ئافرەتانی كورد داوای شكاندنی تەلیسمی نایەكسانی دەكەن

ئافرەتانی كورد داوای شكاندنی تەلیسمی نایەكسانی دەكەن
چەندین رووداوی هاندەر و بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لەهەرێمی كوردستان ئاشكرادەكرێت، ئافرەتانی چالاكی بواری مافی مرۆڤیش بە سەرنج و رای جیاوازی خۆیان داوای هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و دەستەبەركردنی مافی یەكسان لەگەڵ پیاوان دەكەن .
گوڵان - كۆمەڵایەتی
یاسای توندوتیژی خێزانی
بەهۆی ململانێی حزبی و رای جیاوازەوە
جێبەجێكردنی ئاسان نییە
نەجیبە مەحموود راگەیاندكار و چالاكوانی بواری مافی ژنان، كە ساڵانێكە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان تواناكانی خۆی لەپێناوی وشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بۆ دەستەبەركردنی یەكسانی جێندەری خستۆتەگەڕ، رایوایە «كوشتنی ژنان لەهەر كوێیەكی دنیا ئەنجام بدرێت، تاوانێكی گەورەیەو دەبێت بە هەموو توانایەكەوە هەوڵی بنبڕكردنی بدرێت، كۆمەڵگەی كوردەواریش لەوە بەدەر نییەو كەمتەرخەمی لەو بوارەدا دەبێتە پەڵەیەكی رەش بەناو چاوانی هەموو تاكێكی كوردەوە. ئەو چالاكڤانە دەڵێت «كوشتنی ژن بە مانای كوشتنی ژیان دێت، لە هەر كوێ ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە ئەنجام بدرێت، ئەوە گوزارش لە ئاستی بیركردنەوەوی دەسەڵات و سیستەم و كۆمەڵگەكەی دەكات. هیچ دەسەڵاتێكیش بەبێ ئازادی ژن، ناتوانێت لاڤی ئازادی و دیموكراسی لێ بدات، ئازادی كۆمەڵگە بەندە بە ئازادی ژنانەوە». جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ژنكوژی كاتێك كۆتایی دێت، كە دەسەڵات بەپێی یاسا سزای توندی تاوانباران بدات، كەسیش نەوێرێت بە هیچ پاساوێك داڵدەی تاوانبارێكی ژنكوژ بدات.
زۆربەی تاوانبارانی ژنكوژ
لەلایەن بەرپرسێك یان عەشیرەتەكەیانەوە
داڵدە دەدرێن
نەجیبە مەحموود هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەبوونی یەك هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵات، بارودۆخەكەی ئاڵۆزتركردووە، بۆیە یاسای توندوتیژی خێزانی بە هۆی ململانێی حزب و رای جیاوازەوە تا ئێستا جێبەجێكردنی ئاسان نەبووە. گوتیشی «تەنانەت دووئیدارەیی بەو یاساشەوە دیارە. وەك لەیاسای باری كەسێتی، ماددەی ١١١ی سەردەمی حزبی بەعس هەر لە كوردستان ماوە، هاوكات ماددەی ٥٩ی ٢٠٠١ی سلێمانیش هەیە، بەڵام لە هەولێر بەیاسایەك و لەسلێمانیش بە یاسایەكی دیكە كاردەكەن».
ئەوەی كە زیاتر ئەو خەمخۆرەی مافی ئافرەتانی نیگەران كردووە، ئەوەیە كە «دەسەڵات تا ئێستا نەك نەیتوانیوە كۆمەڵگە هان بدات كە وەك مرۆڤێكی كارا لە ژن بڕوانن، بەڵكولەمانەوەی هزری پیاوسالاری رۆڵی بەرچاوی هەبووە». نموونەشی بەوە هێنایەوە كە «زۆربەی تاوانبارانی ژنكوژ لەلایەن بەرپرسێك، یان عەشیرەتەكەیانەوە داڵدەدەدرێن، كە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن». هەر ئەوەشی بە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی بەرامبەر بەئافرەتان هەژماركرد. پێشنیاریشی كرد حكومەت و هەموو رێكخراوەكانی مەدەنی پێكەوە هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی كەسانی خاوەن ئەزموون و بەتوانا و مەیدانی رابهێنن و كاریان پێ بدرێت و دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنن كە بچنە خوێندنگەكان و لە گەڕەكە میللییەكانی شار و لە شارۆچكەو لادێكانیش كۆڕ و سیمیناری جۆراوجۆر رێكبخەن و بەرامبەر بە نایەكسانی جێندەری و مەترسییەكانی لەسەر كۆمەڵگە وشیاریان بكەنەوە. گوتیشی «پێویستە دەسەڵات واز لە هەندێك دەموچاوی بەرژەوەندیپارێز بێنێت كە بەناو كار بۆ ژنان دەكەن، ئەوانە هەموو پۆستەكانیان پێ تاقی كرایەوە، یەك جاریش نەیانتوانی مەینەتییەكانی سەر شانی ژنان كەم بكەنەوە».



چە‌مكی شە‌رە‌فی پیاو چووەتە
چوارچێوە‌ی تە‌سكی جە‌ستە‌ی ژنە‌وە
‌ بۆیە دیاردە‌ی ژنكوژی لێدەكە‌وێتە‌وە‌
سیمین چایچی، خانمە شاعیر و رووناكبیری خەڵكی سنە، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەدەبڕێت:»ئە‌گە‌ر بە‌ چاوی مرۆڤانە‌ و دوور لە‌ جیاوازییە‌ رەگەزییەكانە‌وە‌ سە‌یری ژیانی كۆمە‌ڵایە‌تی سە‌ردە‌م بكە‌ین، ئە‌م بڕیارە‌ نێونە‌تە‌وە‌ییە‌ هە‌موو یاسا كۆمە‌ڵایە‌تی و ئایینی و نە‌ریتییە‌كان ئە‌بە‌زێنێ كە دەڵێت: مرۆڤ بە‌ ئازادی لە‌ دایك ئە‌بێ و لە‌ باری كە‌رامە‌ت و مافە‌كانە‌وە‌ یە‌كسانن. بە‌ڵام بە‌داخە‌وە‌ تا ئە‌مڕۆ هیچ وڵاتێك بە‌ تە‌واوی نە‌گە‌یشتووەتە‌ ئاستی جێبە‌جێكردنی ئە‌و بڕیارە‌ یەكسانیخوازەو هێشتا جیاوازی جێندەری كێشە‌یە‌كی گشتگیر و جیهانییە‌، بە‌تایبە‌ت لە‌ وڵاتانی ڕۆژئاواییدا كە‌ ڕوانین بۆ ژن، ڕوانینێكی جنسی و ئۆبژە‌ییە‌، كایە‌ بە‌ جە‌ستە‌ی ژن كایە‌یە‌كی پڕ خە‌تە‌رە‌ كە‌ ژیانی ملیۆنان ژن تووشی نائە‌منی و ناخۆشی كردووە. توندوتیژییە‌كان چ بە‌ شێوە‌ی نهێنی و نە‌رم، كە‌ لە‌بنە‌ماڵە‌وە‌ دە‌ستپێدە‌كە‌ن و چ بە‌ شێوە‌ی دیار و بە‌رچاو و دە‌رە‌وە‌یی، تا دوایین ڕۆژی ژیان بە‌ردە‌وامن. فرە‌ژنی و لێدان و كوشتن و بوختان ژنان تووشی دە‌یان جۆر نە‌خۆش و گرێی ڕۆحی و ڕە‌وانی دە‌كات كە‌ كاریگەری ڕاستە‌وخۆی لە‌سە‌ر بنە‌ماڵە‌ و منداڵ دادە‌نێ، بە‌داخە‌وە‌ منداڵ بێتاوانترین قوربانی سیستە‌می پیاوسالارییە‌. قانوون و كە‌لتوور بە‌ پیاو ڕێگە‌ ئە‌دا ژن بە‌ موڵكی خۆی بزانێ، واتە‌ چە‌مكی شە‌رە‌فی پیاو ئە‌چێتە‌ چوارچێوە‌ی تە‌سكی جە‌ستە‌ی ژنە‌وە،‌ بۆیە‌ دیاردە‌ی ژنكوژی لێ دەكە‌وێتە‌وە‌.
كاتێ كە‌ هە‌واڵی كوشتنی ژنێك لە‌ لایە‌ن (باوك- برا- شوو) بڵاو دە‌بێتە‌وە،‌ یە‌كە‌م بیرۆكە‌ كە‌ دێتە‌ مێشكی جە‌ماوە‌رە‌وە‌ وشە‌ی نامووسە‌، ئە‌گە‌ر هۆی ئە‌و ژنكوژییە‌ شتێكی تریش بێت، دیسان هە‌ر وشە‌ی نامووس سێبە‌رێكی ڕە‌ش ئە‌خاتە‌ سە‌ر كە‌سایە‌تی كوژراوەكە. واتە‌ قوربانی سە‌رە‌تا لە‌ خە‌یاڵی نە‌خۆشی بكوژو دواجار لە‌ بڕوا و بڕیاری بێڕە‌حمانە‌ی گشتیی كۆمە‌ڵگەدا مە‌حكووم دە‌بێت».



هەروەها سیمین چایچی لە درێژەی باسەكەیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە‌ سە‌دە‌ی 21دا دیاردە‌ی شارستانییە‌ت لە‌ هە‌موو بوارێكی ژیانی مرۆڤدا بە‌دی دە‌كرێت و خە‌ریكە‌ هاوسە‌نگی ئینسانە‌كان جێگیر دەكرێت، بەڵام «كۆمە‌ڵگەی كوردی لەو بوارەدا پێشكەوتنێكی بە خۆیەوە نەدیوەو بە‌رە‌و مە‌ترسییە‌كی گە‌ورە‌ی كۆمەڵایەتی دە‌چێت»، گوتیشی «مە‌ترسی گەورە تەنیا بواری سیاسی ناگرێتەوە، بەڵكو قەیرانی كۆمەڵایەتیش مەترسی گەورەیە و كوشتوبڕی ژن بە‌ هە‌ر بیانوویە‌ك، قە‌یرانێكی كۆمە‌ڵایە‌تیی مەترسیدارە‌ بۆ بە‌رگری لە‌و قە‌یرانەش كە‌ ڕێگە‌خۆشكە‌ری كۆنە‌پە‌رستی و خۆپە‌ر‌ستییە،‌ چالاكوانانی مافی مرۆڤ نابێت بێدە‌نگ بن بە‌رانبە‌ر بە‌م كردارە‌ نائینسانییە‌، ئە‌گە‌ر هە‌وڵی وە‌ستاندنی ئە‌م خە‌تە‌رە‌ نە‌دە‌ن، بەڕاستی بەرامبەر بە مێژوو بەرپرسیار دەبن».
پێویستە ئافرەتانی كورد
خۆیان تەلیسمی نایەكسانی بشكێنن
گەشاو جاف، نووسەر و رۆژنامەنووسەو لە بواری راگەیاندن لە وڵاتی بەریتانیا خوێندوویەتی و لە چالاكوانە دیارەكانی بواری مافی ژنان و منداڵانە، ئەو بە پێویستی دەزانێت ئافرەتانی كورد خۆیان تەلیسمی نایەكسانی بشكێنن و هاوكات دەڵێت «زۆربەی ئەوانەی كە بەڕێوەبەر و دەمڕاستی رەگەزی مێینەن لە كوردستان بۆ بەدەستهێنانی كورسی دەسەڵات كاریان كردووە».
«چارەنووسی ژنی كورد بەدەست خۆیەتی و دەبێ خۆیان هەوڵبدەن بەسوودوەرگرتن لەبزووتنەوە دەرەكییەكان بتوانن مافەكانی خۆیان بەدەستبهێنن، بەبۆچوونی من پێویست ناكات چاوەڕێی دەستی كەس بن، چونكە خۆیان خاوەنی بیروڕای بەكەڵكن كە دەكرێت كاری پێبكرێت لەزۆر بواردا، بەڵام ئەمانە كاتێك بەرجەستە دەكرێت كە حزب لەدەسەڵات جیابكرێتەوەو یاسا سەروەر بێت، ئەوكات نەك بەتەنیا ژنان بگرە رەگەزی بەرامبەریش و هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە لەمیحنەت رزگاریان دەبێت،زۆریش گەشبینم بەوەی هەنگاو بەهەنگاو لەو ئاسۆیە روونە نزیكتر دەبینەوە».
شلێر باپیری، رۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری مافی ژنانە كە ساڵانێكە دوور لە زێدی خۆی و لە هەرێمی كوردستان دەژی، ئەو سەبارەت بە پرسی ژنان و چۆنیەتی بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، سەرەتا بە پێویستی دەزانێت، پێناسەیەكی كورت لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان بخاتەڕوو، بۆیە دەڵێت «هەر كردارێكی توندوتیژ لەسەر بنەمای رەگەز، جا ئازاردانی جە‌ستە‌یی یان رووحی بێت، یان هەڕەشە و بەزۆر ناچاركردن بە‌ئە‌نجامدانی كارێك بێت كە ببێتە هۆی بەرتەسككردنەوە، یان ستاندنەوەی ئازادی و مافە ئینسانییەكانی ژن، دەچێتە خانەی (توندوتیژی دژبە ژنان) ئەو چەمكەش ریشەی لە فەرهەنگێكی فراواندا هەیە كە سەرانسەری دنیای گرتووەتەوەو لە ئەنجامدا ژنانی لە مافەكانیان لە بوارە جیاوازەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، رۆشنبیری و.. هتد بێبە‌ش كردووە».
پێویستە بەیاسایەكی تایبەت
سنووری پیاوسالاری ببەزێندرێ
باپیری بۆ زیاتر شیكردنەوەی كرۆكی باسەكەشی هێما بۆ «كوشتن بەبیانووی نامووس» دەكات، كە هەر لەچوارچێوەی توندوتیژی دژ بە ژناندایەو زۆرتر بە دەست پیاوانی ئە‌ندامی خێزان، یان نزیك لە‌ خێزان ئەنجام دەدرێت. «لە‌ناو ئە‌و وڵاتانە‌دا كە‌ بە‌پێی كەلتوورە‌كە‌یان ژن بە‌شێكە‌ لە‌ سامانی پیاو و لە‌گە‌ڵ داراییە‌كانی دیكە‌ی وە‌ك پارە‌ و خانوو وجۆرە‌كانی دیكە‌ی جیاوازییە‌كە‌ی لە‌وە‌دایە‌ كە‌ ژن زیاتر لە‌ جۆرە‌كانی دیكە‌ی سامان بە‌ پیاوە‌وە‌ بە‌ستراوە‌تە‌وە‌ و هە‌رچە‌شنە‌ هە‌ڵسوكە‌وت و جووڵە‌یە‌كی پە‌یوە‌ندیی بە‌ كە‌سایە‌تیی پیاوە‌كە‌وە‌ هە‌یە، بە‌م پێیەش‌ دە‌بێتە‌ سامانێكی سەرەكی باوك و مێرد و برا و تە‌نانات خزمانی دوورتریش خۆیان لە‌پاراستنی ئە‌م سامانە‌‌دا بە‌ بە‌رپرسیار دە‌زانن و ژن وە‌ك نامووسی هە‌موو ئە‌و پیاوانە‌ سە‌یردە‌كرێت. بۆیە لە بچووكترین رووداوی تەنانەت نەخوازراوی ژنە‌كە‌ش خۆش نابن». گوتیشی لە‌كۆمە‌ڵگەی كوردیشدا بە‌توندی داكۆكی لە‌سە‌ر نامووس دە‌كرێت و هەر بەو بیانووەش هە‌موو ئازادییە‌كانی ژن زە‌وت كراوە‌. لە‌كوردستاندا كوشتنی ژنان بە‌ بیانووی پاراستنی نامووس، بە‌ردە‌وامە‌ و بە‌پێی ئاماری بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تیی بەدوداچوونی توندوتیژی دژ بە ژنان، تەنیا لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 ژن كوژراون». هۆكاری سەرەكیی ئەو تاوانانەشی بۆ «تاوانباركردنیان بە‌ بە‌بادانی نامووسی پیاو»گەڕاندەوەو گوتی «یە‌كێك لەو بابە‌تانە‌‌ كە‌ زۆرجار خۆ لە‌بە‌دواداچوونی دە‌بوێرن، نەمانی «پەردەی كچێنییە» كە زۆر جار دەبێتە هۆی كوشتنی، زۆرجاریش ژنێك لە شەوی بووكێنیدا بە هەمان تۆمەت كوژراوە. یان كچێك بە تۆمەتی ئەوەی پێوەندی خۆشویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە و پەردەی كچێنی نەماوە، یان دەستدرێژی كراوەتە سەر و پەردەی لەدەست داوە، كوژراوە. لە كاتێكدا ئەوە كچ نییە كە تاوانبارە، ئەوە كۆمەڵگەیە زۆر نادادپەروەرانە كچەكە دەكاتە تاوانبار و لەدوایشدا دەبێتە قوربانی. قوربانیی بەرچاویش لەم دواییانەدا كەیسی (نیگار رەحیم)ـی تەمەن ١٥ ساڵە بوو، كە براكەی دەستدرێژی كردووەتە سەری و زگی پڕ كردووەو دواتر براكەی دیكەی كوشتوویە‌تی، تاكەی دەبێ رێگە بدەین كە پیاوان و سیستمی پیاوسالارانە وابە ئاسانی ئەو ژنانە بكوژن و دواتر بە سزایەكی كەم رزگاریان بێت، هەندێك جار سزای پیاوی ژنكوژ ئە‌وە‌ندە‌ كەمە كە زۆرتر لە ڕێزلێگرتن دەچێت نەك سزا، بۆیە پێویستە بەیاسایەكی تایبەت سنووری پیاوسالاری ببەزێندرێ و رێگری لە دەربازبوونی تاوانبار بكرێ».



پێشنیاری چەند رێكارێك
بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی خێزانی
نەجیبە مەحموود، بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەریان، چەند رێكارێك پێشنیار دەكات كە بریتیتن لە:
١/دەركردنی یاسایەك كە لە هەموو كوردستان كاری پێ بكرێت.
٢/ تاوانباران لە دادگای ئاشكرا دادگایی بكرێن .
٣/ ماڤی گشتی كاری پێ بكرێت،لە كاتێكدا سكاڵا لەسەر تاوانباران تۆمار ناكرێت.
٤/ یاسای خێزانی بێ هیچ پاساوێك جێبەجێ بكرێت.
٥/ بنەماكانی مافی مرۆڤ وەك مەنهەج لەهەموو قۆناغەكانی خوێندن لە خوێندنگەگان بخوێندرێت.
٦/خولی راهێنان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان بۆ دەزگاكانی پۆلیس و رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی بكرێتەوە.
٧/ پۆستەكانی پەیوەندیدار بە مافەكانی ژنان بدرێنە ژنانی مەیدانی و بەتوانا، نەك ژنانێك كە گیرۆدەی پشتی مێز و بەر كامێراكانن.
٨/ لەكەمتەرخەمی هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی یان پۆلیس لەسەر رادەستكردنەوەی ژنانی داڵدەدراو بە كەسوكاریان، یاخود كەمتەرخەمی لە بەدەنگەوە چوونیان، لێپێچینەوە بكرێت و سزای یاساییان بۆ دیاری بكرێت.
٩/چاودێری یاسایی هەبێت، بەسەر هەموو ئەو دەزگا كۆمەڵایەتییانەی كە كێشەكان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەكەن.
١٠ / سەندنەوەی دەسەڵاتەكان لە سەرۆك خێلەكان و گەڕانەوەی متمانە و دەسەڵات بۆ دادگا و سەروەری یاسا .
١١/ كارا كردنی وەزارەتەكانی كاروباری كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، پەروەردە و داد .
١٢/پەلەكردن لە هەمواركردن و گۆڕانی هەموو ئەو یاساو رێسایانەی ژنان ئەكاتە پلەدوو و دەبێتە هۆی درووستكردنی جیاكاری .
١٣/ بایەخدان بە بیمەی كۆمەڵایەتی بەو ژنانەی كە پێویستییان بە هاوكاری ماددی هەیە، تا لە ناچاری شوو نەكەن و بەشوو نەدرێن .
١٤/ هەموو دیاردەكانی زەوتكردنی مافی ژنان وەك فرەژنی و بە زۆر بەشوودان و گەورە بە بچووك و لە بری خوێندان قەدەغە بكرێت.
١٥/ مارەبڕینی كچان لە دەرەوەی دادگا قەدەغە بكرێت و سەرپێچیكەران سزا بدرێن.
هەرسەبارەت بە كەمكردنەوەی توندوتیژی خاتوو سیمین چایچی، پێشنیارەكانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەكجارەكی دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر بەئافرەتان، لەچەند خاڵێكدا بەمجۆرە بەرجەستە دەكات:



«لەڕاستیدا یاسا سە‌رە‌كیترین ڕۆڵی هە‌یە‌ لە‌ پاراستنی ئازادییە‌ ڕە‌وا و ئینسانییە‌كانی ژنان و ئە‌بێت جە‌خت بكرێت لە‌سە‌ر دانانی یاسایەكی تایبە‌تی كارپێكراو بۆ پاراستنی سە‌رجە‌م مافە‌كانی ژن. ئە‌مە‌ش ئە‌ركی ڕێكخراوە‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمە‌ڵگەی شارستانی و كە‌سایە‌تی و چالاكوانانی مافی ژنە لە‌سە‌ر ئاستی كوردستان كە‌ بە‌ یە‌كدە‌نگییە‌وە‌ سوور بن لە‌ سە‌ر پلانی ورد و كاریگە‌ر دژ بە‌ دیاردە‌ی ژنكوژی و داواكارییە‌كە‌یان لە‌ڕێگە‌ی دە‌زگاكانی ڕاگە‌یاندنە‌كانە‌وە‌ ئاراستە‌ی پە‌رلە‌مانتاران و دە‌سە‌ڵاتداران بكە‌ن. بۆ ئەوەش كە دە‌نگە‌كان بە‌ هەموو دەڤەرێكی كۆمەڵگە بە شار و لادێكانەوە بگات، باشترین شێوە‌ رەنگە كە‌مپینێكی بە‌ربڵاو بێت بۆ كۆكردنە‌وە‌ی ئیمزا لە‌لایە‌ن كەسانی یەكسانیخوازەوە كە پێویستە ماڵ بە‌ ماڵی شار و لادێی بۆ بكرێت. ئە‌گە‌ر ئە‌و كە‌مپە‌ینە‌ دروست بكە‌ین، هەم وشیاری بە تاكی كۆمەڵگە دەگات و هەم دەسەڵات لە بەرامبەر ئەو خواستە گشتگیرەدا ناتوانێت بێدەنگ بێت.
شلێر باپیری، بۆچارەسەری كێشەكە بە پێویستی دەزانێت «كار لە‌سە‌ر هە‌موو رەهەندو قوژبنە‌كانی كەلتووری‌ كۆن‌ بكرێت، بۆ ئەوەی بگە‌ینە‌ ئاستێك ژن و پیاو لە‌كۆمە‌ڵگەدا وە‌ك یە‌ك خاوە‌ن ماف بن. بەڵام لە هەنگاوی یەكەمدا دەبی یاسایەك كە تەنیا نووسراو نەبێت، جێبەجی بكرێت و پشتگیری لە‌ ژنان بكات و لە‌بە‌رانبە‌ر هەر جۆرە كوشتنێك و بە هەر بیانوویەكەوە بیانپارێزیت. دواتر ژنان بە یەكدەنگی بتوانن رێگەچارەی یەكجارەكی بدۆزنەوە. لە ئێستاشدا ژنان دە‌توانن لەڕێگە‌ی بەداوادچوونی یاسایی و وشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە رێگەی راگەیەندنەكان و فیلم و تیزێر و زۆر شتی دیكە‌وە‌ تێبكۆشن. لە هەمان كاتدا ژنان و پیاوانی یەكسانیخواز دەبێت بڕوایان بە كرۆكی باسەكە هەبێت، كە بەداخەوە لە كوردستاندا زیاتر دروشمی بێ كردار دە‌بینین».
Top