گرفتەكانی ئافرەتان لە ناو كەرتی تایبەتدا

گرفتەكانی ئافرەتان لە ناو كەرتی تایبەتدا
بەهۆی زۆربوونی هەلی كار، بەشێكی زۆر لە ئافرەتان جیا لە فەرمانگە حكوومییەكان ڕوو لە كەرتی تایبەت دەكەن، زۆربوونی داواكارییەكانی كەرتی تایبەتیش بۆ ڕەگەزی مێ بەتایبەتی وایكردووە رێژەیەكی بەرچاو لەو كەرتەدا كاربكەن، بەڵام ئەوان لەڕەوشی بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەو شوێنی كاری خۆیان كێشەوگیروگرفتی خۆیان هەیەو باسی ئاریشەكانیان بۆ گوڵان دەكەن.
گەنجەكان بەتایبەتی زۆر بێزارمان دەكەن
«هەرچەندە من دەرچووی زانكۆم، بەڵام بەهۆی نەبوونی دامەزراندن، ئێستا لێرە كاردەكەم و گلەییم زۆرە لە كوڕە گەنجەكان، چونكە زۆر بێزارمان دەكەن، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی كە بەتەنیا دێنە نێو مۆڵ و سوپەرماركێتەكەانەوە زۆربەیان چاوم تێدەبڕن و بێزارم دەكەن»، ئەمە قسەی شینار بوو كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەبازاڕی (ماجیدی مۆڵ)ـی هەولێر كاردەكات. ئەو كچە فەرمانبەرە سەبارەت بە كاری ئافرەتان لە كەرتی تایبەت جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرەكیترین كێشەیان لەگەڵ كۆمەڵگەدایە و دەڵێت «هێشتا كۆمەڵگە بەچاوێكی نامۆ تەماشای ئەو ئافرەتانە دەكات كە لەنێو كەرتی تایبەت كاردەكەن». وەك شنیار باسیكرد كێشەیەكی دیكەیان ئەوەیە كە ماوەی كاركردنیان كاتێكی زۆرەو زۆر ماندوودەبن، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو پارەیەی وەریدەگرن كەمە و لەگەڵ ماوەی كاركردن و ماندووبوونیان یەكناگرێتەوە. نیگەرانی خۆیشی لەوە دەربڕی، كە «هیچ جۆرە زەمانەتێكی ژیانیشمان نییە، هەركاتێك نەخۆش بكەوین، یان تووشی كێشەیەك بین، یان بەهەر هۆیەك نەتوانین بۆماوەیەكی كورتیش كاربكەین، ئەو كات كارەكەمان لەدەست دەدەین».
خەڵەكانێكی نەفسنزم و دەروون نەخۆش
بەچاوێكی نزم سەیرمان دەكەن
شۆخان، یەكێكە لەو سەدان ئافرەتانەی كە لەمینی ماركێت و مۆڵ و شوێنەكانی دیكەی كەرتی تایبەت لەناو شاری هەولێر كاردەكەن، ئەو رای وایە زیادبوونی ئافرەتانی نێو كەرتی تایبەت، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە پێویستی ئەو جێگەیانە و پاكوخاوێنی و سەرنجڕاكێشانی ئافرەتان، نموونەشی بەوە هێنایەوە كە «كاتێك ئافرەتێك لەسوپەرماركێتێك یان ئۆتێلێك كاردەكات، جۆرە رەواجێك بۆ ئەو جێگایە دروست دەبێت و كڕیاری زیاتر دەبێت، یان خاڵێكی گرنگ و سەرەكی ئەوەیە كە ئافرەتان زۆر بایەخ بە پاكوخاوێنی دەدەن و بەشێوەیەكی جوان و رێكخراو كەلوپەلەكانی ناو شوێنەكان دەڕازێننەوەو ڕێزی زۆریش لە كڕیارەكان دەگرن».
بەڕای شۆخان، ئەوە ئافرەتانەی كە لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن، گەرچی تاڕادەیەك توانیویانە خزمەتێك بە خۆیان و خێزانەكەیان پێشكەش بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلێك كێشەیان بۆ دروست دەبێت. گوتیشی «بەتایبەتی ئافرەتانی كەرتی تایبەت لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە هەمیشە لەلایەن خەڵكانێكی كۆنەپەرست و گەندەڵ و نەفسنزم و دەروون نەخۆشەوە بەچاوێكی نزم تەماشادەكرێن، زۆرجار لەلایەن دراوسێكانەوە بەقسەی ناحەق توانجی ناشیرینیان لێدەدرێ، ئازاری دەروونی دەدرێن و بە مامەڵەی خراپ و نابەجێ هەستیان بریندار دەكەن».
مووچەكەمان بەرامبەر بە كاتی كاردكرنمان
زۆر كەمە
سەناریا كچێكی گەنجەو بەدەم كاركردنیەوە ماندووبوون بەناوچەوانیەوە دیاربوو، ئەو بە بێزارییەوە دەڵێت «چەندین هەرزەكاری قوتابی كۆلێژ لەبەر دابینكردنی پێداویستی ژیان ڕووی لەكاركردنی نێو كەرتی تایبەت كردووە، زۆریش ماندوو دەبن، بەڵام مووچەكەیان بەرامبەر بە كاتی كاركردنیان زۆر كەمە». زیادبوونی ئافرەتانیشی لەناو بوارە جیاجیاكانی كەرتی تایبەتدا بە «هەنگاوێكی شارستانی» زانی و هاوكات گوتی «ئەوەی جێگەی داخە، بەشی هەرە زۆری كچان لە نێو كەرتە تایەبەتییەكان ڕووبەڕووی گرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە، هەر لە تەحەروشپێكردن بەقسەو تیروتوانج تادەگاتە دەستبۆبردن، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە خەڵكانێكی دواكەوتوو هەن ناتوانن بیر و هزری خۆیان بەرەو پێش بەرن، بەهۆی ئەم بارەشەوە زۆبەی ئافرەتانی نێو كەرتی تایبەت ماندووبوونی دەرونییان پێوە دیارە».
پێویستە هەوڵی رۆشنبیركردنی كۆمەڵگە بەرامبەر بەكاری ئافرەتان بدرێت
شیرین یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لەبەر قورسی و گرانی باری ژیان، ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت و كارێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، بۆیە لە یەكێك لەسوپەر ماركێتەكاندا كاردەكات. ئەویش بەپێویستی دەزانێت ئافرەتان لەكایە جۆربەجۆرەكانی ژیاندا ڕۆڵیان هەبێت. «كاركردنی ئافرەت لەگشت بوارەكاندا پێویستە، بەتایبەتی لەنێو مۆڵەكان، چونكە بەشێكی زۆری كڕیارەكان ئافرەتن و وەهاش باشترە كە فرۆشیارەكەش ئافرەت بێت، بەتایبەتی زۆر شت هەیە كە تایبەتە بە شتومەكی ئافرەتان وەك جلوبەرگ و كەرەستەكانی جوانكاری ئافرەتان و هەندێك شت كەتایبەتن بە ئافرەتان، وەها باشترە كە فرۆشیارەكەشی ئافرەت بێت، چونكە ئاشكرایە ئافرەتان باشتر لە یەكتری تێدەگەن و دەتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ یەكتردا بكەن، تاوەكو بتوانرێت كارەكە بۆ ئافرەتە كڕیارەكە ئاسان بكرێت». شیرین ئەوەش ناشارێتەوە كە لە كاتی كاركردنیدا تووشی كێشەو گرفت دەبێت، لەوبارەیەوە دەڵێت «ڕۆژانە لەگەڵ كڕیارەكاندا تووشی كێشەی جۆراوجۆر دەبم، چونكە بەشێك لە ئەندامانی كۆمەڵگە بەچاوێكی نادروست تەماشای ئافرەتانی نێو كەرتی تایبەت دەكەن، كێشەی ئێمەش تەنیا لەگەڵ گەنجانی هەرزەكادا نییە، بەڵكو زۆر جار تووشی كێشە دەبین لەگەڵ گەنجانی قوتابی كۆلێژەكاندا كە زۆر جار توانج دەهاون و قسەی هەرزەكاران دەكەن، مامەڵەی ناشایستە دەكەن كە گونجاو نییە لەگەڵ ئافرەتاندا بەكاربێت»، گوتیشی «ئەوەی جێگەی داخە هەندێك كچی نەفامیش مامەڵەكانیان لەگەڵماندا نادروستە و زۆر جاران خۆیان بەسەرمان دا تووڕەدەكەن بە خۆبەزل زانی و دڵڕەقیەوە قسەمان لەگەڵ دەكەن، ئەمەش ئازارێكی دەروونی بۆ ئێمە دروست دەكات». پێشنیاری ئەوەشی كرد كە «سەندیكایەك بۆ ئەو ئافرەتانە بكرێتەوە كە لە بوارەكانی كەرتی تایبەتیدا كاردەكەن، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كەلەناو سوپەرماركێتەكان كاردەكەن، چونكە ئەگەر سەندیكایەك هەبێت باشتر دەتوانرێت كارەكەیان بپارێزرێت لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەوڵی رۆشنبیركردنی كۆمەڵگە بەرامبەر بەكاری ئافرەتان بدرێت».
ئافرەتان دەتوانن رۆڵێكی كارا لەگەشەی ئابووری كۆمەڵگەدا ببینن و پێویستە ئاسانكارییان بۆ بكرێت
هەردی كەریم توێژەری دەروونی لەوەزارەتی كار، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە « ئافرەتان باشترە لەم شوێنانەدا كارنەكەن، چونكە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە كەسانێك دەبنەوە، گوتیشی «بەداخەوە كۆمەڵگەی ئێمە كەسانی دەروون نەخۆش و دواكەوتووی زۆری تێدایە كە وەك كاڵایەك مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان دەكەن، بۆیە ئەگەر ئافرەتێك لەشوێنێكی وەك مۆڵێك یان ئوتیلێك كاربكات، تووشی كێشە دەبێت و شتێكی حەتمیە كە گێچەڵی پێدەكرێت، بەمەش ئەو ئافرەتە ڕووبەڕووی كێشەی دەروونی دەبێتەوە، لەبەر ئەوە وەها باشترە كە لەم شوێنەنانە كارنەكەن.
ئابووریناس ئاراس كەریم، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵگە بەكاركردنی ئافرەتان شارەزا نەبووە، گوتیشی «ئافرەتان دەتوانن رۆڵێكی كارا لە برەودانی ئابووری كۆمەڵگەدا ببینن و و پێویستە ئاسانكارییان بۆ بكرێت».
پڕۆژەیاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوە
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكی كردن لەمافی ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان (هاژە سلیمان) كاركردنی ئافرەتان لەكەرتی تایبەتدا بە نیشانەی پێشكەوتن و گۆڕانی كۆمەڵایەتی دەزانێت و دەڵێت «ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە كە ئافرەتانی كورد ئەمڕۆ شانبەشانی پیاوان لەگشت بوارەكانی كەرتی تایبەتدا دەبینرێن، هەندێك لە ئافرەتان تادرەنگانی شەو لە مۆڵەكان كاردەكەن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كەئافرەتان تواناكانیان بەگەڕدەخەن و دەتوانن وەك پێوییست رۆڵی خۆیان بگێڕێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لەنێو كەرتی تایبەتدا ڕووبەڕووی كێشەی جۆراوجۆری وەك تەحەروشپێكردن و هەراسانكردن دەبنەوە».
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەیەك لەمەوبەر یاسایەك لەپەرلەمان دەرچوو كە تایبەتە بە مافی كارودەستەبەری كرێكار كە ئەو یاسایە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێدەكرێت، گوتیشی «هەرچەندە ئەو یاسایە پێشتر لە ساڵی 1971دا دەرچووە، بەڵام زۆربەی بڕگەو ماددەكانی پێویستی بەهەمواركردنەوە بوو، بۆنموونە ئێمە یەكێك لەو بڕگانەی كەهەموارمان كردووە ئەوەیە كە كرێكاری ئافرەت لەناو كەرتی تایبەتدا وەك كەرتی گشتی مافەكانی پارێزراوبێت، وەك ئەوەی كە كرێكاری ئافرەت ئەگەر دووگیان بێت، دەتوانێت مۆڵەتێك بۆماوەی شەش مانگ بەنیوەی مووچەكەی وەربگرێت، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی كە ئافرەتانی نێو كەرتی تایبەتی هەست بەوەبكەن كە تاڕادەیەك هەندێك لەمافەكانیان پارێزراوە، زۆر بڕگەی تریشمان لەیاساكەدا زیادكردكە سوودی بۆ كرێكارانی كەرتی تایبەت هەیە، بەهەردوو ڕەگەزەوە بەتایبەتی ئافرەتان، ئێستاش پڕۆژەیاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوەو بێگومان ئەم یاسایە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە ئەو كەسانە مافەكانیان پارێزراوبێت».
Top