خەونەكانمان لەنێوان ڕاستی و خەیاڵ

خەونەكانمان لەنێوان ڕاستی و خەیاڵ
شادی زەلەمی

لەسەر كورسیەكەی یاری دەكرد و خۆی بەلای ڕاست و چەپدا دەسوڕاند، وەك ئەوەی بڵێت دەیویست پێش بگرێت بەململانێی دەروونی و ڕابكات لەو بارەی كە تێیدایە و لەناخی خۆیدا تێكشكاوە، ئەوەی بەبیریدا دێت و خەونی پێوەدەبینێت و چاوەڕوانییەتی، بۆی نایەتە دی. سنوورێك نییە بۆ ئەو شتانەی بەبیریدا دێت و هەستی پێدەكات، ناچوونیەكیەكی زۆر بەسەریدا زاڵە. هەست دەكات كە هاتنەدی خەونی گەورەی هێشتا دوورە، هەموو ڕۆژێك لەگەڵی دەژی، لەناخیدا جیهانێكی تری دروست كردووە و تیایدا دەژی.
لەڕاستیدا لەوانەیە زۆر شارەزایی نەبێت لەسەر ئەو شتەی كە خەونی پێوە دەبینێت، لەتواناشیدا نەبێت پێشبینی بكات كە ئەو خەونەی كەی دێتە دی، یان لەوانەشە هەر بۆی نەیەتە دی و خەونەكەی، لەمەخزەنی خەونەكانیدا بمێنێتەوە، لەوانەیە وەكو هەناسەدان بمێنێتەوە كە بۆ بەردەوامی ژیان پێویستە و بەهۆیەوە گەشەدەكات، یان ئەو خەونە شایەنی ئەوە نەبێت كە لەپێناویدا تێبكۆشێت و قوربانی بدات، چونكە بەندە بەشتێكەوە كە لەبنەڕەتەوە باوەڕی پێی نییە، ئەوەی كە وادەكات باوەڕت بەهاتنەدی هەبێت لەژیاندا، ئەو شێواز و ڕێبازی ژیانەیە كە لەسەری دەڕۆیت و باوەڕت پێیەتی، كەواتە لێرەدا لەخۆمان بپرسین كە خەونمان بەهەرچی شتێكەوە بینی مەرجە بێتەدی؟، لەڕاستیدا خەون لەڕوانگەی باوەڕبوونەوە سەرچاوە دەگرێت، تا بەدی بێت، گەورەترین نهێنی توانای ئەو كەسەیە كە تا چەند دەتوانێت ئەو ڕووداوە گرنگ و خەونانەی خۆشی دەوێن ڕایبكێشێتە ناو ژیانی خۆی و هەستی پێ بكات و لەگەڵی بژی، لەبیرمان نەچێت كە هیچ شتێك مەرج نییە تەنیا تێكۆشان و باوەڕبوون بەو خەونەی بۆ هاتنەدی تێدەكۆشی بەسە بۆ هێنانە دی و گەیشتن پێی، هیچ سنوورێك نییە بۆ هێنانەدی خەونەكان، چونكە مرۆڤ وزەیەكی زۆری هەیە كە كاری پێنەكردووە، زۆربەی ئەو كەسانەی لەژیاندا سەركەوتن بەدەست دەهێنن لەڕاستیدا بەشێكی كەم لەتوانای خۆیان بەگەڕ دەخەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەستەكانمان ڕۆڵی كاریگەر دەبینن لەدیاریكردنی ڕێژەی سەركەوتن لەبەدیهێنانی خەونەكان، هەندێك كەس وا دەڕواننە مرۆڤ كە لەهەموو شتێك گەورەترە و وشەی نابێت و نییە لەقامووسیاندا بۆیە ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دێنن و ئەو خەونەی دەیانەوێت دەیهێننە دی، چونكە وزەیەكی زۆر سەرف دەكەن و خۆیانی بۆ ماندوو دەكەن، واتە یەكەمین جار لەڕووی دەروونییەوە خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن.
ئەو خەونانەی كە نایەنە دی زیاتر پێوەندی بەوەوە هەیە كە لەڕووی دەروونییەوە خۆمان بۆ ئامادە نەكردووە وە باوەڕمان پێی نییە لەناخەوە كە لەقۆناغێك لەقۆناغەكانی ژیاندا بەدی دێت، بۆ نموونە: كەسێك خەون بەوەوە دەبینێت دەوڵەمەند بێت و پارەی زۆر بێت، بەڵام لەڕاستیدا خۆی كەسێكی قەرزار و بێ پارەیە، بۆیە بێ هیوا دەبێت و هاتنەدی ئەم خەونە بەدوور دەزانێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی دروست مامەڵەبكات و پلانی بۆ دابنێت بەشێوەیەكی كرداری بێگومان لەموستەحیل دەردەچێت و دێتە دی.
دلڤین قادر مامۆستایە و تەمەنی 25ساڵە زۆر گەشبینانە لەم بارەوە دەدوێت و دەڵێت «پێویستە خەون ببینین بەداهاتووی خۆمانەوە و ئاستی خەونەكانمان زۆر زیاتر بێت لەوەی كە بیری لێدەكەینەوە و مەرج نییە هەمووی بەدی بێت، بەڵام بەلایەنی كەمەوە دەتوانین بەشێكی زۆری بەدی بهێنین، بەڕای ئەو دەبێت بەردەوام خەون ببینین و دەڵێت «ئەو كەسەی كە هەمیشە خەون دەبینێت كە لەپێش بێت و پێشڕەوی بكات لەكارەكەیدا بێگومان دەتوانێت پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت، چونكە ئەو شتەی باوەڕت پێی بێت و هەوڵ لەپێناوی بدەیت بێگومان لەژیاندا بەدەستی دەهێنێت». ئەو زۆر گەشبینانە سەیری خەونەكانی دەكات و دەڵێت «ژیان ئەوەی فێركردوین كە هەمیشە پیاوە ئازاكان دەتوانن كە خەونەكانیان بەدی بهێنن، ئەوانەی لێبڕاوانە لەپێناویدا تێدەكۆشن».
هاوڕاز عەبدول توێژەری دەروونییە و پێیوایە كەسایەتی تاك پێویستە بەهێز بێت و ئەو كەسەی خەون بەهێنانەدی داهاتوویەكی گەشەوە دەبینێت پێویستە بێ هیوا نەبێت ئەگەر نەیتوانی خەونەكانی بەدی بهێنێت، بەڵكو بەردەوام بێت، هەروەها بەڕای ئەو كێشەكە ئەوەنییە كە «ئێمە خەون دەبینین، بەڵكو ئێمە باسی خەون دەكەین و لەگەڵ بەردەوامی ژیان ئێمەش خەون دەبینین بەپێویستیەكانی ژیان كە نیمانە، بەڵام كاری لەسەر ناكەین بۆ بەدیهێنانیان» بەڕای ئەو خەون لەڕاستیدا بازنەی دەستكەوتەكانە، و ئەوشتانەیە كە مرۆڤ دەیەوێت پێی بگات جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی خەونەكانی مرۆڤ بەپێی پێویستیە سەرەتاییەكانییەتی كە دەیەوێت پێی بگات دوای پێویستی خواردن و خواردنەوە و جنس و، هەست كردن بەئەمان، پاشان دەیەوێت خۆی بەدی بهێنێت لەڕێگەی ئەو حەزانەی كە خەونی پێوە دەبینێت». هەروەها وتیشی نەهاتنەدی زۆرێك لەخەونەكان پێوەندی بەتەمەنی كەسەكەوە هەیە «بۆنمونە منداڵێك خەون بەزۆر شتی نا واقعیەوە دەبینێت یان هەرزەكارە و دەیەوێت بگات بەپارەو پلەو پایە، بێگومان لەگەڵ تەمەنەكەی ناگونجێ، بۆیە پەیوەستە بەكاتەوە».
Top