پرسەی ئافرەتان لەنێوان دڵـنەوایی كردن و خۆدەرخستن

پرسەی ئافرەتان لەنێوان دڵـنەوایی كردن و خۆدەرخستن
پرسەگێڕان رێوڕەسمێكی كەونارای زۆربەی كۆمەڵگەكانی جیهانەو لەو بۆنە ماتەمێنییەدا هەوڵدراوە دڵنەوایی بنەماڵەی كۆچكردوو بكرێت، لەوڵاتانی ئیسلامیش بایەخێكی زیاتر بەو رێوڕەسمە دراوە و شوێنی پیاوان و ئافرەتان لە پرسەكەدا جیا كراوەتەوە، لە كوردستانیش هەمان شێواز پەیڕەو دەكرێت، بەڵام زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە لەپرسەی ئافرەتان زیاتر گرنگی بە خۆدەرخستن و نمایشكردنی خشڵ و زێڕ و لەچك و جوبەی گرانبەها دەدرێت و تەنانەت خوازبێنی كچانیش دەكرێ، كە ئەو كارانە لە كاریگەری دڵنەواییەكانی خێزانی كۆچكردوو كەم دەكاتەوە.
لە پرسەی ئافرەتان خوازبێنیش دەكرێ
«بەداخەوە پرسە ئێستا بۆتە شوێنی یەكترناسین و بیروڕاگۆڕینەوەی نێوان ئافرەتان و تەنانەت ئافرەت هەیە وێنەی كچەكانی دەهێنێت و بە ئافرەتانی دیكەی پیشان دەدات بۆ ئەوەی خوازبێنی دروست بێت». سەروین ساڵح وایگوت. ئەو مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و بە خەمبارییەكی زۆرەوە بەمجۆرە باسی پرسەی براكەی بۆ گوڵان دەكات:
«زۆربەداخەوە بەشێكی زۆری ئافرەتانی بەشداربووی پرسەكە، هەر دوای داخستنی فاتیحایەك، دەست دەكەن بە قسەو قسەڵۆك و غەیبەتكردنی ناسراوەكانی خۆیان، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت كەسووكاری مردووەكەیە، تەنانەت خەڵك هەیە داوای كیژی یەكتر بۆ كوڕیان دەكەن، هەندێكجاریش وەك بڵێی لە پرسەش نەبن بە دەنگی بەرز پێدەكەنن، ئەوەش ئوسلووبی دڵنەوایی دان نییە».
شادان كەریم، ماوەیەكە باوكی كۆچی دوایی كردووەو راشكاوانە دەڵێت «چەندە لە مردنی باوكم دڵگرانم، ئەوەندەش هەڵسوكەوتی ئافرەتان لە پرسەكە ئازاری داوم، خەڵكی هەیە هیچ حسابێك بۆ خاوەنی مردووەكە ناكەن، پرسەكە دەكەنە بازاڕی خۆیان».
ئافرەتی قورئان خوێن داوای پارەی خەیاڵی دەكات
لە پرسەكانی ئافرەتان بەپێی نەریتی باو، دەبێت ئافرەتێك قۆرئان بخوێنێت، بەڵام زۆربەی ئەو ئافرەتانەی قورئان دەخوێنن، وەك پیشەیەك لێی دەڕوانن و لە بری كارەكەیان پارە وەردەگرن، ئەوەتا شادان كەریم بە نیگەرانییەوە دەڵێت «زۆربەی ئەو ئافرەتە قورئان خوێنانەی كە دێن بۆ پرسە داوای پارەی خەیاڵی دەكەن، ئافرەتێك لەپرسەكەماندا داوای مەبلەغی هەشت وەرەقە(800$)ی بۆ دوو ڕۆژ كرد، كە داوای كەمكردنەوەی نرخەكەمان كرد، هەڕەشەی ئەوەی كرد، گەردنی مردووەكەمان ئازاد ناكات، بەناچاری پارەكەمان دایێ، ئەوە چ جۆرە هەستێك و چ جۆرە نەریتێكی ئینسانە كەبەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی خاوەن پرسەدا بكات».
میقداد وەلی دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری هەولێرەو ئەویش ماوەیەكە باوكی كۆچی دوایی كردووەو بەمجۆرە باسی پرسەی خۆیان دەكات: «من زۆر مەمنوونی خزم و كەس و دراوسێ و هەموو ئەو خەڵكانەم كە لە پرسەی باوكی خوالێخۆشبووم بەشدارییان كرد، بەڕاستی پرسەی پیاوان زۆر بە مەزبووتی بوو، هەموو لایەك بە دڵسۆزی خۆیان لەگەڵ ئێمە ماندوو كرد، خوا خێری هەموویان بداتەوە، بەڵام، هەروەها وەك خۆم بیستوومە لە پرسەی ژنان هەنێك كەموكووڕی هەبووە، بۆ نموونە ئافرەتی قورئان خوێن داوای پارەی خەیاڵی دەكات، بۆ ئەوەش پێویستە یەكێتی زانایانی ئیسلامی سنوورێك بۆ ئەو داخوازییە نەشیاوە دابنێن».
پیاوانیش زۆرجار پرسەكە دەكەنە مەڵبەندی كاسبی و ململانێی دەوڵەمەندی و خۆهەڵكێشان
هانا عوسمان، توێژەری كۆمەڵایەتییەو هێما بۆ ئەوە دەكات كە «هەندێك دیاردەی نامۆ و نادروست لەناو پرسەكاندا هەیە، كە هەندێكیان جێی رامان و تێبینین، ئەو رایوایە پرسەی پیاوانیش كێشەی خۆی هەیەو نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە «زۆر جار پرسەكان دەبنە مەڵبەندی كار و كاسبی و ململانێی و خۆهەڵكێشانی دەوڵەمەندەكان»، سەبارەت بە پرسەی ئافرەتانیش گوتی «بۆ نموونە پرسەی ژنان كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەت بەخۆی هەیە، گرنگترینیان بوونی ئەو ئافرەتانەیە كە خۆیان كردۆتە شێخ و مامۆستای ئایینی و فتوا دەدەن و باسی زۆر شتی سەیر و سەمەرە دەكەن، كە زۆربەی دوورە لە ڕاستییەوەو كۆمەڵێك قسەی خەیاڵییە، بۆیە پێویستە كەسانێك لەلایەن یەكێتی زانایان بۆ پرسەی ژنان دەستنیشان بكرێن، كە شارەزای ئایین بن و نرخەكانیشایان گونجاو بێت و ئەركەكەشیان تەنیا قورئان خویندن بێت، نەك وەك ئەوەی ئەمڕۆكە ئافرەت هەیە خۆی دەكاتە پزیشك و شێخ و مەلا و بە ئارەزووی خۆی قسەی سەیرو سەمەرە دەكات»
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە سەبارەت بە نمایشكردنی جلوبەرگ و جۆرەها خشڵی گرانبەها لەپرسەی ئافرەتان رایوایە «ئەوانەی ئەو كارەدەكەن ئەو كەسانەن كەكەمترین پەیوەندی كۆمەڵایەتییان هەیە، چونكە پرسە شوێنێكە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو كەسانە بتوانن بەیەك بگەن و كەسیش ناتوانێت رێگرییان لێبكات، واتا ئەو ئافرەتانەی كە چوونەدەرەوەیان كۆت وبەندی لەسەرە، پەنا بۆ ئەم شێوازە لەهەڵسوكەوت دەبەن».
هاوسەرگیرییەك دایك و باوكان لەبری منداڵیان بڕیار بدەن سەركەوتوو نابێت
سیستەمی داخراویی كۆمەڵگە وایكردووە (بەخت و نەسیب) كاریگەری زۆری لەسەر هاوسەرگیری هەبێت، بۆیە زۆر جار لە پرسەكاندا ئافرەتان هەوڵی ژنهێنان بۆ كوڕ و كچ بەشوودانی خۆیان دەدەن. بەڵام هانای كۆمەڵناس دەڵێت «هەرگیز زەواجی نێو پرسەكان سەركەوتوو نابێت، چونكە دایك و باوكان لە بری مناڵەكانیان بڕیار دەدەن، گوتیشی «ئەمڕۆ كۆمەڵگە بەرەوپێشچووەو دەیان شوێنی وەك زانكۆ و پەیمانگەكان و دامودەزگاو تەنانەت مۆڵەكان هەن، چ پێویست دەكات كچان لە پرسەدا خوازبێنی بكرێن وهاوسەرگیری بكەن؟».
كۆمەڵگەی ئێمە زۆر داخراوەو ژیانی ئافرەتانی زۆر تەسك كردۆتەوە
سۆزان عارف چالاكوان و سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان، كەموكوڕییەكانی پرسەی ئافرەتان بۆ «داخراوەیی كۆمەڵگە» دەگەڕێنیتەوە و سەبارەت بە تەشەنەكردنی هاوسەرگیری لە پرسەكانیش دەڵێت «چونكە ئەو بۆنانەی تایبەتە بە گردبوونەوەی ژنان وەك پرسە، هەلێكە كە بەشێوەیەكی تەقلیدی داخوزای كچان بكرێت، ئەوەش بە هۆی ئەوەیە كۆمەڵگەی ئێمە زۆر داخراوەو ژیانی ئافرەتانی زۆر تەسك كردۆتەوەو هەموو هەڵسوكەوتەكانی بۆ دەستنیشانكردووە، هەروەها نزمی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری تاكەكان وایكردووە ناچارن لەشوێنێكی وەك پرسەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان برەو پێبدەن».
«گوناهێكی گەورەیە بازرگانی بە قورئان خوێندنەوە بكرێت»
مامۆستایانی ئایینیش وەك چینێكی گرنگی كۆمەڵگە سەرنج و تێبنی خۆیان سەبارەت بە پرسەی ئافرەتان هەیە. وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان مەلا جەعفەر گوانی، ئاماژە بەوە دەكات كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان پرسەی پیاوان و ئافرەتاندا هەیە. گوتیشی: بەداخەوە پرسەی ئافرەتان جۆرە بێسەروبەرییەكی تیادایە، بۆ نموونە لەكاتێكدا كە مامۆستاكە قورئان دەخوێنێت، یەكێك لەولاوە خەریكی باسی خەڵكە، یەكێك خەریكی باسی كچ و كوڕ و پیاوەكەیەتی، هیچ ئاگایان لەپرسەكە نییە، واتا جۆرە بێسەروبەرییەك لەناو پرسەدا هەیە، ئەمە بێجگەلەوەی هەندێك خەریكی شین رۆڕۆن كە زۆر دوورە لەنەریتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گوناهیشە.
ئەو مامۆستا ئایینییە داوای پارەكردنی زۆریشی لەلایەن ئافرەتی قورئان خوێن بە كارێكی نادروست ناو برد و گوتیشی «بەداخەوە زۆرجار ئافرەتە قورئان خوێنەكان سوود لەو حاڵەتە دەروونییە تایبەتییەی خاوەنی مردووەكە وەردەگرن و ئافرەت هەیە داوای مەبلەغێكی خەیاڵی دەكات، ئەوەش گوناهێكی گەورەیە بازرگانی بە قورئان خوێندنەوە بكەن».
Top