خێزانی جێگرەوە منداڵانی بێسەرپەرشت لەئامێزدەگرێت

خێزانی جێگرەوە منداڵانی بێسەرپەرشت لەئامێزدەگرێت
خێزانی جێگرەوە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە لەزۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا بۆ پەروەردەكردنی منداڵانی بێسەرپەرشت پەیڕەو دەكرێت. پسپۆرانی دەروونناس ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو پڕۆژەیە لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، لە كوردستانیش ئەو پڕۆژەیە كەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە و هەر خێزانێك دەتوانێت منداڵێكی بێسەرپەرشت لەئامێز بگرێت، بەڵام ئایا خێزانی جێگرەوە كەلێنی رۆحی و بۆشایی سۆزی خێزانی بێسەرپەرشتان پڕدەكاتەوە؟ كێشەو گرفتەكانی ئەو جۆرە پەروەردەیە چین؟ پڕۆژەی لەوجۆرە تاچەند دەتوانێت ژمارەی منداڵان لەخانەكانی نەوجەواناندا كەم بكاتەوەو تا چەند رێژەی تاوانەكانی بێسەرپەرشتان دادەبەزێنێت؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتە وەڵامی ئەو پرسیارانەی گوڵان دەدەنەوە.
بەپێی چەند مەرجێك لەكوردستان و عێراق یەكەمجارە ئەم پڕۆژەیە جێبەجێدەكرێت
توێژەری دەروونی شێخ زەیتۆ تۆفیق بەڕێوبەری چاودێریی تایبەت لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەنی بیرۆكەی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە، روونی كردەوە كە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە بیرۆكەیەكی نوێیەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ كراوە، پێشتر هەوڵدراوە كە مندالانی بێسەرپەرشت لەلایەن خێزانێكی نزیك لەخێزانی منداڵەكەوە پەروەردە بكرێت، بەڵام دەركەوتووە ئەوە كەمتر سەركەوتنی بەدەست هێناوە، بۆیە بیر لە پڕۆژەیەكی لەمشێوەیە كرایەوە، كە بەپێی چەند مەرجێك بكرێ خێزانێكی جێگرەوە منداڵێكی بێسەرپەرشت لە ئامێز بگرێت.
هەر سەبارەت بەچۆنێتی ئەم پڕۆژەیە شێخ زەیتۆ ئاماژە بەوە دەكات كە خێزانی جێگرەوە بریتییە لەوەی كە خیزانێك منداڵێكی بێسەرپەرشت هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی سەرپەرشتی بكات، گوتیشی: ئەو خێزانە لەلایەن توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆدەكرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە لەڕووی مادییەوە هاوكاری دەكرێت، بەڵام ئەو منداڵە هەر لەسەر ناوی راستەقینەی خۆی دەمێنێت و ناچێتە سەرناوی ئەو خێزانە. بەڕێوەبەری چاودێریی تایبەت ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەم پڕۆژەیە هەتا ئێستا بەشێوەیەكی فراوان نەچووەتە واری جێبەجیكردنەوە، چونكە تائێستا لەبەرنامەی حكومەتدا نەبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەتی كار ئەم پڕۆژەیەی خستۆتە نێو نەخشەكارەكانی خۆیەوەو بەنیازن هۆبەیەكی سەربەخۆ بۆ ئەم بەشە بكرێتەوە، ئەوكات ئەم بەشە بەشێوەیەكی جوانتر و رێكتر دەتوانێت كاری خۆی بكات. هەرسەبارەت بەپاراستنی ئەو منداڵە لەلای خیزانی جێگرەوە، شیخ زەیتۆ ئاماژە بەوە دەكات كە خێزانە بەرلەوەی منداڵەكەی پێبدرێت، بەدواداچوونی تیروتەسەلی بۆدەكرێت و توێژەرانیش بەبەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەكەن و چاودێری ژیانی كۆمەڵایەتی و لایەنی دەروونی ئەو خێزانە دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو منداڵە هەرگیز ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبێتەوە. سەبارەت بەجیاوازییەكانی نێوان خێزانی جێگرەوەو پرۆسەی تەبەنی كردنیش، زەیتۆ تۆفیق گوتی :خێزانی جێگرەوە زۆر جیاوازە لەگەڵ تەبەنی كردن و نابێت تێكەڵ بكرێت، چونكە دوو پڕۆژەی زۆر جیاوازن.
بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن توێژەرانی كۆمەڵایەتییەوە سەردانیان دەكرێت
هەر سەبارەت بەم بابەتە توێژەری كۆمەڵایەتی یوسف عەبدولواحید بەڕێوەبەری خانەی نەوجەوانانی كوڕان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەومنداڵانەی كە پڕۆژەكەی خێزانی جێگرەوە دەیانگرێتەوە، لەلایەن حكومەتەوە بەشێویەكی بەردەوام گرنگییان پێدەدرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە نزیكەی (140) منداڵ ئێستا بەشێوەی خێزانی جێگرەوە لەلایەن چەند خێزانێكی نزیك لەخۆیانەوە پەروەردە دەكرێن، وەك ماڵی خاڵ و مام و پوور، ئەو خێزانانەش كە ئەو منداڵانە بەخێو دەكەن، بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن توێژەرانی كۆمەڵایەتییەوە سەردانیان دەكرێت و لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە هاوكاری دەكرێن، بۆ نموونە ساڵانە سێ جار جلوبەرگیان بۆ دەكرێت.
خێزانی جێگرەوەو تەبەنی كردن جیاوازییەكی زۆریان هەیە
توێژەری دەروونی شنۆ كەمال ئاماژە بە جیاوازییەكانی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەو پڕۆژەی تەبەنی دەكات و دەڵێت:جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەو پڕۆژەی تەبەنی كردندا، راستە هەر دوو پڕۆژەكە لەیەك خاڵدا هاوبەشن، كە بەخێوكردنی منداڵانە لەلایەن دوو دایك و باوك كە هی خۆیان نین، بەڵام دەبێت شتێك هەیە بیزانین كە ئەم دوو پڕۆژەیە ئاسمان و ڕیسمانێك جیاوازییان هەیە، بۆ نموونە منداڵ تەبەنی كردن چەند خەسڵەتێكی هەیە كە ئەو خێزانە منداڵەكە لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا دەبات كە تەمەنیان لەپێنج ساڵ بچووكترە، بەڵام خێزانی جێگرەوە لەهەموو تەمەنێكدا دەكرێت، بەجۆرێك زیاتر ئەو منداڵانەی كە دەچنە خێزانی جێگرەوە، دەزانن كە خاوەن دایك و باوكی راستەقینەی خۆیان نین، ئەمە بێجگە لەوەی كە لە زۆربەی جارەكاندا لەكاتی جێبەجیكردنی خێزانی جێگرەوەدا ئەفزەلییەت بەخزمە نزیكەكانی واتا ماڵی خاڵ و مام و پووری منداڵەكە دەدرێت بۆ بەخێوكردنی، كۆمەڵێكیش مەرجی تەندروست هەیە، دەبێت لەو دایك و باوكەدا هەبێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆچی خێزانی جێگرەوە زیاتر خوازیاری كچن، یان كچان بەخێو دەكەن، شنۆ كەمال گوتی :كچ كەمتر كێشە بۆ دایك و باوك دروست دەكات، بۆیە زیاتر خەڵك بیر لەبەخێوكردنی كچ دەكەنەوە، هەروەها نەریتێكی كۆمەڵایەتی لەلای ئێمە هەیە كە خەڵك زیاتر حەز دەكەن كچ بەخێو بكەن، بۆ ئەوەی لەئیش و كاری ناوماڵ هاوكارییان بكات، هەرئەمەش وەهای كردووە كە زۆربەی خەڵك ئەوانەی وەك خێزانی جێگرەوە، یان تەبەنی كردن راستەوخۆ بەدوای كچدا دەگەڕێن، هۆكارێكی دیكەی ئەوەش ئەوەیە كە زۆربەی خێزانەكان پێیانوایە كوڕ زیاتر كێشە بۆ كەسوكاری دروست دەكات، ئەوەشی زیاتر تێبینی كرابێت، ئەوەیە كە لەڕابردوودا زۆر لەو خێزانانەی كە كوڕیان بەخیوكردووە تووشی گرفت و كێشەبوون، بەڵام كچان بەپێچەوانەوە كەمتر كێشەیان بۆ خێزانەكەیان درووست كردووە». شنۆ جەخت لەوەش دەكاتەوە كە كۆمەڵگەی ئێمەش زۆر ئاسایی پڕۆژەی لەمجۆرە قبووڵ دەكات، چونكە لەڕابردوودا كە منداڵیك بێسەرپەرشت دەبوو، ئەو منداڵە لەلایەن كەسوكار و خزمەكانیەوە بەخێو دەكرا، ئێستاش خێزانی جێگرەوە هەمان پڕۆژەی ئەو كاتەیە، بەڵام بەشێوەیەكی مۆدێرن داڕێژراوە، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش وا دەكات واتا ئەو منداڵە لەجیاتی لەخانەی نەوجەوانان گەورە بێت، لەماڵی خاڵێكی، یان مامێكی یان كەسێكی خۆی گەورە دەبێت، واتا خێزانی جێگرەوە شتێك نییە زیان بە ئایندەی منداڵەكە یان كۆمەڵگە بدات، یان بڵێین ناگونجێت لەگەڵ دابونەریتدا، بەڵكوو بەشێوەیەكی زۆر گونجاو دەتوانرێت ئەم پڕۆژەیە بۆ چارەسەری منداڵانی بێسەرپەرشت و چارەسەری زۆر لە گرفتە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربێت» .
هەرگیز خانەكان جێگەی خێزان ناگرنەوە
د. شەیما عەزیز پزیشكی دەروونییە و وەك پسپۆرێكی دەروونناس سەبارەت بەكێشەی ئەو منداڵانەی كە لەلایەن خێزانی جێگرەوە بەخێودەكرێن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو منداڵانەی كە لەخانەكاندا گەورە دەبن، لەڕووی دەروونییەوە كێشەی جۆراوجۆریان دەبێت، چونكە هەرچەندە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر لەو خانانەدا هەبێت، بەڵام هەرگیز ئەم خانانە جێگەی خێزان ناگرێتەوە.
دكتۆرە شەیما رایوایە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە زۆر سەركەوتووە، چونكە ئەو منداڵانە لەجیاتی لەناو بنەكەیەكدا گەورەبن، ئەوا لەناو خێزاندا گەورەدەبن، گوتیشی:بێگومان شتێكی گرنگ هەیە كە خێزانی جێگرەوە تا ڕادەیەك ئامانجی خۆی دەپێكێت، چونكە ئەو منداڵەی كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كە لەناو خانەدا دەژی، هەست بەوە دەكات كە لەناو دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتیدایە، بەڵام ئەگەر منداڵ بنێردرێتە مالیكی خزمی، بەتایبەتی ئەگەر خزمایەتییەكەی نزیك بێت، وەك ماڵی خاڵ، یان پوور، یان مام، ئەوكات ئەو مندالە تا ڕادەیەك خۆی لەگەڵ ژینگەیەكی خێزانی دەگونجێنێت، تاڕادەیەكیش خێزانەكە دەتوانێت هەست و سۆزی دایكایەتی بۆ منداڵەكە قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام ئەوەش هەیە خێزانی جێگرەوە ئەوەندە ئاسان نییە، چەندین بەدواداچوون دەكرێت هەتا ئەو منداڵە وەردەگرێت، بۆنموونە لەوڵاتی بەریتانیا چەندین بەدواداچوون بۆ خێزان دەكرێت هەتا منداڵ وەردەگرێت.
هەموو منداڵێك مافی خۆیەتی كە خێزانێكی هەبێت
هەرسەبارەت بەم بابەتە لیژنەی خێزان و كاروباری كۆمەڵایەتی و مافەكانی منداڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕاوسەرنجی خۆیان هەیە. عەبدولسەلام بەرواری وەك سەرۆكی لیژنەكە دەڵێت:ئەو خانانەی كە منداڵانی بێسەرپەرشتی تیادایە، راستە هەموو شتێكی بۆ فەراهەم كراوە، بەڵام وەك پێویست نەتوانراوە ببێتە بەدیلی خێزان، لەبەر ئەوەی كە منداڵ لەهەموو شت زیاتر پێویستی بە خێزان هەیە، یەكێك لەبەندە گرنگەكانی مافی منداڵان ئەوەیە كەهەموو منداڵێك مافی خۆیەتی كە خێزانێكی هەبێت.
بەرواری سەبارەت بە گرنگیدان و بەدواداچوونیان بۆ بارودۆخی منداڵانی بێسەرپەرشت،گوتی: «ئێمە ئەم پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەمان داڕشت و دوای وتوێژ لەگەڵ بەشێكی زۆر لەتوێژەران و چالاكوانان و شارەزایان و پیسۆران ئەوەی گرنگە ئەم پڕۆژەیە لەوڵاتی ئێمە تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە دەبێت بزانرێت ئەومنداڵە بەچ خێزانێك دەدرێت، لەدەرەوەی وڵات زۆر ئاسان ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ كراوە، بەڵام لە كوردستان كۆمەڵێك ئاستەنگی هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو منداڵە بۆشتی خراپ بەكار بێت، یان توندوتیژی دژی بەكاربهێنرێت، هەر لەبەر ئەمەش ئێمە بڕیاریمان دا كە ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لەو خێزانانەوە دەست پێبكات كەخزمی ئەو منداڵەن، وەك خاڵ و مام و پوور و كەسانی نزیك، ئەم پڕۆژەیەش زۆر سەركەوتووە، چونكە من خۆم لەگەڵ زۆر لە توێژەران قسەم كردووە، ئاماژەیان بەوەدا كە ئەم منداڵانە زۆر سەركەوتووتر دەبن لەو منداڵانەی كە لەناو خانەكاندان، لەبەر ئەوەشە من ئەم پڕۆەژەیە بە زۆر سەركەوتوو دەزانم، ئێمەش ئەم پڕۆژەیەمان پێشكەش كردووەو چاوەڕوانین لەدانیشتەكانی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی كارەوەو بچێتە بواری دەنگدانەوە، ئێمە ئەمە بە بیرۆكەیەكی گرنگی دەزانین و پشتگیری دەكەین.
Top