لەپشت پەردەوە
April 3, 2012
کۆمەڵایەتی
دوای مردنی دایكم، ئێمە دوو خوشك و برایەك پێكەوە ماینەوە، من و خوشكم كاتی شووكردنمان هاتبوو یان ڕاستر بڵێم لەگەڵ زمانی ئەم زەمەنەدا دواكەوتبووین، براكەم لەئێمە گەورەتر بوو و دەبوو ئێستا منداڵەكانی گەورە بوونایە، بەڵام هێشتاكە ژنی نەهێنابوو، ئیتر كاتی ئەوە هاتبوو ژن بهێنێ و لەوە زیاتر كات بەسەر نەچێت.
من و خوشكەكەم زۆر هەوڵماندا ژنێكی باشی بۆ بدۆزینەوە و گرێی بەختی بكەینەوە، لەناو ئێمەدا ئەو شتە بەبەخت ناودەبرێت و كەسێك شوو نەكات لەوادەی خۆی یان ژن نەهێنێت بەگرێی بەخت لێكدەدرێتەوە و پێویستە بكرێتەوە، هەندێكیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شێخ و دەستگرەوە و فاڵچییەكان دەكەن تاوەكو گرێی بەختیان بۆ بكاتەوە و چەندەها شتی دیكەش لەو پێناوەدا.
زۆر بیرمان كردەوە، شەوێك پورزازایەكی خۆمان هاتەوە یاد كە ئەوانیش خوشك و برایەك بوون و كەسیان لەدنیادا نەمابوو، پێكەوە دەژیان و نە براكەی ژنی هێنابوو نە خۆی شووی كردبوو، كچەكە تەمەنی كاڵتر بوو و دەكرا لەچاو براكەمدا بەبچووك لەقەڵەم بدرێت، بەڵام وتمان تەمەن ڕێگر نییە و من و خوشكەكەم سەردانمان كردن، بەكچەكەمان وت ئەگەر چاوەڕێی كەسێكی دیاریكراو بكات ئێمە ئەو شتە نادركێنین، بۆمان ڕوونبۆوە كەس لەژیانیدا نەبوو وەك ئێمە، بڕێك جرپن و زیت بوو وەك ئەوەی ئەزموونێكی زۆری هەبێت لەژیاندا، كچی ماڵەوە بوو و تەنیا براكەی ئیشی دەكرد.
پێمان وت و چەندەها جار ئەوەمان بۆ دوپات كردەوە كە براكەمان كەسێكی باشە و سڵ لەو تەمەنەی نێوانیان نەكاتەوە، ئەو ڕازی نەبوو و دواجار پێی وتین پێویستە براكەی لەو مەسەلەیە ئاگادار بكاتەوە، هەڵبەتە ئەوەش نەك بە ویستی ئێمە، بەڵكو ژن و ژنخوازیی لەم وڵاتانەی وەك ئێمەدا هەر بەو شێوەیەیە و دەبێت كەسانی گەورە لێی ئاگاداربن و بەڕەزامەندی هەردوو لا ئەوە بكرێت.
پاش ماوەیەك تەواو ڕازی نەبوونی خۆی پێ ڕاگەیاندین و ئێمەش چەندین شتمان پێوتەوە، سوودی نەبوو، بەدوای كەسی شیاوی دیكەدا دەگەڕاین و براكەم هیچ چانسێكی نەبوو لەهیچ كامیاندا، دەتوت لەوەچەكەی ئەو هەموو شوویان كردبێ بۆیە كەسێكمان نەدەدۆزییەوە، ئەگەر بڵێی براكەشم بەهۆی ئیش و كارەوە نەدەپەرژا خۆی كەسێك بدۆزێتەوە كە ئەمەیان ڕێگەی تەندروست و گونجاوە، لەوڵاتێكدا كە پێوەندییەكان لەسەر بنەڕەتی دامودەزگاكان نەبن چۆن دێنە كایەوە؟! واتە دامودەزگای كۆمەڵایەتی پێوەندی كۆمەڵایەتی دروست دەكات.
ڕۆژێك كچە ناسیاوەكەمان خۆی هات و چاوەڕوان نەكراو پێی وتین پێویستە لەگەڵ براكەماندا قسە بكات، خۆشحاڵ بووین و ئیتر كار گەیشتە سەر ئەوەی داوای ئاڵتوونێكی زۆری كرد لەبەرئەوەی دێتە سەر ماڵ و مادامەكی ماڵی بۆ ناكرێت دەبێت مافی ئەوەی هەبێت ئاڵتونێكی باشی بۆ بكات ئەمە جگە لەجیاوازی نێوان تەمەنیشیان، براكەم ڕازیبوو و هێنای، گرێی بەختی هەموو كرانەوە كە نازانین چەند بوون.
لەهەفتەیەكدا دوو شەو دەچووەوە لای براكەی، بەڵكو دەبووە سێ شەو و ئەمەش لای هەموومان شتێكی ناخۆش بوو، لەو ڕووەوە دەنگە دەنگ كەوتە ماڵمانەوە، براكەی هات و بەشێوەیەكی ناخۆش بەرپەرچی دەداینەوە، براكەم پێی ڕاگەیاند كە لەهەفتەیەكدا جگە لەشەوێك زیاتر بۆی نییە بڕوات و ئێستا ماڵە مێردی هەیە نەك وەك جاران بیربكاتەوە، براكەی منداڵ نییە و لەو تەنیاییەی ڕادێت و یان ژن دەهێنێ و چەندەها شتی دیكە لەو بارەیەوە.
دواتر زانیمان كە براكەی بەبراكەمانی وتبوو ئەو خوشكەی سكاڵای هەیە و نابێت براكەم زۆر لەگەڵ ژنەكەیدا بخەوێت، لەهەفتەیەكدا تەنیا جارێك بۆی هەیە و لەو شتە نەشیاوانەش كە هەرگیز نابێت بوترێن. براكەم وردە وردە بێتاقەت دەبوو و چ ڕۆشناییەك لەڕوخساریدا نەمابوو، براكەم بڕیاریدا نەهێڵێت بچێتەوە ماڵی خۆیان ئەگەر لەگەڵ خۆیدا نەبێت. ڕۆژێك براكەی هات و كەوتە باوەشكردنی خوشكەكەی، ماچی كرد و بینیمان دەمیشی ماچ كرد، وەك دوو دۆست كەوتنە ماچكردنی دەمی یەكتر و ئێمە تەواو سەرمان سوڕما لەو ڕەفتارە ناوازەیە، لەپاشاندا ئەوەمان بەبراكەمان ڕاگەیاند كە تەواو ماڵەكەی لێكردینە دۆزەخ و لەوەدابوو بڕیار بدات تەواو لێی جیاببێتەوە.
بەڵێ ئەو ڕۆژە هات و لەیەكتر جیابوونەوە، من هەرگیز شتی خراپ ناڵێم و نەریتمان وایە شتێك بەچاوی خۆمان نەبینین مەزندەی نەكەین، واتە پێوەندییەكی نهێنی لەنێوان ئەو خوشك و برایەدا بوونی هەبووبێت، بەڵام كەسانێك لەپێش چاوی دوو كەسدا دەم بخەنە دەمی یەكترەوە دەبێت چیتر بهێڵدرێتەوە بۆ وتن؟! لەپشت پەردەوە دەیان پرسیاری تر بوونی نەبێت و بەخەیاڵدا نەیەت چی تر ببێت؟! یان بۆچی ڕێگەی بەخۆی دا شوو بكات و ڕێی پێبدرێت ئەو شووە كاتییە بكات؟! ئەمە دزێوكردنی وێنەكەی مرۆڤ نییە لەلامان ئەوەندەی وەئاگابێینەوە و باشتر شتەكان ببینین، یان ئەو شتانە بهێنینە بەر باس كە تابۆن و كەس دەرەقەتی وتنیان نایەت.