ژنێكی خاوەن دوو منداڵی ناكام كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

ژنێكی خاوەن دوو منداڵی ناكام كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا
* * *
دایكمم بینی دوو كورسی ڕەنگ سووری لەسەر یەكتر دانابوو بەسەری كەوتبوو لەشوێن شیشی پانكەی سەقفەكە پشتێنە سەوزەكەی باوكمی بە شیشی پانكەكەوە بەست بوو و خۆی پێوە هەڵواسی بوو.
* * *
لەگەڵ ژنەكەم ژیانمان زۆر خۆش بوو هیچ كێشەیەكمان نەبوو
لەگەڕەكی كوێستان لەشاری هەولێر ئافرەتێكی تەمەن 56 ساڵان بەناوی (یـ،غ،ع) بەپشتینی هاوسەرەكەی لەڕۆژی یەك شەممە9/10/2011 كۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت، هاوسەرەكەی (ئـ،غ) تەمەن 52 ساڵە و مامۆستای پیشەسازی میكانیكی هەولێرە، لە ساڵی 1978 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (ئـ) پێكهێناوە و دەڵێت «لەگەڵ ژنەكەم ژیانێكی زۆر خۆش و بێ كێشەمان هەبوو، خاوەنی 4 منداڵ بووین دوو كوڕ و دوو كچ، بەڵام دوو كچەكەم ناكامەكان بوون گەورەكەیان بەناوی ف لە دایكبووی 1999 و بچووكەكەش بەناوی ف.م لەدایك بووی 2005ـە، لەو چەند ساڵەی تەمەنمان كە پێكەوە ژیاوین زۆر یەكترمان خۆشدەویست و ڕێزمان لەیەكتر دەگرت، بەڵام ژنەكەم لەساڵی 1983 تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، زۆر بەتوندی (صرعی) دەگرت، زۆر هەوڵمدا چارەسەری بكەم، بەڵام چارەسەری نەبوو، سەردانی زۆر پزیشكمان كردووە هیچ سوودی نەبووە».
لەدرێژەی قسەكانیدا هاوسەری (یـ) پێی وتین «چەندین جاری دیكەش خێزانەكەم بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بەربۆتەوەو گیانی سووتاوەو هۆشی نەماوە، هەروەها پێشتریش چەند جارێكی تر هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەڵام ئێمە پێمان دەزانی و ڕێگەمان لێدەگرت و دواجار لە ڕێكەوتی 9/10/2011 بەیانیەكەی لەخەو هەڵساین و نانی ئامادەكرد و منداڵەكانی بۆ قوتابخانە نارد و منی بەڕێ كرد هیچ كێشەیەكی نەبوو، منیش چووم بۆ دەوام كاتژمێر 9ی بەیانی كوڕە گەورەكەم تەلەفۆنی بۆم كرد و گوتی وەرە دایە خۆی خنكاندووە، ئێستاش لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێرین، من بڕوام نەكرد، بەڵام دوای ئەوەی گەیشتمە نەخۆشخانە بینیم لەژێر چاودێری پزیشكەكان بوو خەریك بوون (تنفس صناعیـ)ـان بۆ دەكرد، بەڵام سوودی نەبوو گیانی لەدەستدا بوو، ئێمە سكاڵامان لەسەر كەس نییە، چونكە ئەوە ڕووداوێكی قەزاو قەدەر بووە و ژنەكەم خۆی دەستی چۆتە گیانی خۆی و خۆی خنكاندووە».
دایكم پێشتر چەندین جار هەوڵی خۆ كوشتنی داوە
بەڵام ڕێگریمان لێكردووە
(م،ئ،غ) كوڕە گەورەی ئەو ژنەیە و لە ساڵی 1988 لە دایك بووە و پیشەی شوفێرە و دەڵێت «دایكم چەندینجار نەوتی بەخۆی داكردووە بۆ ئەوەی خۆی بسووتێنێت یان خۆی بخنكێنێت، بەڵام نەیتوانیوە دواجار لە 9/10/2011 كاتێك لەكاری خۆم گەڕامەوە ماڵ و چوومە ژوورەكەم و لەسەر جێگاكەی خۆم پاڵكەوتم بۆ ئەوەی پشوویەك بدەم نزیكەی 10 خولەكەی نەبرد گوێم لە تەپەیەك بوو سەرەتا گرنگیم پێ نەدا، بەڵام دوایی گوتم نەوەك دایكم بێت و هەڵسام زۆر بەدوای گەڕام و بانگم كرد نەمدۆزیەوە، دواتر بینیم لە حەوشەی دەرەوە كە دەكەوێتە دوای چێشتخانە بینیم دایكم دوو كورسی سووری لەسەر یەكتر داناوە و چۆتە سەر كورسیەكان و بەهۆی پشتێنەكەی باوكمەوە بەشیشی پانكەكە خۆی هەڵواسیوەو خۆی پێوەكردووە، منیش هاوارم كرد و براكەی ترم هات و پێكەوە لە پشتێنەكمان كردەوە، هەستمان كرد هێشتا گیانی لەدەست نەدابوو، هەر بۆیە بە پەلە بردمان بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن و دوای هەوڵێكی زۆری پزیشكەكان هیچ سوودی نەبوو گیانی لەدەستدا».
ئەوكوڕە باس لەژیانی ماڵەوەیان دەكات و دەڵێت: هیچ كێشەیەكیان نەبووە لە ژیانێكی خۆشدا ژیاون، تەنیا كێشەكە لە نەخۆشی دایكیان بووە و چەندین جاریش هەوڵی چارەسەركردنیان بۆداوە، كەچی چارەسەری نەبووە لە كۆتایید ئەو ڕووداوەی لێكەوتەوە».
دەركەوت كە ڕوودای خۆ كوشتنە نەك كوشتن
عەقیدی مافپەروەر جەمیل محەمدئەمین سورچی بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لەوبارەیەوە پێی وتین «ئاگادار كراینەوە كە ئافرەتێك لەگەڕەكی كوێستان لەهەولێر خۆی كوشتووە، كە ئێمە گەیشتینە شوێنی ڕووداو بۆمان دەركەوت ئافرەتێكی تەمەن 56 ساڵە بەهۆی پشتێنی مێردەكەیەوە خۆی خنكاندووە، بەگوێرەی وتەی كەسوكاری ئەو ئافرەتە، ئەو خانمە پێشتریش چەند جاری دیكە هەوڵی خۆكوشتنی داوەو نەخۆشی صرعی هەبووە، بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەر ئەوەی كە تاوانی كوشتن بێت، دەركەوت كە ئەو ڕووداوە خۆ كوشتن بووە، بۆیە دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریدا دۆسیەی ئەو ڕووداوە دابخرێت».
Top