ئافرەت و پیاو كامیان باشتردەتوانــن چاودێری داهات وخەرجی بكەن؟

ئافرەت و پیاو كامیان باشتردەتوانــن چاودێری داهات وخەرجی بكەن؟
جیا لەوەی كە داهاتی سەربەخۆی ئافرەت دەبێتە هۆی ئەوەی ئیرادەی لەچۆنیەتی خەرجكردنیدا هەبێت، هەروەها لەدەستەبەركردنی مافەكانی یارمەتی دەدات و پێگەیەكی باشتری خێزانی پێدەبەخشێت، بەڵام زۆرجار باسی ئەوەش دەكرێ كە ئافرەتانی ماڵەوە وێڕای ئەوەی هیچ داهاتێكیان نییە، باشتر دەتوانن چاودێری داهات و خەرجی ماڵەوە بكەن، هەوڵی پاشكەوتكردنی بەشێك لە داهاتیش دەدەن، لە بەرامبەردا پیاوان بە زێدەڕۆیی لە خەرجیەكانی دەرەوەی ماڵدا تۆمەتبار دەكرێن.
«میردەكەم رۆژانە خەرجی ماڵم بە ڕەزالەت دەداتێ، تەنانەت حیسابی فلسێكیشم لەگەڵ دەكات، زۆریش ڕەزیلە و خەرجی ڕۆژانەشمان بە كەمی دەدات و بەش هیچ ناكات». ئەوە دەستپێكی قسەكانی سەوسەن عەبدولواحید بوو. سەوسەن جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هێشتا تەمەنی بە 50 ساڵ نەگەیشتووە، بەڵام «لەبەر ئازار و خەفەتان ڕەنگ و ڕووی پیرەژنانم گرتووە». باسی ئەوەشی كرد كە یەكێك لەخەمە گەورەكانی نەبوونی متمانەی پارەیە لەلای هاوسەرەكەی و بەحەسرەتەوە گوتی «خودا ئەو كەسانە بگرێت كە نەیانهیشت زوو لە شوێنێك دابمەزرێم، ئەگەر ساحیبی مەعاشێك بوومایە، بۆچی وەهام لێدەهات؟ ئێستاكە بوومەتە سواڵكەر هەموو بەیانییەك دەبێت دەست لەمیردەكەم پان بكەمەوە بۆ ئەوەی شتێك خەرجی ماڵمان بداتێ». ئەمەكێشەی تەنیا سەوسەن نییە، بەڵكوو كێشەی زۆربەی ئەو ئافرەتانەیە كەهیچ مووچەو داهاتێكیان نییە.
خەرجی ماڵ لەدەستی دایكدا بێت باشترە نەك باوك
زۆربەی توێژەران و شارەزایان پێیانوایە ئەگەر خەرجی ماڵ لەدەستی ئافرەتدا بێت، ئەو كات ئافرەت دەتوانێت بەشێوەیەكی جوانتر و ڕیكتر ژیانی ئابووری خێزان رێكبخات لەمبارەیەوە هەژین فایەق توێژەری كۆمەلایەتی پێوایە ئەگەر خەرجی ناوماڵ لەدەستی ئافرەتدا بێت ئەوكات ئافرەت وەك دایكێك باشتر دەتوانێت ژیانێكی باش بۆ منداڵ و مێردەكەی و بگرە كۆمەڵگەكەشی دەستەبەر بكات.
ئەوەتا شەوین كامەران توێژەری كۆمەڵایەتی لەوەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی جەخت لەوەدەكاتەوە كە پێویستە ئافرەت مافی ئەوەی هەبێت خەرجی رۆژانە بەدەست خۆی بێت نەك مێردەكەی، چونكە «دایك باشتر دەتوانێت خزمەتی منداڵەكانی بكات، ئافرەت كەسێكی زیاتر شارەزایە لەوەی كە ماڵ چی پێویستە و منداڵ زیاتر پێویستی بەچی هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئافرەت زیاتر لەهەستی منداڵەكەیەوە نزیكەو زیاتر دەتوانێت رۆڵێكی باش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان بگرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە پیاو بەئارەزووی خۆی پارە خەرج دەكات، بۆ نموونە پیاو لەجیاتی ئەوەی پارەكەی هەمووی بۆ خەرجی ماڵ و منداڵەكانی دابین بكات، دەچێت لەدەرەوە میوانداری هاوڕێیانی دەكات، یان پارەكە بەجگەرە دەدات، یان بۆ هەر ئارەزوویەكی دیكەی بەكاری دەهێنێت، واتا پیاو زۆرتر پارە بۆ حەزو ئارەزووەكانی خۆی بەكاردەهێنێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دایك زیاتر گرنگی بەمنداڵەكانی دەدات و زیاتر ئارامیی و خۆشی منداڵ و جوانی ماڵی لەلا مەبەستە».
لە كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا
داهات بەدەستی پیاوەوەیە
شەوین كامەران گوتیشی «شتێكی حەتمییە لەكۆمەڵگەی ئێمە پارە و داهات هەر بەدەست پیاوانەوە دەبێت، ئەوەش رەهەندێكی كۆمەڵایەتی‌‌ و كەلتووری‌ و تەنانەت ئایینی خۆی هەبووەو هەیە، لەبەر ئەوەی بەپێی ئایینیش باوك بەرپرسیارە لە دابینكردنی خەرجی خێزان و بەخێوكردنی‌ ژن و منداڵ، بەڵام پارەو داهاتی پیاویش لەلای دایك بێت باشترە». ئەو كۆمەڵناسە ئاماژەی‌ بەوەشدا كە لەئێستادا هاوكاری‌ لەنێوان هاوسەراندا هەیە‌و گوتی «ئێستا هاوسەران زۆربەیان وەك یەك كار دەكەن، بۆیە باوەڕناكەم ئەوە ببێتە كێشە كە پارە لای كامیان بێت، بەڵام وەك باسمكرد ئافرەت زیاتر لە پیاو دەزانێت چۆن پارەكان بۆ خەرجی خۆیان بە دروستی دابەش بكات».
دەرماڵەی‌ منداڵ پێویستە لەسەر
مووچەی دایكی فەرمانبەر بێت
هێرۆ ئیسماعیل، تەمەنەكەی ئاشكرا ناكات، بەڵام بە ئافرەتێكی تەمەن سەرووی 40 ساڵان دەچوو، ئەویش وەك هاوسەرەكەی‌ فەرمانبەرەو داهاتی خۆی هەویە، بەڵام گلەیی لەوەدەكات كە هاوسەرەكەی دەرماڵەی منداڵانی خستۆتەسەر مووچەكەی خۆی، گوتیشی «زۆرم پێناخۆشە دەرماڵەی‌ منداڵەكانەم لەسەر مێردەكەمە، چونكە مێردەكەم بەئارەزووی خۆی پارەكەی خەرج دەكات و زۆر دەستبڵاوە، تەنانەت بەو پارەیەی كەدەرماڵەی منداڵەكانیشمە وەری دەگرێت و دەچێت خەرجی دەكات، بەجۆرێك ناگاتە نیوەی‌ مانگ پارەی‌ پێنەماوە». هێرۆ ڕای وایە دایك منداڵ بەخێو دەكات ‌و پێویستی ماڵ و منداڵ باشتر دەزانێت،‌ بۆیە داواكارە دەرماڵەی‌ منداڵ لەسەر فەرمانبەری‌ ئافرەت بێت.
دەست بڵاوی ئافرەت بۆ پێداویستی ماڵە
شێروان سابیری تەمەن 39 ساڵیش خۆی و هاوسەرەكەی فەرمانبەرن، بەڵام بەپێچەوانەی هێرۆ، دەرماڵەی منداڵان لە سەر مووچەی هاوسەری شیراوانەو هەموو مووچەكەشیان لای دایكی منداڵان دەبێت، شێروان گوتی «من هەموو مووچەكەم تەسلیمی خێزانم دەكەم، گەر پێویستم بێت پارەیەكی كەمی ڕۆژانەی لێوەردەگرم، زۆریش ڕازیم، چونكە ئەوەتا پارە لای هاوسەرەكەمە پاشكەوتیش دەكەن و لە جارانیش زیاتر خۆشگوزەرانی دەكەین». شیروان یەكێك لەهەنگاوەكانی دیكەی ئەوە بووە كە تەنانەت دەرماڵەی‌ منداڵەكانی‌ خستووەتە سەر مووچەی‌ هاوسەرەكەی و لەوبارەیەوە وتی «هەستمكرد هاوسەرەكەم حەز دەكات ئەو دەرماڵەیە لەسەر مووچەی‌ ئەو بێت، بۆیە خستمە سەر مووچەی‌ ئەو، منیش پێمباشە ئەو دەرماڵەیە لەسەر مووچەی‌ دایك بێت، چونكە دایك زۆر ژیرانەتر مەسرەفی‌ ماڵ و منداڵ دەكات».
بەشێك لەو ئافرەتانەی ماڵەوە كە هیچ داهاتێكیان نییەو خاوەن مووچەی خۆیان نین، هەموو داهاتی هاوسەر و پارەی ماڵەوەیان لایە، زۆرجاریش باسی ئەوە دەكرێ كە هەموو بڕیارێكیان بەدەستە و خۆیان دەستنیشانی دەكەن كە چۆن پێداویستییەكانی ماڵەوەی پێ دابین بكەن.
هەروەها ئارام حەمەدئەمینی تەمەن 54 ساڵ لە ناو بازاڕی قەیسەری دوكانی هەیە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە ماوەی ژیانی هاوسەری خۆیدا، هەموو داهاتەكەی لای هاوسەرەكەیەتی و دەڵێت «متمانەیەكی زۆرم بە دایكی منداڵان هەیە، بۆیە هەموو داهاتام لای ئەوە و بۆ خۆشی بڕیار دەدات چۆن چۆنی بۆ خەرجی ڕۆژانە، یان شتی تایبەت خەرجی بكات»، ئارام گوتیشی «ئافرەتان وەك پیاو دەست بڵاو نین و گەر بڕیار لای ئەوان بێت بۆ خەرجییەكان، ئەوە هەموو شت بە ڕێكوپێكی دەڕوات».
Top