نەبوونی ڕاوێژكاری خێزانی و بۆشـاییەك لە ژیانی هاوسەرانی گەنجدا

نەبوونی ڕاوێژكاری خێزانی  و بۆشـاییەك لە ژیانی هاوسەرانی گەنجدا
لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا، هەر خێزانێك پزیشك و ڕاوێژكاری خۆیان هەیە، زۆرجاریش لەكاتی ڕوودانی هەر كێشەو گرفتێك و لەكاتی دروستبوونی ناكۆكییەكی ئاڵۆز بەتایبەت لە نێوان هاوسەرانی گەنجدا، پەنا بۆ ئەو راوێژكارە خێزانییانە دەبەن و ئەوانیش فریایان دەكەون و بە ئامۆژگاری و ڕێنماییەكانی خۆیان شیرازەی خێزانییان پتەوتر دەكەن و لە هەرەسهێنانی ئەو ژیانە هاوبەشە رێگری دەكەن. لە كوردستانیش نەبوونی ڕاوێژكاری خێزانی، كەلێنێكی گەورەی بەتایبەتی لە ژیانی هاوسەرانی گەنجدا دروست كردووە.
پزیشكی دەروونناس و راوێژكاری خێزانی و تایبەتكردنیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خێزانی، یەكێكە لە سیما جوانەكانی كۆمەڵگە كە خێزانی وڵاتە پێشكەوتووەكان لەخێزانی وڵاتە تازەپێگەیشتووەكان جیادەكاتەوە. جگە لە وڵاتە دواكەوتووەكان، تەنانەت لە هەندێك وڵاتی تازەپێگەیشتووشدا راوێژكارانی خێزانی بوونیان نییە و هەر لەو وڵاتانەشدا رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و تێكچوونی شیرازەی خێزانی زیاترە. بۆیە زۆربەی كۆمەڵناس و دەروونناسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بوونی پزیشكێكی تایبەتمەند بەخێزان بۆ باری تەندروستی و پزیشكێكی دەروونناسیش بۆ راوێژی خێزانی و پاراستنی باری دەروونی ئەندامانی خێزان زۆر پێویستە.بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم بابەتە، بەپێویستمان زانی گوڵان بكەینە میوانی هاووڵاتییان و ڕای چەندین كەسایەتی وەربگرین.

بایەخی ڕاوێژكاری تایبەت بۆ خێزان
رۆژنامەنووس سروە هەورامی ڕایوایە بوونی پزیشكی راوێژكاری خێزانی لەم قۆناغەی ئێستادا گرنگەو سوودێكی زۆر گەورە بە لایەنی تەندورستی مرۆڤ دەگەیەنێت، گوتیشی «بە ڕای من كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو خێزانێك راوێژكارێكی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نامۆی تەندروستی و دەروونی سەردانی بكات، بۆ نموونە جاری وا هەیە كێشەیەكی زۆر بچووك هەیە، واتە ناكۆكییەك هەیە لەنێوان دوو هاوسەر، بەڵام نازانن چۆن چارەسەری بكەن، بەڵام ڕاوێژكارێكی خێزانی بە ئاسانی چارەسەری دەكات.
دانانی سەنتەر بۆ ڕاوێژكاری خێزانی
توێژەری كۆمەڵایەتی ئالان لەشكری، سەبارەت بە هەمان پرس جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هەر وڵاتێك بۆ ماوەیەكی درێژ ڕووبەڕووی شەڕی دەرەكی یان ناوخۆ بووبێتەوە، باری دەروونی تاكەكانی لە مەترسی بەردەوامدایە و پێویستی بە چاودێری زیاتر هەیە. گوتیشی: هەر وڵاتێك زیاتر تووشی شەڕ بووبێیت، تاكەكانی توندوتیژترن و زیاتریان پێویستیان بە راوێژی پزیشكی و دەروونی دەبێت». پێشنیاری ئەوەشی كرد كە «حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی سەنتەرەكانی راوێژكاری خێزانی كاری بە پەلە بكات».
لەشكری لەدیوێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەگرنگی ئەم دۆسیە كردەوەو گوتی: لە وڵاتێكی پێشكەوتوو، یان دواكەوتوو، پزیشكی ڕاوێژكاری خێزانی پێداویستیەكی تاكەكانی كۆمەڵگەن و هەر ئەوانیش ڕۆڵی گەورەیان لە پاراستنی شیرازەی خێزان و پاراستنی باری تەندروستی و دەروونی تاك هەیە.
سیستمێكی درێژخایەن بۆ پڕۆژەكە
جەمیلە رەحیم چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤەو لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە. ئەو چالاكوانە هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەبوونی ڕاوێژكاری خێزانی لە كوردستان، كەلێنێكی گەورەی بەتایبەتی لە ژیانی هاوسەرانی گەنجدا دروست كردووە. هاوكات جەختی لەوەش كردەوە كە ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی لەو جۆرە ماوەیەكی زۆری دەوێت و پێویستی بەسیستەمێكی درێژخایەن هەیە، گوتیشی «ئەو بابەتەم زۆر بەلاوە گرنگە، پێشم باشە كە قسەی زۆری لەسەر بكرێت، چونكە زۆر گرنگەو قسە و باسی دوور و درێژ هەڵدەگرێت و ڕەنگە وا بە كورتی شتێكی ئەوتۆ بە دەستەوە نەدات. بەهەر حاڵ من پێموایە دابینكردنی وەها سیستەمێك خۆی پێویستی بە كۆمەڵگەیەكی سیستماتیك هەیە، بەڵام لای ئێمە بەداخەوە سەرتاپای سیستمی پزیشكی و ڕوانگەی دەسەڵات و دكتورەكانیش دوواكەوتووانەیە.
لە كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا كێشەی دەروونی و خێزانیش زیاترە
ئەو چالاكوانە، گرنگیدان بە ناوەندەكانی چارەسەری دەروونی لەكۆمەڵگەی كورستاندا بە كارێكی زۆر پێویست هەژمار كردو گوتی «بوونی ناوەندەكانی دەروونی و خێزانی لە دنیای ئەمڕۆدا پێویستییەكی حاشاهەڵنەگری خێزان و تاكەو دەبێ كاری بۆ بكرێ. بەتایبەتی كە كێشەی خێزانی زۆر مەترسیدارەو دەبێت بەپەلە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە». گوتیشی «لەو كۆمەڵگەیانەی كە دواكەوتوو و پیاوسالاری و هەروەها بێسەوادی و نەخوێندەواری زاڵە، كێشەی دەروونی و خێزانیش زیاترە و كۆمەڵگەش تووشی نەخۆشی و داڕمان دەبێت، هەر بۆیە دەبێ كاری زیاتری كەلتووری لەم پێوەندییەدا بكرێ .
ڕاوێژكاری خێزانی پێگە و ڕۆڵی خێزان پتەوتر دەكات
سكرتێری رۆژنامەنووسانی مێینە لەسەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان (چیمەن كانیكی)، ڕایوایە ئەنجامدانی پڕۆژەی دامەزراندنی ڕاوێژكاری خێزانی لە كوردستان سوودی زۆری بۆ هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە هەیە و پێگە و رۆڵی خێزان پتەوتر دەكات. هاوكات گوتی «بێگومان بوونی سەنتەری تایبەت بە راوێژكاری خێزانی رۆحیەتی خێزان پتەوتر دەكات، بەڵام نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت، كە جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە ئێستا لە كوردستان زۆر زەحمەتە، چونكە دەبێت لەسفرەوە دەست پێبكەین و لە قوتابخانەكانی سەرەتایی و بەرە بەرە منداڵەكانمان لەو راوێژكردنە رابێنین.
بیر لەچارەسەری ڕیشەیی كێشەكان نەكراوەتەوە
شنۆ محەممەد نووسەر و چالاكوانی بواری ئافرەتان، ئەویش وەك هەموو بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە راوێژكاری خێزانی و پسپۆڕی كۆمەڵایەتی لەناو خێزاندا ڕۆڵی گرنگی لە پاراستنی شیرازەی خێزانی و باری دەروونی تاكدا هەیە. «بێگومان نەبوونی پسپۆڕی كۆمەڵایەتی و ڕاوێژكاری خێزانی یەكێكە لە هۆكارەكانی زۆربوونی گرفتەكانی نێوان هاوسەران و هەر لەبەر ئەوەش زۆرترین جیابوونەوە روودەدات، چونكە كە لەخێزانێكدا كێشەیەك دروست دەبێت، كەسێكی ژیر و پسپۆڕ نییە كە پەنای بۆ ببەن و كێشەكانیان چارەسەر بكات، ئەگەر بیریش لەچارەسەر كرابێتەوە، كێشەكان بە ڕێگەی عەشایری چارەسەركراوە، ئەوانیش هیچ كات بیریان لەچارەسەری ڕیشەیی كێشەكان نەكردۆتەوە، واتە بەشێوەیەكی زانستی كێشەكانیان چارەسەر نەكردووە، هەر ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی كە هەمیشە خێزانەكان دووبارە تووشی كێشە بوونەتەوە»، .
بەڕێوەبەری بنكەی ڕێنمایی دەروونی لەهەولێر (جاسم تەها قادر)، وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەكات كە لە كۆمەڵگەی ئێمە بەشێوەیەكی گشتی لایەنی دەروونی پشتگوێ خراوەو تەنیا گرنگی بەلایەنی تەندورستی دراوە، گوتیشی «لایەنی دەروونی یەكێكە لەلایەنە هەرە گرنگەكانی ژیانی ئادەمیزاد، بەڵام كۆمەڵگەی ئێمە بەداخەوە پشتگوێی خستووەو بەهیچ شێوەیەك گرنگی بەو لایەنە نادات، كەچی زۆربەی گرفتەكانی كۆمەڵگەی ئێمە كێشە و نەخۆشی دەروونییە، نەك پزیشكی، بەڵام كەس گوێ بەو لایەنە نادات، ئەوەتا دەبینین هەموو خەڵك بۆ چارەسەری كێشەكانیان سەردانی پزیشك دەكەن، بەڵام گەر داوایان لێبكرێ سەردانی ڕاوێژكارێكی دەروونی، یان خێزانی و كۆمەڵایەتی، یان پزیشكێكی دەروونناس بكەن زیز دەبن، چونكە نازانن ڕۆڵی راوێژكاری دەروونی زۆر گرنگە لەچارەسەری كێشەكان، زۆربەی هەرە زۆری كێشەكانیش لەبنچینەدا كێشەی كۆمەڵایەتین و دواتر دەبنە قەیرانی دەروونی، لەبەر ئەوەی كەس ناچێت سەردانی راوێژكاری دەروونی بكات، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكە قووڵ دەبێتەوە».
پێویستە چەندین بنكەی رێنمایی بكرێنەوەو
هانی خەڵك بدرێ سەردانیان بكەن
بەڕێوبەری بنكەی ڕێنمایی دەروونی لەهەولێر، بە گرنگی دەزانێت تاك لەو بوارەدا هۆشیاری دەروونی هەبێت و دەڵێت «بە ڕای من دانانی سیستەمێكی فراوان بۆ ڕاوێژكاری دەروونی لەكۆمەڵگەدا پێویستی بە ئیشی زۆرەو سەرەتا قورسە، بەڵام دواتر سەركەوتوو دەبێت و ئامانجی خۆی دەپێكێت، ئەگەر چەندین بنكەی رێنمایی دەروونی بكرێتەوە، یان چەندین سەنتەری جۆراوجۆری دەروونی بۆ هاووڵاتیان كراوە بێت و هانی خەڵكی بدرێت، سەردانیان بكەن، یان وەك وڵاتانی ئەوروپا هەر خێزانێك راوێژكارێكی دەروونی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، ئەمانە هەمووی هۆكار دەبن بۆ كەمكردنەوەی كێشەكانی خێزانی و تەنانەت كەمكردنەوەی نەخۆشییەكانیش». ئەو بەڕێوەبەرە نموونەی بەوە هێناوە كە «ئەگەر سەردانی شەقامی پزیشكان یان هەر نەخۆشخانەیەك بكەین، دەبینین زۆر جەنجاڵە، بەڵام گەر لە نەخۆشییەكانیان وردبینەوە، دەبینین بەشێكی زۆریان بەهۆی كێشەی دەروونییەوە تووشی نەخۆشی هاتوون.
Top