پیرانی خانەی بەساڵاچووان بەقەدەر رازین و لەنامیهرەبانی كـەسوكاریان گلەیی دەكەن

پیرانی خانەی بەساڵاچووان بەقەدەر رازین و لەنامیهرەبانی كـەسوكاریان گلەیی دەكەن
لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، خانە، یان كۆمەڵگەیەكی تایبەت لەلایەن حكوومەتەوە بۆ ئەو بەساڵاچووانە تەرخان دەكرێت، كە بێكەسن، یان كەسوكاریان لەخۆیانی ناگرن، بۆیە بەساڵاچووانی لەوجۆرە، دواڕۆژەكانی ژیانیان و تا ماڵئاوایی یەكجارەكی لە دنیای رووناك، لەو شوێنە بەسەردەبەن. گوڵان خانەی بەساڵاچووانی لەهەولێری پایتەخت بەسەركردەوە و كاربەدەستان و بەساڵاچووانی خانەكەش بە پێشوازییەكی گەرمەوە هاتنەئاخافتن.
* * *
خانەی بەساڵاچووان لە هەولێر وەك شوێنێكی تایبەت بۆ پیران لە (24/5/2011) دامەزرا، ئەم خانەیە لەسەر شێوازی كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە بەساڵاچووان دروستكراوەو لەسێ بەشی سەرەكی پێكهاتووە كە بریتین لە: خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی، خانەی پەككەوتەكان و سەنتەری رۆژانەی بەساڵاچووان.
بەساڵاچووانی خانەكە هەركام رابردوویەكی سەخت و دژواری پڕ ئاریشەیان هەبووە. ئەوان بە «قسمەتی خوا» رازین و هاوكات بە دڵێكی خەمبارەوە گلەمەندی خۆیان لە كەسوكاریان دەردەبڕن. ناهیدە یەكێكە لە بەساڵاچووانی خانەكە و نازانێت تەمەنی چەندە، بەڵام كە باسی ژیانی رابردووی دەكات، فرمێسك، دەنك ..دەنك بە سەر گۆنا لۆچەكانیدا گلار دەبێتەوە و هاوكات بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو:
«من لەوەتی ماڵمان لەدەشت نەما، سەرگەردان بووم، دوای ئەوەی مێردەكەم مرد، ئیتر بە تەنیا ئەژیام، ئەوەش لە دەشت بۆ من بە تەنیا زۆر ناخۆش بوو، بۆیە هاتمە ماڵی كچەكەم، گەرچی من خاوەنی هەشت منداڵم، حەفت كوڕ و یەك كچ، بەڵام هەر كچە تاقانەكەم كە ماڵی لە گەڕەكی نەورۆزە، منی بردە لای خۆی، بەداخەوە من تەمەنم لە حەفتا ساڵ زیاتر بوو، زاواكەمان كە سایەقی تەكسییە رێزی نەدەگرتم و دواجار منی دەركرد و گوتی: ئەگەر نەڕۆیت كچەكەشت بە شەش منداڵەوە تەڵاق دەدەم، منیش لەبەر خاتری كچەكەم خۆمم سەرگەردان كرد، كەچی ئێستا كچەكەشم لێم ناپرسیتەوە، دواتر هەر شەوێك لەماڵی كوڕێكم بووم لە گەڕەكی بەستەپیازە، بە نیوەشەو دەریكردم و كەوتمە سەرجادە، باش بوو سەیارەیەكی شورتەی نەنجدە هات، منی دۆزییەوە و هێنامیە ئێرە و ئێستا لێرە دەژیم».
ناهیدە زۆر سوپاسی كارمەندانی خانەكە دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە زۆری رێزی لێدەگرن، وەك دواقسەشی گوتی «شوكر بۆ خوا.. بەقسمەتی رازیمە، خوای گەورە دەرگای بۆ كردمەوە لەو ئاخری عومرەی لە سەر جادە نەكەوم، ئێستاش زۆر مورتاحم، چونكە زۆر خزمەتم دەكەن، وەك منداڵی خۆم وەهان».
ئەیوب تەمەنی لە هەشتا ساڵ تێپەڕیوەو ئەویش یەكێكە لە ئەندامانی خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، وەك خۆی باسیكرد، رابردوویەكی زۆر تاڵی هەبووە، بۆیە حەز ناكات ئازار و برینەكانی رابردووی بكولێنێتەوە، بەڵام نهێنییەكی ژیانی خۆی بۆ گوڵان دركاند و گوتی «من منداڵەكەم زۆر بچووك بوو، كە ژنەكەم كۆچی دوایی كرد، ئیتر منیش ئەو منداڵەم دایە خوشكەكەم بۆ ئەوەی بۆم بەخێو بكات، ئێستا ئەو منداڵە من ناناسێت و لە ئێران دەژی، منیش هەر بەتەنیا ژیام، هەتا تەمەنم بووە حەفتا ساڵ، تا رۆژێك جەڵتە لێمی دا و چاوەكانم لەكار كەوت، ئەوەبوو چوومە چەندین نەخۆشخانە و دواتر هاتمە ئێرە، لێرە لەلایەن خاتوو بەیان بەڕێوەبەری خانەی پەككەوتەكان برام بۆلای پزیشك و نەشتەرگەرییان بۆم كرد، ئێستا چاك بوومەتەوە، لەخودا بەزیادبێت، ئێستا چاوم دەبینێت، ئەوەی خوا بیكات پێی شوكرین». ئەو بەساڵاچووەش وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ هەموو كارمەندان، گوتی «خوایان لێ رازی بێت، هەموویان هاوكاریم دەكەن، خزمەتم دەكەن، وەك باوكی خۆیان تەماشام دەكەن، رۆژانە پزیشك دێت پشكنینمان بۆدەكەن، لێرەش هەموو رۆژێك جلەكانمان بۆ دەشۆن، ساڵانەش چەند جارێك جلمان بۆدەكڕن».
زیوەری بەساڵاچوو، وەك خۆی باسیكرد تەمەنی 78 ساڵەو هەر لە منداڵییەوە لە گوندەكەی خۆی و خێزانەكەی جووتیارییان كردووە. ئەو باوكی شەش كوڕ و سێ كچەو دەڵێت «ماوەی پینج ساڵ دەبێت كە ژنەكەم مردووە، دوای ئەو منداڵەكانم منیان بەخێو نەدەكرد، هەرەیەكەیان بە بیانوویەك منی لە ماڵی خۆی دەردەكرد باوكی نۆ منداڵم كەچی لە سەر شەقام دەخەوتم، شەوێكیان لەسەر شەقامی شەست مەتری خەوم لێكەوتبوو، پۆلیس منیان هێنا بۆ ئێرە».
زۆربەی بەساڵاچووانی خانەكە خەمی گەورەیان نامیهرەبانی منداڵەكانیانە، ئەوان گلەیی ئەوە دەكەن كە كەسوكار و بەتایبەتی منداڵەكانیان سەردانیان ناكەن، ئەوەتا زیوەر بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت «راستە لێرە هەموو شتێكم هەیە، جلوبەرگی خاوێنم هەیە كە پێشتر نەمبوو، خواردنێكمان دەدەنێ، كە پێشتر نەمخواردووە، بەلام حەز ئەكەم منداڵەكانم بێن سەردانم بكەن، بیریان دەكەم.
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر (كامەران تۆفیق)، توێژەرێكی كۆمەڵایەتییەو هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەو خانەیە لە سێ بەش پێكهاتووە، (خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی، خانەی پەككەوتەكان و سەنتەری رۆژانەی بەساڵاچووان)، سەبارەت بەوەش كە بۆچی بەشەكان جیاكراوەنەتەوە، ئاماژەی بەوە دا كە «خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی، ئەو بەساڵاچووانە دەگرێتەخۆی كە كێشەی جەستەییان نییەو كەسانی ئاسایین بەڵام چوونەتە تەمەنەوە، بەڵام خانەی پەككەوتەكان ئەو بەساڵاچووانە دەگرێتەخۆی كە لە ڕووی جەستەییەوە پەكیان كەوتووە، واتا ئەو بەساڵاچووانە پێویستییان بە چاودێری بەردەوام هەیە، گوتیشی «پەككەوتەمان هەیە، ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، پەككەوتەمان هەیە هەموو جەستەی لەكار وەستاوە، تەنیا سەری كار دەكات و ناكرێت ئێمە پەككەوتەیەك كەبەم شێوەیە دەژی لەگەڵ بەساڵاچوویەك كە هیچ كێشەیەكی جەستەیی نییە پێكەوە دایانبنێین، لەبەر ئەوە ئێمە هەستاوین دوو بەشی جیاوازمان داناوە بەشی خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی و خانەی پەككەوتەكان، كە هەریەكەیان ئەركیان جیاوازەو مامەڵە لەگەڵ خەڵكانێك دەكەن كە لەڕووی زۆر شتەوە جیاوازن .
بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر هەر سەبارەت بەو سەنتەرە گوتی «ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەو بەساڵاچووانەی كە سەردانی ئەم سەنتەرە دەكەن، رۆژانە كاتەكانیان لە كەشو هەوایەكی باش دەبەنە سەر، واتە لەجیاتی ئەوەی لەبەر هەتاو و لەسەر شەقامەكان دابنیشن، دێنە ئێرە، لەم سەنتەرەش ژووری پزیشكی لێیەو دەتوانن رۆژانە خۆیان بپشكنن و شوێنی حەوانەوەشی لێیە»،
ژمارەی بەساڵاچووانی خانەكە دگۆڕێت، واتە هەندێك جار زیاد دەكەن و جاری واش هەیە ژمارەیان كەمتر دەبێت، بۆ نموونە دوو رۆژ پێش ئێستا ژمارەیان (68) بەساڵاچوو بووە، بەڵام وەك بەڕێوەبەری خانەكە باسیكرد، دوو بەساڵاچووی دیكەیان بۆ هاتووە و ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە (70) بەساڵاچوو، كە (22) كەسیان بەساڵاچووانی ئاسایی پیاون و ئافرەتیان تیا نییە، لەخانەی پەككەوتەكانیش لە كۆی (48) بەساڵاچووی پەككەوتە، (20)یان ئافرەتن.
كامەران تۆفیق ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تا ئێستا نزیكەی (15) بەساڵاچوویان بۆ ماڵی خۆیان ناردووەتەوە و ژیانی ئاسایی خۆیان دەكەن، بەڵام «مووچە و خزمەتگوزارییەكانی وەك جلوبەرگ و هاوكارییە مادییەكان»یان بۆ ڕەوانەدەكەین. گوتیشی»بەساڵاچووان كێشەكانیان جۆراوجۆرن، بەساڵاچوو هەیە لەسەر كێشەیەكی زۆر بچووك ماڵەوەی بەجێهێشتووە، بەڵام ئێمە دەچین بەدواداچوونی بۆ دەكەین و سەردانی كەسوكاری دەكەین، ئەو كات كە زانیمان كێشەكەی زۆر قورسە و چارەسەرناكرێت، لای خۆمان گلی دەدەینەوە، بۆ نموونە بەساڵاچوو هەیە كەسوكاری بەهیچ شێوەیەك وەری ناگرنەوە، یان بەساڵاچوو هەیە كەسوكاری وەری دەگرنەوە، بەڵام چونكە مامەڵەی خراپی لەگەڵ دەكەن، خۆی ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، هەشمانە هەر كەسی نییە، زۆر بەساڵاچووش هەن بەهۆی ئەوەی كە منداڵی نەبووەو ژنەكەی مردووەو یان هەر لەبنەڕەتدا ژنی نەهێناوەو ئێستا كەس نەماوە خزمەتی بكات، روو لە خانەی بەساڵاچووان دەكەن».
بەساڵاچووان مانگانە (45) هەزار دیناریان پێدەدرێت و ساڵانەش دوو تاسێ جار جلوبەرگیان بۆدابین دەكرێت، بەڕێوەبەری خانەكەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەوڵدەدەن لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆیان زیاد بكەن.
وەك ئەو بەڕێوەبەرە باسیكرد، لەماوی حەوت ساڵی رابردوو سێ حاڵەتی هاوسەرگیرییان لەنێو خانەی بەساڵاچواندا بووە كە یەكێكیان بە هۆی كۆچی دوایی بەساڵاچوویەك، ژیانی هاوسەری نەماوە و ئێستا تەنیا دوو خێزانی بەساڵاچوو لەناو ئەو خانەیە دەژین.
بەیان حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری بەشی پەككەوتەكانەو وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی و بەرپرسی بەشەكە دەڵێت «بێگومان گەورەترین كێشەی بەشی پەككەوتە ئەوەیە كە ناتوانن ئەوان خزمەتی خۆیان بكەن، تەنانەت پەككەوتەمان هەیە، ناتوانێت نانیش بخوات، ئەمە بێجگەلەوەی پەككەوتە هەیە كێشەی تەندورستی و جەستەیی هەیەو هەمیشە خۆی پیس دەكات.
بەیان حەسەن جەختی لەوە كردەوە كە «ئەو پەككەوتانەی ئێستا لەخانەی بەساڵاچوواند دەژین، زۆربەیان كەسوكاریان هەیە، بەڵام خزمەتیان ناكەن»، گوتیشی «من خۆم پیاوێكم لایە، تەمەننا دەكات بچێت چاوی بە كەسوكاری بكەوێت، بەڵام كە لەسەر داوی خۆی دەینێرین، ئەوان راستەوخۆ بۆمانی دەنێرنەوەو دەڵێن مەینێرن، كێشەمان بۆ دروست دەكات، یان حاڵەتمان هەیە كچەكە باوكی دەهێنێت و دەڵێت مێردەكەم هەڕەشەی لێكردووم كە دەبێت لە ماڵماندا نەمێنێت و باوكمی دەركردووە، ئەگەر منیش بەقسەی نەكەم، تەڵاقم دەدات، یان حاڵەتمان هەیە پیاوێكە خاوەنی حەوت هەشت كوڕە، كەچی كەسیان لێی ناپرسنەوە، ئەمانە هەمووی گرفتی ئەو پیر و پەككەوتانەن، ئەوان هەموو شتێكیان لێرە هەیە، بەڵام هەمیشە حەزدەكەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان، چونكە هەست بە بۆشاییەك لە خزمایەتی دەكەن».
Top