ئاوارەكانی شاری وان داوا دەكـەن بكـرێن بەخەڵكـی كـوردستان
January 8, 2012
کۆمەڵایەتی
لە23/11/2011 و چەند ڕۆژێك دواتر چەندین بوومەلەرزەی دڵتەزین شاری وانی باكووری كوردستانی هەژاند كە زیاتر لە 530 قوربانی لێكەوتەوە، بەشێك لەخێزانە كوردەكانی وان بۆ پاراستن و مانەوەیان لەدوای لەدەستدانی گشت ماڵ و سامانیان ڕوو دەكەنە هەرێمی كوردستان.
ئەو خێزانە كوردانە دەگەنە هەرێمی كوردستان و لە مەلا ئۆمەران لەسەر چەند زەوییەك نیشتەجێ دەبن و ڕەشماڵەكانیان هەڵدەدەن و چەند ڕۆژێك لەوێ دەمێننەوە، بەڵام دوای ئەوەی خاوەن زەویەكە زەویەكانی دەفرۆشێت، حكومەتی هەرێم ئەو خێزانانە دەگوازێتەوە بۆ ناحیەی قوشتەپەو لەكەمپینی كاوە شوێنیان بۆ دەكاتەوە، هاوكات خێرخوازان دەستی یارمەتیان بۆ درێژ دەكەن و لەئێستاشدا لەلایەن حكومەتەوە خانووی سەفەرییان بۆ دابین كراوە، بەڵام ئەو خێزانانە داوا دەكەن بەیەكجاری لەهەرێمی كوردستان نیشتەجێ بن.
دەمانەوێ بەكوردستانی قبوڵ بكرێین
جاری وا هەبوو لەڕۆژێك دووجار بوومەلەرزە ڕوویدەدا، بۆیە ئێمەش بۆ پاراستنی گیانی خۆمان بڕیارماندا ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكەین، چونكە بەشوێنێكی باشی دەزانین، ئەوە بەشێك بوو لەقسەكای قوتبەدین زاهیری تەمەن 60 ساڵە كە پیشەی مقاوەلاتی بیناسازی بووە و زیاتریش دەڵێت» دوای ئەوەی ناچاربووین شارەكەمان بەجێبهێڵین، ڕوومان كردە كوردستان، دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر و خەڵكی هەر زوو هاوكاری و دەستی یارمەتی بۆ درێژكردین، بەڵام ئەو یارمەتییانە تەنیا پێداویستییە سەرەتاییەكانی ئێمە پڕ دەكاتەوە، چونكە لەگەڵ بوومەلەرزەكە گشت ماڵ و سامانمان لەدەست چوو بۆیە بڕیارمانداوە نەگەڕێینەوە، ئەگەر بێت حكومەتی كوردستان هاوكاریمان بكات لەدابینكردنی شوێنی مانەوە و بەخشینی ناسنامە، چونكە بارودۆخی ئێمە زۆر ناخۆش بوو و ژیان لەوێ قورسە، هیوادارین بتوانین لێرە درێژە بەژیانمان بدەین». بنەماڵەكەی قوتبەدین 32 كەسن كە پێكهاتوون لەخێزانی براكانی و زاوا و منداڵەكانی، چەتین قوتبەدین كە خۆی برای گەورەیە دەڵێت «ئەوە بۆچوونی هەموو تاكێكی بنەماڵەكەمانە ئەگەر هاتوو شوێنێكی مانەوەمان هەبوو یان پارچە زەویەكمان پێبدرێت و ڕێگای ئیشكردنمان بدەن، ئێمە ئامادەین ببین بە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان و لێرەوەش داواكارین منداڵەكانمان فێرە خوێندنی كوردی بكەن».
ئامینە خەلیل تەمەن 55 پەنجا ساڵە ژنی ماڵەوەیەو ماوەی40 ساڵە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ قوتبەدین پێكهێناوە و خاوەن 6 منداڵن سێ كچ و سێ كوڕیان هەیە و ئەوانیش ژیانی هاوسەرگیریان پێكهێناوە، ئەو خانمە پێیوایە ئەو ماوەیەی كە ئاوارە بوون و بارودۆخی ژیانیان زۆر ئاڵۆز بووە نەیانتوانیوە پشوو بدەن لەدەست سەرما و نەخۆشی و دەڵێت «ڕاستە لە (وان) ژیانمان زۆر زەحمەت بوو، بەڵام خاوەن ماڵ و موڵك بووین و ماڵێكی ئاراممان هەبوو، لەگەڵ ئەو بوومەلەرزەیە ماڵمان لەدەستدا و ژیان و گیانمان كەوتە مەترسیەوە، ناچار بووین دەستبەرداری ڕابردوومان بین و ڕوو لەكوردستان بكەین». ئامینە باس لەژیانی ڕۆژانەیان دەكات كە لەو ماوەیە لەكوردستان بوون دەڵی «ئەو كاتەی لەژێر ڕەشماڵ دەژیان زۆر سارد بوو لەگەڵ سووتانی ڕەشماڵێكمان كە هەرچی خۆراك و پارەمان هەبووە لەلایەن خێرخوازانەوە بۆمان هاتبوو سووتا، ئەو ژنە دەشڵێت «ئێمە داواكارین لەحكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری حاڵی ئێمە بكات، چونكە منداڵەكانی ئێمە هەمووی قوتابی بوون سەرەڕای ئەوەش ئەگەر بكرێت ئێمە ببین بەخەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەوا منداڵەكانمان دەنێرینە بەر خوێندنی كوردی» سەبارەت بەو خانووە سەفەرییانەی كە پێیاندراوە ئامینە دەڵێت «ئێمە دەمانەوێ خانوویەكی جێگرمان هەبێت نەوەك خانووی سەفەری، بۆ ئەوەی تێیدا بژین و نەگەڕێینەوە شاری وان».
ئەگەر حكومەت ناسنامەمان پێبدات هەرگیز ناگەڕێینەوە
هەموو مروڤێك لەكاتی بەجێهێشتنی نیشتمانەكەی چاوەڕێی ئەوە دەكات ڕۆژێك بێت و بگەڕێتەوە باوەشی نیشتمان و شوێنی لەدایكبوونی، بەڵام ئەو خێزانە ئاوارانەی لە(وان)ـەوە هاتوون لەبەر خراپی باری گوزەرانیان لەو شارە ئامادە نین هەرگیز بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان، چەتین قوتبەدین كوڕی گەورەی ئەو خێزانەیە و تەمەنی 27 ساڵە و ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و دەڵێت «بەهۆی ئەوەی ژیان لەوێ زۆر قورسە و كاركردن كەمە، بەڵام لەكوردستان ژیان زۆر خۆشە و حكومەت و دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر و خەڵك زۆر یارمەتی ئێمەیان داوە، بۆیە ئەگەر بێتوو ئێمە ناسنامەی كوردستانیمان هەبێت، هەرگیز ناگەڕێینەوە».
لەڕووی ئەمن و ئاسایشەوە بەردەوام چاودێریان دەكرێت
مولازم عەدنان عوسمان كە لەبنكەیەكی پۆلیس بوو لەنزیك ئەو خێزانە ئاوارانە وتی «ئێمە ئەو شوێنەمان هەڵبژارد بۆ ئەوانە تاكو لەنزیك خۆمانەوە چاودێرییان بكەین، لەلایەنی ئەمنی و ئاسایش هیچ كێشەیەكیان نییە و بەردەوام هاوكاریان دەكەین».
ئامادەین لەناحیەی قوشتپە نیشتەجێیان بكەین
پیشتوان عەمۆ لوتفی بەرپرسی شارەوانی قوشتەپە دەڵێت «لەڕۆژی8/12/2011 بەئێمەیان ڕاگەیاند كە هەشت خێزانی ئاوارەی شاری وان دەهێنرێنە سنووری قوشتەپە، سەرەتا هاتن ڕەشماڵیان هەڵدابوو، بەڵام دوای ئەوەی ڕەشماڵێكیان كرابووە چێشتخانە خواردنیان تێدا ئامادە دەكرد، ئاگری گرت. هەستاین بەدروستكردنی چێشتخانەیەك بۆیان بۆئەوەی بتوانن لەوێ خۆراك بۆ خۆیان ئامادە بكەن و لەگەڵ دابینكردنی كابینەی سەفەری كە پێكهاتووە لەژوورێك و گەرماو پێداویستیەكانی گەرماو كە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر ئامادە كرابوو». دەربارەی داواكاریی ئەو خێزانانەی ئاوارەی شاری وانن بەرپرسی شارەوانی قوشتپە دەڵێت «ناحیەی قوشتەپە ئامادەیە لەو شوێنەدا نیشتەجێیان بكات، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر لایەنی پێوەندیدار وەك پارێزگاو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەسەر بدەن». پشتیوان عەمۆ ئاماژە بەوەش دەكات تا ژیان و نیشتەجێبوونیان یەكلایی دەبێتەوە ڕێگایان پێنادرێت كاربكەن، چونكە هەموو پێداویستیەكیان بۆ دابینكراوە و بەردەوامیش بۆیان دابین دەكرێت لەلایەن حكومەت و خەڵكی خێرخوازەوە».