سەیرانكردن و باری دەروونی
April 9, 2012
کۆمەڵایەتی
لەم وەرزەدا دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، لەڕۆژانی پشوو و هەینییەكاندا ڕوو لەسەیرانگەكان دەكەن، بەتایبەتی ئەمساڵ كەساڵێكی پڕ باران بوو و دەشت و دەر و سەیرانگەكان زۆر ئاڵوواڵا خۆیان نمایش دەكەن.
یەكێك لەگرنگترین ئەو ڕێوشوێنانەی مرۆڤ دەبێت بیگرێتە بەر بۆ دابەزاندنی باڵانسی فشارە دەروونییەكان و كەمكردنەوە و ڕەواندنەوەی خەم و مەینەتییەكانی ژیانی ڕۆژانەی، سەیرانكردنە. بەتایبەتی لەم ڕۆژگارە پڕ جەنجاڵی و سەرقاڵییەدا كەدانیشتووانی شارە گەورە و قەرەباڵغەكان ڕۆژانە بەهۆی كەمی كات و سەوداكردن لەگەڵ ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و زیاد كاركردن و قەرەباڵغی ڕێگاوبانەكان و پیسبوونی ژینگەوە زیاتر دەناڵێنن لەدەست نائارامی دەروونی و زیادبوونی دڵەڕاوكێ و كەمبوونەوەی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. بۆیە بەبەراورد بەناوچە كەم قەرەباڵغەكانی وەك شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكان خەڵكی شارە گەورەكان زیاتر لەژێر كاریگەری فشاری دەروونیدان، هەربۆیە زیاتر پێویستییان بەئەنجامدانی گەشت و كەشوهەوا گۆڕینە.
بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە زۆربەی هاووڵاتیان سەیرانكردن لایان وەك ئەنجامدانی سوننەتێكی كۆمەڵایەتی وایە یاخود وەك چاولێكەری دوای قەرەباڵغی دەكەون و هەمان جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە سەیرانگەكان. لەسەیرانگە دانیشتوون و بەمۆبایل مامەڵە و سەودا و كڕین و فرۆشی كاڵا دەكەن، بڕێكی زۆر ئەلكهول دەخۆنەوە و خەم و مەینەتییەكانیان دەكەنەوە هاوەڵی خۆیان، لەقەراغ شەقامەكان دادەنیشن و زیاتر لەناو شار دوكەڵی ئۆتۆمبێل و تەپوتۆز بەگەروویاندا دەكەن، لەناوچەیەكی تەسك و تەنگەبەردا كۆمەڵێكی زۆر لەتەنیشت یەكەوە دادەنیشن و ماوەی خێزانێك لەگەڵ خێزانێكی تردا لەهەندێ سەیرانگەدا لە دوو یان سێ مەتر تێناپەڕێت بەجۆرێك هیچ كام لەخێزانەكان ئازادانە هەڵسوكەوت ناكەن، یاخود كۆمەڵێك بەهاتوهاوار و گۆرانی گوتن و دەنگ هەڵبڕین هاوسێكانی خۆیان بێزار دەكەن. بۆیە وێڕای ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەنجامدانی گەشت بەتایبەتی سەیرانكردن هەیەتی لەگێڕانەوەی ئارامی بۆ دەروون و كەمكردنەوەی فشارە دەروونییەكان كەچی لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ جار پێچەوانەوەی ئەم ئەنجامە بەدەستەوە دەدات.
ئەگەر چوون بۆ سەیران وەك چاولێكەری و تەنیا بۆ ئەوەی بگوترێت سەیران كرا ئەنجام بدرێت، ئەوا لەمبارەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی فشارە دەروونییەكان، ئەگەر وا لێكبدرێتەوە كەسەیرانكردن دەبێتە هۆی لەكار دابڕان و لەدەستچوونی دەستكەوتی ڕۆژێك، ئەوا فشارە دەروونییەكان زیاد دەكات. ئەگەر تۆ حەزت لەجێگەیەك نییە، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی ڕووتكردۆتە ئەو سەیرانگەیە، ئەوا فشارە دەروونییەكانت زیاد دەكات.
كەواتە دەبێت بەڕاستی لەڕۆڵی سەیرانكردن تێبگەین كەچەندە گرنگە بۆ باری دەروونیمان و ئاسوودەیی و ئارامی بەخشین بەدەروونمان، بەڵام سەیرانكردنیش وەك هەر شتێكی تر مەرجی دروستیی خۆی هەیە كە لادان لێی ئەنجامی مەبەست نادات بەدەستەوە، ئەویش بەمجۆرە:
1- بڕیار بدە بچیت بۆ سەیران بۆ وەرگرتنی پشوو و حەوانەی جەستەیی و دەروونی و دوور كەوتنەوە لەجەنجاڵی و ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەت (نەك لەبەر قسەی خەڵكی و چاولێكەری).
2- بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەسەیرانیت تەركیز بكەرە سەر سروشت و وەرگرتنی هەوای پاك و چێژ وەرگرتن لەسروشت و كەشوهەوا.
3- كێشە تایبەتییەكانی ژیانی ڕۆژانەت تاووتوێ مەكە لەكاتی سەیرانكردندا، مۆبایلەكەت دابخە و هیچ ژوانێك دامەنێ بۆ ڕۆژی سەیرانكردن كەبڕیار و هەڵوێستت تۆی بوێت یان بەمەبەستی گەیشتنی هەواڵێك بێت.
4- ڕوو لەو شوێنە بكە كەئاسوودەت دەكات نەك شوێنێك لەبەرئەوەی قەرەباڵغی ڕووی تێدەكات، ئەگەر بۆ ئەوە جێیەك هەڵدەبژێریت كە زۆر قەرەباڵغە، ئەوا ئەم ڕەفتارەت جگە لە گۆڕینی جەنجاڵییەك بە جەنجاڵییەكی تر هیچی تر نییە.
5- لەكاتی سەیرانكردندا هەوڵ بدە كەشێك بخوڵقێنیت كەپێكەنین و خەندە بەخش بێت. جلێك لەبەر بكە بۆ سەیران كە بحەوێیتەوە بەهۆیەوە نەك جلوبەرگەكەت ئازادیت لێ زەوت بكات یان هەڵسوكەوتت سنووردار بكات.
6- والێكیبدەرەوە كەگۆڕینی كەشوهەوا و پشوودانی جەستەیی و دەروونی بەخۆت بۆ ماوەی تەنیا یەك ڕۆژ زۆر گرنگترە بۆ تۆ لەدەستكەوتی ماددیانەی ئەو ڕۆژەت.
لەمیانی چاوپێكەوتنی كەناڵەكانی تیڤی لەگەڵ گەشتیاراندا هەندێ شتی سەیر و سەمەرە دەبیستین كە بەڕاستی بەوجۆرە مرۆڤ نەك هەر ناحەوێتەوە و ئارامی بەدەست ناهێنێت، بەڵكو دووچاری نائارامی و فشاری دەروونیش دەبێت، بۆ نموونە: دەگوترێت لە كاتژمێر چواری بەیانییەوە بەڕێكەوتووین تاكو جێگامان دەستبكەوێت، كەواتە ئەم كەسە دەبێت لە كاتژمێر دووی بەیانییەوە هەستا بێت بەمەبەستی خۆكۆكردنەوە و خۆئامادەكردن، كەواتە بەمجۆرە لانیكەم خۆی بێبەری كردووە لانیكەم لە نیوەی كاتەكانی خەوتنی، هەربۆیە لەكاتی سەیرانكردنەكەدا ئەم كەسە هێندە ماندووی بێخەوی دەبێت، ئەوەندە چێژ لە سەیرانكردنەكەی وەرناگرێت.