به‌هار ره‌فیق: به‌هۆى بچووكى شوێن كه‌یسمان هه‌بووه‌ بریارى گه‌رانه‌وه‌ى بۆ لاى خێزانه‌كه‌ى داوه‌ دواى ئه‌وه‌ كوژراوه‌

به‌هار ره‌فیق: به‌هۆى بچووكى شوێن كه‌یسمان هه‌بووه‌ بریارى گه‌رانه‌وه‌ى بۆ لاى خێزانه‌كه‌ى داوه‌ دواى ئه‌وه‌ كوژراوه‌
ئا: سانه‌ سلێمان

ماڵى دادڵده‌ى ئافره‌تان له‌ ساڵى 2009 له‌ سه‌رده‌مى كابینه‌ى پێنج بریار ده‌رچوو كه‌ شه‌ڵته‌ر دابمزرێنرێت به‌لاَم له‌ 13/10/2009 حاڵه‌ته‌كان له‌ شه‌ڵته‌ر وه‌رگیرا له‌ هه‌ولێر، باڵه‌ خانه‌ى ئه‌و ماڵه‌ى كه‌ بۆ شوێنى چاره‌سه‌ركردنى ئافره‌تانه‌ خانوویه‌كه‌ كه‌ له‌ دووسه‌ت مه‌تر زیاتر نییه‌، ته‌نها له‌ ساڵى 2011 زیاتر له‌ 400 كه‌یس وه‌رگیراوه‌.
به‌رێوه‌به‌رى ماڵى داڵده‌ى ئافره‌تان به‌هار ره‌فیق له‌ 27/10/2009 له‌ ماڵى داڵده‌ى ئافره‌تان له‌وباریه‌وه‌ ده‌ڵێت"ئه‌و كه‌یسانه‌ى كه‌ دێته‌ لاى ئێمه‌ ماڵى داڵده‌ى ئافره‌تانى هه‌رِه‌شه‌لێكراو وه‌ك ئه‌یلێن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ناوه‌ زۆر قورسه‌ بۆیه‌ داوامان كردووه‌ بكرێت به‌ ( به‌سه‌نته‌رى ژیان)، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ دێنه‌ لاى ئێمه‌ هه‌ره‌شه‌ی ژیان له‌ده‌ستدانیان له‌سه‌ره‌. له‌م سه‌نته‌ره‌ سه‌رله‌نوێ ژیانێكی تازه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرێته‌وه‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان دروستبووه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا ئێمه‌ وه‌ریده‌گرێن . جۆرى كه‌یسه‌كان كه‌له‌لامانه‌ تووندوتیژى جه‌سته‌یى له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌مووى كه‌متر بێت به‌به‌راورد به‌ توندوتیژى مه‌عنه‌وى، توندوتیژى ده‌روونى زۆره‌ وه‌كو مۆبایل، چ كه‌یس وفایل هه‌یه‌ برِگه‌ی مۆبایلى تێدایه‌ به‌ده‌ر له‌ ته‌مه‌نى كێشه‌ى مۆبایلى تووش ده‌بێت و زۆربه‌ی رِێژه‌ی ته‌مه‌نیان له‌نێوان (16و17) ساڵیه‌" ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ ئاماژه‌ى به‌وشكرد كه‌ له‌كاتى چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانستافیان كه‌مه‌ چونكه‌ هه‌تا ئێستا ستافیان كه‌مه‌ و ده‌ڵێت" له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نیا خۆم توێژه‌رى ده‌روونیم ، جگه‌ له‌مه‌ش دوو توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه‌، به‌لاَم (د.عارف حیتۆ) خۆى سه‌رپه‌رشتى هه‌ندێك كه‌یس ده‌كات و له‌گه‌لێدا داده‌نیشێت، دكتۆره‌ به‌یان گه‌لاَله‌یى هه‌فته‌ى یه‌ك جار دێت ، وسه‌نته‌رى مه‌سه‌له‌ عه‌قدێكمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌ دوو توێژه‌ریان هه‌فته‌ى یه‌كجار سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ئوردن دوانزه‌ پارێزه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌وت توێژه‌ر ته‌نیا كاریان بۆ حه‌وت كه‌س ده‌كرد، كاركردنیش له‌م سه‌نته‌رانه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژوور هه‌یه‌ له‌ به‌رِوێوه‌به‌رایه‌تی حه‌وت هه‌شت توێژه‌ى تێدایه‌، به‌لاَم كه‌سیان نایه‌ن بۆسه‌نته‌ر، هه‌یه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر له‌ماڵی داڵده‌ كار بكه‌م ئه‌وا ته‌ڵاق ده‌درێم و هه‌ندێكیان ده‌ڵێن باوكم ده‌مكوژێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵگا تێرِوانینێكی زۆر سلبی به‌رامبه‌ر به‌م شوێنانه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ كێشه‌ى ئافره‌تانى ئه‌سیووبی، مالیزى ، فلیپینى و عه‌ربیشمان هه‌بووه‌، تووشى كێشه‌ى گه‌وره‌ بوون هاتوونه‌ته‌ لاى ئێمه‌ بۆمان چاره‌سه‌ر كردوون ئه‌گه‌رچى به‌ گوێره‌ى سیسته‌مى سه‌نته‌ره‌كه‌ى ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و ئافره‌تانه‌ى له‌ ماڵى داڵده‌ ده‌مێنه‌وه‌ دانیشتووى كوردستان بن"
كێشه‌كانى ماڵى داڵده‌ى ئافره‌تان
به‌هار باس له‌و كێشه‌یه‌ ده‌كات كه‌ تێكه‌ڵ كردنى كیسى ده‌رونى و كۆمه‌لاَتیه‌ و ده‌ڵێ"نه‌خۆشى ده‌روونى زۆرمان بۆ ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئه‌و كیسانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى چه‌ندین كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دیكه‌وه‌ لاى ئێمه‌ داڵده‌ دراون، چونكه‌ ئه‌و كسانه‌ خۆیان فشارێكی گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌سه‌ره‌ و كه‌ ئه‌و دوو جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ تێكه‌ڵ ده‌بن كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ دروست ده‌كات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ (ده‌عارف حیتۆ) به‌رێوه‌به‌رى كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى داوامان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كردووه‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌لاَم ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ له‌لایان دادوه‌ره‌وه‌ ده‌نێردرێنه‌ لاى ئێمه‌، چه‌ندین جار نووسراوم بۆ دادوه‌ر ناردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌یسى ده‌روونى ره‌وانه‌ى لاى ئێمه‌ نه‌كرێت، چونكه‌ گرفتمان بۆ دروست ده‌كات، به‌لاَم دادوه‌ر زۆر به‌توندى وه‌ڵامى داومه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر كه‌یسه‌كه‌ وه‌رنه‌گرم ئه‌وه‌ سكاڵام له‌سه‌ر ده‌نووسی، و به‌ كرداریش سكالاَیان كردووه‌، بێ ئه‌وه‌ی ئاگادارى كێشه‌ و گرفته‌كانی ناو سه‌نته‌ره‌كه‌ى ئێمه‌ بن، بۆیه‌ له‌و كاتانه‌ له‌سه‌رم فه‌رز ده‌كرێت كه‌ داڵده‌یان بده‌ین، جگه‌ له‌مه‌ش شوێنمان زۆر بچووكه‌ ناچارین هه‌ردوو حاڵه‌ت له‌یه‌ك شوێن جیگایان بۆ بكه‌ینه‌وه‌" به‌هار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵك هه‌بووه‌ باسى له‌وه‌ كردوه‌ ئافره‌ت له‌ شه‌ڵته‌ر ده‌رچووه‌ له‌شفرۆشى كردوه‌ له‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و جۆره‌ نییه‌ ، كه‌ ئافره‌تێك بۆ ماوه‌یه‌ك له‌لاى ئه‌وان بێت و دواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ى ئافره‌تێكى له‌ش فرۆشى لێده‌ربچێت، نه‌خێر هه‌رگیز حاڵه‌تى له‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ و ده‌ڵێت" زۆرجار پۆلیس و دادوه‌ر ئاڵۆزییه‌ك له‌ كێشه‌كان بۆ ئێمه‌ دروست ده‌كه‌ن ئه‌ویش به‌هۆى ناچارییه‌وه‌ كه‌ به‌ شه‌و له‌ كاتێكى ده‌رنگ پۆلیس ئافره‌تێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌ڵده‌گرن له‌ رێگاى توندوتیژیه‌وه‌ نووسراوى بۆ ده‌كه‌ن بۆ لاى ئێمه‌ى ده‌نێرن من كه‌ قبوڵی نه‌كه‌م دادوه‌ر ئاگادارم ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سكالاَم له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات، كاتێك ئێمه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵى كردووه‌ زانیومانه‌ ئافره‌تێكى له‌شفرۆشه‌ قبوڵمان نه‌كردووه‌، به‌لاَم كه‌ به‌یانى ده‌رده‌چێت كارى له‌شفرۆشى ده‌كات ئه‌وه‌ هیچ پێوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ كه‌یسه‌كانى ئێمه‌ ته‌نها كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه‌ و دوورن له‌و جۆره‌ كێشانه‌"
گه‌وره‌ترین كێشه‌ى شه‌ڵته‌رى ژنان نه‌بوونى باڵه‌خانه‌ی گونجاوه‌
به‌هۆى نه‌بوونى شوێنكى گونجاو كه‌یس هه‌بووه‌ بیزار بووه‌ له‌ ماڵى داڵده‌ى ئافره‌تان بریارى گه‌رانه‌وه‌ى بۆ لاى خێزانه‌كه‌ى داوه‌ دواى ئه‌وه‌ش كوژراه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رى ئه‌و ماڵه‌ ده‌ڵێت"زۆر به‌داخه‌وه‌ چوار كه‌یسمان هه‌بووه‌ دواى ئه‌وه‌ى به‌ نووسراوى دادوه‌ر و داواكارى خۆیان گه‌رِاونه‌ته‌وه‌ نێو خێزانه‌كه‌یان كوژراون، واته‌ له‌ سه‌ر هه‌ر چوار حاڵه‌ت ئێمه‌ قبوڵمان نه‌كرد بدرێنه‌وه‌ ده‌ست خێزانه‌كه‌یان و دادوه‌ریشم ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ گیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌ پێویسته‌ نه‌گه‌رێنه‌وه‌ لاى خێزانه‌كه‌یان، بێگومان نه‌بوونى باڵه‌خانه‌یه‌كى گونجاو وایه‌ كردوه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ به‌و جۆره‌ بریار بدات چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت و كه‌سێك هه‌موو خواركى دونیا له‌به‌رده‌مى بێت و جوانترین جلیان له‌به‌ر بێت سودى نییه‌، جارى وا هه‌بووه‌ له‌ بۆنه‌كان جلى كوردى جوانیان بۆ كراوه‌ كاتى له‌به‌ریان كردوه‌ گریاون چونكه‌ هه‌ر له‌ ژوورێك بوونه‌ شوێنێكیان نییه‌ بۆى برۆن ئه‌و خۆشیه‌شیان لى ده‌بێته‌ ناخۆشى ، بۆیه‌ حاڵه‌ت هه‌یه‌ به‌ پله‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ر بریار ده‌دات و له‌و شوێنه‌ش لایانى یاساییه‌ هیچ توێژه‌رێكى ده‌روونى و كۆمه‌لاَیه‌تى لى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مێشكى ئارام بكاته‌وه‌ له‌ بریاره‌كه‌ى خۆى په‌له‌نه‌كات راستیه‌كانى بۆ روون بكرێته‌وه‌.
یاساییى مافى مروڤ رێگا به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئافره‌تى خاوه‌ن كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌ شوێنێكى بچووك نادات
هاژه‌ سلێمان ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ ده‌سته‌ى لێژنه‌ى ژنان و لێژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌ باره‌ى نه‌ بوونى شوێنكى گونجاو بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ى كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ كۆمه‌لاَیتیه‌كان روو له‌و ماڵه‌ ده‌كه‌ن كه‌چى ئه‌و ماڵه‌ش شوێنكى ئه‌تویان نییه‌ كه‌ له‌ به‌باشترین شێوه‌ له‌ خزمه‌ت كێشه‌ى ئه‌و ئافره‌تانه‌ بێت ، هاژه‌ ده‌ڵێت" جارێك سه‌ردانى ئه‌و ماڵه‌مان كردوه‌ وه‌كو ده‌سته‌ى ژنانى په‌رله‌مان بۆ داكۆكى كردن له‌ مافى ئافره‌تان ئه‌وه‌ى ته‌بینیمان كرد كه‌ له‌ دابین كردنى خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ گه‌وه‌ره‌ترین كێشه‌یان نه‌بوونى باڵه‌خانه‌یه‌كى گونجاوه‌ بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌، هه‌روه‌ها هیچ یاسایه‌كى مافى مرۆڤیش رێگا به‌وه‌ نادات كه‌ كۆمه‌ڵێك ئافره‌تى خاوه‌ن كیشه‌ى گه‌وره‌ له‌ شوێنێكى بچووك كۆبكرێنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانیان، به‌لاَم خۆشبخاتانه‌ له‌ ئێستایه‌ بۆندێك له‌ مۆراكراوه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كى سویدى كه‌ باڵه‌ خانه‌یكى نوىَ و گشت پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكرێت"
پێویسته‌ له‌ رێگاى باڵه‌خانه‌ى گه‌وره‌وه‌ هه‌یبت و پیرۆزى شه‌ڵته‌ر روون بكاته‌وه‌
عبدرحمان عبدالله‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌بوونى ماڵێكى وه‌كو شه‌ڵته‌ر له‌ كوردستانى ئێمه‌ زۆر پێویسته‌ له‌ سه‌ر شێوازیكى ستاندارى جیهانى بێت چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى كشتوكاڵیه‌وه‌ دروست بووه‌، بۆیه‌ هه‌بوونى ئه‌و جۆره‌ ماڵه‌ قبوڵ كردنى له‌ ناو كۆمه‌ڵگا قورسه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌وڵبدات شه‌ڵته‌ربكات به‌ شوێنیكى گه‌وره‌و گرینگ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ماڵه‌ خاوه‌ن باڵه‌خانه‌یكى گه‌وره‌ بێت گشت پێداویست و هۆڵه‌كانى له‌ش جوانى مه‌لوانگاو ئیتر كاته‌كانى شوێن به‌سه‌ر بردنى تێدا بێت ئه‌وه‌ له‌لایان خه‌ڵكه‌وه‌ شه‌ڵته‌ر ده‌بێته‌ خاوه‌ن هه‌یبه‌تێكى تر و پیرۆزى و گه‌وره‌یى روون ده‌بێته‌وه‌، كه‌چى ئێستا خه‌ڵكى به‌جۆرێكى تر ده‌یبێنن و ده‌یبیستن كه‌ ته‌نها ماڵێكى بچووكه‌ و چه‌ند پاساوانێكى و كارمه‌ندی هه‌یه‌، تاوه‌كو بیستومانه‌ كارمه‌ند و پۆلیسى ئافره‌ت هه‌یه‌ قبوڵى نییه‌ له‌و شوینه‌ كاربكات ده‌ڵێن له‌ ماڵه‌وه‌ ناهێڵن و خانه‌وه‌ده‌كمان رێگره‌، بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاته‌وه‌ گرینگى تایبه‌ت به‌و شوێنانه‌ بدرێت چونكه‌ ئه‌و مالاَنه‌ بۆ پارستنى گیانى ئافره‌ته‌ واته‌ پارستن و پارێزگارى كردن له‌ گیانى دایكى ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ پۆێسته‌ هه‌مووهه‌وڵه‌كان له‌ خانه‌ى ته‌نها جێبه‌جێكردنى كاره‌كان ده‌ربچێت و به‌ڵكو كاركردن به‌جدى بێت و خزمه‌ت كردنى ئه‌و شوێنانه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تایه‌كان بێت.
Top