پۆلیسێك لە ئامێدی خه‌زووره‌كه‌ى ده‌كوژێت

پۆلیسێك لە ئامێدی خه‌زووره‌كه‌ى ده‌كوژێت
6 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- شه‌وى رابردوو پۆلیسێك له‌ كۆمه‌ڵگاى سیریێ سه‌ربه‌ قه‌زا ئامێدى خه‌زووره‌كه‌ى خۆى له‌ ماڵى خۆیدا له‌به‌رچاوى ژنه‌كه‌ى‌و منداڵه‌كانى دایه‌به‌ر گولـله‌‌و كوشتى، دواتریش پۆلیس ده‌ستگیرى كرد.

كه‌سێكى نزیك له‌ رووداوه‌كه‌ رایگه‌یاند "ئه‌و رووداوه‌ له‌سه‌ر كێشه‌‌و پێكنه‌هاتنى ژنه‌كه‌ى‌و پۆلیسه‌كه‌ روویداوه‌، پۆلیسه‌كه‌ ناوى (شه‌وكه‌ت)ه‌‌و ماوه‌یه‌كه‌ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ كچێكى نزیكى خۆیان پێكهێناوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌ردووكیان ناكۆكییان له‌ نێواندابوو".

باوكى ژنه‌كه‌ ناوى (عه‌بدولواحد) بوو دانشیشتووى شارى دهۆك، دوێنێ ئێواره‌ چووه‌ته‌ ماڵى كچه‌كه‌ى له‌ كۆمه‌ڵگاى سیریێ دواى نانخواردنى ئێواره‌، كاژێر 10 شه‌و عه‌بدولواحید له‌ زاواكه‌ى ده‌پرسێت بۆچى ئێوه‌ به‌رده‌وام پێكه‌وه‌ ناخۆشیتان هه‌یه‌؟ چ كێشه‌یه‌كتان هه‌یه‌ ئێمه‌ هاوكاریتان ده‌كه‌ین، زاواكه‌ى كه‌ پۆلیسه‌‌و چه‌كى هه‌بووه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ى ده‌هێنێت‌و له‌ پێش چاوى ژنه‌كه‌ى‌و منداڵه‌كانى دایه‌به‌ر گولـله‌و كوشتى.

موقده‌م محه‌ممه‌د عه‌بدولره‌زاق، به‌رێوبه‌رى پۆلیسى قه‌زاى ئامێدى به‌ (رووداو)ى راگه‌یاند "له‌ كاتى دروستبوونى ئه‌و رووداوه‌ یه‌كسه‌ر تیمه‌كانى پۆلیسى شیلادزى‌و دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ ئاماده‌بوون، دیاربوو كه‌ كه‌سێكى ته‌مه‌ن 50 ساڵ به‌ ده‌ستى زاواكه‌ى خۆى كوژراوه‌، ته‌رمه‌كه‌ى ره‌وانه‌ پزیشكى دادوه‌رى كراو تۆمه‌تباره‌كه‌ش ده‌ستگیر كرا، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌ به‌رده‌وامه‌".
Top