كچان لەشەوی بوكێنیدا فرمێسك دەڕێژن

كچان لەشەوی بوكێنیدا فرمێسك دەڕێژن
كاتێك كچ و كوڕ دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە، كچان لەم شەوەدا هەست بەترس و دڵەراوكێیەك دەكەن و حەز دەكەن فرمێسك بڕێژن. ئەم گریانە كچان، بۆچەند هۆكارێكی دەگێڕنەوە و دەڵێن بوونی لای زۆربەی كچان دروست دەبێت یاخود دەگرین بۆئەوەی نازێك لەسەر هاوسەرەكانیان بكەن، بۆئەم مەبەسەتە ڕاوبۆچوونی چەند كچێكمان وەرگرتووە.
شەیما جەمال، كە ماوەی 2 ساڵە شووی كردووە هۆكاری ئەو كچانەی لەشەوی بووكێنی دەگرین بۆچوونی جیاوازی هەیە، شەیما ڕایگەیاند «پێموایە بوونی ترس لای خودی كەسەكە یەكێكە لەهۆكارە هەرە سەرەكییەكان، چونكە بوونی ترس بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە بەتایبەتیش لای ئەو كچانەی كە بەڕێكەوت شوو دەكەن، بەوەی جۆرە ترسێكی لا دروست بووە بەوەی ئەو لەناو ماڵباتێكی چەند كەسی گەورە بووە و هیچ شەوێك بەتەنیا نەبووە، ئێستاش بەتەنیا لەگەڵ پیاوێكە كە بۆ یەكەمجارە لەگەڵی دەمێنێتەوە كە وادەكات جۆرەها ترسی لا دروست بێت».
ترسێكی زۆر لای بووك دروست دەكرێت لەلایەن دەوروبەرەوە
لارا نەجات تەمەنی 24 ساڵەو ماوەی ساڵێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «ئەو شەوە بۆكچ و كوڕ خۆشترین شەوە لەژیانیاندا بەتایبەت ئەگەر ئەو كچ و كوڕە بەدڵی خۆیان پرۆسەی هاوسەرگیریان كردبێت دەبێتە خۆشترین شەو، بەڵام هەموو كچێك ترسێكی لا دروست دەبێت و دەگریت لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە، دوور دەكەوێتەوە لەدایك و باوكی خۆی بە یەكجاری یاخود لەخۆشی ئەوەی كە گەیشتۆتە ئەو كەسەی خۆشی ویستووە یان ترسی ئەوەی هەیە كە لەكچێنی نامێنێت دەست بەژیانێكی تر دەكات».
شەیما هێماشی بۆ ئەوە كرد، بەشێوەیەكی گشتی كچ ساتێكیش شوو دەكات ترسێكی لەڕادەبەدەری لەبارەی مەسەلەی پەردەی كچێنی هەیە، بەوەی یەكەمجارە دەچێتە حاڵەتی جووت بوونی سێكسی، بەتایبەتیش لەو كاتەدا ئەو جۆرە ترسە دروست دەبێ، ئافرەتانی كەسوكاری كچەكە بەر لەچەند كاتژمێرێك بە بووكە دەڵێن كە ئاگاداربە هیچ نییە و نەشترسێی، خۆی لەخۆیدا پێ گوتنی ئەوەندە وشەیە بە بووكەكە ترسێكی زۆر دروست دەكات، باشتر وایە هیچ شتێكی لەم جۆرە نەوترێ».
لەخۆشییدا بۆ ماوەی 20 تا 25 خولەك گریام
نازەنین شێخان ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵەیە و ماوەی 7 ساڵە شووی كردووە، سەربووردەی خودی خۆی كە لەیەكەم شەوی بووكێنی گریاوە بۆ ئەو عەشق بوونەی دەگێڕێتەوە كە ئێستا شووی پێكردووە. نازەنین وتی «ماوەی 7 ساڵ لەگەڵ هاوسەری ئێستام پێوەندی خۆشەویستیم هەبووە، پاش 8 جار لەخوازبێنیم ئەوكات كەسوكارم ڕەزامەندیان نیشاندا بەوەی شوو بەهاوسەری ئێستام بكەم، لەترسی ئەوەی نەوەك دووچاری كێشە ببینەوە و مەسەلەی پاشگەز بوونەوە لەلایەن كەسوكارم بێتە ئاراوە لەماوەی هەفتەیەك دەستگیرانەكەم منی گواستەوە، بۆیە لەشەوی بووكێنی بەهۆی ئەوەی نە من و نە دەستگیرانەكەشم باوەڕمان بەوە نەبوو بۆ یەك بووینە، لەخۆشیان بۆ ماوەی 20 تا 25 خولەك گریام».
نازەنین هۆی دووەمی گریانەكەشی خستەڕوو بەوەی لەدایك و 2 خوشكەكەی جیا بۆتەوە و بۆ یەكەمجاریش دوای پتر لە28 ساڵ بەتەنیا و بێ ئەوان و بە یەكجارەكی لێیان دوور دەكەوێتەوە.
تائێستاش نازانم لەم شەوەدا بۆئەوەندە گریام
نازە سلێمان ماوەی پێنج مانگە چۆتە نێو ژیانی هاوسەری و دەڵێت «بەگشتی ئافرەت بوونەوەرێكی هەست ناسكە، بەتایبەت لەم شەوەدا شەوێكی ئێجگار ناسكە و ترسێكی زۆری لەلادا دروست دەبێت. هەتا ئەگەر ئەو كەسەی هەڵیشی بژاردووە كە بەدڵی خۆشت بێت، بەڵام بەدەست خۆت نییە ترسێكت لەلادا دروست دەبێت. زۆر جار دەوروبەر كاریگەری زۆر دروست دەكات بۆ ئەوەی بترسی». نازە ئاماژە بەوەش دەدا پێش ئەوەی بگوازرێتەوە هاوڕێكانی زۆریان ترساندوە و دەڵێت «ئەو ڕۆژەی كە ئاهەنگەكەم بوو لەشەودا زۆر دەترسام بەدەست خۆم نەبوو هەر لەئێوارەوە دەستم بەگریان كرد، تائێستاش نازانم بۆچی ئەوەندە گریام».
هاژە محەمەد تەمەنی 24ساڵەوە بۆ ماوەی دوو مانگە ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو دەڵێت «ئەم شەوە بۆ من شەوێكی زۆر ناسك و جوان بوو، بەڵام ترسێكم لا هەبوو حەزم دەكرد بۆچەند خولەكێك بگریم بۆئەوەی هاوسەرەكەم نازم هەڵبگرێت و دڵنەوایم بكاتەوە».
Top