ترس لەشووكردن

ترس لەشووكردن
ئاشتی عەبدوڵا


زۆرێك لەكچان و كوڕان هاوسەرگیرییان پێكنەهێناوە و هۆكارەكەی بۆ ئامۆژگاری هاوڕێكانیان دەگێڕنەوە بەوەی كە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری كارێكی هەڵەیەو هەتا نەچنە ناو ئەو ژیانە سەختەوە هەستی پێناكەن، پسپۆران و دەروونناسانی كۆمەڵایەتی هۆكارەكەی بۆ ترس و نەبوونی جورئەت و هەندێك كاتیش بۆ بێئیرادەیی كەسەكان خۆیان دەگێڕنەوە. زۆرن ئەو كوڕو كچانەی باس لەوە دەكەن كە تووشی دڵەڕاوكێ و بیركردنەوەیەكی قووڵبوون لەكاتێكدا كە چەند گەنجێك بەنیازی هاوسەرگیری بوون لەگەڵیدا، بەڵام بەهۆی كاریگەری ئامۆژگاری ئەو هاوڕێیانەی كە هاوسەرگییریان پێكهێناوە پەشیمان بوونەتەوەو نەیانتوانیوە بڕیار بدەن. زۆرن ئەوانەی دەڵێن: «نەمدەتوانی بڕیاری هاوسەرگیری بدەم هەرچەندە ئەو كەسانەی كە بۆ هاوسەرگیری پێیاندەووتم هیچ هەڵوێستێكی وایان تێدا نەبوو كە وام لێبكات ڕازی نەبم پێیان و قبوڵیان نەكەم». هەندێك دەڵێن: هاوڕێكانمان چەند ساڵێكە هاوسەرگیرییان پێكهێناوە، بەڵام بەهۆی نائارامییانەوە لەو ژیانەدا ئامۆژگاریمان دەكەن كە هاوسەرگیری نەكەن. لەبەرئەوە گەنجانێكی زۆر هەن لەدڵەڕاوكێیەكی زۆردا دەژین و ترسیان لەپرۆسەكە هەیە. ئەوان ڕاشكاوانە دەڵێن: «هاوڕێكانمان هاوسەرگیرییان كردووەو ئێستا پەشیمانن لەپێكهێنانی ئەو پرۆژەیەو ئامۆژگاریمان دەكەن بەئەنجامنەدانی هاوسەرگیری، ڕێنووماییان ئەوەیە كە كوڕان ژن نەهێنن و بەپێكنەهێنانی هاوسەرگیری هانی كچان دەدەن». سەرەڕای ئامۆژگاری هاوڕێیانی خێزاندار لەبەرئەوەی كە باری ژیان و گوزەرانی ئێستا قورسبووەو نەگونجاندنی كەسی بەرامبەر كێشەی زۆر دروست دەكات، بوونەتە هۆكار كە گەنجان نەتوانن بڕیاری هاوسەرگیری بدەن. كارێكی ئیجابیە ئەگەر گەنجان پێش هاوسەرگیری ئامۆژگاری كەسانی دەوروبەر و هاوڕێیان و كەسانی بەئەزموون وەربگیرێت. چونكە دەتوانرێت وتەكانیان بەهەند وەربگیرێت تا هەڵەی ئەوان دووبارە نەكرێتەوەو وەك ئەزموونێكی تایبەتی سوودی لێوەربگرێت. بەلای هەندێك گەنجەوە هەر كەسەو ئەزموونی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوە پێویست ناكات كەسێك كە هاوسەرگیری نەكردبێت گوێ لەهەندێ كەس بگرێت كە ئەزموونێكی تاڵیان هەیە لەهاوسەرگیریدا، چونكە مەرج نییە هەمان ئەزموون و هەمان بەرامبەر و كێشەی تاڵی ئەو كەسە دوبارە ببێتەوە.
هەندێك لەكۆمەڵناسان وای بۆدەچن كە ئەو گەنجانەی لەئەزموونی ژیانیان دەسڵەمێنەوە كاریگەریی خراپیان دەكرێتە سەر هەندێكیان، كەسانی بێ ئیرادەن و لاوازن لەكەسایەتیداو زۆر پەیوەست نین لەسەر هەڵوێست و هەڵسوكەوت و قەناعەت و بیروباوەڕەكانی خۆیان. ناتوانن هەنگاو بنێن و لەنوشوستی دەترسن و نایانەوێت خۆیان تووشی ئەزموون و سەركێشی بكەن و مانەوەیان لەشوێنی خۆیاندا بەباشتر دەزانن تاوەكو هەنگاونان بەرەو ژیان و گوزەرانێكی نوێتر. مرۆڤی وەستاو مرۆڤێكی دۆڕاوەو ترسنۆكەو هێشتا لەنوشوستییەكەی هەڵنەساوەتەوە، بەڵام پسپۆران دەڵێن: «هاوسەرگیری بنەمایەكی پتەوە لەژیانی تاكەكانداو بەپیرۆزترین هەنگاوی مرۆڤایەتی دەزانرێت و لەڕێیەوە مرۆڤ فێری جوان تەماشاكردنی ژیان دەبێت و ژیانی بریتی دەبێت لەبنیاتنان و باوەڕ بەخۆبوون و بەخشندەیی و هاوكاریكردنی یەكتر و دووركەوتنەوە لەخۆپەرستی و تاكڕەوی و قبوڵنەكردنی كەسانی دەوروبەر».
Top