بەڕێوەبەرەكەی گوڵە

بەڕێوەبەرەكەی گوڵە
توێژەری دەرونی: ئاشتی عەبدوڵا

هەمیشە حەزم بەوە دەكرد دەلاقەیەك ببینمەوە تاوەكو هەستەكانمی تێدا دەرببڕم و دەنگم بگەیەنمە گوێی گەلەكەم، زۆر شت لە مێشكمدا بوون و لەپێناوی داكۆكیكردن لە دۆزی ئافرەتان بتوانم بنووسم و سنوورێك بۆ كۆمەڵگەی پیاوسالاری و نێرسالاری دابنێم، مرۆڤ ئەگەر لەوەشدا ڕووبەرێكی زۆر بەرفراوانیشی نەبێت دەتوانێت لە ژینگەكەی خۆیدا بیروڕای خۆی دەربڕێ ئەمەش بە قۆناغ ناوزەد دەكرێ و دەشێت لە ئایندەدا ئەو خەونەی بێنێتەدی و ببێتە ڕۆشنبیرێك دیدگای هەمووان بگۆڕێت.

من كچێكم لە بواری ڕۆشنبیریدا خۆم دۆزییەوە، وا چەند ساڵێكە ئەزموونم هەیە لە نووسیندا و توانیومە لە چەند دەرگایەك بدەم كە پێشتر هیچ ئافرەتێك لێینەداوە لە كۆمەڵگەكەماندا، بێگومان بوومە كەسێكی ناسراو و زۆر دەستخۆشیم لێكرا لە لایەن دەستە خوشكەكانمەوە. هەر ئەو ڕێیەی گرتبووم وای لێكردم بچمە ڕۆژنامەیەك و وەك بەرپرسی لاپەڕەی ئافرەتان تێیدا كار بكەم، بەهۆی ئەوەی كەسێكی شیاو نەبوو لە پرسگەدا ئارام بێ و تاسەر بەردەوام بێت لە كارەكەی، بۆ تاووتوێكردنی نووسین و ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژی نووسەران مێزەكەی خۆم گواستەوە بۆ پرسگە و هەم لاپەڕەكەشم بەڕێوە دەبرد هەم كاری پرسگەش، ڕۆژانی دواتری ئەو ڕۆژنامەیە كەمبوونەوەی هاتوچۆی نووسەران و ڕۆشنبیران بوو بۆ نووسینگەكە و كاتێكی شیاوم هەبوو بۆ نووسینی بابەتەكانم.

سەرنجمدا كوڕان و گەنجانێك كە شوێنەكەیان چۆڵ دەبینی دەهاتن و دادەنیشتن لە پرسگەكەدا، دەكەوتنە قسە و نوكتە و دروستكردنی دۆخێك بۆ پێكەنین و نزیكبوونەوە لێم، لەو ماوەیەدا زۆر لەو كوڕانە، زۆر لەو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانە هەر دەرفەتیان بۆ هەڵكەوتبایە باسی سێكسیان دەهێنایە پێشەوە تاوەكو لەسەری بنووسم و هانیان دەدام وەك كچێكی بووێر و چاونەترس بنووسم، بەڵكو ئازادیش بم و زیاتر بكرێمەوە لەگەڵیاندا، لەو دەرفەتانەدا داوای پەیوەندییان لێدەكردم و بەناوی هاوڕێیەتییەوە دەكەوتنە قسە، كار گەیشتە ئەوەی داوای كردنی كارێكیشیان لێكردم كە جەستەیی بێ و لەگەڵمدا ڕابوێرن، وەختەبوو هۆشم لەلا نەهێڵن و هەرچیەكم دەبینی جگە لە سێكس هیچ شتێكی تریان لە من نەدەویست و ڕۆژێك یەكێك لەو بەناو ڕۆشنبیرانە تەمای بوو پەلاماریشم بدات و نووسینگەكەم جێهێشت.

وازم لە كارەكە هێنا و بەڵكو چیتر نووسینیشم بۆ ئەو ڕۆژنامەیە نەناردەوە، هاوڕێیەكم هەبوو كە لە ڕۆژانی خوێندنەوە دەمناسی و زانیبووی وازم لەو ڕۆژنامەیە هێناوە، بە تەلەفۆن پێی وتم دەبێت بمبینێ و لە گۆڤارێكدا كاربكەم كە نیو مانگییە و موچەیەكی باشم دەدەنێ جگە لە پاداشتی نووسینەكانیشم. چووم، بە بەڕێوەبەری نووسینی ناساندم و ئەویش سەرەتا تەواو لە لەشولارم وردبۆوە وەك ئەوەی توانستی نووسین و كاركردن جەستەیی بێ نەك ئەقڵ و بیركردنەوە.

گوڵەی هاوڕێم وەك كوڕێكی ئازاد ڕەفتاری دەنواند و هەرگیز لەوە نەدەچوو شووی كرد بێ و منداڵیشی هەبێت، وامزانی جرپن بووە و شووكردنەكەی شەرمی نەهێشتووە، بەڵام ئازادانە قسەی بێ پەردەی دەكرد و لەگەڵ بەڕێوەبەردا نێوانی زۆر خۆش بوو، دوو مانگ كارم كرد و ڕۆژێك گوڵە پرسیاری ئەوەی لێكردم كە چۆن دەژیم بەبێ ڕەگەزی بەرامبەر و منێك كە ڕۆشنبیرم بۆچی جەستەی خۆم دیل كردووە و لە خۆشییەكان بێبەشم، یان چەندە بەتەنگ مێشكمەوەم ئەوەندەش جەستەی مێینەم فەرامۆش نەكەم و ئازادی بكەم، وەك میوەیەكی گەییو بهێڵم تام بكرێ و چەندەها چیرۆكی شەوانی سوور و پیشاندانی چەندەها تۆماری وێنەی سێكسی وروژێنەر. بەڕێوەبەرەكەش جارێكیان بە گوڵەی وت بەباشی تێم بگەیەنێت ئەوەی پێی وتووە، وەها لێی پرسییەوە كە چۆن نەیتوانیووە تا ئێستاكە ئەو ئەركەی پێی سپاردووە بیهێنێتە دی.

وتم هاوەڵەكەم زۆر كەیفی هەیە و گوێم نەدەدایە ڕەفتارەكانی، دەموت خەڵكەكە هەر بیر لە سێكس و عەشقبازی دەكەنەوە و بووەتە زمانی سەردەمە شپرزەكەمان. گوڵە ڕۆژێك كاتی بۆ دانام تاوەكو زووتر بچمە نووسینگەی گۆڤارەكە بۆ هەندێ كاری پێویست و منیش بە ئەرێ وەڵامم دایەوە، ڕۆیشتم و بینیم گوڵە نەهاتووە، وتم بڵێی تەفرەی دابم تاوەكو كەسێك بەتەنیا بمبینێ و دەرگام لەسەر دابخات، كەمێك ترسام و ویستم بڕۆم، بەڵام گوێم لە پێكەنینی گوڵە بوو لە ژووری بەڕێوەبەری نووسیندا و بانگم كرد، ئەویش بانگی كردمە ژوورەوە و وتی فریام بكەوە كچێ، بەپەلە دەرگای ژوورەكەم كردەوە و بینیم گوڵە و بەڕێوەبەر بە شێوەیەكی نەشیاو وەستاون و خەریكی كاری دەستبازین و وەختێك لەو دیمەنە خێرایەدا منی بینی وتی وەرە فریام و ڕزگارم بكە، لە بەڕێوەبەر تووڕە و پەست بووم و هاوارم كرد بەسەریدا، بەڕێوەبەریش وتی ئەو مەبەستیەتی لەو كاتەدا ماچت بكات و بێ كەسێكی تر ئارام نابێتەوە. دەزانم وێنەی ڕۆشنبیران بەناو ڕۆشنبیرانێك لەلایان شێواندووم و ناتوانم وەك جاران ڕێزیان لێ بگرمەوە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە وا دەزانن ئازادی ئەوەیە هەر ڕۆژەی لەگەڵ كەسێكدا بیت و بەو شێوەیە دەگەیتە ماناكانی ژیانێكی گەشەسەندوو، یان بوێریی و ئازایی ئەوەیە جەستەت ڕەها بكەیت بەناوی خۆشەویستییەوە و ئەوەش شكاندنی دابونەریتە چەقبەستووەكان.
Top