ریگا رووف بۆ گولان: مەرج نیە هەموو ئەو ژنانەی لەپەرلەمانن خەریک بن بەمەسەلەی ژنانەوە. من پیم وایە کارکردن بۆ دۆزی ژن سەختترین کارە لەکوردستان
February 16, 2012
کۆمەڵایەتی
گوڵان: ساڵانێکە بەردەوام ئەوە دووبارە ئەبێتەوە گوایا بەربەست لەبەردەم بەشداری سیاسی ژندا هەیە، زۆربەی ژنەکان زیاترین گلەیی لە کۆمەڵگا و نەریت و دین ئەکەن، لە کاتێکدا لەئیستادا هێندەی ژن چوەتە بوارە جیاجیاکانەوە، دەیان و سەدان رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکەنی ژنان هەن، ژن چوەتە بواری سیاسەتەوە، کەچی هێشتا گلەیی لە کۆمەڵگا و عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی پیاوسالاری دەکرێت، تۆ لەمبارەوە رات چۆنە؟
- سەرەتا ئەبی باس لەو فەزا سیاسیە بکەم کە بۆتە هۆی بەشداری زیاتری ژنان لە بوارە جیا جیاکاندا. من پیم وایە باشە ئەگەر چاویک بخشینین بە دەورەی ٢٠ سالی رابردوو، دەورەیەکی پر لە کیشمە کیش بوو بۆ ژنان بەوەی کە ریکخراوە تەقلیدیەکان واتە ئەوانەی سەر بە حیزبەکانن لەکۆمەلگادا خەریکی جۆریک لەکارکردن بوون کە زۆر پەیوەندی بەژنانەوە نەبوو بەبروای من. زۆرتر لەهەولی کاری رۆتین و بەقەولی خۆیان رزگارکردنی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی دیهاتەکان، هاوکات جۆریکی تر لەریکخراو هاتە دەر کە قسەی لەماف و ئازادی رەهای ژنی دەکرد لە کوردستان، ئەم دوو جۆرە لەکارکردن وای کرد کە شەپۆلیکی بەهیزی بزووتنەوەی ژنان بیتە دەر لەکوردستان کە ئاکامەکەی هەندی هەنگاوی باشی بۆ ژنان هینایە کایەوە لەوانەش بەدەستهینانی بریاریک لەلایەن دەسەلاتی کوردی کە کوشتنی ژن وەک قەتلی عەمدی سەیر دەکریت. ئەم ئال و گۆرە سەرباری ئەوەی سەرکەوتنیک بوو بۆ ژنان وە بزووتنەوەکەی بەلام هاوکات سەرەتایەک بوو بۆ هەولەکانی دەسەلات بۆ لەناوبردنی ئەو دەنگە نارازی و ئازایەی کەلەمەیداندا بوو، ئەمە دەورەیەکی کورتی ئەو کارو خەباتە بوو کە بزووتنەوەی ژنان ئەنجامیدا لەسالی ١٩٩٣_٢٠٠٠.
دوابەدوای ئەم رووداوە پر لە ئال وگۆرانە و پەرتەوازەکردنی هەلسوراوانی ژنان و داخستنی دەنگی رادیکال و بویری ژنان لەهەموو بوارەکاندا بووە هۆی بیدەنگیەکی ترسناکی بزوتنەوەی ژنان و ریکخراوەکانی، کە نزیکەی ٣ سالی خایاند. هەندیک لەو ریکخراوانە دلخۆش بوون بەوەی کە فەقەرەیەک گۆراوەو پییان وابوو ئیتر کاری ژنان تەواو بوو. من هەر ئەو کات نامەیەکم بۆ ریکخراوەکانی ژنان نوسی سەبارەت بەخەتەری ئەم ئال و گۆرە.
سالی ٢٠٠٣ بەدوای رووخانی رژیمی بەعس دەورەیەکی تر لەکاری ریکخراوەیی سەریهەلدا. کۆمەلگا بەشیوەیەکی زۆر بەرفراوانتر کرایەوە بەرووی تاکەکانی کۆمەلگاو بەتایبەت میدیای کوردی وە لەو نیوەشدا بزووتنەوەی ژنان و ریکخراوەکانی ئاهیکی تازەیان پیاهاتەوە بۆ کارو چالاکی بەلام بەشیوەیەکی زۆر تازەتر لەجاران.
هاوکات ئەم کرانەوەیە کە چەندین لایەنی پۆسەتیفی بوو، نابیت لەبیرمان بچیت کە لایەنی نیگەتیفیشی بوو. ژنان بەجۆریکی زۆر بەرفراوان هاتنە مەیدانی رۆژنامەنووسی، سیاسی، کۆمەلایەتی وە تاد. بەلام لەسەر ئەساسی پاشخانیکی سیاسی پتەو بەهیز نەبوو بەلکو لەسەر ئەساسی کاری حیزبی وە گەندەلی. کارکردن بۆ ژنان بەبروای من لەم چەند سالەی ئەخیردا وەک جۆریک لەکاری فەرمانبەری لیهاتووە. "هەلسوراوان" بەیانیان دەچنە ریکخراوەکەیان و ئیواران دەرگاکە دادەخەن و دەچنەوە مال و هەر کەس لەهەولی ئەوەدایە مەعاشیکی زیاتر وەرگریت، ئیتر وەزعی ژن لەواقیعدا چیەو چی لیدیت هەموومان دەبینین کە ئالو گۆریکی سەیرو سەمەری بەسەردا نەهاتووە. ئاماری کووشتن و خۆسوتاندنی ژنان شاهیدی ئەم قسانەن. وەخیک کارکردن بۆ مەسەلەی ژنان ئاوای لیدیت ئەوا هیچ گوومانیک نیە لەوەی کە وەک پرسیارەکەی ئیوە، ژنان لەزۆر شوین بەشداری سیاسی دەکەن بەلام گلەیی و گازەندەیان هیشتا هەیە. کەواتە ئەمە بۆ وایە؟ ئەگەر ژنان مەجالی بەشداریان هەیە ئەی بۆچی گلەیی دەکەن؟ ئەگەر گلەیی دەکەن ئەی بۆچی ئال و گۆر بەدی ناهینن؟
بەشداری ژنان لەبوارە جیاجیاکاندا تەنها وەلام دەرەوە نیە بە کیشەکانی ژنان، بگرە نوینەرایەتی ژنان لەو پۆستانەدا ئەوە دیاریدیکات کە ژنان لەچ ئاستیکدا. نیسبەتیکی باش لە ژنان لەنیو پەرلەمان و شوینە هەستیارەکاندا هەیە بەلام ئایا بەحەق ئەم ژنانە نوینەرایەتی کیشەو گرفتەکانی ژن ئەکەن؟
با هەموو ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ژن بن کە بەهەموویان نەتوانن مافیکی یاسایی بۆ ژن بەدەست بهینن چ لەمەسەلەکە دەگۆریت؟ بەپیچەوانەوە زۆریک لەو ژنانە بوونەتە کۆسپ و ریگر لەبەردەم ئەو هەولانەی کە ژنانیک لەدەرەوەی پەرلەمان دەیدەن بۆ بەدەستهینانی مافیکی زیاتر.
بۆیە ئەتوانم بلیم هەم گلەیی و گازەندەکە لەشوینی خۆیەتی وە هەمیش هەبوونی ژن لە بوارەکاندا هەیە، بەلام وەک ووتم کەسی شیاو لەجیگای شیاودا نیە. ئەمە ئەو پەتا کۆمەلایەتیەیە کە کۆمەلگای تیوەگلاوە.
گوڵان: بەڵام گرنگە هەموو ئەو ژنانەی لە پەرلەماندان تەنها کار بۆ دۆزی ژن بکەن؟ ئایا ئەمە ئەوە پشتڕاست ناکاتەوە کە دەڵێن "هەڵبەت ئەمە من نایڵێم" هەندێ دەڵێن بواری ژنان بوەتە بوارە ئاسانەکە کە ژن خۆی پێوە مەشغووڵ دەکات؟ ئەی چۆن قسە لە کارامەیی ژن بکەین لە بوارەکانی تردا؟ ئەی کۆمەڵگا پێویستی بە ژنی کارامە و لێهاتوو نیە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا؟
-بیگومان مەرج نیە هەموو ئەو ژنانەی لەپەرلەمانن خەریک بن بەمەسەلەی ژنانەوە. من پیم وایە کارکردن بۆ دۆزی ژن سەختترین کارە لەکوردستان بەپیچەوانەی ئەو رایەی لە پرسیارەکەدا هاتوە، چوون کارکردن بۆ ژن لەدیدگای منەوە واتە بەرەنگاربوونەوە بەدژی دواکەوتوویی، پیاوسالاری، ئایین، یاسا، وە کولتورو عاداتی دواکەوتوانە کە هەرکام لەمانە ئاستەمیکە چ لەبەر دەم ژنان وەک تاکدا وە چ لەبەردەم دۆزی ژنان وەک کارکردن. بۆیە ئەگەر خۆمەشغولکردن بیت بەبروای من نەیکەن ئەو کارە باشترە. ئەگەر بواری ژنان ئاسانە ئەی بۆ کەدیتە سەر سادەترین ئال و گۆر لەهەل و مەرجی ژناندا هەموو دونیا دیتە قسەو هیچ کام لەو خانمانەی پەرلەمان خۆیان ناکەن بەساحیبی؟ هەموومان دیتمان چۆن مەسەلەی فرەژنی دەنگی پیدرایەوە لەپەرلەمان و بگرە یاسایەکی زۆر دواکەوتوانەتر دانرا. نەخیر من پیم وایە هەولدانی جدی لەهەر بواریکدا لەو کۆمەلگایەی ئیمەدا پیویستی بەکاری زۆر جدی وە لیبراوانە هەیە. هەر ژنیک ناتوانیت دەرەقەتی ئەو جۆرە لەکارکردن بیت، من خۆم لەم مەیدانەدا کارم کردووەو بە تەواوی ووجودم هەستم بەسەختی و تەنگ و چەلەمەکانی کردووە، بۆیە ئەگەر کەسیک پیی وابیت کەئەو کارە ئاسانە بابروای من کار ناکات بۆیە ئاسانا بەلایەوە. خالیکی تر ئەوەیە کە راستە هەموو ئەندامانی پەرلەمان مەرج نیە بە کاری ژنەوە خەریک بن بەلام خۆ ناکریت لەکاتیکی زۆر هەستیاری وەک دەنگدان بۆ قانونیک یاخود بۆ هەر مەسەلەیەکی تر کە تایبەت بیت بەژن بیدەنگ بیت و بلیت خۆ من لەپەرلەمان کارم ئەوە نیە؟ ناکریت هەویەی ژنیتی خۆیان فریبدەن لەبەر ئەوەی کاری تایبەت بەژنان نیە! بۆچی پیاوانی ئەندام پەرلەمان هیچ کات ئەوە فەرامۆش ناکەن کە پیاون وە هەول ئەدەن بەبیرو بۆچونی خۆیان قسە لەسەر دۆزی ژن بکەن، بۆچی ژن دەبی لەژنیتی خۆی خۆی دامالیت؟ مەگەر چەوسانەوەو بیمافی ژن هەموومان ناگریتەوە بە پەرلەمانتارو خویندکارو فەرمانبەرو...تاد؟
من پیم وایە ئەمە رەنگە یەکیک بیت لەو بیرکردنەوانەی کە زەرەری داوە لەمەسەلەی ژن، کە وای لیهاتووە کەس خۆی بەساحیبی نازانیت کەچی بە ئیشە سوک و ئاسانەکە نەودەبریت!.
گوڵان: ئەی هەتسناکەیت ژنەکانی ئێمە تەنانەت لەو بڕیارانەشدا کە پەیوەندی بە چارەنووسی ژنەوەیە لەگەڵ یەک کۆک نین و زیاتر وابەستەی ستراتیژ و فەلسەفەی پیاوانەی حزبەکانیانن؟ هەروەک هەمیشە رێکخراوەکان لە ژێر رکێفی حزبە پیاوانەکاندا کاردەکەن؟
-با، بەداخەوە ریک وایە. ریکخراوەکانی ژنان لەچەندین لاوە گەمارۆ دراون کە ریگری دەکات لەگەشەیان، وابەستەییان بەحیزبەکانەوە گەورەترین زەربەی داوە لەبزووتنەوەکە بەگشتی. من دەزانم سەربەخۆیی تەواوو لەهەمووبیرو بۆچونیک مەحالە بەلام ئەو وابەستەییەو ووتنەوەی هەمان پرۆگرام و بیرو هزری هەم حیزبەکان و هەمیش دیدگای پیاوسالاریە مەبەستی منە. من پیم وایە ناسەربەخۆ بوونی ریکخراوەکان بەجۆریکە کە حیزبەکان بەباشترین جیگای دەزانن بۆ کپکردنی دەنگی ژنان کە ئەمە کارەساتە تووشی ئەم بزووتنەوەیە بووە. بزووتنەوەیەک خۆی پیویستی بە کۆمەک و پشتیوانی هەیە تا بتوانیت لەسەر پیی خۆی بوەستی و وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ کار بکات بەلام لەهەموو بوارەکاندا قۆرخ کراوەو ژنانیش خۆیان هۆکاری ئەم قۆرخکردنەن. هاتنە دەر لەم بازنە داخراوەیە ئومیدی زۆرم نیە کە ئەم ریکخراوانە بیکەن، چونکی ئەوان بەئامانجی گەشەپیدان و بردنە پیشەوەی مەسەلەی ژنان نەهاتوونەتە ئاراوە بگرە بۆ کۆمەک و پاشکۆیەتی حیزبەکان درووست بوون بۆیە رەنگە تەوەقوعیکی ئاوا بەدیهاتنی خەیالی بیت، بەلام هاوکات ناکری باس لەبزووتنەوەی ژنان بکریت و باس لە گرفت و ریگریەکانی نەکرین.
گوڵان: ئەی بەنیسبەت ئەو رێکخراوانەی کە خۆیان بە سەربەخۆ لەقەڵەم دەدەن. تۆ رات چیە؟ ئایا ئەمانە رێکخراوی سێبەرنین؟ بەو مانایەی هەر یەک لەوان سێبەری حزبێک بن؟
-هەموو ریکخراوەیەک یان دامەزراوەیەک بە دیدو بۆچوونیکەوە دادەمەزریت و دەکەویتە کار، ئەو دیدو بۆچوونە بیگومان سەر بە مەکتەبیکی فیکریە ئینجا ئەو مەکتەبە فیکریە دەکری سۆسیالیستی بیت، دەکری ناسیۆنالیستی بیت، دەکری فیمینیستی سەرف بیت، دەکری کۆنسیرڤاتیفی بیت وە دەشکریت لیبرال بیت، کەواتە وەک لایەنە فیکریەکەی من بروام نیە ریکخراوی تەواو سەربەخۆ هەبیت. بەلام دەکری سەربەخۆ بیت لە حیزب وە ئەمەشە قسەو رەخنەی ئیمە بۆ کارکردن لەبواری ژناندا، سایەی حیزبیلەریکخراودا یان بەرەو حیزبی بوونی دەبات و بەجۆریکی زۆر بەرتەسک ئەمینیتەوە یاخود بەرەو هەلدیری دەبات، کەلەهەردوو حالەتەکەدا ریکخراوەکە زەرەرمەند دەبیت وە لەکۆتاییشدا ژنان زەرەرمەندی گەورەن. ئەم ریکخراوانەی کە ئیمە باسیان لیدەکەین وە باس لە حیزبی بوونیان دەکەین بە چەند شتیکدا دەتوانین حیزبی بوونەکەیان بناسینەوە. یەکەم بووجەو سەرچاوەی مالیان لە حیزبەکانەوە وەردەگرن کە ئەمە سەرەکیترین خالە بۆ لەدەستدانی سەربەخۆیی ریکخراوەیی. دووەم وەختیک بودجەکە بەدەستی حیزب بیت وە بیروراو بیرکردنەوەکەش هەر سایەی حیزبی بەسەرەوە بیت ئیتر بریارەکانیش لەبریاری حیزبی بەدەر نابن. سیهەم لەباری ریکخستن و هەیکەلەی سازمانیەوە ریکخراو دەبیت زۆر جیاواز لە هەیکەلیلی حیزبی درووست بکریت، چوون ریکخراوی جەماوەری بۆ ئال و گۆر درووست ئەبی وە بەواتا نیو نەتەوەییەکەی بۆ ریفۆرم درووست ئەبیت هەر بۆیەش جیاوازە لە هەیکەلەی حیزبی کە دەتوانی شۆرشی چەکدارانە بکات، کەوایە ئەم ریکخراوانەی ژنان لەباری درووست بوونیەن تەواو حیزبین بەلام لە ناوو ناونیشان دەلین جەماوەری! کە ئەم دوو ناوە ناگونجین لەدونیای پراکتیکدا بۆیە دەبینین ئەوەندەی هەول و تەقەلای ئەوە دەدەن کە سومعە ی حیزبی بەرز بیتەوە ئەوەندە خەریکی ئەوە نین کە ژنان مافیکیان بۆ زیاد بکریت. هەموومان دەبینین کە بۆ نموونە یەکیتی ژنانی کوردستان و یەکیتی ئافرەتانی کوردستان کە دوو ریکخراوی لەم جۆرەن چۆن لە موناسەبە حیزبیەکاندا دەورە ئەسلیەکەی خۆیان لەدەست دەدەن ودەبنە پاشکۆیەکی حیزبی سەرف. هەر ئەم ئەندامانەن کە لەپەرلەماندا ئەندامن، لەویش کیشمە کیشەکە دەبیتە ئەوەی کام بریاری کەم حیزب زۆرینەی دەنگ دینیت نەک کام مافی ژن.
گوڵان:ماوەی نزیکەی ساڵێک ئەنجوومەنی خانمانی سەربە ئەنجوومەنی وەزیران پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی راگرتبوو، کە پرسیارمان دەکرد ئەیانوت ژنەکان هێندەی بە نەفەسی حزبایەتی داوای ئەو پۆستە ئەکەن، ئەوەنە کارامەیی و لێهاتووییان نەکردۆتە بنەما، تۆ رات چیە؟ هەروەها رات چیە ئەسلەن بەو ئەنجوومەنە؟ ئەمە بۆ ئەوە نەبوو کە بیرۆکەی وەزارەتی کاروباری ژنانی پێ بگۆڕن؟ "ئەگەرچی من دژی بیرۆکەی ئەو وەزارەتەم" بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو رێکخراوە چ پێویست بەو ئەنجوومەنە ئەکات؟ چی کردوە لە رێکخراوەکان زیاتر؟ تۆ بڵێی ئەو ئەنجوومەنە لە رێکخراوەکان باشتر بتوانێ بچێتە ناو ژنانی چەوساوە و مافخوراوەوە؟
من پیم وایە ئەو ئەنجوومەنە بەس ریگریەکی ترە لەبەردەم ژنان. وەختیک پەرلەمان یان هەر دەزگاو جیگایەکی تر خەریکی درووستکردنی دەزگا بیت لەناو دەزگادا ئەوا ئەو جۆرە دەزگاو کۆمیتەو خانانە زۆرتر ئەبنە کاریکی بیرۆکراتی تا ئەوەی ئەرک و فەرمانیک بەجی بینن یاخود جیگەیەکیان هەبیت لەهاوسەنگیاکاندا. هاوکات بۆ سەرقالکردنی ژنانە بە دروستکردنی شتیک کە کۆمەک ناکات بە ژنان، کەواتە ئەمە بۆ دەکات؟
من پیم وایە دوو ئامانجی لەپشتەوەیە لەم جۆرە کارانە، یەکەمیان ئەوەیە حیزبەکە/ کاندیدەکە رازی بکەن بەجیگەو مەکانەتیک. دووەمیان وەختیک دەزگایەک پەیوەندی بەخەلکەوە نامینیت ئەکەویتە گیانی هەیکەلەی پیکهاتەکەی خۆ بەخۆ کە ئەمەش بەواتە عەمەلیەکەی دۆزینەوەی کارهایەک لەبری بی ئیشی!. لەهەر دوو حالەتەکەدا دەرەنجامیکی بەکردەوەو مەلموسی نابیت هەروەک خۆتیش ئیشارەت پیکردووە بەلام بۆ ماوەیەکی زۆر خەلک و دەزگای ئیعلامی و ئۆرگانەکانی تری حکومی وە ئەهلی پیوە سەرقال ئەکەن.
سەبارەت بەکارامەیی و لیهاتووی ئەو کەسانە کە پۆستیکی لەو جۆرە دەگرنە ئەستۆ، ئەبی ئەوەمان بیر نەچیت کەزۆربەی زۆری پۆستە هەستیارو بەرزەکانی چ حکومەت وە چ دام و دەزگاکانی تر هەرگیز لەسەر ئەساسی کارامەیی و توانا و لیهاتوویی نەبووەو هەمیشە سەرچاوەی لە پۆستی حیزبیەوە وەرگرتووە، لیرەشەوە ئەوە دەبینین کە چۆن وولات دەبریت بەریوە، ئەوەی گرنگ نیە لیهاتوویی و تواناکەنە لەبواە جیاجیاکاندا دەنا من گومانم نیە لەوەی کە کەسی کارامەو بەتوانامان هەیە بەلام لەشوینی گونجاودا نین. لەهەموو بوارەکاندا ئەمە رەنگی داوەتەوەو بواری ژنانیش خراپترین بوارە بەبروای من چوون پەرتەوازەترین بەشی کۆمەلگایەیەو ئەحزابەکان بەئاسانی زەفەری پیدەبەن چوونکە بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو نیە.
گوڵان: لەم کابینە تازەیەی نێچیرڤان بەرزانیدا، بەباوەڕی تۆ ئەو ئەنجوومەنە چی بەسەر دێت؟ داخوا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەر لای شیوعی ئەمێنێت؟
ناتوانم بلیم ئەم ئەنجومەنە دەمینیت یان هەلدەوەشیتەوە بەلام دەتوانم بەدلنیاییەوە بلیم کە هیچ کاریکی سەیرو عەجیب ناکات کەببیتە جیگەی سەرنج و روانینیی تەنانەت خۆشیان کەلەوی کار دەکەن. بۆیا فەرقیک ناکات ئەو پۆستە لەلای چ حیزبیکە، شیوعی بیت یان یەکیتی یان پارتی هەموویان بەهەمان شیوە لەسیاسەت کاردەکەن کە تەنها پەیوەندی بەژنەوە نیە ئەو جۆرە لەکارکردن. خۆ ئەم کیشەیە تەنها یەخەی ژنانی نەگرتۆتەوە هەموو کەبینەکانیە هەریم بەهەمان قەیراندا تیدەپەریت کە حیزبایەتی لەپیش بەرژاوەندی خەلک دیت.