكانیان یەك لە دوای یەك نەبێت، بۆ ئەوەی منداڵی زۆر نەبێتە هۆی رێگری لە پرۆسەی ژیانی كاركردنی رۆژانەیان»، سەناریا جەخت لەوەش دەكاتەوە كە «زۆر گرنگە هەردوو هاوسەر بەپێی پێویست بەشداری ڕێوڕەسمە كۆمەڵایەتییەكان بكەن»، بە پێویستیشی دەزانێت كە هاوسەران كەسوكار و دۆستانی خۆیان تێبگەیەنن، لەوەی كە ئافرەتی فەرمانبەر وەك ژنی ماڵەوە نییە و كاتی زۆر كەمە، بۆیە پێویستە ئەركی كەمتر بخەنە سەر شانی».
كۆمەڵگە لە بەردەم كاركردنی خانمان ئاستەنگ دروست دەكات
دوین دلێر فەرمانبەر لەوەزارەتی كارەبا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەركی سەرشانی ئافرەتانی فەرمانبەر زۆر گرانە، چونكە ئافرەتان لەماڵەوە هاوسەرو دایكن، لەفەرمانگەش خزمەت بە كۆمەڵگەكەیان دەكەن. ئەو خانمە لەوەش نیگەرانە كە كۆمەڵگە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەردەم كاركردنی خانماندا ئاستەنگ دروست دەكات، سەبارەت بە هۆكاری ئەو بۆچوونەشی گوتی « زۆربەی خێزانەكانی ئێمە هەڵگری كەلتووری خێڵەكین و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كاركردنی ئافرەتدا نین لە دەرەوەی ماڵ».
دواتر سۆلین كەریم لەوەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، بەپێویستی دەزانێت كە «حكومەت بەرنامەی تایبەتی بۆ هۆشیاركردنەوەی فەرمانبەران هەبێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەك ژیانیان بگونجێنن كە نەكەونە ژێر فشاری دەروونی و كۆمەڵایەیتییەوە». بە بڕوای سۆلین زۆر بوونی دەوامی رۆژانەی فەرمانگەكان گرفتی كۆمەڵایەتی و گوشاری دەروونی لەسەر ژیانی ئافرەتی كارمەند دروست دەكات، «ئافرەتی فەرمانبەر لەگشت چینەكانی دیكەی ئافرەتان ماندووترن و فشاری زۆریان لەسەرە و ژیانیان زەحمەتە، بۆ نموونە دەوامی فەرمانگەكانی دیكە زۆرترە لە دەوامی قوتابخانەكان زیاترە، لەبەر ئەوە زۆربەی ئافرەتانی فەرمانبەر ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان ماڵەوەو فەرمانگەدا ڕابگرن .
كۆمەڵگە زۆربەی كارەكان بۆ ئافرەت سنووردار دەكات
چنار عەلی فەرمانبەر لەوەزارەتی گواستنەوە، باس لەوە دەكات كە دابونەریتی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی گشتی ئافرەتان ڕووبەڕووی گرفتی جۆراوجۆر دەكاتەوە، چونكە «كۆمەڵگە زۆربەی كارەكان بۆ ئافرەت سنووردار دەكات»، چنار بەگرنگی دەزانێت فەرمانبەری ئافرەت لەكاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا هەندێك خاڵ ڕەچاوبكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژیانی پراكتیكی و كار و پیشەكەیدا بگونجێت، بۆیە دەڵێت «زۆربەی ئافرەتانی فەرمانبەر ڕووبەڕووی زۆر گرفتی جیاوازی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆیە بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە فەرمانبەرن پێویستە هاوسەرەكانیان لێیان تێبگەن».
قسەو قسەڵۆك لەسەر ئافرەتی سەركەوتوو
ژیلیا حەسەنی فەرمانبەر لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە زۆرجار ئافرەتانی سەركەوتوو رووبەڕووی بوختان دەبنەوە، ئەو نموونە بە خۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت :من خۆم لەیەكێك لە وەزارەتەكاندا ماوەی شەش مانگ سكرتێرەی بەڕێوەبەرێكی گشتی بووم، لەو ماوە كەمەدا توانیم زۆرترین خزمەت بە دەزگاكەو هاووڵاتیان بكەم، توانیم وەك ئافرەتێك گوزارشت لەهێز و ئیرادەی خۆم و سەرجەم ئافرەتەكان بكەم، بەڵام ئەوەندە قسەی نادروستم بۆ هەڵبەستراو بوختانی ناشیرینم بۆ كرا، تاكار گەیشتە ئەوەی كێشەم لەناو خێزانەكەشم بۆ دروستبوو، خەریكبوو ڕووبەڕووی تەڵاق ببمەوە، ئیتر ناچار بووم واز لە كارەكەم بهێنم و تەنانەت خۆیشم بۆ وەزارەتێكی دیكە گواستەوە».
ئافرەت دەتوانێت لەناو كەرتی تایبەتیشدا بوونی خۆی بسەلمێنێت
هەندێك لە ئافرەتان باس لەوە دەكەن كە كەرتی تایبەت دەرگایەكە بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن برەو بەتواناكانی خۆیان بدەن.
شایەن موحسین فەرمانبەر لەكۆمپانیای (میگرۆساج) ئاماژەی بەوەدا كە ئەو سەرەتا لەناو یەكێك لەفەرمانگە حكوومییەكاندا فەرمانبەر بووە، بەڵام دواتر وازی هێناوەو بڕیاری داوە بچێت بۆ كەرتی تایبەت، چونكە «كەرتی تایبەت تاڕاددەیەك بۆ ئافرەتان باشترە، بەشێكی زۆری سەركەوتنیش لەم بوارەدا دەكەوێتە سەر تواناكانی خۆی، دەتوانم بڵێم كە ئیرادەی ئافرەتان لەناو فەرمانگە حكومییەكاندا بە تەواوی سڕكراوەو زیاتر ئافرەت فشاری كۆمەڵایەتی و دەروونییان لەسەرە، بەڵام تاڕاددەیەك كەرتی تایبەت باشترەو ئافرەت دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت».
بەشێك لەئافرەتان حەزناكەن ئافرەتێكی سەركەوتوو هەبێت
نیاز حەسەن بەپێچەوانەی شایەن، رایوایە «لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا چ لە فەرمانگەی حكوومی و چ لە كەرتی تایبەت، لەهەموو بوارەكاندا ئافرەت دەچەوسێتەوەو ناهێڵن هەوڵ و كۆششی خۆی بكات، بۆ ئەوەی كەسێكی سەركەوتووبێت». گوتیشی :پیاوانی كۆمەڵگەی ئێمە لەڕووی دەروونییەوە حەز دەكەن ئافرەتان لەژێر كۆنترۆڵیاندا بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ناتوانن قبووڵی ئەوە بكەن، ژنێك بتوانێت لەڕووی ئیدارییەوە فەرمانیان پێبدات، بەداخەوە زۆر لە ئافرەتانیش حەزناكەن ئافرەتێكی سەركەوتوو هەبێت لەناویاندا، لەبەر ئەوەی كە ئافرەتانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە جۆرە نەریتێكیان لەلا دروست بوو كە ببنە پاشكۆی پیاوان، واتە لەژێر كۆنترۆڵی پیاواندا بن، كاتێك دەبینن ئافرەتێك لەوان سەكەوتووترە، یان توانای زیاتری هەیە و نەبۆتە پاشكۆیەكی مێردەكەی یان براكەی، یەكسەر هەوڵدەدەن تواناكانی كپ بكرێت و نەهێڵن سەركەوتوو بێـت.
توێژەری كۆمەڵایەتی رۆژان قادر لەسەنتەری چاودێریی خێزان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هەتا ئەمڕۆ رێگە بە ئافرەتان نەدراوە تواناكانی خۆیان دەربخەن و ئەگەر ئافرەتێك لەكارەكەیدا زۆر چالاك بێت، هەوڵی سەركەوتن بدات و تواناخودییەكانی خۆی بەدەربخات، یەكسەر لەلایەن پیاوەكانەوە هەزارو یەك بوختانی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكرێت، هەزارەها قسەی نابەجێ و ناپەسەندی لەسەر دەكەن». گوتیشی :جێگەی داخە ئەمڕۆ لەزۆربەی فەرمانگەكاندا ئافرەتان ناگەنە پلەیەكی بەرز، هەرچەندە تواناشیان هەبێت .
توانجدان لە ئافرەتانی فەرمانبەر
رۆژان قادر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە هەندێك هاووڵاتی لەكاتی سەردانی فەرمانگەكان تیر و توانج لە ئافرەتانی فەرمانبەر دەگرن، ئەمەش بەشێوەیەكی زۆر كاریگەریی خراپ دەخاتە سەر لایەنی دەروونی و هەستی ئەو ئافرەتە». ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە، جەختی لەوە كردەوە كە «ئەگەر ئافرەت بیرۆكەی باش و داهێنەرانەی ببێت و بەرنامەڕێژی بۆ ژیانی بەشێوەیەكی باش بكات، دەتوانێت سەرجەم كۆسپەكان ببرێت و كاریگەرییە خراپەكانیش لەسەر تەندروستی خۆی كەم دەكاتەوە».
مۆڵەتی دایكایەتی مافـی سەرەكیی ئافرەتی فەرمانبەرە
پەرلەمانتاران وەك نوێنەری خەڵك ئاماژە بەوە دەكەن كە ئافرەتان لە كوردستان توانیویانە هەنگاوی باش بهاوێژن و لەچەند بوارێكدا سەركەوتن بەدەستبهێنن.
گەشە دارا حەفید سەرۆكی لێژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت «ئافرەتی فەرمانبەر دەتوانێت سوود لەو مافانە وەر بگرێت كە یاسا بۆی داناوە، بۆ نموونە مۆڵەتی دایكایەتی بە مووچەی تەواو، یان بەبەشێكی مووچە مافێكی سروشتی ئافرەتانە، هەموو ئافرەتێكیش مافی خۆیەتی كە لەكاتی منداڵبووندا مۆڵەتی بە مووچەی هەبێت و ناكرێت ئافرەتی فەرمانبەر لەو مافە بێبەشبكرێت».
لێژنەی ئافرەتان هەوڵدەدات مافەكانی ئافرەتان دەستەبەر بكات
گەشە دارا جەختی لەوەكردوە كە ئەوان وەك لێژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان هەمیشە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی چ بەشێوەی یاسا بێت، یان بەداڕشتنی بەرنامەی گونجاو، بتوانن مافەكانی ئافرەتانی فەرمانبەر دەستەبەربكەن، گوتیشی:ئێمە وەك لیژنەی ژنان و ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان بەردەوام پڕۆژەی جوان و كاری گرنگ ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی كە بتوانین مافەكانی ئافرەتان دەستەبەر بكەین و بەردەوامیش سەردانیان دەكەین تا لە كێشەو گیروگرفتەكانیان بگەین».