لە فەرمانگاكان متمانە بە توانای ئافرەت ناكرێت

لە فەرمانگاكان متمانە بە توانای ئافرەت ناكرێت
ئا: دیار سالار



لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا ڕێژەیەكی بەرچاو لە ژنان و كچان لەدامودەزگا حكومی و ئەهلییەكاندا كاردەكەن، بەڵام ئەوەی كە تێبینی دەكرێت ڕێژەیەكی زۆر كەمیان هەن كە توانیبێتیان بگەنە پلەیەكی ئیداری بەرز و ئیرادەو تواناكانیان بخەنە گەڕ و پێگەیەكیان بۆ خۆیان دروست كردبێت، هەندێكیان گلەیی لەو پیاوانە دەكەن بەوەی كە ناهێڵن ئافرەتان بتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام بەشێكی دیكەیان ئاماژە بەوە دەدەن پیاوان بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن ئافرەت بەرپرسیان بێت، بەڵام زۆر لە ئافرەتان توانیویانە لەڕووی ئیداری و كۆمەڵایەتیەوە سەركەوتن بەدەستبهێنن و پێگەی دیار و بەهێزیان بۆ خۆیان و خێزانەكەیان دروستكردووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەگەر ئافرەتێك خاوەن جورئەتێكی بەهێز بێت، دەتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت و پێگەیەك بۆخۆی دروست بكات كە كەمتر نەبێت لەپێگەی پیاو.
ئافرەتان خۆیان ئیرادەی خۆیان سڕدەكەن
ئافرەتان بەشێكی زۆریان خۆیان دەترسن و ناوێرن هەوڵبدەن، ئەگەر هەوڵبدەن كۆمەڵگە ناتوانێت ڕێگریان لێبكات، لەمبارەیەوە شاناز عەلی فەرمانبەر لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژە بەلێهاتوویی هەندێك لە ئافرەت دەكات كە كەسانی لێهاتوو سەركەوتوون و توانیویانە بەسەر هەموو گیروگرفتەكاندا زاڵبن و دەشڵێت «زۆرێك لە ئافرەتان توانیویانە سەركەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە ئافرەتانیش هەن هەرزوو لەپێناوی دابوونەریتە كۆمەڵایەتیەكان و ڕازیكردنی پیاوان ئیرادەی خۆیان سڕدەكەن و هیچ هەوڵێك نادەن بۆ سەركەوتن لەژیانی ڕۆژانەیاندا، واتا ئافرەتان خۆیان بەرپرسیارن لەداهاتووی خۆیان و دەبێت هەوڵبدەن سەركەوتن بەدەستبهێن و گوێنەدەنە ئەو كەسانەی كە دان بەتواناكانیان نانێن».
پیاوان ڕێگرنەبوون
بەپێچەوانەوە زۆرجار ئافرەت توانیویەتی هەوڵ و توانا شاردراوەكانی خۆی بەدەر بخات و هەندێك لە بەهرەكانی پیشانی كۆمەڵگە بدات، بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی پلەیەكی ئیداری بەدەست بهێنێت، بەڵام بەداخەوە هەموو كۆمەڵگە پیاوان و ئافرەتانیش ڕێگریان لێكردووە كەوتوونەتە كێشە دروستكردن و نەیانهێشتووە لەكارەكەیدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، هەوار تایەر توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت «ئەوەی كەمن تێبینیم كردووە كۆمەڵگە قبووڵی ئافرەتی سەركەوتوو ناكات، تەنانەت ئەوەندەی ئافرەتان ڕێگرن لە دروستبوونی ئافرەتی سەركەوتوو، پیاوان ڕێگرنەبوون یاخود ئافرەتان خۆیان ناتوانن كار لەسەر هەندێك بابەت بكەن، بۆ نموونە پارێزەرێكی ئافرەت خۆی نایەوێت كار لەسەر كەیسێكی كوشتن و تاوانكاری بكات، چونكە كەسوكاری خاوەن كێشەكە متمانەیان بە توانای ئەو ئافرەتە پارێزەرە نییە».
ئافرەتان ئیرەیی بەئافرەتی سەركەوتوو دەبەن
خاتوو تەرزە عەبدولڵا وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دا لەناو كۆمەڵگەی ئێمە و دەڵێت «پیاوانی ڕۆژهەڵات بەگشتی لەڕووی دەروونییەوە حەزدەكەن ئافرەتان لەژێر كۆنترۆڵیاندا بێت، بەهیچ شێوەیەك ناتوانن قبووڵی ئەوە بكەن كە لەڕووی ئیدارییەوە ژنێك فەرمانیان پێبدات، چونكە زۆربەی كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵات لە بنچینەدا كۆمەڵگەی خێڵەكی بوون، بەڵام ئەمەش نابێتە هۆی ساردبوونەوەی ئافرەتان بەم شێوەیەی كە تاكەكان بیر دەكەنەوە، ئەگەر سەیر بكەین زۆر لەئافرەتانیش حەزناكەن ئافرەتێكی سەركەوتوو هەبێت لەناویاندا، لەبەر ئەوەی كە ئافرەتانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە جۆرە نەریتێكیان لەلا دروست بووە كە ببنە پاشكۆی پیاوان، واتە لەژێر كۆنترۆڵی پیاواندا بن، كاتێك دەبینن ئافرەتێك لەوان سەكەوتووترە توانای زیاتری هەیە و نەبۆتە پاشكۆیەكی مێردەكەی یان براكەی یەكسەر هەوڵدەدەن كە تواناكانی كپبكرێت و نەهێڵن سەركەوتوو بێـت، ئەمە بێجگە لەوەی كە زۆرێك لەژنان لەڕووی دەروونییەوە حەزدەكەن پیاوەكان لەوان باشتربن، نەك ژنانی دیكە، چونكە هەندێك ژن جۆرە ئیرەییەكیان تێدایە پێیان ناخۆشە هاوڕەگەزی خۆیان سەركەوتوو بێت و حەزدەكەن هەمیشە پیاوەكان بەسەریاندا زاڵبن».
هەمیشە پیاوان كاندید دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكان چ سیاسی یان ئیداری بێت
لەهەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی ئافرەتان لەكۆمەڵگەو بەهێزكردنی تواناكانی ئافرەتان لەناو دامودەزگا حكومیەكاندا، سۆزان شەهاب ئاماژەی بە مافە یاساییەكانی ئافرەتان دا لە دەستووری هەرێمدا كە دەتوانرێت لەبڕگەكانیدا هەموو ڕۆڵ و پێگەیەكی ئافرەتان دەستنیشانبكرێت و هەموو ئافرەتان دەتوانن لەسەر ئەو بنەما یاساییانەی كە لە دەستووردا هاتووە پێگەیەك بۆخۆیان دروستبكەن، سەبارەت بەكەمی ڕێژەی ئافرەت لەپۆستە ئیدارییە باڵاكاندا سۆزان دەڵێت «حیزبە دەسەڵاتدارەكان هۆكاری سەرەكین لە بێبەشكردنی ئافرەتان لەپۆستە ئیدارییەكاندا، لەبەر ئەوەی هەمیشە پیاوان كاندید دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكان چ سیاسی یان ئیداری بێت».
راگەیاندن لە ئاست پرسەكانی ئافرەت كەمتەرخەم بووە
راگەیاندنەكانیش وەك پێویست هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ڕۆڵی ئافرەتان بەرز بنرخێنن و هانی ئافرەتان بدەن بۆ بەشداری كردن لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەمبارەیەوە ڕۆژنامەنووس لەنجە عەبدوڵڵا ئاماژەی بە زاڵبوونی هزری پیاو سالاری بەسەر هەموو بوارەكانی كۆمەڵگەی ئێمە بە ڕاگەیاندنیشەوە كرد و وتی «ڕاگەیاندن هەتائێستا وەك پێویست نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و هەمیشە لەڕاست پرسەكانی ئافرەتان كەمتەرخەمبووە، ڕەنگە هۆكارەكانیش زۆربن، لەوانە زاڵبوونی هزری پیاوسالاری و سەرقاڵبوونی ڕاگەیاندن بە بابەتە سیاسییەكانەوە». لەنجە ئاماژەی بەوەشدا كە كەمی ڕێژەی ئافرەتان لەبوارەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هۆكاری كێشەكانە نەك ڕاگەیاندن، لەبەر ئەوەی ناكرێت بڵێین ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی سلبی هەبووە، بەڵام دەكرێت بوترێت كەمتەرخەمی نواندووە لەبەرانبەر پرسی ئافرەتاندا.
Top