لەڕۆژی هەشتی مارس ئافرەتان داوای زیادبوونی ڕێژەی ئافرەت دەكەن لەكابینەی تازەدا
March 19, 2012
کۆمەڵایەتی
هەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە بۆ ئافرەتان بیرخستنەوەی دەستكەوتەكانی ئافرەتانە وەك تاكێكی كۆمەڵگە و پەیامێكیان هەیە بۆ یەكخستن و بەگەڕخستنی سەرجەم تواناكان بۆ داكۆكیردن و بەدیهێنانی مافەكانیان، بەڵام ئەمساڵ ئافرەتان جیاواز لەساڵەكانی تر یادی ئەم ڕۆژە پیرۆزە دەكەنەوە. لەم ڕۆژەدا ئافرەتان داوای زیادبوونی ڕێژەی ئافرەت دەكەن لەكابینەی تازەی حكومەتی هەرێم، چونكە پێیانوایە «نێچیرڤان بارزانی» كەسێكی كراوەیە و بەپشتیوانی ئافرەتان دایدەنێن و داواكارن هیچ نەبێت لەم كابینەیە سێ ئافرەت هەبێت لەحكومەت.
چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كودستان سەبارەت بەڕۆژی جیهانی ئافرەت وتی «وەك نەریت من دەمەوێت پیرۆزبایی لەهەموو ئافرەتانی كوردستان و جیهان و هەموو كۆمەڵگە بكەم، من وەك تۆ نیگەرانم لەوەی كەتەنیا لەڕۆژی هەشتی مارس باسی ئافرەت دەكرێت و لەو ڕۆژەدا هەموویان باسی ئافرەت دەكەن، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر ئەو بابەتانەیان لەبیردەچێتەوە، من هۆكارەكانی بۆ كۆمەڵێك شت دەگێڕمەوە، بێگومان ئێمە لەكوردستاندا ژمارەیەك زۆر لەرێكخراوی ئافرەتان و ئافرەتانمان هەیە هەریەكەیان كار لەسەر پرسێكی ئافرەت دەكات. بێگومان ئێمە ناتوانین بڵێین ئەو ڕێكخراوانە كاریان نەكردووە، جێ پەنجەیان دیارە لەدەركردنی دەستووری عێراق كە ڕێژەی كۆتا بۆئافرەت زیادكردنی بۆسەدا سی و پێوەندی ئەوان بۆ جموجۆڵكردنی ڕۆڵی ئافرەت، بەڵام هێشتا كار و چالاكیەكانی ئەوان نەیانتوانیوە چارەسەری سەرجەم پرسەكانی ئافرەت بكەن. هەروەها «بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی» ئەندامی سەركردایەتی (ی. ن. ك) وتی « لەگەڵ یادكردنەوەی (8)ی مارسدا ڕۆژی جیهانی ئافرەتان دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو نەهامەتی و زوڵم و زۆرەی كە بەرامبەر بەتاكێكی كۆمەڵگە كراوە لەبەرئەوەی مێینەیە، چ لەزەوتكردنی ماف و ئازادی و بگرە ژیانیشیدا، چونكە بۆخۆی (8)ی مارس بەرپەرچ دەرەوەی ستەمكاری و زوڵمەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بوو بەرامبەر بەژن و جوڵاندنی ویژدانی كۆمەڵگە زلهێزەكانی دنیاش بوو بۆ داننان یاخود كەمكردنەوەی ئازار و مەینەتیەكانی ئەم تاكەی كۆمەڵگە، دواتریش بڕیاردان لەسەر چەندین بنەمای گرنگی پاراستنی ئەم مافانە هیچ نەبێت وەك تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە ئەگەر بە پلەدووش سەیر بكرێت!
ئافرەتان هەمیشە خەندەقیان شكاندووە
سۆزان خاڵە شەهاب ئەندامی پەرلەمان لەلیستی كوردستانی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان وتی «بۆ بەرز ڕاگرتنی هەشتی مارس بۆ سەرجەم ئافرەتانی كوردو ئافرەتانی جیهان پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لێدەكەم، چونكە ئافرەتان هەمیشە خەندەقیان شكاندووەو خەباتیان كردووە، هیوادارم بتوانین هەشتی مارس لەشێوازە تەقلیدیەكەی بهێنینە درەوە و بچینە شێوازێكی پراكتیكی و باسی ئەوەبكەین بۆ ساڵی داهاتوو چیبكەین بۆئەوەی كێشەكان كەم بكەینەوە و پلانی تایبەتمان هەبێت.
شیرین ئامێدی سەفیری ئاشتی دەڵێت: ئەگەر بەراوردی ئافرەتی خۆمان بكەین لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین دەستكەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە، وەك دەوترێت ئافرەت ناتوانێت داوای مافەكانی بكات هەتا ئەو كاتەی كە ئابووریەكی ئازادی نەبێت، ئافرەتی ئێمە زۆریان پلەی ئیداری گرنگیان هەیە و هەندێكیان سەرمایەدارن، ئەنجوومەنی خانمان كار دەكات بۆئەوەی مافی ئافرەت دەستەبەر بكات، نزیكەی 1200 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی كاردەكەن بۆ برەودان بەتواناكانی ئافرەت، لەڕووی یاساییەوە چەندین یاسا لەگشت بوارەكان دەرچووە بۆخزمەتی ئافرەت، بێگومان یەكەم دەستكەتی ئێمە لەساڵی 1992 بەشداری ئافرەت بوو لەهەڵبژاردن و دواتر لەپەرلەمان كە ڕێژەیەكیان بۆدانرا، بەمەش تاڕاددەیەكی باش ئافرەت پێشكەوت، لەدوای 2003 و ڕووخانی ڕژێم قانونی ئیدارەی دەوڵەت كەبەقانوونی بریمەر ناسراوە، یەكێك بوو لەو یاسایانەی كە ڕێژەی كۆتای بۆئافرەتان دانا ئەویش 25%بوو، سەرۆك بارزانی یەكەم كەس بوو كە پیرۆزبایی لەئافرەتان كرد بەم بۆنەیەوە، لەقانونی ئیدارەی دەوڵەت لەبڕگەی سێدا دەڵێت: (مشاركة المرأة في كل المجالات الحیاة السیاسیة و السلطات الثلاثة) ئافرەتی كورد دوای بیست ساڵ لەڕاپەرین بەقەناعەتەوە دەتوانێت بڵێت من بەشدارم لەهەموو پۆستە سیاسیەكاندا.
كابینەی پێنج بەكابینەی پارێزگاری كردن لەمافی ئافرەت دادەنرێت
چنار پێیوایە یەكێك لەو سیما جوانانەی كە دەدرێتە كابینەی پێنجەم ئەوەیە كە كاك نێچیرڤان كەسێكی كراوەیەو پشتیوانی ئافرەتە لەبەر ئەوە بەكابینەی پێنج دەوترێت كابینەی (پارێزگاری كردن لەمافی ئافرەت) و دەشڵێت «چونكە لەم كابینەیەدا زۆرترین دەستكەوت بۆئافرەتان هەبوو هەر لەكردنەوەی بەڕێوبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی و كردنەوەی شەڵتەرەكان و هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی و كردنەوەی وەزارەتێك تایبەت بەئافرەتان، هەرچەندە وەزارەتی هەرێم بوو، لەگەڵ كۆمەڵێك پرۆگرامی تایبەت، ئەوەبوو سێ وەزیری ئافرەت هەبوو، بەڵام لەكابینەی شەشەمدا چاوەڕێمان دەكرد پرۆژەی باشتر و بەهێزتر هەبێت و ڕێژەی ئافرەت زیادبكرێت، كەچی بەداخەوە ڕێژەكە كەمتربوو لەناو كابینەكەدا، بەوەش دەبێت گلەیی لە حزبە سیاسییەكان بكەین ئەو حزبانەی كە كابینەكەیان پێكهێناوە و ڕێژەكەیان كەمكردووە. چنار لێرەوە داوادەكات لەكابینەی نوێدا ڕێژەی ئافرەت زیادبكرێت، هیچ نەبێت لەسێ ئافرەت كەمترنەبێت. دەشڵێت «چونكە ئەوە مافێكی شەرعی و مافی خۆمانە داوادەكەین لەكابینەی حەفتدا ئافرەت لەناوەندی بڕیارداندا هەبێت و هەروەها پلەی هەبێت لەناوەندی بڕیاردا دەتوانێت لەئاییندە خزمەتی ئافرەت بكات.
سەبارەت بەپەیامی ئافرەتان بۆ كابینەی حەوت بێگەرد وتی «گرنگی دان بەپاراستنی ئازادیە تاكییەكان لەهەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی توندوتیژی و سزادانی ئەو كەسانەی بەهەر بیانوویەك دەیانەوێت برەو بەزوڵم و زۆر و دواكەوتوویی بدەن. هەروەها گرنگیدانی زیاتر بەو بەڕێوەبەرایەتیانەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دامەزرێنراون و چالاكتركردنیان و لێپێچینەوەیان لەهەر كەمتەرخەمیەك بۆئەوەی ببن بەو نێوەندە فریادرەسەی كە ئافرەتان لەئاكامی هەر گرفت و كێشەیەكدا خۆیانی تێدا ببیننەوەو چالاكتركردنی دادگاكان و پشتیوانی كردنی زیاتریان بۆ جێەجێكردنی ئەو سزا یاساییانەی كە تایبەتمەندن بەكێشە خێزانیەكان و پێشێلكردنی مافەكان، چونكە هەمووان پێویستە لەبەرامبەر یاسادا یەكسان بین. بۆ دەرخستنی ڕوویەكی ڕاستەقینە لەپراكتیزەكردنی دیموكراسیەت و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگەی كوردی هەنگاونانی جددی لەهوشیار كردنەوەی كۆمەڵگە زۆر پێویستە بۆئەوەی هەمووان لەئاستی درك كردنمان بەمافەكانی یەكتری بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین كە ئەمەش دەكرێت لەرێگەی وەزارەتی پەروەردەوە كاری باشی لەسەر بكرێت و جگەر گۆشەكانمان بۆ لەمەودوا بەئەرك و مافەكانیان ئاشنا بكرێن لەئاستی كەمكردنەوەی جیاوازیەكان هەر لەسەرەتای تەمەنیانەوە.
ئەو ئافرەتانەی پێشتر وەزیر بوون و پۆستیان هەبوو توانیویانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و سەركەوتووبوونە لە كارەكانیان
سۆزان خاڵە شەهاب پێیوایە زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لەحكومەتدا لەهەموو كابینەكان ئەو داواكارییە هەبووەو دەڵێت «ناڵێم ئافرەت دەبێت بكرێتە وەزیر، بەڵكو دەبێت باڵانسی جێندەری لەسەرجەم دامودەزگاكاندا دابەشبكرێت، لەبەر ئەوەی لای ئێمە سەرەتا پیاو دەهێنن پۆستەكان هەمووی پیاون لەپێشدا بیر لەپیاو دەكرێتەوە دوای ئەوەی هەمووی لەنێوان پیاواندا دابەشدەكرێت، ئینجا ئافرەتیان بیردێتەوە، ئێمە دەڵێین ئافرەتی چالاكمان هەیە سوود لەبەهرەو تواناكانیان وەربگرن بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن خزمەت بەكۆمەڵگە بگەیەنن.
شیرین ئامێدی دەڵێت «كابینەی پێنجەم بەسەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی گەورەترین دەستكەوتی هەبوو بۆ ئافرەت، لەوانە یەكەم وەزارەتی تایبەت بەئافرەتان و چەندین یاسای تری تایبەت بەئافرەتان هەموار كرا، ئەنجوومەنی خانمان دامەزرا كەیەكێك بوو لەپڕۆژە گرنگەكانی كابینەی پێنجەم كە ئێستاش ئەو ئەنجوومەنە كار دەكات، ئەمانە هەموویان بەشداری سیاسین، ناتوانین بڵێین تەنیا دانانی وەزارەتێك بەشداری سیاسیە، وەزارەتی ئافرەتان نەیتوانی كاری گرنگ بكات ئێستاش ئەگەر ئەنجوومەنی خانمان پلانی باشی نەبێت، ئەوا ناتوانێت كاری گرنگ ئەنجام بدات، من وەك ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دڵنیام پارتی ئافرەت بەشداری پێبكات و ڕۆڵی پێبدات، ئێستا هەرێمی كوردستان چاوی لەسەرە لەهەموو لایەكەوە كە ئایا پشك و بەشداری ئافرەت لەكابینەی داهاتوودا چەند و چۆن دەبێت، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە ئەو ئافرەتانەی پێشتر وەزیر بوون و پۆستیان هەبوو توانیویانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و سەركەوتووبوونە لە كارەكانیان.