پیاوێك لە خانەقین داوای دایكی كوڕێك دەكات بۆی بهێنێ، چونكە دەستدرێژی كردووەتە سەر كچەكەی

پیاوێك لە خانەقین داوای دایكی كوڕێك دەكات بۆی بهێنێ، چونكە دەستدرێژی كردووەتە سەر كچەكەی
14ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- له‌ شاری خانه‌قین له‌لایه‌ن كورێكی ته‌مه‌ن بیست ساڵه‌وه‌ ده‌ستدریژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ كه‌ خۆشه‌ویستی یه‌كترن و دواتر كوڕه‌كه‌ كچه‌كه‌ ده‌رفێنێت و له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كه‌ش باوكی كچه‌كه‌ داوای دایكی كوڕه‌كه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ چه‌ند داوكارییه‌كی دیكه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ ئاشتی و هیوا بۆ ئه‌نانا, مه‌هاباد ئه‌حمه‌د, به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند:؛ له‌ لایه‌ن ئاسایشی خانه‌قینه‌وه‌ لیژنه‌كه‌یان ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ كوڕێك به‌ ناوی "ح . ح" ته‌مه‌ن 20 ساڵ له‌گه‌ڵ كچێك به‌ ناوی "س" ته‌مه‌ن 14 ساڵ كه‌ خۆشه‌ویستی یه‌كترن و دوای ده‌ستدرێژی سێكسی كوڕه‌كه‌ كچه‌كه‌ی ڕفاندووه‌, دواتر له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

وه‌كو مه‌هاباد گێرایه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌: له‌ به‌رواری 3/10/2012 "س"ی ته‌مه‌ن 14 ساڵ كه‌ قوتابیی نۆی بنه‌ره‌تییه‌، له‌گه‌ڵ كوره‌كه‌ "ح . ح" رێكده‌كه‌ون بۆ مه‌به‌ستی ژووان، له‌ باخچه‌كه‌ی نزیكی ماڵی خۆیان یه‌كتر ببینن و هه‌ر له‌و ژووانه‌دا "ح" ده‌ستدریژی سێكسی ده‌كاته‌ سه‌ر "س" و ده‌یكاته‌ ژن, دواتر به‌ مه‌به‌ستی رزگاربونیان له‌و گرفته‌ی تێیكه‌وتوون دوای دوو رۆژ "ح" كچه‌كه‌ ده‌ڕفێنێت، به‌لاَم هه‌مان رۆژ له‌ لایه‌ن ئاسایشی خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن.

مه‌هاباد روونیكرده‌وه‌؛ ئێستا ئه‌و كورو كچه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌یانه‌وه‌ "ئه‌نانا" سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ن، به‌لاَم باوكی كچه‌كه‌ داواكاری زۆره‌، له‌سه‌ره‌تادا داوای ده‌كرد خوشك یان دایكی "ح .ح" كه‌ بێوه‌ژنه‌ شووی پێ بكات، به‌لاَم "ح" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوشكی نییه‌، داوای دایكی ده‌كرد، به‌لاَم دواتر له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌كه‌یان چه‌ند سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تی هاتونه‌ته‌ نێو كێشه‌كه‌وه‌ ئێستا باوكی كچه‌كه‌ تا راده‌یه‌ك پاشگه‌زبوه‌ته‌وه‌ له‌و داوكارییه‌، به‌لاَم داواكاری دیكه‌ی هه‌یه‌ له‌وانه‌، جگه‌ له‌ ماره‌كردنی كچه‌كه‌ی پاره‌شیان پێبدات، به‌لاَم كێشه‌كه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ئه‌نانا راشیگه‌یاند؛ ماڵی كوره‌كه‌ "كاكه‌یین" و ماڵی كچه‌كه‌ش "شیعه‌"ن، بۆیه‌ شوپێكردنی دایكی "ح" به‌ باوكی "س" له‌ رووی مه‌زهه‌ب و ئاینه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌و هاوسه‌رگیری له‌ نێوان شیعه‌و كاكه‌یی ده‌گمه‌نه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆكاری مه‌زهه‌ب، به‌لاَم ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و كوڕ و كچه‌ هه‌ر چۆنێك بێ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له‌ یه‌كیان ماره‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كوژرێن.

مه‌هاباد ئه‌حمه‌د رونیشیكرده‌وه‌: به‌ هۆی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ ئێستا كه‌سوكاری "ح" هه‌موویان ماڵیان چۆڵكردووه‌، چونكه‌ كه‌سوكاری "س" چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكردوون به‌ تایبه‌ت له‌ براكانی، بۆیه‌ له‌ ترسی خوێن ڕژاندن ماڵه‌كانیان چۆڵكردووه‌. ئێستا لیژنه‌كه‌یان كه‌ له‌ ئاسایش و پۆلیس و چالاكوان و رێكخراو پارێزه‌ر و پزیشك رۆشنبیرانی ناوچه‌كه‌ پێكهاتوون به‌رده‌وامن له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كه‌ و تا راده‌یه‌كیش كاری باشیان كردووه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی خانه‌قین به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند؛ ئه‌و كوڕو كچه‌ له‌لایان پارێزراون و تاوه‌كو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان و بریاری دادگا، له‌ زینداندا ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌.

وتیشی، به‌ پێی راپۆرتی پزیشكی "س" كراوه‌ته‌ ژن و "ح .ح"یش دانی به‌ كاره‌كه‌ی ناوه‌.
Top